جیهانی ئەوان و خەونەکانی ئێمە!

بە بەهانەی قسەکانی بارزانی کوڕ

ئیبراهیم حوسێن:

مەسرور بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاراندا گلەیی لە خەڵکی کوردستان کرد کە بێخود ناڕەحەت و بێزارن لە هەلومەجی ژیانیان، چونکە کوردستان پڕی ئۆتۆمبێلەو ئەگەر خەڵك هەژارن ئەو هەموو ئوتۆمبێلە چیە لە کوردستاندا هەیە!؟

هەرچەندە ئەو قسانەی بارزانی دەمێکیان بەسەردا تێپەڕیوە و یەکەمجار و دوا جاریش نابێ کە لەو جۆرە قسەودەربڕینانە ببیستین، بەڵام بەپێویستم زانی بگەڕێمەوە سەری، چونکە ئەم دەربڕین و ڕاگەیاندنانە ڕەگیان لە دەعوایەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی قوڵدایە کە هەر ئەمڕۆ لە نێوان کەمپی بارزانی و بۆرژوازی و کەمپی کرێکاران و بێبەشاندا، لەسەر مانای ژیان، جۆری کۆمەڵگە و لەسەر ئازادی و نان و ئاو، لەسەر تەندروستی و ماف و ئیختیاراتی مرۆڤ لە ژیاندا لە ئارادایە.

لەو دەعوا و کێشمەکێشەدا بارزانی کوڕ بەو دەربڕین و ڕاگەیاندنە خەریکە پێمان دەڵێ تێگەیشتن و چاوەڕوانی ئەو حاکمیەتە چینایەتیە لە ژیانی خەڵک و هاوڵاتیان چیە. پێمان دەڵێ کە تێگەیشتنی لە ماف و بەشی مرۆڤی کوردستانی ئەمڕۆ لە ژیاندا چیە. پێمان دەڵێ ئەگەر مرۆڤ لە کوردستانی ئەمڕۆدا سەیارە و بەفرگر و تەلەفیزیۆن و مۆبایلی زیرەک و فێنککەرەوەیان هەیە و ناچار نین کە گوێدرێژ و هێستر و عەرەبانە و داشقە بۆ هاتۆچۆ و کوندە و جەوەندە بکار بهێنن، دەبێ سوپاسگوزار و ڕازی بن و ئەوەندە دەنگیان دەرنەیەت و بەو قەدەرە ڕازی بن کە بۆرژوازی کوردو دەسەڵاتەکەی بەوانی بەخشیوە! ئیتر قەیدی چیە با خانەنشینان لەسەرەی وەرگرتنی چەند سەد دینارێکدا کە ناوی مووچەی خانەنیشنی لێنراوە، بمرن! قەیدی چیە با لێشاوی گەنج و نەوەی ئەمڕۆی کوردستان بێئایندە و بێئومێد بکرێن لە هەر جۆرە ژیانێکی گەنجانەو هەڵسورانێکی داهێنەرانە. مادام کە بازاڕی نەوت و سامانی ئەوان دەچەرخێ و کاری هەرزانی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان مەڵۆ مەڵۆ سامانی ئەوان گەورەتر دەکات، بەوان چی ئەگەر نیوەزیاتری کۆمەڵگەیەکی پێنج میلیۆنی کرێچی بێت! بەوان چی ئەگەر کارەبا و ئاو کێشەی هەموو ڕۆژەی ئەو خەڵکە بێت و تەنانەت بکرێتە بابەتی سەودای سیاسی دۆستانی چینایەتیان بۆ کڕینی دڵ و وەلای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. بەوان چی با ئیسلامی سیاسی سواری سەری ئەو خەڵکە بێت و هەر ژەهراوێک دەیڕێژێ با بێڕێژێ. ئەگەر ئەوان ئازاد و دەستئاواڵا بن لە سەپاندنی هەر کۆنەپەرەستیەک، لە بەبارمتەکرتنی ژیان و موقەدەراتی کرێکار و زەحمەتکێش، ئیتر بۆچی دەبێ خەڵک گازندەی نەبوونی ئازادی و ژیانێکی ئازاد بکات؟ بۆچی دەبێ داوای یاسای کارێکی پێشڕەو و دەستورێک بکەن کە ئازادی دەربڕین و ڕێکخراو بوون و مانگرتن و دەخالەتی سیاسی هاوڵاتیان دابین بکات، هەر ئەوەندەی دەسەڵاتی چینایەتی سەری ڕەش و قەڵاچولان سەلامەت بن ، بەوان چی با قوتابخانە و خوێندنگا و زانکۆ و پەروەردە ببێ بە وێرانە. بەوان چی با ژمارەی مزگەوت و تەکیە و بنکەکانی وێرانکردنی هۆش و هزری ئینسانی لەلایەن تۆڕی هەزار سەرەی ئیسلامی سیاسی وەک قارچک هەڵتۆقن. بەوان چی با خەستەخانە و خزمەگوزاری تەندروستی کاول ببن، با کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و ئەندازیار هەر مانگەو جارێک بۆ قوتی ژیانیان بۆ مافی کارێک کە دەیکەن بێنە سەرجادە و هاواربکەن.

ئەمە نوسخەی کۆمەڵگەیەکە کە بارزانی و بۆرژوازی کوردایەتی و ئیسلامی دایانمەزراندوە و ڕۆژ تا ئێوارە بەقەدوباڵایدا هەڵدەڵێن و بە هێزی چەک و زیندان و میلیشیا لەبەرامبەر کرێکار و زەحمەتکێش و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی چەپ و کۆمۆنیستی بەرگری لێدەکەن. لەسەری خەڵک دەکوژن و دەدەنە بەرشەق و هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایەتیە چینایەتیە زیندان و شکەنجە دەکەن. بەوپێیە مەسەلەکە تەنیا هەندێک داواکاری نیە، بەڵکو مەسەلەکە خودی ئەو شێوەژیانە نەشیاوو مەینتەبارەیە کە ئەم بۆرژوازیە سەپاندویەتی. ئەم شێوە ژیانەیە کە ئەم چینی کرێکار و مرۆڤایەتیە چەند میلیۆنیە قبوڵی نیە و نایەوێ، چونکە کوردستان ئیماراتی بابان و سۆران نیە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی شاری و سەردەمیە، کە پێویستی بە هەموو پێداویستیەکانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ و سەردەم هەیە. ئۆتۆمبێل و کارەبا و ئەنتەرنێت بووە بەبەشێک لە پێداویستی ژیان بەجۆرێک کە ئەگەر ئەوانە لەکار بوەستن، پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان لەکاردەوەستێ. کۆمەڵگەیەکی پێنج شەش میلیۆنی کە بە توندی بە دنیاوە بەستراوەتەوە و هەرئێستا بەشێکی هاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵەگەیە خاوەنی چەند ڕەگەزنامەن و زیاتر لە پاسەپۆرتێکیان هەیە. ئیتر چاوەڕوانی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە لە ژیانی خۆیان و لە ماف و ئازادییان چاوەڕوانی هاوڵاتیەکی دنیای ئەمڕۆیە و هیچ هۆکارێک نیە کە هاوڵاتی ئەم کۆمەڵگەیە ژیانێکی نزمتر و کەمتر لە هاوڵاتی ئیتاڵی و فەڕەنسی و سویدی قبوڵ بکات. نەك هەر ئەوە، بەڵکو چاوەڕوانی ژیانێکی یەکسان و شکۆمەندو ئازاد نەکات کە هەر ئێستا خەڵکی ئەو ووڵاتانە بەڕێگای جۆرواجۆر بۆی تێدەکۆشن!؟

بەوپێیه مەسەلەکە هەر بەتەنیا ئەوەش نیە کە هاوڵاتی ئەمڕۆی کوردستان ئۆتۆمبێل و ئەنتەرنێتیان هەیە و لە گۆگل بە دوای زانیاردا دەگەڕێن و یان ئەوەی کە دەیانەوێ خۆشبەختتر بن و بەشی خۆیان لە ژیان و لە سەروەت و ئیمکاناتی پێویست بۆ خۆشبەختی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەزانن، بەڵکو مەسەلەکە دەسەڵاتی چینایەتی ئێوەیە کە ئەو نیاز و ویست و توانستەی کە بۆ ژیانێکی خۆشبەخت هەیە قفڵ کردوە و لێناگەڕێ کە ئەم مرۆڤایەتیە دەستی بە پێشڕەویەکی زیاتری ماددی و مەعنەوی ڕابگا. کێشە دەسەڵاتی چینایەتیە کە وایکردوە سەرچاوە مادییەکان و بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتی لەجیاتی ئەوەی بخرێتە خزمەتی خۆشبەختی و ژیانێکی پڕ بەرهەمی ماددی و مەعنەوی بۆ هەموان، بخرێتە خزمەتی لەسەر پێڕاگرتنی ئەم حاکمیەتەچینایەتیە. لە زیندان و سەرکوت و خورافە و میدیای دووڕوو و درۆزن خەرج بکرێ. باقیەکەشی لە شێوەی میلیاردەها دۆلار سەرمایە بچێتە حیساباتی بانقی و بڕژێتە پڕۆژەسود خوازیەکانی ئێوەوە. بۆیە مەسەلەکە ئەوەنیە کە خەڵکی کرێکار و بێبەش و کارکردوانی کۆمەڵگە بەهەر بەهایەک بووە، بەهۆی گەشەی تەکنیک و تەکنۆلۆژیا و لەڕێگەی کار و زەحمەتی خۆیان و خەباتێکی چینایەتی بێوەستان، دەستیان بە ئاستێکی دیاریکراوی گوزەران ڕاگەیشتوە لە هەمان کۆیلایەتی چینایەتی ئێستادا، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم دنیا چینایەتیە نەبوایە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد هەبوایە، ئەم مرۆڤایەتیە تینوی ژیانە دەیتوانی موعجیزە بخوڵقێنێ. دەیتوانی شوێنی کار و ژیانی خۆی بگۆڕێ بە فەزایەک بۆ ژیانێکی داهێنەرانە و شاد. دەیتوانی هەر بەو ئیمکاناتە تەکنیکی و زانستیەی ئەمڕۆ شەبەکە و ڕایەڵی مێتڕۆکان ڕێک بخا. دەیتوانی دکتۆر و دەرمان و خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی و خوێندن و پەروەردەی لایق و مۆدێرن ڕێک بخا. لە هەمووی گرنگتر دەیتوانی کار و هەڵسوڕانی مرۆڤ لە تەوقی کۆیلایەتی کاری کرێگرتە ئازاد بکا بەجۆرێک کە مرۆڤ لەپێناو مانەوەیدا ناچارنەبێ هێز و وزە و توانست و کاتی خۆی بفرۆشێ. دەیتوانی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی مرۆڤی ئازاد دابمەزرێنێ کە تیایدا هەر کەس بە ئەندازەی توانای لە کاری کۆمەڵایەتیدا بەشداربێ و بە ئەندازەی نیازی لە بەروبومی کاری جەمعی هەڵبگرێ.

هۆکاری هاتنەسەرکار و مانەوەی ئەم حاکمیەتە چینایەتیە، سیاسیە. بە دەربڕینێکی تر ئەگەر سەرکوت نەبێ و لەدەوری ئەم زۆنە زەرد وسەوزە حەساری ترس و زیندان نەکێشرابێ بەجۆرێک کە مافی دەرکەوتنی سیاسی جیددی وەک تاوان نەناسرابێ، چەپی کرێکاری وکۆمۆنیست ئیمکانی هەڵسوڕانی جیددی و کۆمەڵایەتی هەبێ، کرێکار و جەماوەری ئازادیخواز توانا و ئیمکانی ئەوەیان هەبێ کە لەڕێکخراو و شورا و جوڵانەوەی شوراییدا ئیددیعانامەی خۆیان لە مەیدانی سیاسیدا و لە ئاستێکی فراواندا بخەنە بەردەمی کۆمەڵگە، ئەم کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە توانای لەسەرپێ ڕاوەستان و مانەوەی نەدەبوو. بەوپێیە ڕۆیشتن و پێچانەوەی ئەم حاکمیەتەش سیاسیە و دەبێ بەشێوەی سیاسی و لە هەڵسانێکی سیاسی و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەدا چارەنوسی یەکلابکرێتەوە و لە کۆڵ بکرێتەوە.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *