بە داخێکی قوڵەوە هەواڵی ژیان لەدەستدانی مەنسوور کەریمی، خەباتکار و تێکوشەر، ئەندامی دەستەی یەکێتی کرێکاری ئازاد و هەڵسوڕاوێکی دڵسۆزی کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزمان پێگەیشت کە ڕۆژی سێشەممە ١١ی نۆڤەمبەر ی ٢٠٢٥ بە هۆی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لەدەستدا.
مەنسوور کەریمی لە تەمەنی تەنیا ٥٣ ساڵیدا، ژیان ئاوایی کرد. ژیانێکی سەخت کە بەسەر زۆرێك لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا سەپاوە، سەرباری هەژاری و بێکاری و ستەم و چەوساندنەوەیەك کە ژیانیانی هاڕیوە، بەهۆی نەبوونی سیستەمی چاودێری پزیشکی پێویست و بێدەربەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە ژیانی خەڵک، ئاکامەکەی بە لێسەندنەوەی ژیان لە مەنسوری کەریمی و هەزاران هاوڵاتی بێدەرەتانی هاوشێوەی ئەو لە ئێران گەیشتووە.
بێگومان ژیان لەدەستدانی مەنسوری کەریمی بۆشاییەکی قووڵ لە خەباتی ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتردا بەجێدەهێڵێت. پێشوازی گەرم و بەربڵاوی خەڵکی شاری سنە لە مەراسیمی پرسەکەیدا، بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر جێگەوپێگە و ئەو ڕێز و حورمەتەی کە ئەم هەڵسوراوە کۆمۆنیست و خەباتگێڕە لە خەباتی بێوچانیدا بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ڕاوەستانەوە بەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەدەستی هێناوە.
وەک بەدەگهاتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیش جەماوەرێکی زۆر لە کرێکاران و هەڵسوڕاوان و کەسانی یەکسانیخواز بە وتار و گۆرانی هاودەنگی و بە دانانی ئاڵای سوور و گوڵ لەسەر گڵکۆکەی مەنسوری کەریمی، ڕێزیان لە یادەکەی گرت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە دڵەوە پرەسە و سەرەخۆشی لە هاوسەر و منداڵ و کەسوکاری مەنسووری کەریمی و سەرجەم کرێکاران و ئازادیخوازان و خەڵکی بەشمەینەتی سەراسەری ئێران دەکات. ئێمە هاوبەشی خەمتانین و لەگەڵتان وەستاوین. بەدڵنیایەوە یادی ئەو، وەك ڕێپیشاندەر بۆ درێژەدان بە خەبات وتێکوشان و رێگەی ئەو بەرەو پێش دەمێنێتەوە.
١٥/١١/٢٠٢٥
hkkurdistan.org