دابینکردنی دەرمان و پێداویستی نەخۆشخانەکان لەئەستۆی حکومەت و دەسەڵاتداراندایە!

لەچەند ڕۆژی رابردوودا هەواڵی نەمانی دەرمان و پێداویستیە تەندروستیەکان و داخستنی چەندین نەخۆشخانە لەپارێزگای سلێمانی، لەوانەش نەخۆشخانەی هیوا، شار، بوژانەوەی دڵ و سۆزی دەرونی.. لەدەزگاکانی راگەیاندنەوە، بڵاو کرایەوە. زەنگی خەتەرێکی گەورە، لەپاڵ دۆخی گرانی و بێکاری و دواکەوتنی موچەو کەمی خزمەتگوزاری و دەیان کێشەو گرفتی تر کە بەرۆکی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش گرتووە، لێدرا. دۆخەکە بەڕادەیەکە کە کەمبوونەوەی دەرمان و داخستنی نەخۆشخانەکان ڕاستەوخۆ هەڕەشەی مەرگ لەهەزاران نەخۆش و گیرۆدە بەکێشەی تەندروستی دەکات و بەبێ چارەسەر و دەرمان بە ئێش و ئازارەوە رەوانەی مالەوە دەکرێنەوە. بەڵام ئەم زەنگی خەتەرەو ئەم هەڕەشەیە بەتەنها ڕووی لەنەخۆش و ئەوانەی پێویستیان بەچارەسەری بەردەوام هەیە، نییە، بەڵکو نەبونی دەرمان و داخستنی هەر نەخۆشخانەیەک سەلامەتی گیانی و تەندروستی گشتی، کە مافێکی سەرەتایی هەر ئینسانێکە، دەخاتەژێر پرسیارەوە و کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بەدواوە دەبێت.
دابینکردنی دەرمان و پێداویستی خەستەخانەکان، ئەرکێکی پاساوهەڵنەگری هەر حکومەت و دەسەڵاتێکە کە بانگەشەی بەڕێوەبردنی کۆمەلگا دەکات، بەڵام ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەشانی خۆی لەدابینکردنی خزمەتگوزاریەکان خاڵیکردۆتەوە وخۆی بە بەرپرس لەئاست سەلامەتی تەندروستی هاولاتیانی ژێردەستی نازانێت و بەمەبەستی گیرفان پڕکردنی خاوەن کۆمپانیا و بازرگانەکان و بەرپرسانی حزبی وحکومەت، نەک هەر کەرتی تەندروستی بگرە سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی لەبەردەم کۆمپانیاکاندا هەراج کردوەو سپاردونی بەکەرتی تایبەت. لەم چوارچیوەیەشدا بێدەرمانکردن و داخستنی نەخۆشخانەکان لە سلێمانی سیاسەتێکی ئامانجداری دەسەلاتدارانە کە لە باشترین حاڵەتدا ئاو بەئاشی کەرتی تایبەتی و خاوەن کۆمپانیاکان و بازرگانانی دەرمان و پێداویستیە تەندروستیەکاندا دەکات، تا لەسەر حسابی سەلامەتی تەندروستی وگیانی هاوڵاتیانی توشبوو بەنەخۆشیەکان، سەرمایە و قازانج کۆبکەنەوە و سەروەت و سامانیان فراوانترو زیاتر هەڵکشێ. گەرمبوونی بازاڕی دەرمان و نەخۆشخانە ئەهلیەکان خۆی بەرئەنجامی ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیەی دەسەلاتدارانە.
ئیمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە نەمانی دەرمان و داخستنی خەستەخانەکان دەخەینە ئەستۆی حکومەت و وەزارەتی تەندروستیەوە و ئەوان بە بەرپرسیاری یەکەم و ئاخر دەزانین، هاوکات داوا لە جەماوەری پارێزگای سلێمانی و لەپێشیانەوە کرێکاران و کارمەندان و پزیشکان و هەموو ئەوانەی گیرۆدەی نەخۆشین دەکەین کە دەست بدەنە نارەزایەتی جەماوەری فراوان و بە کۆبوونەوە لەدەوری دروشمی” دابینکردنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی و پێداویستیە تەندروستیەکان بەخۆڕایی ئەرکی حکومەتە” یەخەی دەسەڵاتداران بگرن و ڕیگا نەدەن ئەم سیاسەتە چەپەڵ و دژی مرۆییەی حکومەت بەسەریاندا تێپەڕێت و بەشکستی بکێشن!

کۆمیتەی سلیمانی
حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان
٩/٤/٢٠٢٢

Check Also

یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکارە بەدژی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری!

یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکار لەپێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد، نزیك دەبێتەوە. کرێکاران …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *