لەیادی مەرگی لینیندا- بژی لینینیزم

مستەفا باهیر

٩٩ساڵ بەرلەئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٢١ / ١/ ١٩٢٤) مرۆڤایەتی بەگشتی‌و بزووتنەوەی کرێکاری بەتایبەتی، زیانێکی گەورەی لێکەوت، بەهۆی ژیان لەدەستدانی ڕابەری مەزنی چینی پڕۆلیتاریا، هاوڕێ “ڤلادمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ” ناسراو بە ” لینین”.

لینین ژیانی تەرخان کرد بۆ خەباتکردن لە دژی نیزامی سەرمایەداری‌و بەدەستهێنانی دونیایەکی باشتر و بە دەسەڵات گەشتنی چینی کرێکار. لێنین  دەستی بۆ دەسەڵات بردو ئەو مەیلەی  خستە لاوە، کە سۆسیالیزمیان بە ئایندە دەسپاردو پێیانوابوو سۆسیالیزم خۆی رۆژێک دێت و سەوزدەبێت!  لینین هەمیشە دەیووت ئه‌رکی کۆمۆنیزمه‌ که‌ دەسەڵات  بگرێتە دەست . لەڕووی کرداریەوە ئەمەی کرد و لە ئۆکتۆبەری ساڵی١٩١٧دا توانی ڕابەرایەتی شۆڕشێکی مەزنی مێژوویی لە ڕوسیا بکات و دەسەڵات ڕادەستی شوراکان بکات. سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە تەنها لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری ڕوسیادا نەبوو، بەڵکو  خزمەتێکی گەورەی بە سەرجەم مرۆڤایەتی کرد، کە کاریگەریەکانی تا ئەمڕۆش دیارە. ژیانی ملیۆنان ئینسانی لە کوشتار ڕزگار کرد بەهۆی هاتنە دەرەوەی ڕوسیا لە بەرەی هاوپەیماناندا لە جەنگی جیهانی یەکەمداو پاشانیش راگرتنی جەنگ و بەستنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیادا. لینین بوە هۆی  ئاشکراکردنی پەیماننامەی (سایکس – بیکۆ) و ماهیەتی ئەم جەنگە ماڵکاولکاریەی بۆ بەشەریەت ڕوونکردەوە.

 

لینین دوایب تەواوکردنی خوێندن ڕوویكرده‌ كاری شۆڕشگێڕانه‌و له‌شاری (پێترۆگراد) ده‌ستی كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ماركسییه‌ت. بەهۆی کاری شۆرشگێڕیەوە له‌ ٧ /١٢ / ١٨٩٥ بۆ ماوه‌ی ساڵێك ده‌ستگیر ده‌كرێـت‌و بۆ (سیبیریا) دوورده‌خرێته‌وه‌. لە مانگی ئەپرێلی ١٨٩٩ كتێبی (گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕوسیا) بڵاودەکاتەوە. له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی ماوه‌ی دوورخستنه‌وه‌كه‌شی له‌ سیبیریا له‌ ساڵی ١٩٠٠ گەشتێکی بە ڕوسیاو ئەوروپادا کرد. لەوێ چاوی بە زۆرێک لە شۆڕشگێرە ڕوسەکان کەوت. هەرئەو ساڵە بە یارمەتی هەندێ لە هاوڕێکانی توانی بڵاوکراوەیەک بەناوی ئایسکرا دەربکات.

لینین ئەندامێکی چالاکی حزبی سۆسیال دیموکرتی ڕوسیا بوو. کاتێک لەساڵی ١٩٠٣ ئەم حزبە دەبێت بە دووبەشەوە، لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکان دەکات. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ لینین ڕابەرایەتی بەلشەفیەکانی دەکرد لە مۆسکۆ . لە دوای شکستی شۆڕش،  پۆلیسی قەیسەری شاڵاوێکی دڕندانەی کردە سەر شۆڕشگێڕان‌و ژمارەیەکی  زۆریان ڕاپێچی زیندانەکان کران و  لە سێدارەدران‌. هەربۆیە بەلشەفیەکان بەهۆی ئەو بارودۆخەوە “لینین “یان گەیاندە فینلاندا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. پاشان ڕووی کردە ئەوروپا‌و لە کۆتایدا لە زویرخ نیشتەجێ دەبێت تا کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا.

لینین لەکاتی ڕوخاندنی قەیسەردا لە سویسرا بوو. هاوڕێکانی  چەند نەخشەیەکیان  دانا تابگەڕێتەوە  بۆ ڕوسیا، بەلام یەک لە دوای یەک شکستی خوارد، تا لە ریگای ئەڵمانیاوە بە شەمەندفەرێکی فارگۆن داخراو، لە ٣ی نیسانی ١٩١٧دا گەشتەوە ڕوسیا. لە لایەن جەماوەریکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا. ڕۆژی دووهەم، واتە ٤ / ٤/ ١٩١٧ لینین  راپۆرتێکی نوسراوی دەربارەی بیرۆکەکانی خۆی پێشکەش بە ڕابەران‌و کادرانی  حزب کرد، کە بە (تێزەکانی ئەپریل) ناسراوە. ڕۆژی ٧ی نیسان لینین لە ڕۆژنامەی پراڤدا بیرۆکەکانی کە هیچ کەس مۆری خۆی لێ نەدابوو، بە ناوی خۆیەوە بڵاو کردەوە.

لینین لەگەڵ ئەندامان‌و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە پێترۆگراد کەوتە قسەکردن‌و گێڕانی کۆرو سیمینار. هەوادارێکی زۆری لە رێکخستنەکانی حزب هێنا بەلای بۆچونەکانی خۆیدا. بۆیە داوای لە حزب کرد، کە لە زووترین کاتدا کۆنگرە بگرێت. لە ڕۆژی ٢٤ ی نیسان تا ٢٩ ی نیسان حزب گونگرەی بەست. لەم کۆنگرەیەدا ١٤٩ نوێنەر کە نوێنەرایەتی٧٩ هەزار کەسیان دەکرد بەشداربوون. لە کۆنگرەدا بیرۆکەکانی لینین گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەوانەی کە دژ بە بۆچوونەکەی لینین بوون، تەنها ٧ دەنگیان بەدەست هێنا. لەلایەکی ترەوە ئەو بەڵینانەی حکومەتی کاتی کە دابووی بە جەماوەری زەحمەتکێش بۆی جێبەجێ نەدەکرن. جەنگ بەردەوام بوو. زەوی لەلایەن دەرەبەگەکانەوە هەر داگیر کرابوو. باری ئابوری زۆر گران بوو، نان بە گرانی دەست دەکەوت. ڕۆژانە کرێکاران پەیوەست دەبوون بە بەلشەفیەکانەوە و لە ناو شوراکاندا ڕێك دەخران‌و لەسەر بەکارهێنانی چەک مەشقیان پێدەکرا.

تروتسکی بۆچونەکانی لەگەل لینین یەکی دەگرتەوە و دەبێت بە بەلشەفی،. لەگەڵ لینین خۆشەویستترین کەسانی گەرەکە کرێکاریەکان بوون. ئەوان ئیستا‌ هیزێکی چەکداری مەشقپێکراوی ئامادە بەکاریان هەیە. حکومەتی کاتی ئەم هێزەی بە مەترسی دەبینی بۆسەرخۆی، بۆیە لە مانگی تەمموزدا بەناوی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هێرشی کردە سەر بارەگای بەلشەفیەکان و بارەگاو ڕۆژنامەکانی داخستن و ژمارەیەک لە ڕابەرانی گیران، یەکێک لەوانە  ترۆتسکی بوو. هەرچەندە حکومەتی کاتی زۆر بەدوای لینیندا دەگەڕا، بەلام بەلشەفیەکان توانیان لینین دەربازبکەن و بیگەیەننە فنلاند. لینین بۆ ماوەی ١١١ رۆژ  لە ٦ / ٧ / ١٩١٧ تا ٢٥ / ١٠/ ١٩١٧ لە فنلاند مایەوە، لەم ماوەیەدا لینین توانی کتیبی (دەوڵەت‌و شۆرش) بنووسێت.

لە کۆتایی مانگی ئابدا سەرمایەداران و دەربەگەکان هانی سوپای ڕوسیایان دەدا تا کودەتایەکی سەربازی بکەن و  حکومەتی کاتی بڕوخێنن، بەڵام بەهاوکاری بەلشەفیەکان و شوراکان تونرا ئەم کودەتایە شکست پێبهێنرێت. دوای ئەوەی بەلشەفیەکان لە شوراکاندا بون بە زۆرینە،  لینین لە مانگی ئەیلولدا داوای ڕاپەڕینی دەکرد. چەند نامەی نارد بۆ کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام نامەکانی پشتگوێ دەخران. تا وای لێهات لینین نامەیەکی توندی نوسی بۆ کۆمیتە ناوەندی‌و داوای وازهینانی کردبوو لە ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی. وتبوی پەنا دەبات بۆ رێکخستنەکانی حزب ‌و بۆ بەستنی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی ناچار بوو لە ڕۆژی ١٠ /١٠/١٩١٧ کۆبونەوەیەک بۆ ئەندامانی کۆمیتە ناوەندەی سازبکات، لە کۆی ٢١ ئەندامی کۆمیتە ناوەندی  ١٢ ئەندام ئامادەبوون . لینین باسی  نەخشەکارەکانی خۆی کرد بۆئەوەی کە ڕاپەرین ئەنجام بدەن. کۆبونەوەکە دە(١٠) کاتژمێری خایاند‌، لە کۆتایدا نەخشەکارەکە خرایە دەنگدانەوە. دە (١٠) ئەندام ڕازی بوون و دوو ئەندامیش موخالیف بوون، کە هەریەک لە کامنیڤ و زینۆڤیڤ بوون. لەم ڕۆژەدا نەخشەکاری ڕاپەرین دانراو لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر بەلشەفیەکان توانیان دەسەڵات ڕادەستی شوراکان بکەن. دوای ئەوەی شوراکان یەکەمین حکومەتی خۆیان پیکهێنا . لینین بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەو حکومەتە.

لە ٣٠ / ٨ / ١٩١٨ لە کاتیکدا کە لینین کۆبوونەوەی بە کرێکارانی کارگەیەک دەکرد، لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا لە لایەن کچێکەوە بە ناوی ( فانیا کابلان) لینین دەداتە بەر دەستڕێژی گولە. سێ فیشەک بەر لینین کەوت. ئەمە بوە هۆی تێکچونی باری تەندروستی. لە ئایاری ١٩٢٢ لینین توشی یەکەم جەلتەبوو، لای ڕاستی توشی شەلەل کرد. لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا توشی جەلتەی دووهەم هات. مەکتەبی سیاسی بریاریاندا کە لینین دانیشێت و کار نەکات. لە مانگی ئازاری ١٩٢٣ توشی جەلتەی سێهەم هات‌و ئەمجارە لە جێگادا خستی‌و لە قسەکردن کەوت. لە ٢١/ ١/ ١٩٢٤ جەلتەیەک لێیداو ئەمجارە بووە هۆی ژیان لەدەست دانی. جەستەی لینین مۆمیا کراو لە گۆرەپانی سور لە مۆسکۆ نێژرا. لەو رۆژەوە ساڵانە بە سەدان هەزارکەس سەردانی گۆڕەپانی سوور دەکەن بۆ بینینی جەستەی مۆمیاکراوی لینین وەکو ڕێزێك بۆ ئەم ڕابەرە مەزنەی پرۆلیتاریای جیهانی.

بەرزوو بەڕێزبیت یادی ئەم ڕابەرە مەزنەی چینی کرێکار

٢١/١/٢٠٢٣

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …