لە یادی مەرگی لینین‌دا – بژی کۆمۆنیزم!

مستەفا باهر                             

٩٨ساڵ بەرلەئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٢١ / ١/ ١٩٢٤) مرۆڤایەتی بەگشتی‌و بزووتنەوەی کرێکاری بە تایبەتی، زیانێکی گەورەی لێکەوت، بەهۆی ژیان لەدەستدانی ڕابەری مەزنی چینی پڕۆلیتاریا، هاوری ڤلادمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ ناسراو بە ( لینین).

لینین ژیانی تەرخان کرد بۆ خەباتکردن لە دژی نیزامی سەرمایەداری‌و بەدەستهینانی دونیایەکی باشتر و بە دەسەڵات گەشتنی چینی کرێکار. لێنین  دەستی بۆ دەسەڵات بردو ئەو مەیلەی  خستە لاوە، کە سۆسیالیزمیان  بە  ئایندە دەسپاردو پێیانوابوو سۆسیالیزم خۆی رۆژێک دێت و سەوزدەبێت!  لینین هەمیشە دەیووت ئه‌رکی کۆمۆنیزمه‌ که‌ دەسەڵات  بگرێتە دەست . لەڕووی کرداریەوە ئەمەی کرد و لە ئۆکتۆبەری ساڵی١٩١٧دا توانی ڕابەرایەتی شۆڕشێکی مەزنی مێژوویی لە ڕوسیا بکات و دەسەڵات ڕادەستی شوراکان بکات. سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە تەنها لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری ڕوسیادا نەبوو، بەڵکو  خزمەتێکی گەورەی بە سەرجەم مرۆڤایەتی کرد، کە کاریگەریەکانی تا ئەمڕۆش دیارە. ژیانی ملیۆنان ئینسانی لە کوشتار ڕزگار کرد بەهۆی هاتنە دەرەوەی ڕوسیا لە بەرەی هاوپەیماناندا لە جەنگی جیهانی یەکەمداو پاشانیش راگرتنی جەنگ و بەستنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیادا. لینین بوە هۆی  ئاشکراکردنی پەیماننامەی ( سایکس – بیکۆ) و ماهیەتی ئەم جەنگە ماڵکاولکاریەی بۆ بەشەریەت ڕوونکردەوە. بۆیە جێگای خۆیەتی لەیادی ژیان  لەدەستدانیدا ئاورێک لە ژیان و تێکۆشانی ئەم مرۆڤە مەزنە بدەینەوە.

ئەم ڕابەرە مەزنە لە ٢٢ / ٤ / ١٨٧٠ لە شاری ( سیمبرک)ی ڕوسیا لە دایک بووە. لە مانگی ئایاری سالی ١٨٨٧ برایه‌كی لینین به‌هۆی به‌شداریكردن له‌ هه‌وڵی كوشتنی (ئەلیکسانده‌ر)ی قه‌یسه‌ری سێهه‌م، له‌سێداره‌ دەدرێت. مردنی براکەی کاریگەریەکی گەورەی لەسەر لینین هەبوو.‌ لە ساڵی ١٨٩١ بڕوانامەی پارێزەری بە دەست دەهێنێت. هەرچەندە دەیتوانی کاری پاریزەری بکات، بەڵام لینین ڕوویكرده‌ كاری شۆڕشگێڕانه‌و له‌شاری (پێترۆگراد) ده‌ستی كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ماركسییه‌ت. بەهۆی کاری شۆرشگێڕیەوە له‌ ٧ /١٢ / ١٨٩٥ بۆ ماوه‌ی ساڵێك ده‌ستگیر ده‌كرێـت‌و بۆ (سیبیریا) دوورده‌خرێته‌وه‌.

لینین له‌ ٢٢/ ٧/  ١٨٩٨دا لەگەڵ (كرۆبسكایا)ی ژنه‌ سۆسیالستی شۆڕشگێر ژیانی هاوسەری پێک دەهێنێت. لە مانگی ئەپرێلی ١٨٩٩ لینین كتێبی (گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕوسیا) بڵاودەکاتەوە. له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی ماوه‌ی دوورخستنه‌وه‌كه‌شی له‌ سیبیریا له‌ ساڵی ١٩٠٠ گەشتێکی بە ڕوسیاو ئەوروپادا کرد. لەوێ چاوی بە زۆرێک لە شۆڕشگێرە ڕوسەکان کەوت. هەرئەو ساڵە بە یارمەتی هەندێ لە هاوڕێکانی توانی بڵاوکراوەیەک بەناوی ئایسکرا دەربکات.

لینین ئەندامێکی چالاکی حزبی سۆسیال دیموکرتی ڕوسیا بوو. کاتێک لەساڵی ١٩٠٣ ئەم حزبە دەبێت بە دووبەشەوە، لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکان دەکات. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکانی دەکرد لە مۆسکۆ . لە دوای شکستی شۆڕش،  پۆلیسی قەیسەری شاڵاوێکی دڕندانەی کردە سەر شۆڕشگێڕان‌و ژمارەیەکی  زۆریان ڕاپێچی زیندانەکان کران و  لە سێدارەدران‌. هەربۆیە بەلشەفیەکان بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لینینیان گەیاندە فینلاندا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. پاشان ڕووی کردە ئەوروپا‌و لە کۆتایدا لە زویرخ نیشتەجێ دەبێت تا کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ١٩١٧دا.

کاتێک کە ژنانی زەحمەتکیشی ڕوسیا لە ٢٣ / ٢ / ١٩١٧ بە ڕۆژمێری کۆنی روسیا، کە دەکاتە ٨ مارسی ١٩١٧ (زاینی)، دژ بە هەژاری‌و نەبوونی نان خۆپیشاندانیان کرد، لە ڕۆژی دوایدا کرێکاران‌و جەماوەری زەحمەتکیش بەم خۆپیشاندانەوە پەیوەست بوون. توانیان لە ماوەی پێنج ڕۆژدا حکومەتی قەیسەر لەسەر کار وەلا بنێن‌و حکومەتێکی کاتی لە شوێنی دابمەزرێنن. بەلشەفیەکان لەسەرەتا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم حکومەتە کاتییە دەربڕی، بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ستالین‌و کامینیڤ گەڕانەوەو دەستیان گرت بەسەر رۆژنامەی (پراڤدا)داو پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی کاتی دووپات کردەوە. لینین لەوکاتەدا لە دەرەوەی وڵات دەبێت. هەوڵی دەدا دەنگی ببیسترێت. لە ٦ی ئازاردا لە ڕێگای ستۆکهۆلمەوە بروسکەیەکی نارد بۆ هاوڕێکانی و تیایدا نوسیبووی تەکتیکمان بەم جۆرەیە:

  • وریایی‌و خۆپاراستن
  • پێشکەش نەکردنی هیچ جۆرە هاوکاری‌و پشتیوانیەک بۆ حکومەتی نوێ
  • گومانم بە زۆری لەسەر کرنسکییە
  • چەکدارکردنی پرۆلیتاریا باشترین زەمانەتە
  • هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی دومای پێترۆگراد
  • نزیک نەبوونەوە لەگەڵ حزبەکانی تردا

وێڕای ئەمانەش لینین نووسین‌و وتارەکانی خۆی دەنارد بۆ بڵاوکراوەی پراڤدا بەناوی (نامەکان لەدوورەوە).

چەند نەخشەیەک دانرا بۆ گەرانە وەی لینین لە سویسراوە بۆ ڕوسیا، بەلام یەک لە دوای یەک شکستی خوارد، تا لە ریگای ئەڵمانیاوە بە شەمەندفەرێکی فارگۆن داخراو ،لە ٣ی نیسانی ١٩١٧دا گەشتەوە ڕوسیا. لە لایەن جەماوەریکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا. ڕۆژی دووهەم، واتە ٤ / ٤/ ١٩١٧ لینین  راپۆرتێکی نوسراوی دەربارەی بیرۆکەکانی خۆی پێشکەش بە ڕابەران‌و کادرانی  حزب کرد، کە بە (تێزەکانی ئەپریل) ناسراوە. هیچ کەس لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەی لینین دا نەبوو. بێجگە لەوەش لەلایەن ئەحزاب‌و حکومەتی کاتییەوە چەندەها توهمەیان بۆ هەلبەست‌و هاوڕێیانی خۆشیان پێان سەیر بوو کە لینین بەوشێوەیە بیردەکاتەوە. ڕۆژی ٧ی نیسان لینین لە ڕۆژنامەی پراڤدا بیرۆکەکانی کە هیچ کەس مۆری خۆی لێ نەدابوو، بە ناوی خۆیەوە بڵاو کردەوە.

لینین لەگەڵ ئەندامان‌و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە پێترۆگراد کەوتە قسەکردن‌و گێڕانی کۆرو سیمینار. هەوادارێکی زۆری لە رێکخستنەکانی حزب هێنا بەلای بۆچونەکانی خۆیدا. بۆیە داوای لە حزب کرد، کە لە زووترین کاتدا کۆنگرە بگرێت. لە ڕۆژی ٢٤ ی نیسان تا ٢٩ ی نیسان حزب گونگرەی بەست. لەم کۆنگرەیەدا ١٤٩ نوێنەر کە نوێنەرایەتی٧٩ هەزار کەسیان دەکرد بەشداربوون. لە کۆنگرەدا بیرۆکەکانی لینین گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەوانەی کە دژ بە بۆچوونەکەی لینین بوون، تەنها ٧ دەنگیان بەدەست هێنا. لەلایەکی ترەوە ئەو بەڵینانەی حکومەتی کاتی کە دابووی بە جەماوەری زەحمەتکێش بۆی جێبەجێ نەدەکرن. جەنگ بەردەوام بوو. زەوی لەلایەن دەرەبەگەکانەوە هەر داگیر کرابوو. باری ئابوری زۆر گران بوو، نان بە گرانی دەست دەکەوت. ڕۆژانە کرێکاران پەیوەست دەبوون بە بەلشەفیەکانەوە و لە ناو شوراکاندا ڕێك دەخران‌و لەسەر بەکارهێنانی چەک مەشقیان پێدەکرا.

تروتسکی بۆچونەکانی لەگەل لینین یەکی دەگرتەوە. لەو کاتەشدا ترۆتسکی ڕابەری شوراکانی پێترۆگراد بوو. لەگەڵ لینین خۆشەویستترین کەسانی گەرەکە کرێکاریەکان بوون. ئەوان ئیستا‌ هیزێکی چەکداری مەشقپێکراوی ئامادە بەکاریان هەیە. حکومەتی کاتی ئەم هێزەی بە مەترسی دەبینی بۆسەرخۆی، بۆیە لە مانگی تەمموزدا بەناوی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هێرشی کردە سەر بارەگای بەلشەفیەکان و بارەگاو ڕۆژنامەکانی داخستن و ژمارەیەک لە ڕابەرانی گیران، یەکێک لەوانە  ترۆتسکی بوو. هەرچەندە حکومەتی کاتی زۆر بەدوای لینیندا دەگەڕا، بەلام بەلشەفیەکان توانیان لینین دەربازبکەن و بیگەیەننە فنلاند. لینین بۆ ماوەی ١١١ رۆژ  لە ٦ / ٧ / ١٩١٧ تا ٢٥ / ١٠/ ١٩١٧ لە فنلاند مایەوە، لەم ماوەیەدا لینین توانی کتیبی (دەوڵەت‌و شۆرش) بنووسێت.

لە مانگی ئابدا سەرمایەداران و دەربەگەکان هانی سوپای ڕوسیایان دەدا تا کودەتایەکی سەربازی بکەن و  حکومەتی کاتی بڕوخێنن، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەمو هاوکاریەک بوون. کاتێک سوپا بەڕابەرایەتی جەنەڕاڵ کۆڕنیلۆڤ هێرشێکرد بۆ پایتەخت تا داگیری بکات، کرنسکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی دەیزانی بەلشەفیەکان هێزو نفوزێکی زۆریان هەیە لەناو شوراو کرێکاراندا، بۆیە داوای لێکردن کە کۆمەکی بکەن و نەیەڵن ئەو کودەتایە سەرکەوێت. بەلشەفیەکان بێجگە لە سوپای سوور هەموو ئەو کرێکارانەی کە مەشقی سەربازییان کردبوو، چەکدار کردو داوایان لە شوراکان کرد کە بەرگری بکەن لە پایتەخت و دژی  سوپای کۆرنیلۆڤ بجەنگن. حکومەتی کاتی بەهاوکاری بەلشەفیەکان توانیان شکست بە کودەتاکەی کۆرنیلۆڤ بێنن و خۆشی دەستگیر بکەن..

ئەم سەرکەوتنە بەلشەفیەکان و شوراکانی بەهێز کرد و بەلشەفیەکان بوون بە زۆرینە لە شوراکاندا، بەتایبەتی لە پێترۆگرادو مۆسکۆ، هەربۆیە لە مانگی ئەیلولدا لینین داوای ڕاپەڕینی دەکرد. چەند نامەی نارد بۆ کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام نامەکانی پشتگوێ دەخران. تا وای لێهات لینین نامەیەکی توندی نوسی بۆ کۆمیتە ناوەندی‌و داوای وازهینانی کردبوو لە ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی. وتبوی پەنا دەبات بۆ رێکخستنەکانی حزب ‌و بۆ بەستنی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی ناچار بوو لە ڕۆژی ١٠ /١٠/١٩١٧ لە ماڵی سۆخانوف کۆبونەوەیەک بۆ ئەندامانی کۆمیتە ناوەندەی سازبکات، لە کۆی ٢١ ئەندامی کۆمیتە ناوەندی  ١٢ ئەندام ئامادەبوون . لینین باسی  نەخشەکارەکانی خۆی کرد بۆئەوەی کە ڕاپەرین ئەنجام بدەن. کۆبونەوەکە دە(١٠) کاتژمێری خایاند‌، لە کۆتایدا نەخشەکارەکە خرایە دەنگدانەوە. دە (١٠) ئەندام ڕازی بوون و دوو ئەندامیش موخالیف بوون، کە هەریەک لە کامنیڤ و زینۆڤیڤ بوون. لەم ڕۆژەدا نەخشەکاری ڕاپەرین دانراو لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر بەلشەفیەکان توانیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن‌و یەکەم حکومەتی خۆیان پێکهێنا. لینین بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەو حکومەتە، کە لە ١٥ کەس پێک هاتبوو.

لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨دا بە هاوکاری دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، دەرەبەگەکان، سەرمایەدارن، هەندێ لەدەست‌و پێوەندی قەیسەر لە جەنەڕاڵەکانی سوپا، شەڕێکی ناوخۆیان دروست کرد.

لە ٣٠ / ٨ / ١٩١٨ لە کاتیکدا کە لینین کۆبوونەوەی بە کرێکارانی کارگەیەک دەکرد، لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا لە لایەن( فانیا کابلان) کە بانگی لینینی کرد بۆئەوەی ئاوڕبداتەوە، درایە بەر دەستڕێژی گولە. سێ فیشەک بەر لینین کەوت. ئەمە بوە هۆی تێکچونی باری تەندروستی. لە ئایاری ١٩٢٢ لینین توشی یەکەم جەلتەبوو، لای ڕاستی توشی شەلەل کرد. لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا توشی جەلتەی دووهەم هات. مەکتەبی سیاسی بریاریاندا کە لینین دانیشێت و کار نەکات. لە مانگی ئازاری ١٩٢٣ توشی جەلتەی سێهەم هات‌و ئەمجارە لە جێگادا خستی‌و لە قسەکردن کەوت. لە ٢١/ ١/ ١٩٢٤ جەلتەیەک لێیداو ئەمجارە بووە هۆی ژیان لەدەست دانی. جەستەی لینین مۆمیا کراو لە گۆرەپانی سور لە مۆسکۆ نێژرا. لەو رۆژەوە ساڵانە بە سەدان هەزارکەس سەردانی گۆڕەپانی سوور دەکەن بۆ بینینی جەستەی مۆمیاکراوی لینین وەکو ڕێزێك بۆ ئەم ڕابەرە مەزنەی پرۆلیتاریای جیهانی.

بەرزوو بەڕێزبیت یادی ئەم ڕابەرە مەزنەی چینی کرێکار!

بژی لینین!

٢١/ ١/ ٢٠٢٢

Check Also

تیرۆری شیرین ئەبو عاقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە

دەشتی جەمال دوێنێ ١١ی مەی ٢٠٢٢ پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی ڕوماڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .