دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان نیشانەی فەشەلی دەسەڵاتدارانە لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا!

چەند ڕۆژ لەمەوبەر شۆفێرانی تەکسی لەبەرامبەر گرانبوونی نرخی بەنزیندا، لەبەردەم پارێزگای سلێمانیدا دەستیان دایە خۆپیشاندانێک وڕێگای سەرەکیان بەست وڕایانگەیاند کەچیتر گرانبوونی نرخی بەنزین قەبوڵ ناکەین ودەبێ دەسەڵاتداران سنورێک بۆ ئەم یاریەی کۆمپانیاکان دابنێ وچارەیەک بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوە هێزە ئەمنیەکان بوون کە وەڵامی داوای شۆفێرانی تەکسیان بەسەرکوتی خۆپیشاندانەکەو دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان وزیندانی کردنیان دایەوە ولەئەنجامدا هەریەکە لە کۆساڵان حەمە ڕەشید، حاجی دارەوان و خەسرەو کەریمیان، دەستگیرکرد. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە دەسەڵاتداران لەفەشەلو بن بەستدان وتەنها وەڵامیان بەژیانو گوزەران وداوای خەڵکی کەم دەرامەت، دەستگیرو زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکانە، تالەم ڕێگایەوە خەڵکی کوردستان لەبیدەنگیدا ڕابگرن.

لەدۆخێکدا کە هاوڵاتیانی کوردستان گیرۆدەی دەیان گرفتی نەبونی و بیکاری و کەمی خزمەتگوزاری ونەدانی موچە وناعەدالەتیەکی ئاشکرابونەتەوە، ناچارن بۆ بەرگرتن بەفشارەکانی حکومەت وئەو دۆخە ناهەموارەی بەسەریاندا داسەپاوە، دەست بۆ ناڕەزایەتی بەرن تا لانی کەم بەرگری لەژیانی خۆیان بکەن، بەمجۆرەش خۆپیشاندانی شۆفیرانی تەکسی لەدژی گران بوونی نرخی بەنزین کردەیەکی ڕەواو بەرهەقەو هیچ پاساوێکی دەسەڵاتداران وهێزە ئەمنیەکان هەڵناگرێ. هەربۆیە دەستگیرکردن وزیندانی کردنی کۆساڵان حەمە رشید، حاجی دارەوان و خەسرەو کەریمی، کارێکی سەرکۆتگەرانەو دژی خەڵکیە.

ئێمە لەگەڵ ئەوەدا ئەم کارە بەتوندی ئیدانەو سەرکۆنەدەکەین ولەکەنار هەوڵو تێکۆشانی جەماوەری ناڕازیدا ڕادەوەستین، هاوکات داوادەکەین دەستبەجی گیراوەکان ئازاد بکرێن. بێگومان حکومەت و دەسەڵاتێك ئەگەر نەتوانێ وەڵام بە داخوازی بەرهەقی هاوڵاتیانی ژێر دەستی خۆی بداتەوە، نەک هەر مافی دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوانی نیە، بەڵکو هێندەی تر شەرعیەتی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زیاتریش لەگەڵ توڕەیی خەڵکی مەحروم بەرەوڕو دەبێتەوە. خەڵکی ناڕازی کوردستان، دەبی بەخەباتی یەکگرتوانەی خۆیان وتوندکردنەوەی فشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنیەکان ئەم جۆرە مامەڵە دژی ئازادیانەی دەسەڵاتداران ناکام بکەنەوە.. ئازادی بۆ کۆساڵان حەمە ڕەشید و حاجی دارەوان و خەسرەو کەریمی..

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٦/٢٠٢٢

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *