سەرئەنجام دوای ماوەیەک لە بانگەشە و بەخشینەوەی بەڵێنی فریوکارانە و پروپاگەندی قەومی و دینی و ئاوڕژاندنە ژێرپێی کۆنەپەرستی و نەتەوەچیتیەوە، پاش هەڕەشەی نان بڕین و گەرمکردنی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی دەنگ و دەستبردن بۆ ساختەکاری و چەندین دیاردەی دزێوی تر، هەڵبژاردن تەواو بوو. بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەریخست کە ئەو یاسا و سیستەمەی پەیڕەوی لێکرا، لە بەرژەوەندی حزبە سەرەکیەکانی دەسەڵاتە و ئەوانیش بە پشت بەستنیان بە هێزی چەکدار و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی کۆمەڵگە و بە کۆکردنەوەی ئیمکاناتی دەوڵەت لە دەستی خۆیاندا و بە دەزگای زەبەلاحی میدیایی و بە پشتیوانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ژمارەی کورسیەکانیاندا، توانییان وەکو هێزی براوە ئەم هەڵبژاردنە تێپەڕێنن.
لە عێراقدا لایەنە قەومیە عەرەبی و ئیسلامی و میلیشیاکانیان، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، جارێکی تر بە بەرگی تائیفەگەریەوە خۆیان دەرخستەوە، تا ژەهر و چڵکی تائیفی بڕژێننەوە ناو کۆمەڵگا و لەم ڕێگایەوە پێگەی خۆیان لە پەرلەماندا بەدەستبهێننەوە. بەبێ ئەوەی هیچ کام لەم لایەنانە هیچ بەرنامەیەکی هەڵبژاردنیان راگەیاندبێت کە خەڵکی عێراق لە هەژاری و بێدەسەڵاتی و سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان دەربهێنێت و کار بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون بکات.
لە کوردستاندا، ئەحزابی ناسیونالیستی کورد، لەپێشیانەوە پارتی و یەکیەتی، بە مەبەستی درێژەدان بە بەشدارییان لە دەسەڵاتی ناوەندی و بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بە دروشمی “دەنگی کورد لە بەغدا بەهێز دەکەین” “هیزی تۆین لە بەغدا” هەڵمەتێکی فریوکارانەیان بەڕێخست تا بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژوای کورد، لە حکومەتی تایفی و قەومی و ئیسلامی عێراقدا، بپارێزن. ئەم حیزبانە، کە هەریەکەیان لە هەوڵی ئەوەدا بوون خەڵکی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، سەرگەرم و خۆشباوەڕبکەن بەوەی نوێنەری مافە دەستوری و یاسایەکانیان دەبن لە بەغدا و لە ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا دەیان بەڵێنی سواویان دوبارە کردەوە و وتیان خزمەتگوزاری و ژیانی خەڵک باشتردەکەین، بەڵام کەوتنە بەرامبەر بەیەکەوە و یەکتریان بە دز و تاڵانچی تۆمەتبار کرد، کەچی ئێستا خەریکن بەکەڵک وەرگرتن لە پەنجە مۆری هاوڵاتیان لەسەر مێزی دانوستاندن، کێکی شیرینی دەسەڵات و داهات و پۆستەکان لەلایەکەوە لەگەڵ بەغدا و لەلایەکی تریش لەناوخۆی کوردستاندا دابەش دەکەن.
هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش بە بانگەشە کردن بۆ ئەوەی کە “بەرگری لە مافە دەستوری و یاساییەکان و لە خواستەکانی جەماوەر” دەکەن بەکەڵک وەرگرتن لە ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکی ناڕازی لە هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، هەموو هەوڵێکیاندا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، خۆشباوەڕ بەدەسەڵاتی هێزە قەومی و مەزهەبیەکانی عێراق بکەن و لەو نێوەدا جەژنی بەدەستهێنانی کورسی زۆر و بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بگێڕن. بەڵام ئاکامی هەڵبژاردنەکان خۆشباوەڕی بە هەموو ئەم لایەنانەی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە پوچەڵ کردەوە و ماهیەتی فریوکارانەی ئەوانی خستە ڕوو.
لە کەنار هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، خەڵکی ناڕازی چ لە عێراق و چ لە کوردستان، بە پوچەڵکردنەوەی دەنگەکانیان و بە بەشداری نەکردنی نزیکەی نیوەی دەنگدەران، لەم هەڵبژاردنەدا هەڵوێستیان گرت و بانگەشەکەیان تێپەڕاند. ئەم هەڵوێستەش ئەگەرچی ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ توڕەیی و بێزاری خەڵک لەو سیستەم و دەسەڵاتەی ساڵانێکە ژیانی ئەوانی بەم ڕۆژە گەیاندووە، بەڵام ئەم توڕەیی و بێزاریە بەرئەنجامی نائومێدی خەڵکێکە لە دۆخێک کە هێشتا ڕێگای خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی نەدۆزیوەتەوە و هێشتا بەدیل و حێزبێکی پێشڕەو و کۆمۆنیستی هەڵنەبژاردووە و لە دەوری سیاسەتەکانی، ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتوو و ڕیکخراو نەکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەزمونی ناڕەزایەتیەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەبێ بەدەستەوە گرتنی ئاسۆیەکی سیاسی چینایەتی و بەبێ کۆبوونەوەی بەشەکانی جەماوەری ناڕازی و بەشمەینەت، لە دەوری حیزبێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی و بەدەستەوەگرتنی لە خەباتی ڕۆژانە و بەردەوامی خۆیاندا، ئەنجامێکی دڵخوازی نابێت.
کرێکاران زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز!
ئێمە هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، لەگەڵ پەی بردنی تەواومان بە ماهیەتی چینایەتی پەرلەمانتایزم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەشداری پرۆسەکەمان کرد، ئامانجی ئێمە لەو تاکتیکە بۆ بەشداری بۆ ئەوە بوو، کە لەلایەکەوە بژرادە و سیاسەت و ڕێگاچارەی خۆمان لە دڵی قوتبی بوونەوەی کێبەرکێی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشان بدەین و لەلایەکی تریشەوە ناوەڕۆکی دیموکراسی بۆرژوازی، ماهیەتی پوچی پەرلەمان و پەرلەمانتازیزم لەناو جەرگەی پرۆسەکەدا بە ئێوە نیشان بدەینەوە، لە گۆڕەپان و سەکۆی بۆرژوازیدا، تەپڵی ڕیسوایی پەرلەمانتاریزم بکوتین و دژایەتیەکەی لەگەڵ خواستی چینی کریکار و خەڵکی بەشمەینەت بۆ ئاڵوگۆڕ، بخەینەوەڕوو، وە هێندەی تر ڕیسوای بکەین.
ئێستا ئەگەر بۆ چینی بۆرژوازی و ڕەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانی لە عێراق و بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، هەڵبژاردن تەواو بووە، ئەوا بۆ ئێمە و چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەت و خەڵکی ناڕازی، هێشتا کێشمەکێشە چینایەتیەکانمان، لەسەر ئازادی و باشبژێوی، خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەسەر مەدەنیەت و کۆتایی هێنان بە ستەم و جیاکاری لەدژی ژنان و بەدەستهێنانی یەکسانی و هەموو ئەو خواستانەی کە ساڵانێکە جەماوەر ناڕەزایەتییان بۆ دەربڕیوە، لەشوێنی خۆیدا باقیە و درێژەی هەیە. کەوایە ئیتر کاتی ئەوەیە کە خەڵکی ناڕازی کوردستان و عێراق، بە خواستەکانی خۆیانەوە پێبنێنە مەیدان و یەخەی حیزبەکانی دەسەڵات و هەموو ئەو لایەنانە بگرن کە بەڵێنیاندا و ناچاریان بکەن مل بەجێبەجێکردنیان بدەن. بەدڵنیایەوە ئەم هەڵبژاردنە ناتوانێ چینی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانی چ لەعێراق چ لە کوردستان، لەو تەنگانەیە و لەو گێژاوە دەرکێشێ کە سالانێکە دەرگیرین، تەنانەت ناتوانێ لە کاریگەری گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و دەخاڵەتی دەولەتان دەرچێت. ئەمەش بەپێویست دەرفەتێک بۆ چینی کرێکار و بزوتنەوەی جەماوەری و خەباتەکەیان دەکاتەوە، تا بەهێزێکی گەورەوە لەدەوری خواستەکانیان پێبنێنە مەیدانەوە و بۆ بەدیهیانیان یەکگرتوانە تێبکۆشن. هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جارێکی تر تەئکید دەکەیەنەوە، کە لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا ڕادوەستین و بۆ سەرکەوتنی بەتەواوی توانامانەوە تێدەکۆشین.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠/ نۆڤێمبەری ٢٠٢٥
hkkurdistan.org