دۆخی سیاسی کوردستان و سەرخەتی سیاسەت و ئەرکەکانی حزب

بڕیارنامە:

چینی دەسەڵاتداری کوردستان، ناکامە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی، هاوکات گوشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێم و گێژاوی پەیوەندیەکانیان، هەڵکشانی دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە و پەرەگرتنی تیرۆر و نائارامی، بەرینبوونەوەی بێکاری و هەژاری و ڕوتاندنەوەی خەڵک و زۆربوونی تاوان و کەمی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بەردەوامی و درێژەکێشانی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ خواستەکانیان و سەرهەڵدانی ئەگەری گۆڕانکاری… سیما سەرەکیەکانی دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستانن. ڕیشەی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ:

١/ قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابوری و بێچارە مانەوەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی ئەو سیستەمەی کە سی ساڵە خۆی بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا داسەپاندووە. قەیران و سیستەمێک لە حوکمرانی، کە بەدیار بازاڕی جیهانی و یەکلابوونەوەی کێشمەکێشی ‌هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بارودۆخی عێراق و ململانێی ڕەوتە بۆرژوازیەکان ڕاوەستاوە و بەمجۆرەش کۆمەڵگەی کوردستانی لە گێژاوێکی سیاسی و بێدەرەتانییەکی ئابوریدا، ڕاگرتووە.

٢/ بۆرژوازی کورد، کە ستراتیژی تازەی خۆی بە گەڕانەوە بۆ بەغدا داناوە، لە هەوڵی جێخستنی هاوکێشەیەکی تازەدایە، لەگەڵ ڕەوتە بۆرژوازیەکانی عێراق، لەپەیوەند بە پێکهێنانی حکومەتێکی تازەوە، تا لەم ڕێگایەوە هەم بتوانێ کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکا و پێگەیەک بەدەست بهێنێ و هەم لەم ڕێگایەشەوە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەربکات.  هەوڵێکی ئاواش بە حوکمی قەیرانی سیاسی لە عێراق و ئەو کێشمەکێشانەی کە ڕەوتە بۆرژوازیەکان بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات دەرگیری بوون، هاوکات بە حوکمی نفوزی ئەمریکا و ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەو گێژاوەی جیهانی داگرتووە، بنبەستە و لە بەرامبەر بە ڕووداوەکان و کێشمەکێشی نێوان باڵەکانی شیعە و پێکدادانە قەومی و تایفیەکاندا لە چاوەڕانیدا ماوەتەوە.

٣/ کاریگەری ئەم دۆخە لەناوخۆی کوردستاندا، بوەتە هۆی بەرفراوان بوونەوەی لێکترازانی ڕیزی حزبەکان و قوڵبونەوەی کێشەی نێوانیان لەسەر داهات و دەسەڵات، هاوکات مەیلی دەسەڵات بۆ دەستبردن بۆ سەرکوت و بزواندنی هێز و داسەپاندنی هەرچی زیاتری گوشاری ئابوری لەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەت ڕووی لە هەڵکشان کردووە. بانگەوازی حزبەکانی دەسەڵات بۆ “یەکڕیزی کورد” و بانگەشەی چاکسازی، لە دوو توێی سیاسەتی گەڕانەوە و سازان لەگەل حکومەتی عێراق، ڕووی لەوەیە کە دەسەڵات هەلومەرجی مەوجود ڕابگرێ و کۆسپ بخاتە بەردەم پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ ئاستی هەستانێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری.

٤/ لایەنێکی تری ئەم بارودۆخە، پرسی گۆڕانکاری لەبەردەم ڕەوت و هێزەکانی هەردوو چینی بۆرژوازی و کرێکارانی هێناوەتە پێشەوە. لە دیدی ئەحزابی بۆرژوازی دەسەڵاتدارەوە، گۆرانکاری لەژیر ناوی چاکسازیکردن لە حکومەت و سیستمی ئێستادا، بەمانای دوورخستنەوەی مەترسیەکانە له‌سەر هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەس کۆکردنەوەی ئەحزابی بۆرژوازی لە ڕیزێکی یەکگرتوودا، سازان و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و لابردنی گوشارە قانونی و سیاسیەکان، خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و سەرەنجام سازکردنی زەمینەکانی دەرچون لەو قەیرانە حکومەتی و ئابوریەی دەرگیری بووە.

٥/ بانگەشەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ “گۆڕانکاری”، لەژێر پەردەی دژایەتیکردنی دەسەڵاتدا، کە مانای “ژیانەوەی روحی نیشتمانی و نەتەوەیی”، “پایەدارکردنی پەرلەمان و دادگا و دامەزراوە حکومیەکان”، “بانگەواز بۆ چاکسازی ڕاستەقینە” و “قەبوڵکردنی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا”، “داواکردنی سازدانی هەڵبژاردنێکی تر”…تاد، شتێک نییە جگە لە هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات و دوبارە داسەپاندنەوەی دەسەڵات و سیستمێک کە کۆمپانیاکان و هەردوو حزبی میلیشیایی تێیدا باڵادەستن. سیستمێک کە سی ساڵە ژیانی خەڵکی کوردستانی لە گێژاوێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ڕاگرتووە. سیاسەتێکی ئاواش لە بنەڕەتەوە یەک مانای هەیە: بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و گیرۆدەکردنیانە بە خۆشخەیاڵی و سەرەنجام بۆ دەربازکردنی چینی بۆرژوازی کوردە لەو تەنگانە سیاسی و ئابوریەی کە تێیدا چەقیوە.

٥/  چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان، بەکردەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم دەسەڵات و سیستمە پێچەوانه‌یە بە خواست و ئارەزوه‌کانیان و چاکسازی هەڵناگرێ، هەر بۆیە خواستی وەلانانی ئەم دەسەڵات و سیستمە، بۆتە خواستێکی گشتگیریان و لە ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژانەیاندا، بەشێوەی جۆراو جۆر تەعبیری لێدەکەن. بە واقعیش ڕێگای بەدیهاتنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و تەنانەت دەستبەربونی خواستەکانیان شتێکی تر نییە جگە لە هەڵوەشانەوەی دەسەڵات و سیستمی ئێستا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لەوانە حوکمەت و پەرلەمان، دادگا و یاسا و هێزی چەکدار و سیستمێکی ئیداری.. ئەویش لەڕێگای جوڵانەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەوە کە بتوانێ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە ئیرادەی جەماوەری زەحمەتکێش بسپێرێ و سیستەم و نیزامێکی سیاسی جێگیر بکات کە ماف و خواستەکانی ئەوان دەستەبەر بکات.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە پێداگری دەکات لەسەر سەرجەم خواستەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان چ بۆ باشتربونی ژیان و چ بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵات و سیستەمەی بۆرژوازی کورد، تێدەکۆشێت ئامادەییەکانی خەباتی جەماوەری تا ئاستی بزوتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێرانە دابین بکات، کە بتوانێ ئەم خواستە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەکردەوە دەربهێنێ و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی بەرێت. هاوکات لە ئێستادا ئەم هەنگاوانە دەخاتە دەستوری کاری خۆیەوە:

١/ هەوڵدان بۆ دەرکەوتنی حزب لە قامەتی ئۆپۆزسیۆنێکی سەرەکی دەسەڵاتدا، وەک حزبێکی ڕەخنەگری چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و نوێنەری خواستی وەلانانی دەسەڵات لەئاستی کۆمەلگەدا. هاوکات حزب هەوڵدەدات لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی نێوان ئەحزابی بۆرژوازیدا، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەرکەوێ و ناوەڕۆکی دژی خەڵکی سیاسەت و پڕۆژەکانیان بۆ”گۆڕانکاری” دەرخات و ڕیزی سەربەخۆی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتكێش لەبەرامبەریاندا، بپارێزێ و بەرجەستەی بکاتەوە.

٢/ پەردەهەڵماڵین لەسەر ماهیەتی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و ڕەوتی چاکسازی و هەموو ئەو لایەنانەی کە خۆیان وەک “ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی” لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەردەخەن و دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەلاڕێدا ببەن و گیرۆدەی خۆشخەیاڵی بکەن. ئەم لایەنانە لەبنەرەتدا ئامانجیان پاراستنی سیستەمی سیاسی و ئابوری ئێستایە نەک زامنکردنی خواست و ئامانجەکانی خەڵک. بەتایبەتیش حزب هەوڵدەدات ناوەڕۆکی سیاسی و چینایەتی دژی خەڵکی ئەم لایەنانە لەسەر مەسەلەکانی کوردستان و ڕێگاچارەکانیان دەربخات.

٣/ حزب هەوڵدەدات ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەدەوری داخوازییە گشتی و سەراسەریەکان یەکگرتوو و هاوئاهەنگ بکا، لەڕێگای لێکنزیکردنەوەی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی بەشەکانی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە، ڕابەریەکی سەراسەری شۆڕشگێڕ و یەکگرتوو دابین بکات و  لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا ڕێکخراوی بکات.

٤/ حزب لەگەڵ ئەوەدا بەتوندی لە دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و دژ بەئازادیەکان و ڕوتاندنەوەی خەڵکی زەحمەتکێش  دەوەستێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنای بۆ دەبرێ، هاوکات بۆ باشکردنی دۆخی ژیان و کاری کرێکاران و جەماوەری کەمدەرامەت و کەمکردنەوەی گوشارە ئابوریەکان، لەوانە سیاسەتی باجگیری، بێکاری، نەدانی موچە و کەمی خزمەتگوزاریەکان.. هەوڵدەدات ناڕەزایەتی جەماوەری بهێنێتە مەیدانەوە تا گەیشتن بە خواستەکانیان ڕابەری و ڕێنوینی بکات.

٥/ حزب لە ڕاستای پاراستنی ئەمنیەت و ئارامی کۆمەلایەتی هاوڵاتیانی کوردستان لەدژی هەرجۆرە دەستدرێژیەکی دەوڵەتانی ناوچەکە و حکومەتی مەرکەزی بۆ سەر ئارامی هاوڵاتیانی کوردستان و لێبڕین لە بەشەخواراک و دەرمان و گەمارۆی ئابوری و بازرگانی لەسەر کوردستان ڕادەوەستێت.

٦/ هەوڵدان بۆ یەکگرتوکردن و هاوئاهەنگکردن و بەهێزکردنی مەیلی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و بەهێزکردنی پێگەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار بە مەبەستی گێڕانی ڕۆڵی رابەری کردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری. حزب هەوڵدەدات بۆ پێکهێنانی ئەوپەڕی ئینسجام و یەکگرتوویی کۆمۆنیستەکان و ڕەوتی رادیکاڵی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوکردنیان لە دەستە و کۆمیتە و کۆڕوکۆمەڵەکاندا لەناوەندەکانی کار و ژیانیان و لەئاست شارەکانی کوردستاندا.

٧/ لەبەرامبەر ڕوداوەکان و هەلومه‌رجی ئێستای عێراقدا، لەکەنار چینی کرێکار و نارەزایەتیەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی شارەکانی ناوەڕاست و خوار و رادەوەستێ و هەوڵدەدات، بۆ پێکهێنانی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی لەنێوان ئەم ناڕەزایەتیانە و لێكگرێدانەوەیان بە ناڕەزایەتیەکانی شارەکانی کوردستانەوە لەیەک بزوتنەوەی چینایەتی و هاوچارەنوسدا.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

کۆتایی ئابی ٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *