لەخواستی هەرزانکردنی بەنزینەوە بۆ خواستی دابینکردنی ژیان!

ریبوار عارف

زۆربەمان ئاگادارین یەک ساڵی ڕابردو بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی گرانی نرخی بەنزین و خراپبوونی کواڵێتیەکەی بووتە گرفتێکی گەورە کە بەرۆکی بە ژیان و گۆزەرانی شۆفێر تاکسیەکان گرتووە، بەتایبەتی ئەمە لەکاتێکدایە کە کێشەیەکی تری سەربار ئەوەیە کە نرخی بەنزین دەچێتە سەرەوە، نرخی هاتووچۆکردنیش بەهەمانشێوە بۆ ئەو هاولاتیەی کە گرفتاری هەژاری و بێکاری و نەبوونی مووچەن، ئەوەندی تر تەنگ بە ژیان و گوزەرانیان هەلدەچنرێت.

ئەمرۆ لەگەل بەرزبوونەوەی نرخی بەنزیندا ئیتر ئەم کێشەیە سنووری تەنیا شۆفیرەکان و ئەم بەشە لە ژیانی هاولاتیانی تیپەراندوە، ئەوەتا کاتیک کە ئیمە شاهیدی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینین دەبینین کە کار بەشوێنێک گەشتووە شۆفیرەکان بەناچار نرخی هاتوچۆ گرانتر دەکەن، وەک ئەوەی کە ئیستە لە هەندی خەتی پاسەکانی نیو شاری سلیمانیدا بەدی دەکەین، کەچۆن لە ٥٠٠ دینارەوە بوو بە ٧٥٠ دینار کە دیارە ئەمەش باجەکەی هاولاتیان و خەلکی هەژار دەیدات!

روالەتی باسەکە ئەوەیە کە گوایە لەم یەک دوو ساڵەی ڕابردودا بڕێک نرخی بەنزین چوتە سەرەوە، بەلام هەقیقەت ئەوەیە کە ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، چونکە کێشەی بەنزین لایەنی کەم لە سالی ٢٠١٩ وە بەهۆی گرانبوونی بەنزین لە ئێران و ئاودیوکردنیەوە، ئیتر چوووە قوناغێکی ترەوەو هەنگاو هەنگاو کاریگەری لەسەر  بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە کوردستانشدا داناو دواتر سال بەسال ئێمە کاریگەریەکانی ئەم بەرزبوونەوەی ئەو نرخەمان بینیەوە، کە چۆن لە ٤٠٠ دینارەوە بۆ ٤٥٠ دینار تا گەیشتە ١٠٠٠دینار و زیاتر.

دیارە کێشەی گرانبوونی بەنزین ئەگەر لە پاڵ گرانی و بێکاری و هەژاری و بێمووچەی و نەبوونی سووتەمەنی و ئاو کارەباو گەلێک خزمەتگوزاری تری ژیانی رۆژانەماندا بەراوردی بکەین ئیتر لە گرفت و نیگەرانیەکانی تری پشت ئەم حالەتە باشتر تێدەگەین!

بەلام ئەوەی کە تائیستە باسی دەکەین لەراستیدا تەنیا دیوێکی وێنەکەیە لەسایەی ئەم گەندەڵی و بە قاچاخ فرۆشتنەی نەوت و بازارگەرم کردنی بازرگان و کۆمپانیەکانیاندا، لەسەرو هەمووشیانەوە شانخالی کردنەوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆی لایەنە بەرپرسەکان لەمبارەوە ئەوەندەی تر دەرفەتی بۆ قولبوونەوەی ئەم قەیرانە دروستکراوەو کاریگەریەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانمان داناوە.

ئێمە لە دوو ساڵی ڕابردودا لەزۆربەی هەر زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا دەنگی نارەزایەتی خەلک و شۆفێرەکان و مانگرتن و گردبوونەوە جادە گرتن و خۆپیشاندانمان بینیوەتەوە کە لەهەندی شوێن و لە هەندێ کاتدا کاریگەریەکانی ئەو جولانەوانەمان بینیوەتەوەو ئەوەی کە هەموومان هەستی پیدەکەین بوونی جولانەوەیەکی خۆرسک و خۆبەخۆیە لەنێو ڕیزی شۆفێرەکاندا کە دەیانجار بەشێوازی جیاواز نارەزایەتی خۆیان دەربریووە.

ئێمە تەنیا لەشاری سلیمانی لە یەک سالی رابردودا زیاتر لە دە جار نارەزایەتی و جادە گرتن و مانگرتنی شۆفێرەکانمان لە دژی گرانکردنی بەنزین و کەمکردنەوەی دابەشکردنی لە بەنزینخانەکاندا بەدی کردوە، کە کاریگەریەکانی لە چەند مانگی رابردودا بە هاتنە سەرخەتی پاریزگارو قایمقامیەتی شارو نوینەرانی لایەنە بەرپرسەکان بەدیکردوەو لەهەندێک حالەتدا دەستکەوتی کاتی و پاشەکشەگەلێک لەلایەن لایەنە بەرپرسەکانەوە بینیووە لە چەشنی دانانەوەی بەنزینخانەکان لە دەرەوەی شارو دواتر هێنانەوەیان بۆ نێو شارو بەرێکردنی سیستەمی تاک و جووت بۆ دابەشکردنی بەنزین.

ئیستا دۆخەکە بەرەو کوێ دەچیت و شۆفێرەکان پێویستیان بەچییە بیکەن ؟

ئەوەی ئێمە لە یەک ساڵی ڕابدوردا لە ڕێگەی دەزگانی راگەیاندن و سوسیال میدیاوە گوێبیستی دەبین، بەردەوامی و فراوانبوونەوەی ئاستی نارەزایەتیەکانە لە شارەکانی دهوک و هەولێر، کەرکوک، سلیمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین و ساروشارۆچکەکانی کوردستان لەکات و رۆژی جیاوازدا. بەلام کیشەکە ئەوەیە سەرباری هەموو ئەم هەولانە، هێشتا نە نرخی بەنزین دابەزیوەو نە کواڵێتیەکەی چارەسەرکراوەو نە هیچ ریگەچارەو بەرپرسیارێتیەکیش بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیان و گۆزەرانی ئەو هەزاران شۆفێرە دۆزراوەتەوە.

پرسیار ئەوەیە کە ئایا کێ دەبێت چارەسەری کێشەی ئەم شۆفێرانە بکات و چۆن نرخی بەنزین هەزار دەکریت؟!

خۆشخەیالی و رەنج بەخەساردانە گەر پێمانوابێت دوای ئەم هەموو چاوەروانی و بەڵێنە درۆینانە لایەنە پەیوەندارەکان و حکومەت و کۆمپانیەکانیان بەنیازی چارەسەرکردنی هیچ کام لەم کێشانەن، راستیەکەی ئەوەیە کە ئەوان خۆیان خولقێنەری ئەم بارودۆخەن و هەر خۆشیان بەهەر شێوەیەک کە بیانەوێت یاری بەژیان و چارەنوسمان دەکەن. راستیەکەی ئەوەیە تەنیا ڕێگە هەر ئەوەیە کە شۆفێرەکان خۆیان لە هەوڵی یەکگرتوویی و خۆڕێکخستن و دروستکردنی دەستەو کۆمەڵەکانی خۆیاندا بن. هەروەکو چۆن لە چەند مانگی رابردودا لە سلیمانی ئەو دەستەی شۆفێرەکان دروست بوو کە چەندین گردبوونەوە خۆپیشاندان و مانگرتن و جادەگرتنیان بەرپاکردو دواجار توانییان لایەنە بەرپرسەکان بهێننە سەر خەت و هەندێک بەڵێن بەسەریاندا بسەپینن.

دەبێت ئەوەش بڵێین کە لە پال هەموو هەوڵو تەقەلاکانی ئەم دەستەیەدا، هێشتا گەلێک هەنگاوی جدی ماوە کە ئەم دەستەیە درێژەی پێبدەن و ببنە هەوێنی ئومێدێک بۆ هەموو شۆفێری تاکسیەکانی نێو شارو دەوربەری شارو بگرە سەراسەری کوردستا، چونکە کێشەی شۆفێرانی تاکس تەنها کێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین نیە، بەڵکو کێشەی دابینبوونی ژیانە. ئەوانیش وەکو بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بەدەست هەژاری و نەبونیەوە دەناڵێنن. بۆیە ناڕەزایەتی شۆفێرانی تاکسی دەبێت لە خواستی هەرزانکردنی بەنزین زیاتر بەولاوە بروات و خوستی دابینبوونی ژیان و گوزەران ببێتە سەرلەوحەی خەبات و نارەزایەتیەکانیان. لەوبارەوە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێگای تایبەتی پەیدا دەکەن لەخەباتی شۆفێرانی تاکسیدا:

یەکەم دەکرێت وەک چۆن لە ئێستەدا ئەو دەستەیە دروست بووە، هەوڵ بدرێت لەهەموو گەرەک و ناوچەیەکدا بەهەمان شێوە کۆمەل کۆمەل شۆفێرەکان لەدەوری یەک کۆبکەنەوە دەستەی شوفێری تەکسیەکانیان لێدروست بکەن، بۆ بەدواچوون و تاوتوێکردن و راوێژکردنیان لەسەر هەنگاو بەهەنگاوی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی کارەکانیان.

دووهەم شۆفێرەکان دەتوانن لەهەموو رێگەو رەوشێک سوودمەندبن بۆ بەهێزکردنی جولانەوەکەی خۆیان و فراوانکردنەوەی بازنەی نارەزایەتیەکانیان. لە چەشنی دیداری کۆرۆکۆمەل و ڕێکخراوە کرێکاریەکان، لە چەشنی دیدارو کۆبوونەوە لەگەل نوێنەرانی شارەوانی و قایمقامیەت و پاریزگاری شار ، لە چەشنی دروستکردنی تۆری زانیاری و بەدواچوون لەسەر هەر رووداو کێشەکی نیو شۆفیرەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان.

دەکرێت ئەوەش بڵێن ئەگەر بێتو هەوڵ و تەقەلایەکی لێبراوانە هەبێت بۆ دروستکردنی ئەم دەستەوتۆرانە، ئەوکاتە دەکرێت لە ڕێگەی کۆبوونەوە دیاریکردنی نوێنەرانی ئەم دەستانەوە کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام بدرێت و نەخشەو پیلانی هەنگاو بەهەنگاوی چۆنیەتی بەرەوپیش چوونی کارەکان و ئامادەکردنی ماتریالی ڕیکخرابوونیان تاوتوێ بکەن و بەم شێوەیە خۆیان بەهێزبکەن، لە ئاستێکدا بتوانن وەلام بەو کێشانە بدەنەوە کە ئەمرۆ بەرۆکی بە ژیانی شۆفێران گرتووە.

خالێکی تری گرنگی ئەم دەستانە خۆگریدانەوە و پەیوەندیەکی تووندوتۆلە بە دەستەی نارەزایەتیەکان و ئەو ڕێکخراوانەی کە هەرئێستە لەهەولی یەکخستن و یەکگرتنی چین و توێژەکانی تری کۆمەلگادان بە مەبەستی سەروساماندان بە نارەزایەتیەکانیان و فراوانکردنەوەی بازنەی تیکۆشانیان!

کارێکی تری یەکجار گرنگ سەراسەری کردنەوەی جولانەوەکەیان و پەیوەستدانەوەی هەموو تۆرو دەستەکانە لە نێوان هەموو شارو شارۆچکەکاندا. کە لە راستیدا بەم کارە نەک تەنیا دەتوانن خۆیان یەکجار زیاتر بەهێزبکەن بەڵکو بەکردەوە دەتوانن کاریگەریەکی یەکجار زۆریان لەسەر هێنانە مەیدانی دەنگی ناڕازی ئەو خەڵکە لە نێو شارو شارۆچکەکانیشدا هەبێت.

بە کورتی ئەزموونەکانی تائێستە پێماندەلێن تەنیا ڕێگەیەک کە لەبەردەم شۆفێرەکاندا وەک بەشێک لەخەلکی کرێکارو زەحمەتکیشدا هەیە، ئەوەیە کەچۆن و لە چ ریگەیەکەوە دەکریت ئیمە بەماف و دواکاریەکانی خۆمان بگەین، کە بیگومان ریکخراوبوون و یەکگرتوویمان تەنیا ریگەی چارەنووسازە بۆ دەربازبوون لەهەموو ئەم  نەهامەتی و برسیەتی و نەداری و کەلەکە بوونی گیروگرفتی ژیانی رۆژانەمانە.

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *