سەبارەت بەکشانەوەی کوتلەی سەدر لەپەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف

ئۆکتۆبەر: ئەوە لەهیچ کەس شاراوە نیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق لە بنبەستێکی قوڵدا گیری خواردوە. پرسی پێکهاتنی حکومەت بووەتە گرێکوێرەیەك کە نە بە هێزە سیاسیە ناوخۆییەکان و نە بە دەوڵەتانی جیهانی و ناوچەیی کاریگەر لەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق ناکرێتەوە! بێگومان ئەو هەلومەرجە هێزە ناوخۆییەکانی تووشی سەرلێشواوی و داخرانی ئاسۆی سیاسی کردوە. لەناو ئەم فەزایەدا موقتەدا سەدر، کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی ئەندام پەرلەمانە، ئەندام پەرلەمانەکانی کشاندەوە و پەرلەمانی بەجێهێشت. بەبڕوای ئێوە ، یەکەم: هۆکاری ئەم بڕیارەی موقتەدا سەدر چیە؟ وە دووەم: چ کاریگەریەکی لەسەر لێڵکردنی ئاسۆی سیاسی عێراق و مەسەلەی قەیرانی حکومەت دەبێت؟

عوسمانی حاجی مارف:هەر لە کاتی خۆێدا چۆنیەتی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەی پێنیشانداین کە ئەو هەڵبژاردنە نەک نەیتوانی وەڵام بە قەیرانی سیاسی عێراق و قەیرانی دەسەڵات بداتەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە بەرەو قوڵبوونەی زیاتر ڕۆیشت. ئەگەر چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراقدا بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بە ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشا قەومی و ئیسلامی و تائفیەکان پێناسەی بۆکرابێت، بەدوای پاشەکشەو شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەو عێراقدا بەدیهات، ئەو جۆرە لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسی بە بنبەست گەیشتووە. لەلایەک بەدەوری نالەباری هەلومەرجی ئابوری و سیاسی و لەلایەکی تریشەوە ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لە بەغداو شارەکانی خوارووی عێراقدا ئەو پرۆسەیە بوو، کە کاروباری ئەو جۆرە لە حکومەتی تووشی ئیفلیچ بوون کرد.

بەهەر هەوڵ و شێوازو ئاستێک بێت، هێزە میلیشیاکان توانیان پڕۆسەی هەڵبژاردن تێپەرێنن، بەڵام کێشە بێچارەکەیان لە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت زیاتر دەرگیری بنبەست و قەیرانی کردن. دوو ئاراستە ڕەنگی داوەتەوە لە نێوان ئەو هێزە میلیشیایانەی دەیانەوێت بەهەر قیمەتێک بێت خاوەن هێزی یەکەم بن لە پێکهێنانی حکومەتدا و بەجۆرێک خۆیان لەگەل ئاڵوگۆرەکاندا بگونجێنن. دەستەیەکیان، کە صدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەو ئاراستەو نەخشەیە پەیڕەوی بکەن، کە پێکهێنانی حکومەت لە ڕێگەی ئەو هێزەوە بێت، کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، کە بەجۆرێک ئەمریکاش لایەنگری لەم ئاراستەیە دەکات. دەستەی دووەم ئەو هێزە میلیشیا شیعانەن، کە بۆ خۆیان خاوەنی نفوزیكی چەکدارین و پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێرانن و دەیانەوێت لەسەر هەمان شێوازی پێشوو حکومەت لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی هێزەکان پێکبهێننەوە.

لەم نێوەدا موقتەدا صەدر کەوتۆتە دوریانێکی تەسکو بنبەستەوە. لەلایەک ناتوانێ بە شێوازی زۆرینەی کورسیەکان حکومەت پێکبهێنێت، لەلایەکی تریشەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ تەواوی هێزەکانی تردا دەوری لە حکومەتدا مانایەکی نامێنێت. بۆیە ناچارە لەگەڵ ئاڵۆزی هەلومەرجەکەو قەیرانەکاندا رێگای کشانەوەی گرتۆتەبەر، بەڵکو لە هەر ئاڵوگۆریکی تردا گەر فرسەتی گونجاوی بۆ هاتەپێش گەمەی سیاسی تر بە هێزەکەی بکات. هەرکات ئەو هێزانەی تر بە هەر شێوازێک حکومەتێک ڕابگەیەنینن، موقتەدا صەدر دۆخەکە بەرێگای ‌هێنانەسەرشەقامی هێزەکەی دۆخەکە زیاتر دەشێوێنێت و رێگا نادات حکومەت پێکبهێنن. بەمشێوەیە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە سایەی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانەدا نادیارتر دەمێنێتەوە.

ئۆکتۆبەر: بەپێی ڕاگەیاندنێك کە لەمیدیا عەرەبیەکانەوە بڵاوکرایەوە، ئێران هەڕەشەی لە موقتەدا سەدر کردوەو کە ئاگریان بەسەردا دەبارێنن، ئەگەرچی دواتر هەواڵەکە ڕەتکرایەوە. ئەمە لەکاتێکدایە موقتەدا سەدرو هەموو ئەندام پەرلەمانە دەست لەکارکێشراوەکانی بەناوی عومرەوە سەردانی سعودیە دەکەن و چاویان بە گەورە بەرپرسانی سعودیە دەکەوێت، کە سەرکردایەتی بەرەی دژی ئێران دەکات لە ناوچەکەدا. لەلایەکی دیکەوە موقتەدا بە مەسعود بارزانی وتوە چاوەڕێی سەپرایز بکەن! وەکو ئاماژەیەك بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکەیان. ئێوە پێتانوانیە کە ئێران هێشتا وەسائیلی گرنگی بەدەستەوە ماوە بۆ بە شکستکێشانی پرۆژەکەی ئەمریکا-سعودیە و هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەردو حەلبوسی و بارزانی!؟ ئەگەری کێشکردنی عێراق بۆناو شەڕی ناوخۆ زیاد ناکات!؟

عوسمانی حاجی مارف: راستی و نادروستی ئەم راگەیاندنە هەرجۆرێک بێت، هەڵبەتە لەو هەقیقەتە ناگۆرێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات درێخی نەکردووەو درێخیش ناکات بۆ دەخالەتی لە کاروباری سیاسی عێراق و هەرەشەو سەوداو مامەڵەی لە بەرامبەر تەواوی هێزە میلیشیاییەکاندا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەو ئاراستەیەی کە صدریەکان دەیانەوێت بە ناوی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان دەوریان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا هەبێت، هەمان ئاراستەو نەخشەیەکە کە ئەمریکا پەسەندی دەکات، پێچەوانەی ئاراستەی ئەو هێزانەیە کە پاشکۆی نەخشەو سیاسەتەکانی ئێرانن، بۆیە هیچ دوورنیە بەهەر جۆرێک بێت کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە کێشمەکێشی لەبەرامبەر ئەمریکادا، هەرەشەیەکی لەو چەشنە بکات. ئەوەی لەم نێوەدا ئاشکرایەو جێگای سەرنجی جدیە بەگشتی هەلومەرجی ناجێگیری سیاسی عێراق و قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانی حکومەتە، کە ئاراستەکانی هەریەک لە هێزە چەتە میلیشیاییەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا رۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە خولقاندنی ئەو دۆخە نالەبارو گێژاوە سیاسی و قەیراناویەدا. بۆیە هەمیشە ئایندەی عێراق لەسایەی بوونی ئەو هێزانەدا لەسەر لێواری رودانی جۆرەها سیناریۆیە کە قوربانیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەبن. سەپرایزێک کە موقتەدا صەدر مەبەستیەتی ئامادەکردن و هێنانە مەیدانی نفوزو هێزەکەیەتی بۆ سەر شەقامی شارەکان، کە بەم شێوەیە هەوڵئەدات نارەزایەتیە جەماوەریەکانیش بەلارێدا بەرێت و بۆ بەرژەوەندیە سیاسەکانی صەدریەکان بەکاری بهێنێت.

ئۆکتۆبەر: بێگومان تێكچوون و لێڵی بارودۆخی سیاسی عێراق و قەیرانی حکومەتی عێراق کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان کە خۆشی تووشی شڵەژان و سەرلێشیواوی بوەو هێزە سەرەکیەکانی بۆرژوازی کوردو بەتایبەتی دوو هێزی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت، یەکێتی و پارتی، لە کەمترین ئینسجامی سیاسی بەهرەمەندن و تووشی قەیرانێکی حکومەتی قووڵ هاتوون. بەڕای ئێوە تا چ ڕادەیەك ئەم هەڵوێستەی سەدر کاریگەری لەسەر تێكدانی زیاتری بارودۆخی ناوخۆی سیاسی کوردستان و پەیوەندی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت و پەرلەمان ، دەبێت، بەتایبەتی کە لەنێوان پارتی و جەماعەتی سەدردا هاوپەیمانیەکی سیاسی لەئارادایە؟

عوسمانی حاجی مارف: ئەو ئاراستە جیاوازانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە ئارادایەو هیچ لایەنێک لە هێزە میلێشاکانی عێراق لە ئێستادا ناتوانن لەبەردەم ئەو قەیرانانەدا بحەسێنەوەو دۆخەکە یەکلایی کەنەوە. هەروەک ئاماژەمان پێدا، هەلومەرجی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر دەکات و ئاسۆی سەقامگیریمان نیشان نادات. بۆیە لە کاتێکدا یەکلاییکردنەوەی کێشەو قەیرانەکانی عێراق دیار نەبێت، هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش بێبەری نابێت لە بەرکەوتن و بەخشینەوەی زیاتر قوڵبوونەوەی قەیرانەکاندا. لەو نێوەدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا لەوەی لەناو تێکەڵاوی ئەو بارودۆخە نالەبەرەدان کە ناوچەکەو عێراق دەرگیریەتی، لە هەمانکاتدا نەک ناتوانن دەوری یەکلایی کەرەوە ببین، بەلکو پریشکی قەیرانەکانی عێراقیشیان بەردەکەوێت.

پارتی بەپێی پێگەو هاوسەنگی هێزەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە پشکی زیاتر لە حکومەتی عێراق بەدەست بهێنێت. ئامادەیە هەر هێزێك بە هەر ئاراستەیەک پێشوازی لێبکات لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا رێکەوتنی لەگەڵدا بکات. جا ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ صەدریەکان ئەنجامیدا و بە ئەنجام نەگەیشت، ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکات و خۆی مەڵاسداوە بۆ رێکەوتێکی تر. بەڵام ئایا قەیرانی حکومەت و یەکلایینەبوونەوەی کێشەکان ئەو فرسەتە بۆ پارتی دێنێتە پێشەوە!؟ بە بۆچونی من هەلومەرجی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو لایەنێکەوە عێراق و کوردستانی لەسەر گێژاو و چارەنوسێکی نادیاری وەها راگرتووە، کە کەمترین فرسەتی هێشتۆتەوە بۆ گەمەی سیاسی پارتی تا بتوانێت لە حکومەتی عێراقدا جێگاورێگایەکی باڵاتر لە جاران بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە، کە بەهۆی دابەزینی ئاستی پێکەی یەکێتی نیشتمانی و کێشە ناوخۆییەکانیەوە، بەشی لە پریشکی قەیرانەکاندا زیاتر دەبێت. ئەمەش بە ئاشکرا دەبینرێت، کە یەکێتی ناتوانێ کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەوری بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان نەخشەیەکی رۆشن بدات بەدەسەتەوە. هەر بەم مانایەش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ساتە وەختێکی ناهەموارو سەختدایە، کە بتوانرێت بە ئاسانی تێپەرێنرێت.

ئۆکتۆبەر: لەئەگەری تێكچوونی زیاتری بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی عێراق و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان، دەبێ خەڵكی کوردستان چی بکەن بۆئەوەی نەکەونە ناو گێژاوی کێشمەکێش و بێ ئاسۆیی ئەو هێزە سیاسیانەی عێراق و کوردستانەوەو چارەنوسێکی دیکە بۆخۆیان نەخشەبکێشن!؟

عوسمانی حاجی مارف:لەو کاتەوە، کە خەڵکی عێراق و کوردستان تورەیی و بێزاری و نارەزایەتیان بەرانبەر بە حکومەتەکانیان دەربریوەو دروشمی خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتەیان بەرزکردۆتەوە، تەنها یەک ڕێگایان لەبەردەمدایە بۆ کۆتاییهێنان بە تەواوی ئەم پرۆسە سیاسیە نەگونجاو و نەشیاوەی چەندین ساڵە خەڵکی عێراق و کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت. ئەویش خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەرییە بەئامادەییەوە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی نوێنەرانی خەڵك. لە هەمانکاتدا هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و عێراق بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک، کە لە سەر بنەمای هاوڵاتی بوون پێناسە بکرێت. حزبی ئێمە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە، کە ڕۆڵی سەرەکی ببینێت بۆ ڕابەریکردنی هێنانەمەیدان و ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری ناڕازی لە شوراکاندا.

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *