دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پێشێلکردنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکە!!

بەپێی هەواڵێک کە لە میدیاکانەوە بڵاو کراوەتەوە، دوا بەدوای بانگەوازەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆپیشاندانێک لە هەرێمی کوردستان، دۆێنی هێزێکی ئەمنی  لە نێو شاری سلێمانی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی هه‌ندێك هه‌ڵسوڕاوی جوڵانه‌وه‌كه‌ و ژمارەیەک خۆبەخش و کادیر و بەرپرسیان دەستگیر کردووە کە ‌هیمداد شاهین وتەبێژ و فاروق غەفور ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکەیان لە ناودایە.

ئەم کارەی هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕێگرتتن لەو خۆپیشاندانە، کردەوەیەکی سەرکوتگەرانە و دژ بە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان. هاوکات ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە یەکێتی نیشتمانی و حزبە دەسەڵاتدارەکان،  لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵكی توڕە و ناڕازی کوردستان، ئامادەن هەڵسوڕاوانی سەر بە حزبەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا سەرکوت بکەن و بیانخەنە زیندانەوە. ئه‌مه‌ش به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بۆ چاوترسێنكردنی جەماوەری ناڕازیه‌ تا هه‌ر ناڕەزایەتیه‌كی خۆیان بۆ خواستە بەرهەقەکانیان سه‌ربه‌خۆ نه‌هێننه‌مه‌یدانه‌وه‌. ئەمە لەکاتێکدایە کە مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین مافێکی بێ ئەملاولای خەڵکی کوردستان و هەر لایەنێکی سیاسیە.

ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا  ئیدانەی ئەم کردەوە سەرکوتگەریانەی هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی نیشتمانی دەکەین و گرتن و دانانی ڕێگری لەبەردەم هەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکدا بە پێشێلکردنی ئازادی سیاسی و ڕادەبڕین داده‌نێین، هاوکات داوا دەکەین دەست بەجێ گیراوەکان ئازاد بکرێن.

کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان

٥/٨/٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *