بەیاننامەی هاوبەشی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، عێراق، حکمەتیست/خەتی ڕەسمی

سەبارەت بە هێرشی تیروریستی بۆ سەر سەلمان روشدی!

ڕۆژی هەینی ۱۲ی ئاب( ئۆگەست)، “سەلمان روشدی” نوسەری کتێبی “ئایەتە شەیتانیەکان” کە لە لایەن خومەینیەوە فتوای کوشتنی درابوو، لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبێکیدا لە پەیمانگای “شاتوکوا” لە شاری نیۆیۆرك، لە لایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایەسەرو بە توندی بریندار بوو. بە پێی هەواڵی هەواڵنێریەکان “ئەندرۆ ویلی” وتەبێژی تایبەتیی سەلمان روشدیش لەم هێرشەدا بریندار بووەئەم هێرشە لە لایەن پیاوێکی تەمەن ۲٤ ساڵانەوە بە ناوی “هادی مەتەر” دانیشتوی “فەیرڤیو” لە ویلایەتی نیوجێرسی بەرێوە چوو کە لە ئێستادا دەست بەسەر کراوە

هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر سەلمان ڕوشدی تەنیا یەکێکە لە دەیان و سەدان هێرشی تیرۆریستی کە ڕۆژانە روو ئەدات. بەریبوونەوەی تیرۆر و کوشتاری مرۆڤەکان بە شێوەی جۆراوجۆر، کوشتنی نەیاران و تەنانەت منداڵان و خەڵکی مەدەنی سەرتاسەری جیهانی داگرتوە.هەر بەم پێیەش جیهان بوەتە دۆزەخێك کە هیچ شوێنێکی ئارامی تێدا نەماوە.جیهانێك کە لەسەر بنەمای ڕق و کینەی نەتەوەیی، مەزهەبی و رەگەزی، دەتوانێ لاوانێکی بێتاوان، هەژارو بێهیوا بگۆڕێت بۆ ئامرازی کوشتن و تیرۆر لە لایەن هێزەکۆنەپەرەستەکانەوەهیچ گومان لەوەدا نیه کە هێرش بۆ سەر سەلمان روشدی لە لایەن هەر کەس، رێکخراو و دەوڵەتێکەوە ئەنجام درابێت، کردەوەیەکی تاوانکارانەیەو مایەی نەفرەت و سەرکۆنەکردنە لە لایەن مرۆڤایەتی هاوچەرخەوە

بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی سەرهەڵدانی جەمسەرە گەورە سیاسی و سەربازیەکانەوە، لە سایەی ئەو شەڕە وێرانکەرانەوە کە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپێنراوە و هەروەها دەور ونەخشی دەوڵەتە زلهێزەکان لە رێکخستنی چەندین باند و تاقمی نەتەوەپەرست، مەزهەبی و رەگەزپەرست و چەتە چەکدارەکان وەکو هێزی بەکرێگیراوی خۆیان لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان، جیهانیان کردوەتە مەیدانی تیرۆر، کوشتار و تاوانی ڕەسمی و نا رەسمی، دەوڵەتی و نا دەوڵەتی. ئەوەی ئەمرۆ دژی سەلمان روشدی ئەنجام دەدرێت و ئەوەی کەڕۆژانە لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا  کەسێك یان ژمارەیەك خەڵکی مەدەنی، لە مناڵانی قوتابخانەکان و … دەکرێنە قوربانی، لە هەنگاوی یەکەمدا ئاکامی ڕاستەوخۆی هەلومەرجێکە کە تێیدا ڕق و کینەی نەتەوەیی، مەزهەبی و نەژادی نەك تەنیا لەلایەن دامودەزگای ڕاگەیاندنیڕەسمیەوە پەرە پێ ئەدرێت، بەڵکو تەنانەت لەلایەن دەوڵەتانی جۆراوجۆرەوە ڕێکدەخرێتلەژێر سێبەری ئەم رکابەرایەتی و کێشمەکیشانەدا، سەڕەرای نەخشی دەوڵەتەکان، زەمینە بۆ سەرهەڵدانی باندە تاوانبارە مرۆڤکوژەکان رەخسێنراوە.

ئەگەر هەتا دوێنی تیرۆر لە ئێران، عێراق، ئەفغانستان، ڕواندا، سوریا، لیبیا، فەلەستین، لوبنان و …. وەک بەشێك لە پێکهاتەی ئەم کۆمەڵگانە چاولێدەکرا، ئەگەر جاران مەودای فتوای مەرگ و تیرۆری نەیارانی سیاسی لەلایەن مەرجەعە دواکەوتوە مەزهەبیەکانەوە و… تەنیا وڵاتانی بەناوی ئیسلامیی دەگرتەوە، ئەمڕۆ لەسایەی کێشمەکێشە جیهانیەکانەوە و پیلانی دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی سیاسی و سەربازیەکانی خۆیان و بەنرخی ڕۆژڕەشیی خەڵکی جیهان، چیتر تەنیا بە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەوەستاوەئەمرۆ تاوانو تیرۆری دەوڵەتی و نادەوڵەتی وەك بەشێك لە سیاسەتی زلهێزەکان و هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەوان، بوەتە بەشێك لە سیمای جیهان و ژیانی خەڵك.

بێگومان چینی کرێکار و مرۆڤایەتی هاوچەرخ بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و‌تاوان، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی، بۆ بنبڕکردنی دوژمنایەتی کوێری نەتەوەیی، مەزهەبی و نەژادی و …. هیچ رێگایەکی تری نیە، جگە لە کۆتاییهێنان بە نیزامی سەرمایەداری و جڵەوکردنی دەوڵەتە بۆرژواییەکان کە ئەنجامدەرو هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو نەهامەتی، هەژاری، تیرۆر و تاوانانەن کە سەراسەری دنیای تەنیوەتەوە.

ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وێرای سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستیە، بانگەوازی خەڵك دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە تێرۆری رێکخراو وەك ئامرازێك بۆ چارەسەری کێشمەکێشەکانینێوانیان، ئیمتیاز وەرگرتن لەم و لەو، بەکار دەبەن. نابێ رێگا بدرێت سەلمان روشدی و سەلمان روشدیەکان ببنە قوربانی ئەم گەمە قێزەون و تاوانکاریانە.

ڕیکخراوی دەرەوەی  حیزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق

ڕیکخراوی دەرەوەی حیزبی کرێکاریی کوردستان

ڕیکخراوی دەرەوەی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

۱۳ی ئاب/ ئۆگەستی ۲۰۲۲

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *