لەلایەن دەشتی جەمال لە پەرلەمانی بەریتانیا ١٩/١١/٢٠٢٥
سوپاس بۆ سەرپەرشتیار، سوپاس بۆ هەموو ئامادەبووان کە کاتیان بۆ ئەم بابەتە گرنگە بەخشی. ئەمڕۆ بەیاننامەی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جولانەوەی کرێکاریی ئیران –SWIW دەناسێنم.
بەیانەکە راستیە تاڵەکانی پەرەسەندنی شەپۆلێکی نوێی دڕندانەی سەرکوت لە ئێران دوای شەڕی ئەم دواییەی ئێران -ئیسرائیل دەخاتەڕوو. لەدوای ئەو ململانێ دوانزە ڕۆژەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران توڕەیی خۆی بەرەو ناوخۆ گۆڕیوە. بەبیانووی “ئاسایشی نەتەوەیی”و”سیخوڕی”ەوە، هەڵمەتێکی دڕندانەی دەستگیرکردن و لەسێدارەدان و ترساندنی دەستپێکردوە، ژیانی گشتی میلیتاریزکردوە، ئەوانەی نارەزایەتی دەردەبرن و داوای مافو دادپەروەری بۆ کرێکاران و ژنان و کەمینەکان دەکەن، بە هێزێکی ترسناك بێدەنگدەکرێن. لە بەیاننامەکەدا تیشك خراوەتە سەر چەند پێشهاتێکی سەرەکی:
یەکەم: پەرەسەندی سزای لە سێدارەدان: سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک ئامرازێکی توندوتیژیی دەوڵەت بەکاردەهێنرێت، لە چەند مانگی دوای شەڕەکەدا، هەڵکشانی ترسناکی بەخۆیەوە بینیوە. تەنها لەم ساڵدا زیاتر لە هەزار کەس لەسێدارە دراون کە بەرزترین ئامارە لە ماوەی دەیان ساڵدا. لە مانگی تشرینی یەکەمدا لانیکەم ٢٤١ لەسێدارەدان ڕوویداوە، کە زۆربەیان زیندانیانی سیاسی و کەمینە نەتەوەییەکانی کردۆتە ئامانج دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە یان نهێنی.
دووەم: سەرەڕای داسەپاندنی کەشوهەوای ترس، کرێکاران بەردەوامن لەدەربڕینی نارەزایەتی و خۆڕاگری. مانگرتن و ناڕەزایی کرێکارانی نەوت وخانەنشینان و مامۆستایان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و داوای حەقدەستی دادپەروەرانە وباشکردنی بارودۆخی کارکردن و سەلامەتی شوێنی کار دەکەن. ئازایەتی ورووبەرووبونەوەی ئەوان، لەبەرامبەر ئەو جۆرە سەرکوتکردنەدا، پیویستی بە هاوپشتی وهاودەنگی و پشتیوانیە.
سێیەم: توندوتیژیی ڕەگەزپەرستانەی سیستماتێك لەدژی پەنابەران وکارگەرانی ئەفغانی.
دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و بە تاوانبار سەیرکردنی کارگەرانی ئەفغانی بەرەو ئاستێکی نوێی دڕندەیی پەرەی سەندووە. تا ٦ی جولای٢٠٢٥، حکومەتی ئێران فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بۆ هەموو پەنابەرانی ئەفغانی “بێ بەڵگەنامە” دەرکردووە. دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ، لەنێویاندا خێزان و منداڵان ، بە دڕندەییەکی شۆکهێنەر ڕوودەدات. ئەمە سزای بەکۆمەڵە و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە کە دەبێت ئیدانە بکرێت. ئەمە تەنها پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە. ئەو سەرکوتکردنەی کە ئێمە شاهیدی دەبین، بەشێکە لە هێرشێکی فراوانتر بۆ سەر ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە هەموو شوێنێك، هێرشە بۆسەر مافی خۆڕێکخستن، قسەکردن، ناڕەزایەتی دەربڕین و ژیانی شکۆمەند.
ڕاگەیەندراوەکە بانگەوزادەکات بۆ کۆمەڵێك داوای بەپەلەو دەستبەجێ:
– هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان ·
-ئازادکردنی بێ قەیدوبەندی سەرجەم زیندانیە سیاسیەکان ·
-کۆتاییهێنان بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی ·
– کۆتاییهێنان بە پڕوپاگەندەی ڕەگەزپەرستی و میلیتاریستی کە بۆ دابەشکردن و کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان بەکاردەهێنرێت.
ئێمە ئەمڕۆ وەك کردەوەیەکی هاوپشتی و بانگەوازێك بۆ بەدەنگەوەهاتن و راکیشانی پشتیوانی ئەم لێدوانە دەهێنینە پەرلەمانی بەریتانیا .خەڵکی ئێران، کرێکاران، ژنان و لاوان وچین و تۆێژەکانی کۆمەڵگە بۆ هەمان ژیان و ئازادی و ئەو بەهایانە تێکۆشان دەکەن کە هەموومان بە پیویستی دەزانین. خەباتی ئەوان خەباتی ئێمەیە.
ئەم بەیاننامەیە لەلایەن جۆن ماکدۆنێل ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و سەرۆکی بەرپرسی کۆمیتەی SWIW ، جۆن مۆلۆنی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی یەکیتی کرێکاریی خزمەتگوزاری گشتی و بازرگانی PCS، کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ جوڵانەوەی کرێکارانی ئێران.، واژووکراوە هەروەها ئاراستەی تەواوی پەرلەمانتارەکانی بەریتانیاو یەکیتی کرێکاریەکانی بەریتانیا کراوە. هاوکات لەڕێگەی هاوکارەکانمانەوە بۆ سەندیکاکانی کرێکاران لە فەرەنسا، دانیمارك، سوید، کەنەدا و ئەڵمانیا نێردراوە.
داواکارم ئێوە ئەندام پەرلەمان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وهەڵسوراوی یەکیتی کرێکاریی، ئەم بەیاننامەیە واژۆ بکەن.
ئەوەش بڵیم بۆ ئەم دوو چالاکیەیی ئەمرۆمان چەند پەیامی پشتیوانیمان لە چەند یەکیتی کرێکاریی لە سوید و کۆمیتەی ژن ژیان ئازادی ، ویەکیتی خەباتی کرێکارانی فەلەستین پێگەیشتوە. لە ئاستی ئەوروپاشدا سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، زەوی و ژینگە، PROSA، یەکێتی پیشەییەکانی ئایتی، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی سوید، پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید – ئێران، سەندیکای کرێکارانی لۆ لە سوید، و یەکیتی خەباتی کرێکارانی فەلەستین لە ڕامەڵڵا…،واژویانکردوە.
سوپاستان دەکەم.
hkkurdistan.org