گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد

سەبارەت بە هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا             

ئۆکتۆبەر: دوای چەند ساڵ لە بارگرژیی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا سەرەنجام ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە ڕوسیا هێرشی سەربازی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێکرد. ئێوە پاشخان و هۆکاری ئەم جەنگە لەلایەن ڕوسیاوە بۆ چی دەگێڕنەوە؟ ئایا مەسەلەکە دەعوایەکی مێژووییە سەبارەت بەوەی خاوەندارێتی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە یاخود مەترسی گەمارۆدانی ڕوسیایە لەلایەن ناتۆوە لەئاکامی پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بە ناتۆوە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ئەگەر دەعوایەکی مێژوییش لەئارادا بێت، بەڵام ئەمە ناتوانێ هۆکارە واقعییەکانی ئەم جەنگ و پەلامارەی ئێستای ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا و بەرامبەرکێی زلهێزەکان نیشان بدات. چونکە لە ڕاستیدا ئەم جەنگە بەشێکە لە کێشمەکێشی دەوڵەتانی ئیمپریالیست و زلهێزی جیهان لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوز لە هەلومەرجی تازەی جیهاندا. مەبەستم لە هەلومەرجی تازەی جیهان ئەوەیە کە ئیتر ئەو دەورانە بەسەرچوو کە ئەمریکا لە هەوڵی سەپاندنی نەزمی تاك جەمسەریدا بوو بەسەر جیهاندا. ئێستا ئیتر هەلومەرجێکی تازە هاتوەتە ئاراوە و جیهان پێی ناوەتە ناو نەزمێکی تازەی چەند جەمسەرییەوە. جگە لە ئەمریکا، چین و ڕوسیا و ئەوروپا..و… خەریکن وەکو زلهێزی جیهانی خۆیان نیشاندەدەن و بەشی خۆیان دەوێ. هەرچەند هێشتا ڕیزبەندییەکان وەکو بلۆکی یەکدەست خۆیان بەرجەستە نەکردوە و خاوەن ئینسجامێکی تەواو نین لەسەر مەسەلەکانی دنیای ئەمڕۆ، بەڵام جەنگ و کێشمەکێش و نمایشی هێزەکان سەرجەم  بەشێکن لە پرۆسەی شکڵگرتن و جێگیرکردنی دنیای چەند جەمسەری.

ئەو جەنگە ملهوڕانە و دڕندانەیەی ئێستا لە ئۆکرانیا بەرپا بووە، لە ڕاستیدا جەنگی نێوان ڕوسیا لەلایەك و ئەمریکا و ناتۆیە لەلایەکی ترەوە. جەنگی تەسفیەحسابی ئەم جەمسەرە کۆنەپەرستانانەیە و مەیدانەکەی ئۆکرانیا و قوربانییەکەی خەڵکی بێتاوانی ئۆکرانیایە. ئەم شەڕە نابێ وەکو شەڕی یەکلایەنەی ڕوسیا لە دژی ئۆکرانیا چاوی لێبکرێت، بەڵکو شەڕی دوو بەرەی کۆنەپەرستی جیهانییە کە ئۆکرانیای کردوە بە مەیدانی خۆی. لەم شەڕەدا بەو ئەندازەیەی کە ڕوسیا وەکو دەستپێکەری شەڕ و هێرشبەری دڕندانە ڕۆڵی هەیە، بەهەمان ئەندازە ئەمریکا و ناتۆ ڕۆڵیان هەیە و بەشدار و بەرپرسن لە خوڵقاندنی ئەم جەنگە و زەمینەکانیدا. تەنانەت ڕژێمی ئێستای ئۆکرانیا کە بووە بە مەقاشی دەستی ناتۆ، بەشدارە لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە و هەر بەم پێیەش لایەنە لە شەڕەکە و لە ناڕەوابوونی شەڕەکە لە هەموو لایەنەکانیەوە. میدیای ڕۆژئاوا دەیەوێ وا نیشان بدات کە ڕوسیا بە تەنیا هۆکار و ئەنجامدەری شەڕەکەیە، بەمجۆرە دەیەوێ تاوانباری و تاوانکاری لایەنەکانی تر لە پشت تاوانکاری و تاوانباری ڕوسیا و پۆتینەوە بشارێتەوە. بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەم جەنگە بەدوای ئەو هەنگاوانەدا دێت کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ کورتکردنەوەی دەستی ڕوسیا و دابڕینی ناوچەکانی نفوزی ئەو، پێشتر دەستیان بۆ بردوە. واتە بەدەر لەوەی مەیدانی جەنگەکە کوێیە و ڕواڵەتەکەی چیە، لە ناوەڕۆکدا و لە واقعدا جەنگی ئەم زلهێزانەیە کە وەکو دوو جەمسەری جیهانی ئەمڕۆ لە کێشمەکێشدان لەسەر پێگە و ناوچەی نفوزی خۆیان.

بۆ تێگەیشتنی دروست لە زەمینە و هۆکارەکانی ئەم شەڕە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە دەبێ میلیتاریزم و هەوڵی هێزنیشاندان و پاوانخوازی ڕوسیا لەنێو هەلومەرجی تازەی جیهاندا ببینین، دەبێ جموجۆڵ و سیاسەتی پاوانخوازی لایەنی بەرامبەریش ببینین. دەبێ سەرنج بەرینە سەر ئەوەی کە دەمێکە ئەورپا ڕەوتی دوورکەوتنەوە لە ئەمریکای گرتوەتە بەر و لەژێر ڕابەریی ئەمریکا دەرچوە و بە ئاڕاستەی دەرکەوتن وەکو جەمسەرێکی جیاواز ئاڕاستەی گرتووە. هەروەها دەمێکیشە جێگاوڕێگای ناتۆ بەرەو لاوازی دەڕوات و تەنانەت مانەوەی بەتەواوی لەژێر پرسیاردایە. ئەمریکا زۆر پێویستی بە ڕێگا و هۆکارێك هەبوو کە هەم ئەوروپا بەرێتەوە ژێر ڕابەریی خۆی و هەم ناتۆ ببوژێنێتەوە و پێویستییەکەی لەناو هەلومەرجی تازەدا پێناسە و بەرجەستە بکاتەوە. هەر بۆیە ڕۆڵێکی زۆری هەبوو لەوەی کە زەمینەکانی ئەم شەڕە بخوڵقێنێ لە ڕێگای هێنانەمەیدانی ئەندامەتی ئۆکرانیا لە ناتۆ و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ناتۆ لە لێواری سنوورەکانی ڕوسیا. لە کاتێکدا بەپێی ڕێکەوتنی پێشووتریان نەدەبوو هێزەکانی ناتۆ لە دەوروبەری ڕوسیا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات بڵاوە پێبکەن. ئەمریکا ئەندامەتی ئۆکرانیای لە ناتۆ هێنایە گۆڕێ، هەڵبەت ئەم هێرشەی ڕوسیا لەم ئەبعادە فراوانەدا چاوەڕوانکراو نەبوو تەنانەت بۆ خودی ئەمریکاش. بەڵام ئەگەر کاردانەوەی ڕوسیا ملدان بوایە بەوەی ئۆکرانیا ببێت بە ئەندامی ناتۆ، ئەوکات سوپای ناتۆ دەگەیشتە سەرسنووری ڕوسیا. ئەگەریش کاردانەوەکەی ڕوسیا کە ئەوپەڕی چاوەروان دەکرا هێرشێکی سنووردار بوایە بۆ هەندێك ناوچەی ئۆکرانیا، لە دوو ڕووەوە بەرژەوەندی ئەمریکای دەستەبەر دەکرد؛ هەم لەو ڕووەوە کە ناتۆ ببوژێنێتەوە و ئەوروپا ڕابکێشێتەوە بۆ ژێر باڵی خۆی، هەم لەو ڕووەوە کە ڕوسیا دەرگیری جەنگ و تەریك کەوتنەوە و گوشاری گەورەی ئابووری و سیاسی ببێت و گورزێکی ئابووریی زۆر قورسی لێ بکەوێ. بۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەمیشە ئەمریکا خەریکی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ناتۆبووە لە نزیك سنوورەکانی ڕوسیا.

بەکورتی پاش شکست و ناکامی ئەمریکا لە سەپاندنی دنیای تاك جەمسەری، چەندین ساڵە کێشمەکێشی دابەشبوونەوەی جیهان و ناوچەی نفوز لە نێوان زلهێزە ئەمپریالیستەکان لەئارادایە. جەنگ و کێشمەکێشە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم چەندین ساڵە، ئەو جەنگانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لیبیا و ئەفغانستان و یەمەن کە بە جەنگی بە وەکالەت ناسرابوون، هەوڵی گەمارۆدانی چین لە ئۆقیانوسی ئارام لەلایەن ئەمریکاوە، هەموو بەشێك بوون لەم کێشمەکێشە و لە پرۆسەی دابەشکردنەوەی جیهان و ناوچەی نفوز لە نێوان زلهێزەکان. ئەمڕۆش درێژەی هەمان ڕەوەند لە ئەوروپا و لە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە. لەلایەکەوە چین و ڕوسیا و هاوپەیمانەکانیان و لەلایەکی تریشەوە ئەمریکا و ناتۆ و ئەوروپا. بەڵام هێشتا جەمسەرەکان وەکو بلۆکی یەکدەست و مونسەجیم شکڵیان نەگرتوە لەبەرئەوەی هێشتا لە ڕووی ستراتیژییەوە یەکدەست نین، لەسەر هەندێك مەسەلە یەکدەست و لەسەر هەندێکی تر جیاوازی و تەنانەت ناکۆکییان هەیە.

ئۆکتۆبەر: لە بەیاننامەی حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بەو جەنگە، دەوترێ کە ئەمە سەر ناکێشێتە بەرپابوونی شەڕی جیهانیی سێهەم یان گەڕانەوە بۆ جەنگی سارد، بەڵام دەشڵێن کە ئەم هێرشە دەستپێکی ڕۆچونی جیهانە بەرەو قۆناغێکی تازە لە پێکدانان و کێشمەکێش و سەربازگیری بلۆکەکان! ئایا پێکدادان و کێشمەکێشی سەربازیی بلۆکەکان چ مانایەکی هەیە بێجگە لە جەنگێکی سەراپاگیری جیهانی!؟

ڕێبوار ئەحمەد: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە میدیای رۆژاوا پڕوپاگەندەیەکی جەنگیی زۆر گەورەی بەڕێخستوە و دەیەوێ وا نیشان بدات کە جیهان لە لێواری جەنگێکی جیهانیدایە، یان دۆخەکە بەرەو گەڕانەوە بۆ جەنگی سارد ئاڕاستەی گرتوە. زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵك دەکەن و ناڕاستەوخۆ خەڵك هاندەدەن بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگ، بازاڕەکانی خواردن بە تایبەتی خواردەمەنی لە قوتوخراو کە ئیمکانی هەڵگرتنی هەیە، خەریکە قاتوقڕی تێدەکەوێت. میدیای نۆکەر بە ئەنقەست و بە مەبەست زیادەڕۆییەکی زۆر دەکات لە پڕوپاگەندی جەنگی. ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی پێویستی نەخشەوپلانە میلیتاریستییەکانی خۆیان نیشانبدەن. بەمجۆرە خەریکی پێشبڕکێی چەکن و زەمینە بۆ بردنە پێشەوەی ئەو بەرنامانەی خۆیان دەڕەخسێنن کە هەر پێشتر لە دەستوریاندا بوو. دەهۆڵی بەرپابوونی جەنگی جیهانی دەکوتن بۆ ئەوەی دەورەیەکی تازە لە میلیتاریزم ڕەواج پێبدەن، دەهۆڵ بۆ پێویستیی ناتۆ دەکوتن بۆ ئەوەی ناتۆ ببوژێننەوە، دەهۆڵ بۆ پێویستیی سوپای یەکگرتووی ئەوروپا دەکوتن بۆ ئەوەی ئەو سوپایە دامەزرێنن. دەهۆڵ بۆ مەترسی جەنگی جیهانی دەکوتن بۆ ئەوەی ڕەوایی بدەن بە خۆپڕچەك کردن و حەقانییەت بدەن بە تەرخانکردنی داهات و بودجەی زەبەلاح و میلیتاریزم. بەیاننامەکە دەیەوێ پەردە لەسەر ئامانجی ئەم پڕوپاگەندە چەواشەکەرانەیە هەڵماڵێت.

جەنگی جیهانی لەئارادا نیە، بەڵام میلیتاریزم خەریکە شەرعیەت وەردەگرێت و پەرەدەسەنێ. ئەم هێرش و پەلامارەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا و ئەم فەزایەی بەرپاکراوە، جارێکی تر گیان دەکاتەوە بە بەر ئەو میلیتاریزمە شکستخواردوەی کە بەڕابەریی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی پێکرد و بە تایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کرد بەگۆمی خوێن و خەڵکی ناوچەکەی لە ناو ئاگری شەڕ و تاقیکردنەوەی چەکی مودێرندا سوتاند و وێرانی کرد. ئەو دەورەیە لە لەشکرکێشی و میلیتاریزم سەرئەنجام دوای چەند دەهە شکستی خوارد. جگە لەوەی کەوتەبەر نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان، خۆی لە مەیدانی واقعدا لە ڕووی سیاسییەوە شکستی خوارد و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچاربوون دەستی لێ هەڵگرن و پاشەکشە بکەن بەبێ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن. بەڵام ئەم هێرشەی ڕوسیا هەر لە ئێستاوە گیانی کردوەتەوە بەبەر میلیتاریزمدا. سەرجەم دەوڵەتانی بۆرژوازی زلهێز کەوتونەتە پێشبڕکێی سەربازی و چەکی وێرانکەر و مۆدێرن، داهاتێکی سەرسوڕهێنەریان بۆ جبەخانەی سەربازی تەرخانکردوە و ڕاشکاوانە ئاسایشی جیهان گرێدەدەن بە چەك و سەرباز و پەیمانە سەربازییەکانیانەوە.

بەڵام سەرباری سەختی و کارەساتباری ئەوەی ئێستا لە ئۆکرانیا دەگوزەرێ، نە ئەم دۆخەی ئێستا ڕووی لە بەرپابوونی جەنگێکی جیهانییە و نە جەنگێکی وا لە بەرنامەی زلهێزەکاندایە. تەنانەت ئێمە شایەتی ئەوەین کە سەرباری ئەو بەڵینانەی ناتۆ و ئەمریکا بە ئۆکرانیایان دابوو، سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕوسیا پەلاماری بدات، لەگەڵ کاردانەوەی توندی ناتۆ و ئەمریکا بەرەوڕوو دەبێت. بەڵام بە بەهانەی ئەوەی ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ نیە و لە ڕاستیدا لە ترسی ئەوەی چوارچێوەی جەنگەکە فراوانتر نەبێتەوە، جگە لە کۆمەکی لۆجستی و دانی چەك و فشاری ئابووری هیچی تریان لە دەست نەهاتوە، مەبەستم کاردانەوە و کردەوەی سەربازییە. بیهێننە بەرچاو ساڵی ١٩٩١ بەبەهانەی ئەوەی کە ئالی سوباح لەسەر کورسی حوکمی کوەیت ڕاونرابوون، چی لەشکرکێشی و هاوپەیمانێتییەکی زەبەلاحیان بۆ جەنگی دژی سەدام بەرپاکرد! لە ڕاستیدا ئەمجارە لەم بارەیەوە گشت جەمسەری ناتۆ لاوازییان لە خۆیان نیشاندا. چونکە باش ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەگەر هەر کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان هەبێت کە ببێتە مەترسی فراوانبوونەوەی جەنگەکە لە ئەورپادا، ئیتر لە کۆنترۆڵیان دەردەچێت و براوە و دۆڕاوی تیا دیار نامێنێت. زلهێز و جەمسەرەکانی دنیای ئەوڕۆ هەموو خاوەن چەکی ئەوتۆن کە دەتوانن هەموو گۆی زەوی نابوت بکەن، ئەگەر بکەونە جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتر هیچیان براوە نابن و دنیا دەکەوێتە بەردەم مەترسی نابوتیی یەکپارچە. بۆیە شەڕەکەیان لەدژی یەکتری بۆ دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان خۆیاندا لە مەیدانی سیاسی و ئابووری ڕاستەوخۆ و لە مەیدانی سەربازی ناڕاستەوخۆیە.

ئۆکتۆبەر: بەشێك لە لێکدانەوەکان سەبارەت بەم ڕووداوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە سەربازییەی ڕوسیا ئاکامی کۆتاییهاتنی دنیای یەك جەمسەرییە بە سەرکردایەتی ئەمریکا و شكڵگرتنی دنیای فرە جەمسەری و بلۆکە ئابووری- سیاسی- سەربازییەکانە کە زۆرتر باس لە ئەمریکاو ئەوروپا و چین و ڕوسیا دەکرێ. ئایا تا چ ڕادەیەك ئەم لێکدانەوەیە بە دروست دەزانن؟

ڕێبوار ئەحمەد: بە بڕوای من هیچ کات دنیا و نەزمی یەك جەمسەری بەڕابەریی ئەمریکا شکڵی نەگرت و دانەمەزرا، تاوەکو ئەمڕۆ باسی کۆتاییهاتنی بکرێت. ئەوە نەخشەی ئەمریکا بوو، هەر لەو پێناوەدا چەندین جەنگی بەرپاکرد و لەشکرکێشی کرد. لە جەنگی یەکەمی کەنداوەوە بۆ لە خوێن هەڵکێشانی عێراق بە بەهانەی داگیرکردنی کوێت، تا هێرش بۆسەر ئەفغانستان بە بەهانەی تیرۆریزم، تا داگیرکردن و خاپور و وێرانکردنی عێراق بە بەهانەی لەناوبردنی چەکی کۆکوژ، تا جەنگی سوریا و لیبیا و یەمەن… هەموو بریتی بوون لە هەوڵ و تەقەلای ئەمریکا لە ڕاستای سەپاندنی نەزمێکی نوێی جیهانی بەڕابەریی تاكلایەنەی خۆی. بەڵام ئەو نەزمە بەرلەوەی بە کردەوە شکڵ بگرێت شکستی خوارد. ئەو نەخشە و پلان و سیاسەتەی ئەمریکا لەو پێناوەدا گرتیەبەر لە هەموو مەیدانەکاندا ناکام مایەوە. بەگشتی سیاسەتی میلیتاریستی و لەشکرکێشی دوچاری شکست بوو.

بەڵێ منیش وای دەبینم کە ئیتر جیهان پێی ناوەتە ناو نەزمێکی چەند جەمسەرییەوە. ئەم جەنگەی ئێستاش بەشێکە لە بەرامبەرکێی جەمسەر و زلهێزەکانی ئەم دنیای چەند جەمسەرییە لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان خۆیاندا. بەڵام پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە ئەم هێرشەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەرەتای دەورەیەکی تازە دەبێت لە لەشکرکێشیی ملهوڕانە، سەرەتای دەورەیەکی تازەیە بۆ ئەوەی میلیتاریزم و چەك و تەنانەت چەکی ئەتۆمی وەکو زەمانەتی ئاسایشی دنیا وێنا بکرێت. هەر وەکو دەبینین ئەمڕۆ بازاڕی چەك لە هەموو شت گەرمتر بووە. لەسەریەك جەخت لە بوژاندنەوە و بەهێزکردنی ناتۆ دەکرێت، لەلایەکی ترەوە باسی پێکهێنانی سوپای سەربازیی تایبەتی ئەوروپا دەکرێت. بودجەیەك کە بۆ چەك و جەنگ و سوپا خەرج دەکرێت، ئەگەر تەرخان بکرایە بۆ پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، دەکرا سەرجەم  کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەبێ جەنگ و چەك و میلیتاریزم، نوقمی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بکرایە. بەڵام لەجیاتی ئەوە خەریکن ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ عەسکەرتاریزم و کوشتاری مرۆڤایەتی و وێرانکاری خانە و لانەی خەڵك خەرج دەکەن.

ئۆکتۆبەر: بەپێی ئەوەی کە ئەمریکا جێگاوڕێگای سەرکردایەتی جیهانی لەدەستداوە، بەهەمان شێوە سەرکردایەتی بۆ هاوپەیمانی ناتۆ بەرەو کۆتایی دەڕوات، یان ڕاستتر بڵێین بنەماکانی مانەوەی ناتۆ نەماوە. چەندین جاریش وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنسا باسی هێزی سەربەخۆی سەربازیی ئەوروپا دەکەن. ئەگەر وایە ترسی ڕوسیا لە فراوانبوونەوەی ناتۆ چیە؟

ڕێبوار ئەحمەد: مەسەلەکە تەنها نیگەرانیی ڕوسیا لە فراوان بوونەوەی ناتۆ و نزیکبوونەوەی لە سنورەکانی ڕوسیا نیە، ڕوسیا دەیەوێ پێگەی خۆی لەنێو نەزمی تازەی دنیا بەهێز بکات، دەیەوێ ناوچەی نفوزی خۆی دیاری بکات و دایسەپێنێ. دەیەوێ ئۆکرانیا ناوچەی نفوزی خۆی بێت و لەلایەن ڕژێمێکی پرۆڕوسیەوە بەڕێوە ببرێت. یان لانی کەم بێلایەن بێت. ناتۆ هەبێت یان نەبێت جەمسەر و زلهێزەکانی دیکە بە تایبەت ئەمریکا و ئەورپا هەن، ڕوسیا ناتوانێ دەستەوەستان لە دوورەوە تەماشای ئەوە بکات کە ئۆکرانیا بچێتە پاڵ جەمسەرەکانی تر و ببێت بە نفوزی ئەوانی تر و لەژێر ڕکێف و نفوزی خۆی دەرچێت. لە هەمانکاتدا ئەم پەلامارە دەرفەتێکی داوە بە ڕوسیا بۆ ئەوەی هێزی خۆی نیشان بدات و بیسەلمێنێ کە چیتر ڕوسیا ڕوسیای دوای شکستی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕوخانی دیواری بەرلین نیە، بەڵکو یەکێکە لە زلهێزەکانی دنیای تازە. ئەم هێرشەی ڕوسیا هەنگاوێکی ترە لە درێژەی دەخاڵەتی لە سوریا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە جیهانی چەند جەمسەریدا مەحکەم بکات. دەیەوێ بڵێ ئەوە هەر ئەمریکا و ناتۆ نین کە دەتوانن و بۆیان هەیە بۆ هەر جێگایەك بیانەوێ لەشکرکێشی بکەن و جەنگ بەرپا بکەن، هەر ئەوان نین کە دەتوانن بە لەشکرکێشی ڕژێمە نەیارەکانی خۆیان بڕوخێنن و بیگۆڕن و حکومەتی لایەنگر بەخۆیان بخەنە سەرکار. ئەم مافە قۆرخکراوی ئەوان نیە، منیش دەتوانم و مافم هەیە و ئەو کارە دەکەم. بۆ ئەم مەبەستە چوونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆی کردوە بە بەهانە و بەڵگەیەك بۆ نیشاندانی هێزی خۆی و ڕاگرتنی ئۆکرانیا لەژێر قەڵەمڕەوی نفوزی خۆیدا. ناتۆ هەر وەزعێکی هەبێت هیچ لەوە ناگۆڕێ کە لەم چەند ساڵەی دواییدا جەمسەری ئەمریکا بەردەوام سەرقاڵی پەرەپێدانی هێزەکانی ناتۆیە لە نزیك سنورەکانی ڕوسیا و ئەمەش ڕوسیای دوچاری نیگەرانی کردوە. ئەوەشمان بیر نەچێت ناتۆ بەهەر ڕادەیەك لاواز بووبێت و مانەوەی لەژێر پرسیار بێت، بەڵام لەو ئاستەدا نەبووە کە حیسابی نەمانی بۆ بکرێت. ئەم جەنگەش گیانێکی تازەی بەبەردا دەکات تەنانەت ئەگەر بۆ کورت ماوەش بێت.

ئۆکتۆبەر: ئەم هێرشەی ڕوسیا بەشێكە لەو ڕەوەندەی میلیتاریزم کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکراوە و تائێستا چەندین شەڕ و کاولکاری بەسەر خەڵکی دنیادا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە. ئەم ڕەوەندە ڕەوەندی ملهوڕی و خۆسەپاندنی هێزە ئیمپریالیستیەکانە بەسەر دنیادا لەپێناو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز. لەکاتێکدا خەڵکی جیهان لە شەڕ و میلیتاریزم نەفرەت دەکەن و لەژێرباری هێرشە ئابووری و سیاسییەکانی چینی بۆرژوازیدا دەناڵێنن، دەبێ چی بکەن بۆ ئەوەی ئەم دەورانە کۆتایی پێ بێت؟ ئایا خواستی وەستانی شەڕ وەڵامدەرەوەیە یاخود ڕێگایەکی دیکە دەبێت بگیرێتە پێش!؟

ڕێبوار ئەحمەد: بەر لەوەی باسی چیکردن بکەم دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەو ڕەوەندی میلیتاریزمەی باستان کرد کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکرابوو، شکستی خوارد و کۆتایی هات. بەڵام ئەم هێرشەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەبێتە سەرەتای دەورەیەکی تازە لە میلیتاریزم و دووبارە گیان دەکاتەوە بەبەر ئەو سیاسەتەدا و ڕەواج و شەرعییەت و ڕەسمییەتی پێدەداتەوە. هەر لە ئێستاوە دەبینین کە دەوڵەتانی زلهێز زۆر ڕاشکاوانە پڕوپاگەندەی عەسکەرتاریەتیان گەرم کردوە و وای نیشاندەدەن کە ئاسایشی جیهان لە گرەوی هێزی سەربازی بەهێز و چەکداربوون بە چەکی مۆدێرن و تەنانەت چەکی ئەتۆمی و میلیتاریزمدایە. ئاکامەکانی ئەم دەورە تازەیە لە میلیتاریزم دەکرێت زۆر کارەساتبارتر بێت لەوەی کە تەنها خەڵکی ئۆکرانیا بکات بە قوربانی. هەروەها جگە لە لایەنی کوشتار و وێرانکاریی ئەم ئەزمەیە، زەمینەی بۆ پەرەگرتنی ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستی و سەرهەڵدانی جۆرەها ڕەوت و باندی ڕاستڕەو و ڕاسیست و فاشیست و نەژادپەرست و بەرامبەرکێی رۆژاوا و رۆژهەڵاتی خۆشکردوە.

دەربارەی ڕێگاچارە لە ڕاستیدا هیچ ڕێگاچارەیەکی واقعی نیە جگە لە شۆڕشی کرێکاری بۆ هەڵپێچانی گشت سیستەمی کەپیتالیستی بە جەنگ و میلیتاریزم و چەکی ئەتۆمییەوە، بە پۆتین و بایدن و ماکرۆنەکانیەوە. ڕێگاچارەی واقعی هاتنەمیەدانی چینی کرێکار و بەشەریەتی ئازادیخوازە لە دەوری ئاڵا و ئاسۆی سۆسیالیزم بۆ تارومارکردنی سەرمایەداری و هەموو نەهامەتییەکانی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی خاڵی لە جەنگ و چەك و میلیتاریزم و ئەو بەربەریەتەی کە جیهانی لەبەردەم مەترسی وێرانی و نابوتبووندا ڕاگرتوە. ئیتر بەڕاستی سەرمایەداری مەترسییە لەسەر خودی مانەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

هەر دەربارەی چیکردن و ئەوەی کە وەکو کاری دەستبەجێ پێویستە بکرێت، نەخێر تەنها دروشمی “جەنگ دەبێ ڕابوەستێ” کارساز و وەڵامدەرەوە و تەنانەت دروست و پێشڕەوانە نیە. ئەم جەنگە بەشێکە لە کێشمەکێشێکی گەورەتر و فراوانتر، دەبێ چینی کرێکار و بەشەریەتی ئازادیخواز دژی سەرتاپای ئەو کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە و هەموو لایەنەکانی جەنگەکە بێنە مەیدانەوە. “جەنگ دەبێ ڕابوەستێ” بە تەنها، تەنها مانای وەستانەوە دژی هێرش و کارکردی ڕوسیای لێ دەردەچێت. بەڵام ئەی ناتۆ و ئەمریکا و پلان و کارکردە چەپەڵەکانیان بۆ میلیتاریزم و پاوانخوازی چی؟ ئەی ڕۆڵی زلنسکی و ڕژێمەکەی چی کە بووە بە دەسکەلا و بەرەوپێشبەری سیاسەت و پلانەکانی ناتۆ و ئەمریکا؟ بۆیە تەنانەت زلنسکی و ڕژێمەکەشی کە بەخوێنی لاوان و خەڵکی ئۆکرانیاوە نمایشی قارەمانبازی دەکات، مەحکوم و تاوانبارە، بەهۆی بوونی بە ئەڵقەلەگوێی ناتۆ و کردنی ئۆکرانیا بە مەیدانی جەنگی ئەم دوو بەرە کۆنەپەرست و پاوانخوازە. بە تەنها دروشمی “جەنگ دەبێ ڕاوەستێ” مانای حەقانییەتدانە بە ناتۆ، مانای حەقانییەتدانە بە پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بە ناتۆوە. لە کاتێکدا بە هەمان ڕادە کە هێرشی ڕوسیا ناڕەوا و مەحکومە، پاوانخوازی ناتۆ ناڕەوا و مەحکومە، بەهەمان ڕادەش پەیوەست بوونی ئۆکرانیا بە ناتۆوە ناڕەوا و مەحکومە. بۆیە هەستان و هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان دەبێ لەدژی هەموو لایەنەکانی جەنگ و کوشتار و ئەو عەسکەرتاریەت و پشبڕكێ تەسلیحاتییە بێت کە زلهێزەکان بەرپایان کردوە. پێویستە لە سەراسەری جیهاندا شەقامی شارەکان ببنە مەیدانی “نا” وتن بۆ جەنگ و میلیتاریزم و نیشاندانی قودرەتی گەورەی بزووتنەوەیەکی جیهانیی دژی جەنگ و میلیتاریزم و پاوانخوازیی هەموو لایەنەکانی ئەم کێشمەکێشە. تەنها هاتنەمەیدانی ملیۆنیی چینی کرێکار و بەشەریەتی ئازدیخواز و مەدەنی بەرامبەر جەنگ و ملهوڕی و پێشبڕكێی تەسلیحاتی سەرجەم جەمسەر و لایەنەکانی ئەم جەنگ و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە، دەتوانێ دەستی ئەم  ملهوڕ و تاوانکارانە ببەستێ و سنورێك بۆ بەربەریەت و تاوانکارییەکانیان دابنێت، کە ئێستا بەسەر خەڵکی ئۆکرانیا هاتوە و ئەگەر بەری پێ نەگیرێت ئاکام و ئەنجامەکانی سنوری ئۆکرانیا تێدەپەڕێنێ و تەنانەت ئاکامەکانی بەشێوەی دیکە بەسەر خەڵکی هەموو جیهاندا دەشکێتەوە. بێگومان ڕۆڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ڕوسیا و ئۆکرانیا لە دژی جەنگ و میلیتاریزمی هێزە ئیمپریالیستەکان کاریگەریی زۆری دەبێت، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە خەڵکی ئەم دوو وڵاتە هاودەنگ و هاوچارەنووسن و هیچ کێشە و دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ یەك نیە. تەواو بە پێچەوانەی ڕژێمەکانی ئەم دوو وڵاتەوە کە لە دوو جەمسەری کۆنەپەرستدا بەرامبەر یەکیان گرتوە. سنووربەندیی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئەم دوو وڵاتە لە ڕژێمەکانیان دەتوانێ ببێتە پێشەنگی هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئەوروپا و سەرجەم جیهان بۆ بەرگرتن لە میلیتاریزم و پێشبڕکێی تەسلیحاتی و جەنگ و ماڵوێرانی.

هەر دەربارەی چیکردن بەدەرلەوەی هۆکاری ئەم شەڕە چیە و لایەنەکانی کێن، دەبێ هاوکات لەگەڵ “نا” وتن بە جەنگ و میلیتاریزم، هێرشی چەکداری و بۆمباباران بۆسەر خەڵکی سڤیل و وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان و خانە و لانەی خەڵك، بەبێ قەیدو شەرت مەحکوم بکرێن. دەبێ کردنی خەڵکی سڤیل بە قەڵغانی مرۆیی مەحکوم و ڕیسوا بکرێت. دەبێ هێرش بۆ سەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەدژی شەڕ و عەسکەرتاریزم مەحکوم بکرێت. سەپاندی ئابڵۆقەی ئابووری بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و برسی کردنیان هیچ پاساوێکی نیە و مەحکومە. هەرجۆرە ڕاسیزم و بەیەکدادانی خەڵکانی سەربە نەتەوە و ڕەگەز و وڵاتە جیاجیاکان دەبێ ڕیسوا و مەحکوم بکرێت. دەبێ یەکێتی و هاوچارەنوسی لەبەرامبەر ڕاسیزم و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیزمدا پەرە بگرێت و دەنگ هەڵبڕێت…و… چینی کرێکار و کۆمۆنیزم ئەرکی پێشڕەوانەیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ پەرەگرتنی ئەم ڕەوەندە و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی جیهانی و ئەنتەرناسیۆنالیست لەپێناو مەحکوم کردنی سەرجەم پلان و نەخشە و هەنگاوەکانی هەموو جەمسەر و لایەن و زلهێزە جەنگخوازەکان و بەستنی دەستیان لەو جەنگ و پاوانخوازی و پێشبڕکێی تەسلیحاتی و میلیتاریزمەی دەستیان پێکردوە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *