بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم
بەشی ١٥
بەلشەفییەکان و لینین
بەشی پێنجەم
سوخانۆڤ گلەیی دەکات: “ئەو یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی بەلاوەنا، لەگەڵ سەرجەم سیاسەتەکانی دیکەی سۆڤیەت. ئەو باسی دەستبەسەرداگرتنی ڕێکخراوی زەوی لەلایەن جووتیارانەوە کرد، باسی بەهیچ جۆرێك بەشدارینکردنی … لەهەرجۆرە دەسەڵاتێکی حکومەتدا کرد.”
“‘ئێمە پێویستمان بە هیچ کۆمارێکی پەرلەمانی نییە. پێویستمان بە هیچ دیموکراسییەکی بۆرژوازی نییە. ئێمە پێویستمان بە هیچ حکومەتێک نییە جگە لە شوراکانی نوێنەرانی کرێکاران و سەربازان و کرێکارانی کشتوکاڵی!'”
لەهەمانکاتدا لینین بەتوندی خۆی لە زۆرینەی شورایی جیاکردەوە و فڕێیدانە ناو ئۆردوگای دوژمنەوە. تەنیا ئەوە لەو ڕۆژانەدا بەس بوو بۆئەوەی گوێگرانی تووشی سەرگێژی بکات!”
تەنها چەپی زیمەرڤاڵد پاسەوانی لە بەرژەوەندییەکانی پرۆلیتاریا و شۆڕشی جیهانی دەکات” – بەمشێوەیە سوخانۆڤ بەتووڕەییەوە، بۆچونەکانی لینین دەخاتەروو، “ئەوانی دیکە هەمان هەلپەرستە کۆنەکانن کە قسەی جوان دەکەن، بەڵام لە واقیعدا خیانەت لە دۆزی سۆسیالیزم و جەماوەری کرێکار دەکەن.”
ڕاسکۆڵنیکۆڤ قسەکانی سوخانۆڤ تەواودەکات: “ئەو بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە هێرشیکردە سەر ئەو تاکتیکانەی کە پێش گەیشتنی لەلایەن گروپە دەسەڵاتدارەکانی ناو حزب و تاك تاکی هاوڕێکانیەوە پەیڕەو دەکران. بەرپرسیارترین کرێکارەکان لێرە بوون. بەڵام بۆ ئەوانیش قسەکانی ئیلیچ ئاشکراکردنێکی ڕاستەقینە بوون. هێڵێکی جیاکەرەوەیان لەنێوان تاکتیکەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا دانا.” ئەو هێڵە جیاکەرەوەیە، وەک دواتر دەبینین، بە یەکجار دانەنرا.
گفتوگۆ لەسەر وتارەکە نەکرا. هەموویان زۆر سەریان سوڕما و هەریەکەیان دەیانویست دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی بۆچوونەکانی خۆیانیان هەبێت. سوخانۆڤ لەکۆتاییدا دەڵێت: “هاتمەدەرەوە بۆسەر شەقامەکە، هەستم دەکرد وەک ئەوەی ئەو شەوە بە قامچەیەك بەسەرمدا کێشرابێت، تەنیا یەک شت ڕوون بوو: هیچ شوێنێک بۆ من، پیاوێکی غەیرە حزبی، لە تەنیشت لینینەوە نەبوو!”
بەڕاستی نەخێر!
ڕۆژی دواتر لینین بۆچوونەکانی خۆی بەشێوەی نوسراوێکی کورت پێشکەش بە حیزب کرد کە لەژێر ناوی تێزەکانی ٤ی نیساندا بووەتە یەکێک لە بەڵگەنامە گرنگەکانی شۆڕش. تێزەکان بیرکردنەوەیەکی سادەیان بە وشەیەکی سادە دەربڕی کە هەمووان تێبگەن: ئەو کۆمارەی کە لە شۆڕشی شوباتەوە بەرهەمهاتوە، کۆماری ئێمە نییە و ئەو شەڕەی ئێستا بەڕێوەی دەبات شەڕی ئێمە نییە، ئەرکی بەلشەفییەکان بریتیەلە ڕووخاندنی حکومەتی ئیمپریالیستی. بەڵام ئەم حکومەتە لەسەر پشتیوانی سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و مەنشەفیکەکان وەستاوە کە ئەوانیش بەدەوری خۆیان پشتیان بە متمانەیەکی جەماوەری خەڵک بەستوە. ئێمە کەمینەین. لەم هەلومەرجەدا ناتوانرێت باسی توندوتیژی بکرێت لەلایەن ئێمەوە. پێویستە جەماوەر فێر بکەین کە متمانە بە سازشکاران و بەرگریکاران نەکەن(١). “دەبێت بە سەبرەوە ڕوونی بکەینەوە.” سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە کە هەموو بارودۆخی ئێستا دەینوسێتەوە، مسۆگەرە و دەمانگەیەنێتە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و بەمجۆرە لە سنووری ڕژێمی بۆرژوازی دەردەچێت. ئێمە بە ڕەهایی لەگەڵ سەرمایەدا دادەبڕێین و پەیماننامە نهێنییەکانی بڵاودەکەینەوە، و کرێکارانی هەموو جیهان بانگ دەکەین بۆئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ بۆرژوازیدا شل بکەنەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن. ئێمە شۆڕشی ئینتەرناسیۆنالیستی دەست پێدەکەین. تەنها سەرکەوتنی ئەو گرەنتی سەرکەوتنی ئێمە دەکات، و گەرەنتی گواستنەوە بۆ ڕژێمی سۆسیالیستی دەکات.
ئەم تێزانەی لینین بەناوی خۆی و تەنها بەناوی خۆیەوە بڵاوکرانەوە. دامەزراوە ناوەندییەکانی حیزب دوژمنایەتیەکی پێچراوە لە سەرەگێژەیان بەرامبەری نواند. کەس – نە یەک ڕێکخراو، نە گروپ و تاک – واژۆی خۆیان لێنەدا. تەنانەت زینۆڤیڤ کە لەگەڵ لینیندا لە دەرەوەی وڵاتەوە گەیشتە ئەوێ، وە دە ساڵ بوو بیرۆکەکانی لەژێر کاریگەری دەستبەجێ و ڕۆژانەی لینیندا دروست بووبوون، کەچی بەبێدەنگی کشایە دواوە، ئەم کشانەوەیەش بۆ مامۆستاکەش شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، چونکە نزیکترین قوتابیەکەی خۆی زۆر بەباشی دەناسی.
لەکاتیکدا کامێنێڤ پڕوپاگەندەکار(مرەویج- داعیە) ێکی جەماوەری بوو، زینۆڤیڤ ئاژیتاتۆر (موبەلیغ-محرض)ێك بوو، وە لەڕاستیدا ئەگەر دەربڕینێکی لینین بهێنینەوە، “ تەنها و تەنها ئاژیتاتۆرێك”. ئەو لەپلەی یەکەمدا ئەو هەستی بەرپرسیارێتیەی نیە کە ببێتە سەرکردە. بەڵام نەک هەر ئەوە. بەهۆی نەبوونی دیسیپلینی زاتیەوە، مێشکی بەتەواوی بێتوانایە لەئەنجامدانی کاری تیۆری و بۆچوونەکانی لەناو پێشبینیەکی بێشكڵی ئاژیتاتۆرێکدا دەپوکێتەوە. بەهۆی توانای بۆنکردنێکی خێرا و ناوازەوە، دەتوانێت هەر فۆرمولێک کە پێویستی پێی بێت لە هەوادا وەربگرێت – ئەوانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر جەماوەر دەبێت. چ وەک ڕۆژنامەنووس و چ وەک وتاردەرێك هەروەکو ئاژیتاتۆرێك دەمێنێتەوە، تەنها بەم جیاوازییەوە – کە لە بابەتەکانیدا تۆ بەزۆری لایەنە لاوازەکانی دەبینیت و لە قسەکردنی زارەکیدا لایەنە بەهێزترەکەی. هەرچەندە زینۆڤیڤ لە هەموو بەلشەفییەکانی دیکە لە ئاژیتاسیۆن کردندا زۆر بوێرتر و پاراوترە، بەڵام تەنانەت لە کامێنێڤ کەمتر توانای دەستپێشخەری شۆڕشگێڕانەی هەیە. ئەویش وەک هەموو دیماگۆگەکان توانای بڕیاردانی نیە. زینۆڤیڤ لە گۆڕەپانی مشتومڕی نێوان فراکسیۆنەکانەوە بۆ شەڕی جەماوەری ڕاستەوخۆ، تاڕادەیەك بەبێ ویستی خۆی لە مامۆستاکەی جیا بووەوە.
لە ساڵانی دوایدا هەوڵێکی زۆر درا بۆئەوەی بیسەلمێنن کە ئەو قەیرانەی مانگی نیسانی ناو حزب، قەیرانێکی ڕاگوزەرو تارادەیەك سەرگێژەیەکی بەرێکەوت بوو. بەڵام هەموو ئەمانە وردوخاش دەبن کاتێك لەگەڵ ڕاستیەکاندا بەریەك دەکەون.(٢)
مانگێک بەسەر ڕاپەڕینەکەدا تێپەڕیبوو– ئەوەش ماوەیەکی دوورودرێژە بۆ شۆڕشێك و بۆ شەڕێکیش. سەرەڕای ئەوەش بۆچوونەکان لە حیزبدا سەبارەت بە بنەڕەتیترین پرسیارەکانی شۆڕش پێناسەنەکرابوون. نیشتمانپەروەرە توندڕەوەکانی وەک ڤۆیتینسکی و ئێلیاڤا و ئەوانی دیکە، شانبەشانی ئەو کەسانەی خۆیان بە ئینتەرناسیۆنالیست دەزانی، بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد. ڕێژەی سەدی نیشتمانپەروەرە ڕاشکاوەکان، ئەگەرچی زۆر لەوانەی ناو مەنشەفیەکان کەمتربوو، بەڵام رێژەیەکی بەرچاو بوو. کۆنفرانس بەگشتی ئەو پرسیارەی یەکلانەکردەوە کە ئایا لەگەڵ نیشتمانپەروەرانی خۆیدا پەیوەندیەکەی بپچڕێنێت یاخود لەگەڵ نیشتمانپەروەرانی مەنشڤیزمدا یەکبگرێت. لەماوەی نێوان دانیشتنەکانی کۆنفرانسی بەلشەفییەکاندا، دانیشتنێکی یەکگرتووی بەلشەفییەکان و مەنشەفییەکان – نوێنەرانی کۆنفرانسی سۆڤیەت – بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی پرسی جەنگ. تووڕەترین مەنشەفیکی نیشتمانپەروەر، لیبەر، لەم دانیشتنەدا ڕایگەیاند: “دەبێت دابەشبوونە کۆنەکەی نێوان بەلشەفیک و مەنشەفیکەکان نەهێڵین، و تەنیا باسی هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر بە شەڕ بکەین.” ڤۆیتینسکی بەلشەفی بەپەلە ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ دانانی واژۆی خۆی لەسەر هەموو وشەیەکی لیبەر. هەموویان پێکەوە، بەلشەفییەکان و مەنشەفییەکان، نیشتمانپەروەرەکان (٣) و ئینتەرناسیۆنالیستەکان، بەدوای فۆرمولەیەکی هاوبەشدا دەگەڕان بۆ دەستنیشانکردنی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە شەڕ.
(١) بەرگریکاران؛ مەبەستی ئەو لایەن و هێزانە بوون کە دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧باسیان لە درێژەدان بە شەڕی ئیمپریالیستی دەکرد بەناوی بەرگریکردن لە نیشتمانەوە، لەبەرامبەر بەلشەفیەکاندا کە باسی وەستانی جەنگ و هاتنەدەرەوەی روسیایان لە جەنگی جیهانی یەکەم دەکرد.
(٢) ئەوەی دەربارەی چالاکییەکانی حیزب لە مانگی ئازاردا دەیزانین، قووڵترین دژایەتیی مومکین لە نێوان لینین و سەرکردایەتی پترسبۆرگدا ئاشکرا دەکات. ئەم دژایەتییەش ڕێک ئەوکاتە گەیشتە لوتکەی خۆی کە لینین گەڕایەوە. هاوکات لەگەڵ کۆنفرانسی سەرتاسەری ڕووسیای نوێنەرانی ٨٢ شورا، کە کامینێڤ و ستالین دەنگیان بە بڕیارنامەی سەروەری دا، کە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و مەنشەفیکەکان پێشکەشیان کرد، لە پترۆگراد کۆنفرانسی حزبی بەلشەفیکەکان بەڕێوەچوو کە لە سەراسەری ڕووسیاوە کۆبووبونەوە. ئەم کۆنفرانسە کە لینین لەدواساتەکانیدا گەیشتە ئەوێ، بایەخێکی ناوازەی هەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەتسنیشانی مەزاج و بۆچوونەکانی حیزب و هەموو ئۆرگانە باڵاکانی بکات وەکو ئەوەی لەشەڕەوە دەرچوبن. خوێندنەوەیەک بۆ ڕاپۆرتەکان، کە تا ئەمڕۆش بڵاونەکراونەتەوە، زۆرجار ئەو هەستە سەیرە دروست دەکات کە: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە حزبێك کە ئەم نوێنەرانە نوێنەرایەتی بکات، دوای حەوت مانگ، بە دەستێکی ئاسنین دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت؟
(٣) نیشتمانپەروەران؛ مەبەستی ئەو لایەن و هێزانە بوو کە باسیان لە پێویستی بەشداریکردنی حکومەتی کاتی دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧یان دەکرد لە جەنگدا. واتە درێژەدان بە جەنگی ئیمپریالیستی کە حکومەتی تزار یەکێك بو ولە لایەنەکانی جەنگەکە. دوای شۆڕشی شوبات دوو ئاراستە هەبوو.. ئاراستەی وەستانی جەنگ و کشانەوەی روسیا لە جەنگ کە بەلشەفیەکان نوێنەرایەتیان دەکرد. وە ئاراستەیەکی دیکە کە بۆرژوا لیبراڵەکان و مەنشەفیەکان و سۆشیالیستە شۆڕشگیرەکان نوێنەرایەتیان دەکرد..
hkkurdistan.org