ژنکوشتن بەمەرجی ناسنامە!

موحسن کەریم             

رۆژی ٤ ی شوبات، قوباد تاڵەبانی، کە بەمیرات لەگەڵ براکەیدا سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیان بۆماوەتەوە، رایگەیاند کە “نابێت هیچ ژنێكی کوژراو بەبێ ناونیشان بنێژرێت”. ئەم “داهێنان”ە شی لەمەراسیمی ناشتنی دێکان تارق نوری، یەکێك لە هەزاران قوربانی دەستی دەسەڵات و نەریت و کەلتوری کۆنەپەرستی پیاوسالاری کوردایەتی لەرێگای نوێنەرەکەیەوە ڕاگەیاند!

قوباد تاڵەبانی بە حسابی خۆی دەیەوێ بە رێچکەی باوکیدا بڕوات و خۆی وەکو لایەنگری ماف و ئازادیەکانی ژنان و دژبە ژنکوژی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، نیشان بدات. ئەو دەیەوێ وا نیشان بدات کە کەسایەتیەکی سیاسی مۆدێرن و پێشکەوتنخوازەو جیاوازە لە کەسایەتیە سیاسی و حکومیەکانی دیکەی خێزانی کوردایەتی. بەڵام قوباد ناتوانێ ئەو لافە لێبدات بەوەی گوایە لە ئەوروپا و ئەمریکا گەورە بوەو ژیاوە و هەڵگری کەلتوری ئەوروپیە، چونکە ئەو سەر بە خێزانی کوردایەتیە کە نەك هەر لەشاخ، پەرەیان بە فەرهەنگ و کەلتوری کۆنەپەرستانەی دژە ژن و ژنکوژی داوە، بەڵکو لەماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی ئەواندا هەزاران ژن بەپێی کەلتور و فەرهەنگی کۆنەپەرستی پیاوسالاری کوردایەتی، ئەنفال کراون! توندوتیژی دژی ژنان کراوەتە نەریتێکی پڕڕەونەق و سوکایەتی و شکاندنی کەسایەتی ژنان پەرەی پێدراوەو هاوکات ژنان وەکو کاڵا لە بازاڕی سێکسدا کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێ. لەپاڵ ژنکوژیدا بەبیانوی شەرەف، لەشفرۆشیش کراوتە بازاڕێکی گەرم!

کاتی خۆشی، لەژێر فشاری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا، تاڵەبانی باوك ناچاربوو خۆی وەکو لایەنگری مافەکانی ژنان دەربخات و گوایە دژی ژن کوشتنە! ئەویش رایگەیاند کە  هەرچەند وەکو پارێزەرێك بڕوای بە سزای ئیعدام نیە، بەڵام ئامادەیە ئیمزای ئیعدامی ژنکوژەکان بکات! بەڵام دوای بانگەشەکەی شەپۆلی ژنکوشتن لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەودا نەك هەر بەردەوام بوو، بەڵکو ژنکوژەکان بەشێکیان بەرپرسانی پلە بەرزی سەربازی حزبەکەی ئەو بوون! ئێستاش قوباد دەیەوێ رێگایەك پیشان بدات کە پێشتر بێبایەخی و پووچیەکەی ئەزمون کراوە!

بەڵام ئەمە دیوێکی مەسەلەکەیە کە قوباد تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. دیوەکەی دیکەی بێ لیاقەتی قوباد تاڵەبانی دەردەخات! قوباد تاڵەبانی دەڵێت نابێت ژنانی کوژراو بەبێ ناونیشان بنێژرێن! واتە ئەو برادەرە تەنها لەوە ناڕەحەتە کە ژنە کوژراوەکان ناونیشانیان دیارنیە. واتە قەیناکا ژنان لەسەر شەرەف دەکوژرێن بۆ کڕینەوەی شەرەفی کوردایەتی، بەڵام تەنها ناو و ناونیشانیان لەسەر کێلی گۆڕەکانیان بنوسرێت! ئەمە گەورەترین دەسکەوتی قوباد تاڵەبانیە بۆ ژنانی قوربانی دەستی پیاوسالاریی کوردایەتی. قوباد دەیەوێ بەو بڕیارەی لەکەیەكی شەرمەزاری لە شانی دەسەڵاتی کوردایەتی بسڕێتەوە، تا لەلایەکەوە ئەگەر پێیبکرێ بەشێك لە خەڵك چەواشەبکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەندە لای دۆستە رۆژاواییەکانیان وەکو دەسەڵاتێکی دواکەوتوو و دژە ژن دەرنەکەون! بەڵام راستیەکەی قوباد یاریزانێکی بێ لیاقەت بوو، نەك نەیتوانی ئەو ڕیسواییەی کوردایەتی بسڕێتەوە، بەڵکو خەجاڵەتیەکی دیکەی بۆ بزوتنەوەکەی و حزبەکەی و دەسەڵات و کەلتورو فەرهەنگی کوردایەتی زیاد کرد.

قوباد تاڵەبانی و حزبەکەی و دەسەڵات و بزوتنەوەکەی، نەك ناتوانن لایەنگری ماف و ئازادیەکانی ژنان بن، بەڵکو بەدیهاتنی ماف و ئازادیەکانی ژنان و پارێزراوبوونی کەسایەتی ژنان و مامەڵەکردنیان وەکو مرۆڤی تەواو و یەکسان لەگەڵ پیاواندا، تەنها بە پێچانەوەی دەسەڵات و یاساو نەریت و کەلتورو فەرهەنگی کۆنەپەرستانەو پیاوسالارانەی حزب و بزوتنەوەکەی قوباد و هاوشێوە و هاوبەشەکانیان لە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی مسۆگەر دەبێت. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان ئەگەر بیەوێ سەربەرزبکاتەوەو پێشڕەوی بکات دەبێ ببێتە بەشێك لە بزوتنەوەی گشتی خەڵکی ناڕازی کوردستان دژی دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *