بڕیارنامە دەربارەی: بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب

بڕیارنامە دەربارەی: بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە:
• بزووتنەوەی کرێکاری لەئێستادا لە سەنگەری بەرگری ولاوازدایە بەرامبەر بەهێرشی حکومەت و سەرمایەداران، هێشتا خاوەنی ڕێکخراوەی سەربەخۆ و بەهێز نیە و بێبەشە لە ڕابەران وهەڵسووڕاوانێکی ناسراو و بەرجەستە، بەتایبەت لە ئاستی سەراسەریدا. مەیلی سۆسیالیستی لە دەروونی ئەم بزووتنەوەیەدا لاوازە. ناڕەزایەتی و شێوەکانی خۆنواندنی ئەم بزووتنەوەیە لەچوارچێوەی ناڕەزایەتی کارگەیی و ڕشتەیی و مانگرتنی ماوەکورت و نۆبەتی قەتیس ماوەتەوە.
• خەبات و ناڕەزایەتی ڕۆژانەی ئەم چینە هەرچەندە پەرتوبڵاو و ناڕێکخراویش بێت، بەڵام یەکەمین سەنگەری ئەم چینەیە بەرامبەر بەهێرشی بەردەوامی بۆرژوازی. ئەم خەباتە لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی کرێکاری بەرەو دۆخێکی تازە بردووە. مانگرتن و دەست لەکارکێشانەوە، دانی یاداشتنامە بەحکومەت و گفتوگۆی نوێنەران لەگەڵ خاوەنکار و کۆمپانیاکان تا دەستبردن بۆ مانگرتن وبەستنی ڕێگاکان، لە ناوەندەکانی کار وبەڕێوەبەرایەتییەکاندا، شێوەکانی خۆنواندنی ئەم بزووتنەوەیە بووە لەچەند ساڵی ڕابردوودا.
• داخوازییەکانی کرێکاران لەم خەباتە ڕۆژانەیەدا بەزۆری بریتی بوون لە؛ خواستی دامەزراندن،دەرماڵە،هەمیشەیی کردنی گرێبەستی کار، مافی خانەنشینی، باشکردنی هەلومەرجی کار، دژی لێبڕین وپاشەکەوتی زۆرەملێی موچە، دژ بە بڕینی دەرماڵە و نەدانی قازانجی ساڵانە، دژی لەسەرکار دەرکردن وسزادان لەلایەن خاوەنکار و خاوەن کۆمپانیاکانەوە، دژی سیاسەتی لێگرتنەوەی ئابووری و ئاوەڵاکردنی دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ژێرپێنانی سەرەتاییترین مافەکانی کرێکاران.
• گۆڕینی هێزهاوسەنگی ئێستا بە قازانجی چینی کرێکار لە گرەوی خەباتێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو و سەراسەری ئەم چینەیە لە دەوری داخوازییە سەراسەری و هابەشەکانی خۆی. خەباتی ئابووریو ڕۆژانە بەردی بناغەی هوشیاری چینایەتییە. کرێکاران لە جەرگەی ئەم خەباتەدا دەستیان بە هوشیاری چینایەتی دەگات و پەی بە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەبەن. ئەم هوشیارییە چینایەتییە مەرجی سەرەکییە بۆ دەستڕاگەیشتن بە هوشیاری سۆسیالیستی و خەباتێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو لەپێناو ئازادی و یەکسانی و ڕیشەکێش کردنی چەوسانەوەدا.
• ناکۆکی و دووبەرەکی هۆکارێکی پەرتوبڵاوی ڕیزی چینی کرێکارە. دابەشکردنی کرێکاران بە کرێکاری ژن و پیاو، کرێکاری حکومی و ئەهلی، کرێکاری ناوخۆو هاتوو، دیاریکردنی مافەکانیان لەسەر بنەمای ئەو جیاکارییانە، مایەی دووبەرەکین لە ڕیزەکانی ئەم چینەدا. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە دەیان هەزار کرێکاری هاتوو لە کوردستاندا، کە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا بە کرێیەکی کەم کار دەکەن، بەڵام بەهۆی برەوی ناسیۆنالیزم و قورسایی نەریت و ئاسۆ بۆرژوازییەکان لەسەر کرێکاران، وەکو هۆکاری دابەزاندنی کرێ و پەرەسەندنی بێکاری تەماشا دەکرێن. ئەمەش بوەتە مایەی دژایەتی کردنی کرێکاری هاتوو لەلایەن کرێکاری ناوخۆوە.
• بارودۆخی گشتی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەتی بارودۆخی سیاسی، لە گێژاوی سیاسی بەرامبەرکێی نێوان حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ناوەندییەوە تا کێشمەکێشی دەسەڵاتی میلیشیایی و ناوچەیی یەکێتی و پارتی، تا گرێدانەوەی دامەزرانی کرێکاران بە تەزکیەی حزبی، نەبوونی هیچ یاساکارێك کە مافەکانی کرێکارانی دیاری کردبێت… قورساییەکی زۆری کردوە لەسەر هەلومەرجی کار و بزووتنەوە و خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار.
• حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەوە، هەوڵدەدەن لەڕێگای پەرەدان بە گیانی ناسیۆنالیستی و نەریت و ئاسۆ بۆرژواییەکان لەناو کرێکاراندا، چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاری چەواشەو دەستەمۆی سیاسەتەکانی ئەم حزبانە و مەیلە بۆرژواییەکان بکەن. بەتایبەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگای ڕێکخراوەو سەندیکاکانی سەربەخۆیانەوە دەیانەوێ ئەم سیاسەتە دژی کرێکارییانە بەرەوپێش بەرن.

وەك ئەنجامگیرییەك لەو خاڵانەی سەرەوە:
بەڕێکەوتنی خەباتێکی سەرکەوتووانەی ڕۆژانە و فراوانی چینی کرێکار لە دەوری داخوازییە دەمودەستە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی، هەروەها پێکهاتنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران و یەکگرتووکردنی ڕیزی چینایەتی کرێکاران، گرنگترین مەرج و هەنگاوەکانی پێشڕەوی ئەم بزووتنەوەیەن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەم پێناوەدا پێداگری لەسەر ئەم ئەرکانەی خوارەوە دەکات:
١/هەوڵدان بۆ ڕێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار و پشتیوانی لە داخوازییەکانی ئەم خەباتە لەپێناوی باشکردنی هەلومەرجی کار و ژیان. یەکگرتووکردنی ئەم خەباتە لەدەوری داخوازییە دەستبەجێ و سەراسەرییەکان.
٢/ هەوڵدان بۆ پێکهاتنی ڕێکخراوە جەماوەری و کرێکارییەکان، لە شورا و یەکێتی و سەندیکاوهەرجۆرە ڕێکخراوەیەکیتردا، هەروەها پشتیوانی لەهەر ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆ کە لەلایەن کرێکاران خۆیانەوە پێکدێت.
٣/ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆبوونەوەی گشتی وهەڵبژاردنی نوێنەران، کارسازترین و لە هەمانکاتدا جێکەوتەترین شێوازی خۆنواندن ویەکگرتووی کرێکاران بووە لەناڕەزایەتییەکانی ئێستادا، کۆمەك بە بەڕێخستنی بزووتنەوەی کۆبوونەوەی گشتی لەجەرگەی خەباتی ڕۆژانە و پێکهاتنی ڕێکخراوەی پشتبەستوو بە کۆبوونەوەی گشتی بەردەوام، وەکو شێوازێکی بەهێزی خەبات و دەخاڵەتی بەردەوامی جەماوەری کرێکاران و ئامڕازێکی کارا لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکاریدا.
٤/ خەبات بۆ یەکگرتووکردنی ڕیزی چینایەتی کرێکاران وبەرجەستەکردنی گیانی هاوچارەنووسی نێوان کرێکارانی ناوخۆ و کرێکارانی هاتوو، هەروەها بەهێزکردنی هاوخەباتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی عێراق وناوچەکەو جیهان، هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی و ڕێكخراوە کرێکاری و ئازادیخوازەکان، بۆ کرێکارانی کوردستان.
٤/ یەکگرتوو کردنی خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار لە دەوری پلاتفۆرمێکی سەراسەری کە گرنگترین خواستە گشتییەکانی ئێستای ئەم چینە بگرێتەبەر وەکو: زیادکردنی کرێ بەپێی گرانی، بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستی کار، مافی خانەنشینی، باشکردنی هەلومەرجی کار، دانی موچە لە کاتی خۆیدا و گێڕانەوەی موچە کەڵەکە بووە نەدراوەکان، دانی دەرماڵەی ساڵانە لەکاتی خۆیدا، دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی هەلومەرجی کار، قەدەغەی لەسەرکار دەکردنی کرێکاران بەهەر بیانوویەك بێت. کۆتاییهێنان بە سیاسەتی لێگرتنەوەی ئابووری و باجوخەراج، بیمەی بێکاری بۆ هەموو بێکارانی بانتر لە ١٦ ساڵ.
٥/ بەرگری لە گیان و کاری ڕابەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و نوێنەرانیان. وەستانەوە دژی هەر پیلان و دەستدرێژییەکی دەزگاکانی حکومەت و خاوەنکار و کۆمپانیاکان بۆسەر هەڵسووڕاوان و قسەکەران و نوێنەرانی کرێکاری، بەرگری لە کارو حورمەتی ئینسانی وکەسایەتییان.
٦/ خەبات بۆ سەپاندنی یاسای کارێکی پێشڕەوانە کە مافەکانی کرێکاران بە ستانداردێکی مودێرن دیاری بکات و باشبژێوی کرێکاران دەستەبەر بکات. بەتایبەت؛ مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتن، مافی ڕێکخراوبوون، لانی کەمی کرێ، سەعاتی کاری هەفتانە، نوێنەرایەتی کرێکاران بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنکار و دەوڵەت، بیمەی بێکاری، سەلامەتی شوێنی کار و پشوو و مۆڵەت و…
٧/ بەهێزکردن و مونسەجیم کردن و یەکگرتووکردنی مەیلی سۆسالیستی دەروونی چینی کرێکار، لە دەوری ئاسۆیەکی ڕۆشن و ئاڵایەکی سیاسی کۆمۆنیستی، وەکو پێشمەرجی کاریگەری ئەم مەیلەیە لەسەر یەکگرتووکردنی ڕیزەکانی چینی کرێکار و پێشڕەویی خەباتەکەی. هەوڵدان بۆ پێکهێنان و بەرفراوان کردنی ئەڵقە و کۆڕ و کۆمەڵی کۆمۆنیستی و پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان لەئاستی ناوەندەکانی کار و بەهێزکردنی تەحەزوبی کۆمۆنیستی.
٨/ ڕەخنەگرتن و پەردەهەڵماڵین لەسەر نەریت و مەیلە بۆرژوازییەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان لەناو کرێکاراندا، بردنەسەری هوشیاری سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران بۆ سنووربەندی لەگەڵ ئەو مەیل و ئاڕاستانەدا.
٩/ هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پێگەی چینی کرێکار لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و وگێڕانی ڕۆڵی پێشڕەوانە بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دەستەبەرکردنی هەژموونی سیاسیی ئەم چینە و ئاسۆی سۆسیالیستی بەسەر ڕەوتی خەباتی جەماوەری بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا.

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ پێداگری لەسەر ئەم ئەرکانە، ڕابەریی حزب ڕادەسپێرێ لەسەر ئەم مەیدانە وەکو مەیدانی سەرەکی هەڵسووڕانی حزب تەرکیز بکات و لەسەر بنەمای ئەم بڕیارنامەیە ئەولەویەتەکانی کاری خۆی دیاری بکات.

کۆنگرەی پێنجەمی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
دیسەمبەری ٢٠٢١

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *