وەستانەوە دژ بە گرانی!

موحسن کەریم

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەرەستە خۆراکی و سەرەکیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵك، ڕاستەوخۆ کاریگەریەکی روخێنەری لەسەر ئاستی بژێوی و گوزەرانی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکیش و کەمدەرامەتەکان داناوە. ئەم دیاردەیە بەتەنها یەخەی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتكێشی لە کوردستان نەگرتوە، بەڵکو بوەتە دیاردەیەکی جیهانی و لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم جیهانەدا، بەشێكی بەرچاوی خەڵكی بەرەو هەژاری زیاتر و بەرەو برسێتی پاڵ پێوە ناوە.  ئەم دۆخە دەرخەری ئەوەیە کە هەرکاتێك قەیران روو لە ئابوری سەرمایەداری دەکات و رێژەی قازانج و سودی کۆمپانیا و دامەزراوە ئابوریەکانی سەرمایەو چینی بۆرژوا کەم دەبێتەوە، هێرش بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دەست پێدەکات، تا قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکەن و ئاست و رێژەی قازانجی سەرمایە و چینی بۆرژوازی نەك لەجێی خۆیدا ڕابگرن، بەڵکو بەرزتریشی بکەنەوە. ئامارەکانی قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ووڵاتانی سەرمایەداری رۆژاوا بەروونی ئەوە دەردەخات کە هاوشانی دابەزینی ئاستی ژیان و گوزەران و چەقبەستنی کرێی کرێکاران و کارمەندان بۆ چەندین ساڵ، بەڵام قازانجی سەرمەیاداران و خاوەن کۆمپانیاکان مووشەك ئاسا زیاد دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزاوەکانی خودی بۆرژوازی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە قەیرانی ئابوری یەخەی سیستەمی سەرمایەداری گرتوە، چینی بۆرژوا، باری سەختی قەیرانەکەی بەسەر شانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا شکاندۆتەوە، هەربەو هۆیەوە کرێ و هەقدەستەکان لەشوێنی خۆیاندا وەستێنراون و هاوکات نرخی کەرەستەکانی ژیان لەهەندێ حاڵەتدا چەند قات زیادی کردوە، کە سەرەنجام گوزەرانی چینە زەحمەکێشەکان بەرەو خراپی و هەژاری ڕەها پاڵ پێوەنراوەو قازانجی سەرمایەدارنیش بەردەوام زیادی کردوە. بۆ نمونە لە بەریتانیا ٢٠٪ دانیشتوانەکەی کە دەکاتە نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس لەخوار هێڵی هەژاریەوە ژیان بەسەر دەبەن. لە ئەمریکا نزیکەی ٣٨ ملیۆن کەس هەموو رۆژێك روبەروی برسێتی دەبنەوەو تێرسکی خۆیان ناخۆن. لە ئەوروپا ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٩٥ ملیۆن کەس مەترسی هەژاری و پەراوێزکەوتنی کۆمەڵایەتییان لەسەر بووە. کە دەکاتە نزیکەی ٢٢٪  ی دانیشتوان.

بەپێی راپۆرتێکی تەلەفزیۆنی ( CNN)ی ئەمریکی  کە لە رێکخراوی (Oxfam) ەوە وەریگرتوە” رێژەی ١٪ ی دانیشتوانی زەوی کە هەرە دەولەمەندەکان دەگرێتەوە، لە ماوەی دووساڵی رابروودا، دوو ئەوەندەی ئەو باقی خەڵکی سەرزەوی داهاتیان هەبووە. واتە ئەوان سامانەکەیان بوە بە ٢٦ تریلیۆن دۆلار، لەکاتێکدا سامانی ٩٩٪ دانیشتوانی زدەوی تەنها ١٦ تریلیۆن دۆلار بووە.” هەر لەو راپۆرتەدا هاتوە: “ئەوانەی کە سامانیان کەمە بەسەختی ژیان بەڕێ دەکەن. یەك ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کرێکار لە و ووڵاتانەدا دەژین کە رێژەی هەڵاوسان لە رێژەی زیادبوونی مووچە زیاترە!”  هەروەها بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت:” لەکاتێکدا خەلکی ئاسایی دەبێ دەستبەرداری هەندێ لە پێداویستیە زەوریەکانی ژیانیان بن، کەچی هەرە دەوڵەندەکان خەونە سەیرو سەمەرەکانیان هاتۆتەدی!  ئەو دوو ساڵەی ڕابردوو ئەم سەدەیەی گۆڕی بۆ باشترین کات بۆیان!”

بەهۆی ئەوەی کە عێراق و کوردستانیش بەشێكن لە کۆمەڵگای جیهانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی بۆرژواز بەسەر ژیان و گوزەران و موقەدەراتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا حوکم دەکات، شکاندنەوەی باری قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانی سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر شانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتدا، بەهەمان یاسا بەڕێوەدەچێت. بەڵام خاسیەتی میلیشیایی و چەتەگەرێتی ئەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی چ لە عێراق و چ لە کوردستان، بوعدێکی خەتەرناکتری داوە بەو هێرش و فشارە بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك.  لە کوردستان و عێراق، خودی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار لەلایەن بانقی ناوەندی عێراقەوە،  نزیکەی لە ٢٠٪ ی  مووچەو کرێ کە بەدینار دەدرێن هێنایە خوارەوە.  لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەی زۆربەی کەرەستە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە دەرەوە و بە دۆلار هاوردە دەکرێ، ئەوەش بارێکی قورستری خستە سەرشانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و نرخی کاڵاکان بە رێژەی ٢٠ تا ٢٥ ٪ چوونە سەر! بەمەش واتە ئاستی بژێوی خەڵکی کەمدەرامەت٤٠- ٤٥٪ هاتەخوارەوە. سەرەڕای ئەوەش نرخی کاڵاکانی ناوخۆش بەرزبوونەوە. بەڵام کرێی کرێکار و مووچەی کارمەندان و مووچەخۆران نەك زیادی نەکردوە، بەڵکو ٢٠٪ بەهاکەی لەدەستداوە. لەپاڵ ئەمانەدا بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و گازو بەنزین و کارەبا و..تاد. بەتەواوی سفرەی خەڵکی چۆڵکردوەو بەشێکی یەجگار زۆری خەڵکی کوردستانی بۆ خوار هێڵی هەژاری پاڵ پێوەناوە.

ئەم دۆخە فشارێکی یەجگار زۆری لەسەر چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و کەمدەرامەت داناوەو بەڕێکردنی رۆژەکانی ژیان بوەتە کارێکی سەخت و ماندووکەر کە لە توانای تەحەمولکردندا نەماوە. لەکاتێکدا سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك و سەربە حزبەکانی دەسەڵات و حاشیەکانیان لەسەر بلۆکی دۆلار دانیشتوون. ئەم دۆخە ناکرێ بەردەوام بێت. ناکرێ خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان بەدیار برسێتی مناڵەکانیانەوە دابنیشن و لەولاشەوە مشتێك تاڵانچی سیاسی و هاوبەشەکانیان لە تاڵانکردنی سامان و داهاتی کۆمەڵگاو داتەکاندنی گیرفانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش ژیانی شاهانە بژین. کاتی ئەوەیە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و مامۆستایان و خانەنشینان و باقی فەرمانبەران دەست بکەن بە قورگی تاڵانچیەکاندا و پاروی دەمی خۆیان و مناڵەکانیانیان لێ بستێننەوە. کاتی ئەوەیە کە بزوتنەوەیەك دژی گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان بەڕێ بکەوێ!

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …