کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شوراکانی خەڵک، بەدیلی دەسەڵاتی میلیشیایی ئیستایە!

پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
– دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کە لە دەسەڵاتی ناسیۆنالستی میلیشیایی یەکێتی و پارتی و هاوبەشە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی تریاندا بەرجەستە بووە، دوچاری بنبەست و قەیرانیکی هەمەلایەنەیە. ئەم دەسەڵاتە کە تا سەرمۆخ کۆنەپەرست و ستەمکار و بێدەربەستە بەرانبەر ژیان و گوزەران و ماف و ئازادییەکانی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستان، نەک هەر وەڵامی بۆ کێشە و گرفتە کەڵەکە بووەکانی ئێستا نییە، بەڵکو خۆی بارێکی قورسە بەسەر کۆمەڵگەوە و هۆکاری جۆرەها دەرد و مەینەتە بۆ جەماوەری خەڵک.
– دوای سی ساڵ دەسەڵاتدارێتی بورژوازی کورد، خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە بە نرخێکی گران و لە ئاستێکی فراواندا خۆیان لەژێر گوشاری پڕوپاگەندە و بەڵێنە فریوکارانەکانی ئەم دەسەڵاتە دەرهێناوە. پێ بەپێی ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی بەم دەسەڵاتە، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەدژی ستەمکاری و بێدەربەستی دەسەڵات، دەستی بە بزوتن و نەشونما کردوە. ئەمڕۆ نەفرەت و توڕەیی جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و بێکار و لاو و ژن لەم دەسەڵاتە بەوپەڕی خۆی گەیشتوە. بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بزوتنەوەیەکی فراوان و بەهێز و تا ڕادەیەک سەراسەرییە و جەماوەری ناڕازی لە ئاستێکی فراواندا بەو ئەنجامە گەیشتون کە گۆڕانکاری و دەستەبەر بوونی ماف و داخوازییەکانیان، بەندە بە کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتەوە.
– بەو پێیەی کە دەسەڵاتی ئێستا، دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیاییە و دامەزراوە حکومییەکان کارتۆنی و ڕواڵەتین، کۆتاییهێنانی بەندە بە ڕاماڵینی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی لە هەریەک لە زۆنەکاندا. بەڵام مەرج نییە ئەم ڕاماڵێنە بەیەک تەکان و لەیەک کات و لە ئاستی سەراسەریدا، بە ئەنجام بگات. بەڵکو بەپێی هێز و هاوسەنگی ڕەنگە سەرەتا لە زۆن و یان تەنانەت لە شار و ناوچەو شارۆچکەیەکدا ڕووبدات. لە هەر ناوچەیەکدا کە ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵدرێت، پێویستە یەکسەر ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە جێگایان دامەزرێ و توانایی بەرگری لە خۆکردنیان هەبێت. لە پرۆسەی ڕاماڵینی دەسەڵاتدا، و لە ڕێڕەوی پاککردنەوەی هەر شوێن و جێگایەکدا، هێز و هاوسەنگی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و تەنانەت دەشێت دەسەڵاتی دوو لایەنە ببێتە ئەمری واقع لە ناوچەیەکدا، یان بەشێکی بەدەست دەسەڵاتی ئێستا و بەشێکی تری بەدەست جەماوەری ڕاپەریوەوە بێت. تا لە پرۆسەیەکدا ڕاماڵین و پاککردنەوەی دەسەڵات بەدوا ئاکامی خۆی بگات.
– ڕەوتە بۆرژوازییە ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەوڵی ئەوەدان خواستی جەماوەر بۆ ئاڵوگۆڕ، لە ناو ئاسۆی تەنگی ئاڵوگۆڕێکی ڕواڵەتیدا قەتیس بکەن. بۆ ئەم چەواشەکارییە بانگەوازی خەڵک دەکەن کە ڕوو بکەنە سندوقەکانی هەڵبژاردن. بەڵام خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم ڕێگایە ئەزمونیان هەیە. ئەو ئەزمونە نیشانیداوە کە نەسەرخستنی هیچ حزبێک بۆسەر کورسی پەرلەمان و دەسەڵات و نە گۆڕینی دەموچاوەکانیش هیچ لە ڕەوشی ژیان و بێدەرەتانی خەڵک ناگۆڕێت، ئەمە ڕێگایەک نییە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانج و داخوازییەکانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. ئەم کۆمەڵگەیە پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەیە کە دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستا لە ڕیشەوە هەڵپێچێ و سیستەمێکی دیکەی دەسەڵاتدارێتی پشت بەستو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە جێگای دامەزرێنێ. بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، ئەگەر لەدەوری ئاسۆیەکی ڕون بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپاکردنی بەدیلێکی شۆڕشگێرانە تەوەرە ببەستێ، هەوێنی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیەیە.
– بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بەدوای ١٧ شوباتەوە تا دەگات بەئێستا، بەجیا لەخواستە سنفی و کاتی و ڕۆژانەیەکانی، خواستە سەرەکی و سەراسەری و بناغەیەکانی خۆی “نان، ئازادی، خزمەتگوزاری”، خستۆتە ڕوو. زامنی وەدیهێنانی ئەو خواستە سەرەکی و سەراسەری و بناغەیانەی جەماوەری کوردستان، لە گرەوی دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆڕشگێرانەی پشتبەستو بە ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری خەڵک دایە. ئەو دەسەڵاتە شۆڕشگێرانەیە ” کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شورا و ڕێکخراوە جەماوەریەکانە”. شورا بە مانای
کار و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەران، کارسازترین شێوەی ڕێکخراوبوونە چ بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ئەمڕۆی بزوتنەوەی جەماوەری لەپێناو سەپاندنی خواستەکانی جەماوەر و چ بۆ دەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە پاش کۆتایهاتنی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا.
– کۆمەڵگەی کوردستان هەم ئەزمونی بزوتنەوەی شورایی کاتی ڕاپەرینی ١٩٩١ی هەیە و هەم ئەزمونی رێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی کرێکاران و بێکاران و کارمەندان و ژنان و مامۆستایان و لاوانی هەیە، کە دەورێکی گەورەیان گێڕا لە ڕێکخستن و ڕابەریکردنی خەباتی جەماوەری. ئێستا کاتی ئەوەیە جارێکی تر ئەو ڕێکخراوانە دامەزرێنەوە هەم بۆ ڕابەری بزوتنەوەی جەماوەری ئێستاو هەم بۆ ئامادەکاری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە سبەینێی سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیەدا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێناو سەرخستنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئێستای کوردستان و بەدیهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی، خەبات دەکات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ئێستا و دامەزراندنی حکومەتی “کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شوراکانی خەڵک”.
کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شوراکانی خەڵک” لە هەلومەرجی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێستا، یان کەنار خستن و ڕاماڵینیدا، ڕاستەخۆ وەکو بەدیلی دەسەڵات خۆی ڕادەگەیەنێت و بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەدەستەوە دەگرێت و دەستبەجێ وەکو حکومەتی یاسایی بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە خواست و ئامانجەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە هەڵدەگرێت:
١/ڕاگەیاندنی خۆی وەکو دەسەڵات و بەوێنەی حکومەتی فەرمی و یاسایی لە کوردستان تا بەرپاکردن و ڕاگەیاندنی فەرمی و ئاشکرای ” کۆنگرەی دامەزرێنەری حکومەتی ئاینندە”
٢/ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی کاتی “کۆنگرەی سەراسەری شوراکان” کوردستان، بە ناوەندە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکانی جیهان. راگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسی و دەوڵەتان و خەڵکی جیهان.
٣/ دابینکردنی توانای بەرگری لە خۆکردنی شوراکانی خەڵک لەبەرامبەر پیلانی کۆنەپەرستان و پاشماوەکانی دەسەڵاتی ڕوخاو و هەموو کۆنەپەرستانی دژی خەڵک.
٤/ ڕاگەیاندنی ئازادی بێقەیدو بەندی سیاسی، ئازادیی بیروباوەر، ڕادەربڕین، چاپەمەنی، مانگرتن و خۆپیشاندان، کۆبونەوەو رێکخراوبوون، پێکهێنانی ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسی بەبێ هیچ قەیدو بەندێک. ئازادی هەڵسوڕانی حزب و هێزە سیاسییەکان بەدەر لەوەی چ بۆچون و بیروباوەڕێکیان هەیە، لە ناو شوراکانی خەڵک، بۆ خستنەڕووی بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆیان لە پێناو ڕاکێشانی ڕای خەڵک و شوراکان بۆ بەرنامەکانیان.
٥/ کۆمەک بە پێکهاتنی دەستبەجێی شوراکانی جێگای کار و ژیانی خەڵک لە سەراسەری وڵات لە ماوەی لانی زۆر شەش مانگدا.
٦/ هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامودەزگا بیروکراسی و گەندەڵەکانی ئێستا، حکومەت و پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم و .. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارە میلیشیاییە حزبیەکان. هەموو کەرەسە و دارایی و مومتەلەکاتی ئەم دەزگاو میلیشیایانە لەلایەن نوێنەرانی جەماوەرەوە تەرخان دەکرێن بۆ چەکدارکردنی گشتی جەماوەری رێکخراو لە شورا و ڕێکخراوە جەماوەریەکانی خۆیاندا. هەروەها بانگەوازی هێزە چەکدارەکانی ئێستا (پێشمەرگە و پۆلیس و …) دەکرێن کە ئازادانە بە هاوچارەنوسەکانی خۆیان‌ و هێزی چەکداری شوراکانەوە پەیوەست بن بۆ پاراستی ئازادی ‌و ئاسایشی کۆمەڵگە.
٧/ گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلەو کارساز بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو موڵک و سامانەی کە لەم چەند ساڵەدا لەلایەن ئەحزاب و سەران و دەست و پێوەندەکانیانەوە بەتاڵان براوە. ئەوانە لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتەکانی دیکە، تەرخان دەکرێن بۆ باشکردنی ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەژێر چاودێری شوراکاندا.
٨/ دەستبەجێ لەو داهاتانە هەموو کرێ و مووچە نەدراوەکانی سەرجەم کرێکاران و کارمەندان و پێشمەرگە و پۆلیس و مامۆستا و خانەنشین و کەم ئەندامان و بیمەکانی تر.. بەسەریەکەوە دابین و دابەش دەکرێن. هەروەها سەرجەم کرێ و موچەکان بەپێی ئاستی گرانی زیاد دەکرێن.
٩/ خۆڕاییکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبا و خوێندن و تەندروستی.
١٠/ دابینکردنی هەلی کار یان بیمەی بێکاری تەسەل بۆ هەموو بێکارانی ئامادە بەکار.
١١/ هەموو بانکەکان لە یەک بانکی گشتی ژێردەسەڵاتی حکومەتی کاتیدا یەکدەخرێن و داهاتی نەوت و سەرجەم داهاتەکان، هەروەها خەرج و بودجەبەندی وڵات بەشێوەیەکی شەفاف دەخرێتە بەرچاوی جەماوەر و لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی خەڵکدا دەبێت.
١٢/ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەو گرێبەستە ئابوری و سیاسیانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەت و کۆمپانیاکاندا بەستویانە و دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانن.
١٣/ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی تەواوی ئەو بەرپرسانەی بەشدارن لە تاڵانی و تاوانی کوشتن و فڕاندن و تیرۆر و هاوکاریکردنی تیرۆرستاندا.
١٤/ دین لە دەوڵەت و پەروەدە و فێرکردن جیادەکرێتەوە، هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو یاساو رێسایانەی کە سەرچاوەی دینییان هەیە یان هۆکاری جیاکارین. هەرکەس ئازادە هەر دینێکی هەبێت یان هیچ دینێکی نەبێت.
١٥/ یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو لە هەموو مافێکدا وە هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو یاساو ڕێسایانەی کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەمەدا.
١٦/ مافی هاوڵاتی بونی یەکسان بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان بەدەر لە زمان و ڕەگەز و دین و ئەتنیک.
١٧/ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان و سزای زیندانی هەتاهەتایی…
١٨/ گرتنەبەری هەنگاوی بە پەلە و پێویست بۆ دابینکردن و ڕێکخستنی گوزەرانێکی گونجاو بۆ ئاوارەکان.
١٩/ حکومەتی کۆنگرەی سەراسەری شوراکانی خەڵك لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە، پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان یان مانەوە لەگەڵ عێراق، بەشێوەیەکی سیاسی و گونجاو لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان یەکلادەکاتەوە.
٢٠/ بەرپاکردنی فەرمی و ئاشکرای یەکەمین “کۆنگرەی دامەزرێنەری حکومەتی داهاتوو” لە رێگای بەشداری نوێنەری هەڵبژێردراوی شوراکان لەسەرانسەی وڵاتدا بۆ داڕشتنی دەستور و بەرپاکردنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی خەڵکی لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵیک دوای بە دەسەڵات گەیشتنی “کۆنگرەی نوێنەری شوراکانی خەڵک”
* * *
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی هەموو جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز دەکات کە لەپێناو ئەم ئامانجانە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی ڕاستەوخۆی جەماوەری و شۆڕشگێرانە، لە پشتی ئەم ئەلتەرناتیڤە ڕابوەستن و بۆ بەرپاکردنی شوراکان دەست بەکاربن. هەروەها بانگەوازی هەموو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیست و ئازادیخواز دەکات بۆ نواندنی ڕۆڵی دەستپێشخەری و پێشڕەوانە لەم رێگایەدا.
هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە هەموو حزبە سیاسییەکان پابەندی خواست و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازی بەمەیدان هاتوو بن و خۆیان نەخەنە بەرانبەر ئەم ئیرادەیەوە. ئەمە تەنها ڕێگای دەرهێنانی کۆمەڵگەیە لە قەیران و بنبەستی ئێستا و دوور ڕاگرتنیەتی لە توندوتیژی و پێکدادانی خوێناوی. سیستەمی شورایی لەگەڵ ئەوەی تەنها شێوازی دەسەڵاتدارێتی راستەوخۆی جەماوەرە، لە هەمانکاتدا باڵاترین جۆری دیموکراسی و ئازادی سیاسی مسۆگەر دەکات. هەموو حزبە سیاسییەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە بەڕێزگرتن لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و بەشدارییەکی سیاسی لەم پرۆسە دیمکراتیک و ئازادانەیەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و پێگەی خۆیان بەدەست بهێنن.
کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
ناوەڕاستی دیسەمبەری ٢٠٢١

Check Also

کۆنگرەی شەشەمی حیزب

نامیلکەی بەڵگەنامەپەسەندکراوەکانی کۆنگرەی شەشەم/ پەیامەکان بۆ داگرتنی نامیلکەکە، تکایە کلیکی سەر بەرگەکەی بکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *