دەبێ دەستبەجێ و بێ قەیدو شەرت سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا ئازاد بکرێن!

بەرواری ٨ی ئەم مانگە، دادگای نەوجەوانانی کەرکوک-گەرمیان سزای زیندانی ٤ ساڵی بەسەر هەردوو تازەلاو سابیر ئەحمەد (تەمەن ١٧ ساڵ) و عەبدوڵا هیوا (تەمەن ١٦ ساڵ)دا سەپاند، کە لە خۆپێشاندانەکانی ئابی ساڵی ٢٠٢٠دا بەشداریان کردووە.
دادگا ئەم دوو تازەلاوەی بە مادەی ٣٤٢ یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سوتاندنی موڵک و ماڵی گشتی سزا داوە. سزادانی ئەم دوو تازەلاوە بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندان و سوتاندنی موڵکی گشتی و بە پێی یاسای سزادانی عێراقی، خۆی تاوانێکی ئاشکرایە… نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کوردستان تەنها کاردانەوەیەکی ئاسایی جەماوەری بێبەشە بەو هەموو نابەراری و ستەم و بێمافی و دزی و گەندەڵیەی سەراپای کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیووە… ئەوەی دەبێت و دەبوو سزا بدرێت، ئەوانەن کە ئەم دۆخە سەختەیان بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانی کوردستان خوڵقاندووە. ئەو سەرە گەورانەی دەسەڵات و دەوربەرەکەیان، کە تەواوی موڵکی گشتییان دەستبەسەردا گرتووە و لەسەر خۆیان و کەسوکاریان تاپۆیان کردووە، شایستەی ئەوەن ڕووبەڕووی سزای توند و سەخت بکرێنەوە، نەک هاوڵاتیان و لاوانێک، کە دژی ئەو جەهەنەمەی دەسەلات سازی کردووە، هاتوونەتە مەیدان.
بەدەستەوە گرتنی سزای یاسای عێراقی لە جێگای یاسای خۆپیشاندان، تاوانێکی ترە بەرانبەر بەو دوو تازەلاوە بەدەستەوە گیراوە، کەمەبەست لێی ترساندنی خەڵک و سەرجەم جەماوەری ناڕازییە. ئیمە لە رێکخستنی گەرمیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ئەو سزایە بە سزایەکی ناڕەوا دەزانین و داواکارین دەست بەجێ و بێ قەیدو شەرت، ئەو سزا قورسە هەڵبوەشێتەوە و هەردوو تازەلاوەکە ئازاد بکرێن و قەرەبوو بکرێنەوە.
مافی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و بە فەرمی ناسینی توڕەیی خەڵک و لاوان لەدەسەڵاتێکی ستەمگەر و دز و تاڵانچی، پێچەوانەی یاسا نییە و نابێ سزای لەسەر بێت… ئەوەی دەبێت سزا بدرێت ئەو دەسەڵات و تاڵانچیانەن، کە گەرمیان و سەرجەم کوردستانیان تاڵان کردووە و هەموو سەرچاوەکانی کار و داهاتیان لەدەستی خۆیان و کەسوکاریاندا قۆرغ کردووە… هەروەها داوا لە خەڵکی ئازادیخواز و ئینسان دۆست و دادوەرانی پێشکەوتنخواز دەکەین ئەم ستەمە قبوڵ نەکەن و بەهەموو ڕیگایەکی دروست هەوڵی ئازادکردنی ئەم دوو تازەلاوە و سەرجەم زیندانیانی خۆپیشاندانەکان بدەن… لەم هەوڵ و تیکۆشانەدا ئیمە لەڕیزی پیشەوەدا رادەوستین.
ڕیکخستنی گەرمیانی
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …