کێ دەبێ بدرێتە دادگا: کچەکەی کەژاڵ یان مونیرە عەبدولعەزیز؟

ده‌شتی جه‌مال

بەدوای لێدوانێکی نەغەدەعوسمان (کچەکەی کەژاڵ) بۆ “کات پرێس” لەخۆپیشاندانێکدا لەشاری سلێمانی بۆ پشتیوانی لەجەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران و ئیدانەکردنی تیرۆری “ژینا ئەمینی”و پۆشینی حیجاب، مونیرە عەلی عەبدولعەزیز خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشێکی تەشهیر ئامیزی کردە سەر لێدوانی کچەکەی کەژاڵ و گوایە “سەرپۆش موقەدەساتمانە و سبەی سکاڵا تۆماردەکەین، دەبێت ئەوەی ئەو ناماقوڵیەی کرد سزا بدرێت”.

مونیرە عەبدولعەزیز و ڕەوتەکەی کە هەمیشە لە کەمیندان بەرامبەر بە خەڵکی بەئاگا و مۆدرێن و ئاشنا بەزانست و شارستانییەت و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان ئەدەن بەدژی ئازادی  بیروڕا و ڕەخنەگرتن و ئازادی جلوبەرگ پۆشین، دەکەونە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لەدژی دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونی تاکەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەوەی کە مونیرە عەبدولعەزیزی تووشی هستریا کردوە بەتەنها لێدوانەکەی کچەکەی کەژاڵ نیە لەسەر حیجاب و کۆت و ئەسارەتێك کە لەسەری ژنان دەکرێت، بەڵکو ترس و دڵەڕاوکێیە لە هەستانی بورکانی نەفرەت و ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵانەیە کە ئەمڕۆ لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ئێران دژ بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردوە. بە ئاوابوونی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، ڕەوت و گروپە ئیسلامییەکان لەتەواوی ناوچەکە گورزی کاریگەریان بەردەکەوێت و خەبات بە دژی زەبروزەنگ و سەرکوت، دژی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی داسەپاو، دژی نابەرابەری و بێمافی و سەرکوتی ئازادی پێدەگرێت.

کچەکەی کەژاڵ نوێنەرایەتی ڕەوتێك دەکات کە لە سەنگەری پێشەوەی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازدایخوازی ژنان وەك خەبات لەدژی بیروباوەڕ و دید و بۆچوونی ئەخلاقیاتی کۆنەپەرستانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، ڕاوەستاوە. ئەندامی حزبێکی سیاسییە کە لەپێناو یەکسانی تەواو و بێقەید و شەرتی ژنان و پیاوان تێدەکۆشێت و دژی هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەن کە لەگەڵ پرەنسیپی یەکسانی بێ قەیدوشەرتی ژنان و پیاواندا نایەتەوە، بەرگریکاری سەرسەختی ڕەخنە و ڕەخنەگرتنە لەهەموو لایەنە سیاسی، کەلتوری و ئەخلاقی و ئایدیۆلوژییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، دژ بە هەر یاسایەکە کە لەژێر ناوی موقەدەساتی نیشتیمان و دینی، ئازادییەکانی تاك بەرتەسك و سنووردار دەکات. بەڵام مونیرە عەبدولعەزیزەکان نوێنەرایەتی ڕەوتێك دەکەن کە دوژمنایەتی سەرسەختیان لەگەڵ ژنان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەیە، کە دەیانەوێت ستەمکێشی و بێمافی و ژێردەستەیی و پلەدوویی بە قێزەونترین شێوە لە کۆمەڵگادا بمێنێتەوە، بەرگری لە مانەوەی سیستەمێك دەکەن کە نایەکسانی بینا کردوە، کە جێوشوێنی بۆ ژنان و پیاوان دیاریکردوە بە دانی ئیمتیازی گەورە بە پیاوان و لە وەرەسە و، تەڵاق و سەرپەرشتیکردنی مناڵ و فرەژنی و دیاریکردنی مافەکان بەپێی شەریعەت و پاراستنی دابونەریتە کۆنەکان…، لەکۆمەڵگادا باڵادەست بێت.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە ڕەوتێك کە مونیرەکان بانگەوازی بۆ دەکەن دەیانەوێت بیکەنە یاسا و ڕێسای کۆمەڵگای کوردستان، ئەوەتا ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران بەدرێژایی چوار دەهە لە دەسەڵاتدا پەیڕەوی کردوە، وەك ڕژێمی دژەژن لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لەشوێنی کار و ژیان و شوێنە گشتییەکاندا چەوساندنەوەی ژنانی لە ئاشکراترین و بێپەردەترین ئاستدا ئەنجامداوە، چلوچوار ساڵە ڕژێمی جمهوری ئیسلامی لەهەوڵدایە بۆ داسەپاندنی یاساکانی ئیسلامی و هەڵاواردنی جنسی و دوورخستنەوەی ژنان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ناردنەوەیان بۆ ماڵداری، داسەپاندنی بیروبۆچوونی دواکەتوانە و دژەژن و بیروبۆچوون و داب و نەریتی کۆنەپەرستانە و برەودان بە پیاوسالاری، لەهەوڵدابووە بیروبۆچوونی دژەژنان بکاتە بیروبۆچوونی جەماوەری خەڵکی ئێران و لەو چوارچێوەیەدا ژن بکاتە ئینسانێکی دەرەجە دوو، وە لەخوار پیاوەوە دایان بنێت. وە ژنان بکاتە کاڵایەکی جنسی بۆ ئارەزووی پیاوان. بەم شێوەیە تەواوی هەوڵی بۆ ئەوە بووە ژنان لە هەموو مافێك مەحروم بکات و حیجابی ئیجباری بکاتە ملکەچ پێکردنی زۆرە ملێی ژنان…، هەموو ئەمانە کارنامەیەکی ڕەشی ئەم ڕەوتە ژەنگگرتووەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران و پارێزەرانی سەردەمە تاریکەکان بوون کە لە ڕیزی پێشەوەی ڕژێمە دژەژنەکان، کۆماری ئیسلامی ئێرانی و ئەو ڕەوتانەی پێ دەناسرێتەوە کە ئەمڕۆ مونیرە عەبدولعەزیزەکان هەڕەشەی سزادان لە ڕەوتی پێشکەتووخوازی کۆمەڵگای کوردستانی پێ دەکەن.

کچەکەی کەژاڵ کاتێك بۆ ئیدانەو ڕیسواکردنی تاوانی جمهوری ئیسلامی ئێران و کوشتنی ژینا ئەمینی قسەی کردوە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەخەڵکی شارەکانی ئێران دەربڕیوە، بەڵام ئەوە مونیرە عەبدولعەزیز و هاوئاوازەکانیەتی کە بێدەنگن لەئاست ئەم تاوانەدا و بگرە بە هەڕەشەی سکاڵاتۆمارکردن لەسەر کەسانێك کە دژی حجابی زۆرە ملێن و پشتیوانی لە خرۆشانی خەڵکی ئێران دەکەن خۆی و چارەنوسی خۆی بەو رژێمە درندەو دژە ژنەوە گرێداوەتەوە!

بەم هەموو ڕاستیانەوە دەپرسین کەکێ دەبێت بدرێت بەدادگا؟ کەسێك کە لەدژی کوشتنی ژنان و بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییە فەردییەکان یان ئەو کەسەی بە هەڕەشە و زمانی زبر و بە ڕاوەستانی لەپاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تاوانەکانی ڕاوەستاوە؟ من دڵنیام خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەمیشە لە کەنار ئازادی و ئینسانیەت و مافەکانی ژناندا ڕادەوەستێت نەك کۆنەپەرستان.

٢٤/٩/٢٠٢٢

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *