قەیرانی پێکهاتنی حکومەتی عیراق!

موحسن کەریم:

ماوەی زیاتر لە ٨ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواوبووە، بەڵام تائێستا حکومەتی نوێ پێكنەهاتوە. بڕیاربوو هەڵبژاردن کێشەی قەیرانی حکومەتی چارەسەربکات، بەڵام ئەوەندەی دیکە قەیرانەکەی قوڵکردەوەو لە بنبەستێکی کوشندەدا ڕایگرتووە. ئەو هێزو لایەنانەی کە بەشداری هەڵبژاردنیان کردو بڕیاربوو حکومەتی نوێ پێك بهێنن لەناو زەلکاوی ململانێکانی خۆیاندا گیریان خواردوە کە سەرەنجام بەکشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان و لەوەی پێیدەوترێ پرۆسەی سیاسی کۆتایی هات! ئەم هەنگاوەی ڕەوتی سەدریش نیشانەی قوڵبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانی سیاسی و حکومەتیە لە عێراقدا.

لەو ڕۆژەوە کە بەدوای روخاندنی رژێمی بەعس، دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ئەمریکاوە ڕادەستی ئەم حزب و هێزە میلیشیا جۆراوجۆرانە کرا، پرسی حکومەت و دەسەڵات بەپێی بنەمای بەشبەشێنەی نەتەوەیی- تائیفی یەکلایی کراوەتەوە. یاریزانی سەرەکی لەونێوەدا رژێمی ئیسلامی ئێران بوو، لەبەرئەوەی زۆربەی هێز و میلیشیا شێعەکانی عێراق لە دامێنی ئەو رژێمەدا لەدایك بووبوون. ئەمریکاش کە بێجگە لە حزبە چەکدارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، هێزێکی کاریگەری دیکەی لەگەڵ نەبوو، ناچاربوو ئەو دۆخە قبوڵ بکات. بەڵام ئەم هەلومەرجە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. دەسەڵاتی میلیشیا شێعەکان و تاڵان و بڕۆیەك کە ئەنجامیان داوە لەو ماوەیەدا، لەپاڵ بێمافی و هەژاری و بێخزمەتگوزاری و نەمانی ئاسایش سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێگەی جەماوەری ئەو هێزانەی لەناو خودی ئەو جەماوەرە زەحمەتکێشەدا لەقکرد کە لەسەر ئیسلامی شێعە هەژماردەکرێن! خرۆشانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وەرچەرخانێکی گەورە بوو بەم ئاراستەیەدا.

ڕەوتی سەدر، کە سەرەتا لەرێگای دژایەتی ئەمریکاوە و بەپشتیوانی ئێران، توانی نفوزێکی بەرچاو لەناو خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش و توڕە لە داگیرکاری ئەمریکا پەیدابکات، لەپاڵ ئەوەی کە قاچێکی خستەناو دەسەلاتەوەو لەناو پەرلەمان و حکومەتدا پێگەیەکی بۆخۆی دەستەبەرکرد، هاوکات بەناوی دژایەتی گەندەڵی و ئەو بێمافیانەی کە دەسەلات بەسەر خەڵکدا سەپاندبووی، وەکو هێزێکی پۆپۆلیست، قاچێکی لەناو ناڕەزایەتی خەڵکیشدا هێشتبوەوە. ڕەوتی سەدر لەپرۆسەیەکدا بەرەبەرە لە ئێران دوور دەکەوتەوەو دەیویست خۆی وەکو نوێنەری ئەو مەیلە نیشان بدات کە لەناو خەڵکی عێراقدا دژ بە دەستێوەردانی ئێران و نۆکەری هێزە میلیشیاکانی دیکە بۆ ئێران پەرەی سەندبوو، وە لە خرۆشانەکانی ٢٠١٩دا بە ئاشکرا دروشمی “ئێران بۆدەرەوە” یەکێك بوو لە دروشمە سەرەکیەکانی خۆپیشاندەران. ئەم دوورکەوتنەوەی ڕەوتی سەدر لە ئێران و دوبارە گەشانەوەی مەیلی ناسیۆنالیستی عەرەبی- دژی ئێرانی، لەلایەن ئەمریکاو ووڵاتانی عەرەبی دژی بەرەی ئێران وەکو سعودیەوە پشتیوانی جدی لێدەکرێ. ئومێدێکیشی داوە بە ئەمریکا کە لەو رێگایەوە کۆتایی بە نفوزی ئێران لە عێراق و دەوری یەکلاکەرەوەی لەمەشهەدی سیاسی عێراق و پرسی دەسەلاتدا، بهێنێ. هاوپەیمانی پارتی- سونە- ڕەوتی سەدر، بڕیارە ئەم ستراتیژەی ئەمریکا بەئاکام بگەیەنێ.

٨ مانگی ڕابردوو، دەورەیەکی پڕ لە کێشمەکێش و ململانێی نێوان ئەو دوو تەوەرەیە بووە. هیچکام لەو دوو بەرەیە، ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لەلایەك و ئێران لەلایەکی دیکەوە، نەیانتوانیوە بەدیلی خۆیان بسەپێنن. بەوجۆرە پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەونێوەدا بە‌هەڵواسراوی ماوەتەوە.

کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و جێگرتنەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە شێعیەکانی سەر بە ئێرانەوەو پێداگرتنیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەبێ ڕەوتی سەدر، نیشانەی لاسەنگبوونی هاوکێشەکەیە لەئێستادا بە قازانجی بەرەی سەر بەئێران و متمانەبەخۆبوونی زیاتری ئێرانە بۆ ڕاگرتنی بڕیاری سیاسی عێراق و پرسی دەسەڵات لەدەستی خۆی و هێزەکانی سەر بەخۆیدا. بەڵام ئایا ئەم سیناریۆیە ئەگەری سەرکەوتن یاخود لە بنەرەتدا ئەگەری جێبەجێبوونی هەیە؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە. ڕەنگە تا دەورەیەکی دیکەش مەسەلەی یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت لەناو گێژاوی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێراندا بچێتەپێشەوە! هەردوو بەرەی ناکۆك هێشتا ئەداتی زۆریان بەدەستەوەیە تا رێگانەدەن لایەنی بەرامبەر لە مەشهەدی سیاسیی عێراقدا بێکاریگەری بکات! ئەمریکاو ئێران هەردوکیان لەچەند دۆسیەی دیکەدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. گۆڕەپانی عێراق بۆ هەردولایان ئەو بایەخەی هەیە کە لەدانوسانەکانی پەیوەست بەو دۆسیانەوە بەکاربهێنرێت! ئەوەی یاریەکە لە هەردوولا تێکدەدات تەنها هاتنەمەیدانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی عێراقە بۆ کۆتاییهێنان بەم زەلکاوەی ئەمریکاو ئێران بە پشتیوانی میلیشیا قەومی و ئیسلامیەکان بۆیان دروست کردوون. دەبێ دروشمی ئەمجارەی خرۆشانی خەڵکی عێراق نەك تەنها “ئێران بۆدەرەوە”، بەڵکو “ئێران و ئەمریکاو خزمەتکارە سیاسیەکانیان لە حزبە ئیسلامی و قەومیەکان بۆدەرەوە” بێت. دەبێت هەنگاوەکانی داهاتووی خەڵك بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانچی و نۆکەرەی ئەمریکاو ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری بێت لە شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لە سەرتاسەری عێراقدا.

 

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *