ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران، پێینایە ڕۆژی شەشەمی خۆیەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە کەتەعبیرە لەتوڕەیی وبێزاری فراوانی جەماوەر بەرامبەر بەبەرینبونەوەی بازنەی هەژاری و نەداری ونەمانی ئاسایشی خۆراکی وبژێوی و گرانبونی نرخی کاڵاکان و هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن بۆ ئاستێکی بێوێنە، کەبووەتە مایەی مەحرومیەتی گشتی بۆ خەڵک، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو لەکۆمەڵگەی ئێراندا سەریهەڵداوە.
ئەم ناڕەزایەتییانە، کە هەتادێت ڕوو لەفراوانبونەوەدەکات وچین و توێژە جیاجایاکانی کۆمەڵگا پێوەی پەیوەستدەبن، لەوانەش کاسبکاران وخوێندکارانی زانکۆ وسەندیکا پیشەییەکان، بەدوای زنجیرەیەک مانگرتنی کرێکارانی کەرتی نەوت و گازو پیشەسازی پترۆکیمیایی و شەکردا دێت، سیمایەکی نوێی بەدەستەوەداوە. ئەمەش دیمەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز لەخەباتی چینایەتی لەئێراندا دەخاتەڕوو.
ڕژێم لەجیاتی وەڵامدانەوە بەداخوازییە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و بەدەستهێنانی ئازادییەکان و کۆتاییهێنان بەسیاسەتی کوشتار وسەرکوت، پەنای بردووەتە بەر بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی خۆی لە دەیان شاردا کەناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆیەوە گرتووە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکی ناڕازی، لەڕێگەی کوشتن و گرتن ودەستبردن بۆ سیاسەتی سەرکوتگەرانە، کەهەمیشە کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنی هەر دەنگێک کەناڕازییە بەسیاسەتە ئابورییەکانی، پەنای بۆبردووە.
بێگومان ئەم ناڕەزایەتییانە لەکاتێکدایە کەگۆڕانکارییەکی سیاسییە قووڵ ڕووی لەناوچەکە کردوە، کەلەسایەیدا ئەو ڕۆڵ ونفوزەی کەکۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵانی ڕابردوودا لەڕێگەی میلیشیاکان و هاوپەیمانەکانیانەوەو لەسەر حسابی بەتاڵانبردنی ڕەنجی چینی کرێکارو زەوتکردنی خۆشگوزەرانی خەڵکی ئێران بەدەستی هێنابوو، ڕووی لەداشکان وپاشەکشەکردووە. لەدرێژەی هەر ئەمدۆخەشدایە کە ئەمریکا کەوتۆتە هەوڵدانی پشتیوانی چەواشەکارانە لەناڕەزایەتیەکان، -لەکاتێکدا ناسراوە بەپشتگیریکردن لەڕژێمە فاشیستەکان، کەدیارترینیان دەوڵەتی ئیسرائیلە- تا خۆی وەک بەرگریکاری مافی مرۆڤ و پاڵەوانی داواکارییەکانی خەڵکی ئێران نیشانبدات ولەم ڕێگەیەوە هەڕەشەو دەستێوەردانی ئاشکرا بۆ سەپاندنی دۆخی جەنگو نائارامی بکات، وەک هاوشیوەی ئەوەی لەڤەنزوێلادا جیهان شایەتی بوو.
ئێمە حیزبە کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی عێراق و کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی چینی کرێکاری ئێران و جەماوەری تامەزرۆی ئازادی و ژیانێکی پڕ لەشکۆمەندانە، هاوکات هەرجۆرە سیاسەتێکی ئەمریکا وئیسرائیل بۆ دەستوەردان لەم دۆخەدا سەرکۆنە دەکەین، چونکە کارێکی وا ڕاستەوخۆ لەدژی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری بێبەشی ئێرانەو تەنیا خزمەت بەکۆماری ئیسلامی ئێران دەکات وپاساوێک دەداتە دەست ڕژێم بۆ پەلاماردان وسەرکوتکردنی زیاتری ناڕەزایەتییەکان.
جەماوەری عێراق ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکادا هەیە، کەچۆن وڵاتەکەی گۆڕیووە بۆ مەیدانی پەرەگرتنی تیرۆر وکوشتاری مشتێک لەدز وتاڵانچی تا لەسەر پشتی لەشکرکێشی و داگیرکاری ئەمریکاوە بلەوەڕن و نزیکەی دوو دەیەیە کۆمەڵگای عێراق لەگێژاودا ڕابگرن.
بێگومان هەر ئاڵوگۆڕێکی ڕاستەقینە، هەر پێشکەوتنێکی بەرجەستەو هەر سەرکەوتنێک بۆ ناڕەزایەتییەکان لەئێراندا، پەیوەستە بەپاراستنی سەربەخۆیی خەباتی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەش خۆیانەوەو جیاکردنەوەی ڕیزەکانیان لەسیاسەتی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ڕاگرتنی ڕیزی یەکگرتوویی چینایەتی و جەماوەریی خۆیان بەرامبەر بەڕژێمی سەرکوتگەری ئیسلامی لەئێران.
بژی چینی کرێکاری ئێران!
بژی داخوازی دادپەروەرانەی جەماوەری ئێران بۆ ئازادی و یەکسانی!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
٤ کانونی دووەم ٢٠٢٦
hkkurdistan.org