ڕاپەڕینی جەماوەری

مەنسور حیکمەت

)  تێبینی: ئەم باسەی مەنسور حیکمەت وەڵامە بە ڕەخنەی عبدللەی موهتەدی لە مەنسوری حیکمەت و هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستانی عێراق. عبدللە موهتەدی لە ڕابەرانی ناسیۆنالیستی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. باسەکە لە دوو بەش پێکدێت. ڕاپەڕین بەمانا گشیەکەی و ڕپەڕین بەمانای تایبەتی. لەژمارەی پێشووی ئۆکتۆبەردا بەشی یەکەممان لەژێرناونیشانی (ڕاپەڕینی جەماوەری – ڕاپەڕین بەمانی گشتی) دا بڵاوکردەوە و ئەم بەشەی ئێستا بڵاوی دەکەینەوە بەشی دووەمی وتارەکەیە لەژێرناوی (ڕاپەڕینی جەماوەری- ڕاپەڕین بەمانای تایبەتی)؛ وەرگێڕانی؛ موحسین کەریم- مارسی ٢٠٢٣)

ڕاپەڕین بەمانای تایبەتی

سەبارەت بە ڕاپەڕین بەمانا تایبەتەکەی، واتە کردەوەی چەکدارانەی جەماوەر بۆ تێکشکاندنی ئامێرەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی رژێمی دەسەڵاتداریش دوچاری سەمای سۆفیانە( سماع عارفانە) نابم. ڕاپەڕین بەم مانا تایبەتەی و ئەو چوارچێوەیەی کە بەخۆیەوە گرتوە تاکتیكی ئەم قۆناغەی بزوتنەوەی چینایەتی من نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی جێمەبەستی بزوتنەوەی میللی لە کوردستان بوو. من بڕوام وایە کە بزوتنەوەی کرێکاری و پێشرەو لە کوردستانی عێراق بەبێ چەکداربوون، بەبێ ڕاپەڕین بەجێگایەك ناگات. بەڵام دەکرێ ڕاپەڕین پێشوەختە بێت و یان بوعدەکانی لەسنوری جێمەبەستی ئەم بزوتنەوەیە زیاتر بڕوات. لەم حاڵەتە دیاریکراوەدا، کە بەقسەی خودی هاورێ موهتەدی ” شوراکان لەدڵی ڕاپەڕینەوە سەریان دەرهێنا” و نەك بەپێویست ” ڕاپەڕین لە دڵی شوراکانەوە”، بەتایبەت پێموایە ڕاپەڕینی گشتی، لەژێرکاریگەری ئاسۆی بزوتنەوەی میللیدا کە ئیمکانی سەرکەوتن و دەسەڵاتی حکومەتی کوردستانی لە گیرفانی خۆیدا دەبینی، زیاتر لەوەی کە بتوانێ پەیوەندیەکی بە ئیرادە و  تەشخیسی بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی چینی کرێکارەوە هەبێت، بارودۆخێك بوو کە کرێکاری کورد لە عێراقدا بەکردەوە خۆی تێدا بینییەوەو تیێکەوت. لەوەڵام بە “پردی سیراتەکەی” هاورێ موهتەدی سەبارەت بە پشتیوانیکردن یان نەکردن لە راپەڕین” بەم مانا تایبەتەشی” بەخستنەڕووی سەرخەتی هەڵوێستی خۆم ئیکتفا دەکەم؛

١/ ڕاپەڕین، باش یان خراپ، ئەڵقەیەك نەبوو لە جموجوڵەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی کورد، بەڵکو بەشێك بوو لە ستراتیژی بزوتنەوەی میللی و حزبەکانی و هەر ئەو جموجوڵانە بوون کە دەوترا سەرەتا لەلایەن ئەمریکاوە هان دراو  دواتریش پشتی تێكردن. بە مانایەکی دیکە، سەربەخۆ لەپێکهاتەی ئەوانەی ڕاپەڕینیان کردو ئەوانەی یەکەم فیشەکەکانیان تەقاند، ڕاپەڕین تاکتیکی بزوتنەوەی میللی بوو کە بووبووە ئاسۆی گشتی و دەبێت لەهەمان چوارچێوەدا هەڵسەنگاندنی بۆبکرێت. ئەگەر ڕاپەڕین ڕاست بوو ئەوا تاکتیکی بزوتنەوەی میللی ڕاست بوو، ئەگەریش هەڵە بوو ئەوا تاکتیکی بزوتنەوەی میلیی هەڵەبوو.

٢/ سەرکەوتنی ڕاپەڕین لەسەرەتاوە، بەڵگەی ئەوە نەبوو کە لە ئاکامی دروستبوونی بزوتنەوەیەکی سیاسیەوە توانای واقعی ڕاپەڕینێکی جەماوەری فەراهەم بووبوو. لەهەرکەس بپرسیت، دەڵێت، وخودی هاورێ موهتەدیش بەکردەوە بە باسی” شکستی دەرەکی- ڕاپەڕینی ناوخۆیی” هەمان شت دەڵێتەوە، کە باسەکە دەربارەی سوود وەرگرتن لە فرسەتێك بووە کە ئاکامی هەوڵەکانی هێزە باڵادەستەکان بووە. ئەمە هەر لەسەرەتاوە ئەوە نیشان دەدات کە گەڕانەوە بۆ ئەم راپەرینە بەتەنها وەکو هەڵسانی جەماوەر، چەند فاکتەری گرنگ کەمرەنگ دەکاتەوە. روویەکی ئەم دیاردەیە پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بوو لەلایەن خەڵک و هێزە چەکدارەکانەوە، نەك سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە مەیدانی سەربازیدا. دەزانم کە ” ئەمن” و “ئیستخبارات” بەتوندی لەبەرامبەر خەڵكدا بەرگرییان کرد. بەڵام پێموانیە کە لە هەڵسەنگاندنی لەپێشداو “کلاسیک”انەی هیچ کەسێكدا بۆ ڕاپەڕینی کوردستانی عێراق، ئەوە بە خەیاڵدا هاتبێت کە سوپای عێراق بێدەنگ دادەنیشێت. هەربەوەندەی کە ئەم سوپایە دەخالەت دەکات و هەلیکۆپتەرەکانی دەبینرێ، ڕاپەڕین، بەپێچەوانەی ئەو چاوەڕوانیەی کە لەڕاپەڕینێکی جەماوەری دەکرێ، لەگەڵ بەرگریەکی زۆر بچووکدا( بەبەروارد بە خێرایی و گەورەیی پێشڕەویەکانی) دەپوکێتەوەو نامێنێ. واقعیەت بەمجۆرە ئەوە نیشان دەدات کە لێکدانەوەی بۆرژوازی کورد پشتبەستوو بە سوودوەرگرتن لەفرسەت لەپێناو زۆرترین و هەمەلایەنەترین باڵادەستی سەربازیدا هەڵەبووە. لەبەرئەوەی کە هەرچەندە لاوازیی حکومەتی ناوەندی و شەلەلبوونی هێزەکانی فرسەتی مادی بۆ پێشرەوی سیاسی و  تاڕادەیەك سەربازی پێکهێنابوو، کە دەبوایە سوودی لێوەربگیرایە، بەڵام ڕاپەڕین و پێشرەویکردن بەم ئاراستەیەدا بە ڕەچاوکردنی ئاگربەستی ئەمریکاو عێراق و ئایندەی مانەوەی رژێمی عێراق، بۆ کەسێك کە توانای پاراستنی هەنگاوەکانی خۆی بەشێوەیەکی بابەتی نیە، بەتەواوی هەڵەبوو. شایی و لۆغانی پۆپۆلیستە دڵسۆزەکان بۆ حاڵی خەڵک بۆئەم پێشرەویە لەوەش هەڵەتربوو. بەیەك ووشە فکرەی ڕاپەڕینی جەماوەری بە دەربڕینە “کلاسیک”ەکەی و ئەنجامیگری کلاسیکترەکەی، بەتایبەت ئەگەر ئینسان دوای تەواوبوونی مەراسیمی پیرۆزکردنی جەماوەر هێشتا بەدوای رۆڵی پێشڕەوەوە بێت لە داهاتوودا، دەبێ بەجدی تەعدیل بکرێت.

٣/  سەبارەت بە خودی ئەوانەی ڕاپەڕینیان ئەنجام داو پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان، تەسویرێکی کەموکورت و سەرلێتێکدەرانە لە بۆچوونەکانی لایەنگرانی ئەمڕۆی ناسیۆنالیزمی کورد لە حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا لەوانە هاورێ موهتەدی دەدرێت بەدەستەوە. گوایە هەمیشە پێشرەویەکان و  هەنگاوەکان کاری کرێکارو زەحمەتکێشی کورد لەهەمان قامەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتییاندا، و  لەوەش خراپتر کاری شوراکانی دواتر بووە. ئەوە ڕۆشنە کە کرێکارو هەڵسوڕاوی شورایی “لەماوەی ڕاپەڕین”دا لە پەلامارێکی چەکدارانەدا بۆسەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی  و بیرۆکراسی ئیداری  رژێمی عێڕاق بەشدارییان کرد، بگرە لەریزی پێشەوەدا بوون. بەڵام هیچ ئینسانێك کە رێز بۆ عەقڵی خۆی دابنێت نایەوێ لە لێکدانەوەی خۆیدا بۆ روداوە چەکداریەکانی کوردستانی عێراق، رێکخراوە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسۆنی میللی و ئەو هەموو چەکدارەی خودی رژێم لە کوردستان(“جاشەکان”ی پێشوو کە بەڕواڵەت لەلایەن ڕاپەڕینەوە پاککردنەوە(غسل تعمید)ی شۆڕشگێڕانەیان بۆکرا و ئیتر بەعەشایەرناوبردنی ئەوانە، هاورێ موهتەدی ناڕەحەت دەکات) نەبینێت. هیچ ئینسانێکی جدی پەیدانابێت کە پێشڕەویی ڕاپەڕین تەنها لە توانای ئاگری چەکی ئەو هێزانەدا کورت بکاتەوە کە لەبەردەم  بارەگای رژێم لە سلێمانیدا کۆبوونەتەوە و هەموو هاوسەنگی سەربازی تازە، کە ئاکامی سەرلێشێواوی هێزەکانی رژێم لەلایەك و بەسیجبوونی دەیانهەزار پێشمەرگەی کۆن و یان ئەو چەکدارانە بوو لەلایەکی دیکەوە، کە تازە سەنگەریان گواستبوەوە دژ بە هێزەکانی دەوڵەت، فەرامۆش بکات. ئەگەر تەسویری ڕاپەڕینی تەنها کرێکاری و لە بنەڕەتدا شورایی هاورێ موهتەدی قبوڵ بکەین ئەوکاتە دەبێ وەکو ئەوان تووشی شۆك بین کە بۆچی ئەم بزوتنەوە چەکداریە کرێکاریە بە خۆڕاوەشاندنێکی  سوپای عێراق تووشی شکست بوو؟

…..

لە “ڕاپەڕینی جەماوەری”دا تەنها کرێکاران و زەحمەتکێشان نین کە بەشداری دەکەن، هەموان، هەر لە خوێندکارانەوە تا کوڕی حاجی مارسیدس سواری ئەندامی ئەنجومەنی دژی بەهایی و ساواکی پێشوو، بەشداری دەکەن. ڕاپەڕینی کرێکاری و بەلشەفیکی شتێکی دیکەیە. لێرەدا ئیتر پێویستە ڕاپەڕین لە دڵی شورا و بزوتنەوەی کرێکاریەوە سەرهەڵبدات و نە بەپێچەوانەوە. لێرەدا ئیتر سوپا بێلایەن و بێکاریگەر ناکرێت، ئیتر ئۆرگانەکانی بەرهەمی ڕاپەڕین، تەمەنیان هەرچەندە بێت، لە چینی ڕاپەڕیو پێکدێت و پێویست ناکات بۆ هیچ بەرەیەکی چەکداری بۆرژوازی کڵاوی سەریان دابکەنن. ڕاپەڕینی جەماوەری بەدڵنیاییەوە بایەخی خۆی هەیە. بەڵام کرێکاری بەشداربوو لە ڕاپەڕیندا  لە شەوق و زەوقی کەسانێك کە بەشێوەی گشتی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەن و ئەو ناکۆکیە سیاسی و سەربازیانەی کە لە خەسڵەتی سەرووچینایەتی و “خەڵکی” ڕاپەڕینەوە سەرچاوە دەگرێ، یا نابینێ و یاخود سەرپۆشی بەسەردا دەدات، زەرەرمەند دەبێت. ڕاپەڕین وهەڵسانی چەکدارانە لە کوردستانی عێراق کاری تەیفێك لە هێزە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان بە بەرژەوەندی جیاوازو ناکۆکەوە بوو. ئەمە لە نوسراوەی پێشوومدا، کە گوایە ئەوەندە سەبارەت بە ڕاپەڕینی جەماوەری بێدەنگ بووە کە ئایەتی “کەواتە بۆچی ئاوارەبوون” لەبەرامبەریدا هاتۆتە خوارەوە، بەهەمانشێوە ئاماژەی پێکراوە.

لەدوای ئەم پێشەکیەوە ئیتر روونە کە وەڵامی من بە  پرسیاری پشتیوانیکردن یان نەکردن لە ڕاپەڕینی چەکدارانەی کوردستانی عێراق بەڵێ یان نەخێرێکی سادە نیە. من خۆنواندنی چەکدارانەی کرێکاری کورد  لەم دەورەیەدا لە بوعدێکی دیاریکراودا بەدروست و بەجێ دەزانم، بەڵام پشتیوانی لە ڕاپەڕینی هەموان لەو بوعدەدا کە بەخۆوە گرتبووی و لە بزوتنەوەی دەستبەسەراگرتنی شارەکان و ناوچە نەوتیەکان ناکەم. بەبڕوای من هەڵسانێك بەو بوعدانەیەوە بەهۆکاری باڵادەستیی بزوتنەوەی پێشمەرگانەی ئۆزیسیۆنی میللی و لەسەر بنەمای ئاسۆی بەدەستهینانی دەسەڵات بەهەوای ئەمریکا بەشێوەیەکی خێرا، بەسەر کرێکار و زەحمەتکیشی کورد دا سەپێنرا. بەبڕوای من بزوتنەوەی کرێکاری دەیتوانی چەکدار بێت، لەڕێگای دەرگیری سنوردارو لۆکاڵی و لە بنەڕەتدا بە دروستکردنی ریزێکی چەکدار و رێکخراوی کرێکاری بوونی فەزای ئازادیی سیاسی و توانای کاردنەوەی کرێکاری چ بەرامبەر بە رژێمی عێراق و چ بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی میللی، کە درەنگ یان زوو لە سەر شاخەکانەوەو لە تاران و واشنتۆنەوە دەگەڕێنەوە، بۆ دەورەیەکی درێژماوەتر مسۆگەر بکات.

بەبڕوای من بزوتنەوەیەکی چەکداری هێرشبەرانە کە ئارەزوی دەستبەسەراگرتنی ناوچەکان و ئازادکردنی کوردستانی هەیە، ناتوانێ خۆی لەوە لابدات کە یەکەم؛ خۆی نەبەستێتەوە بە سیاسەتی دەخالەتگەرانەی ئەمریکاوە و بەوەوە نەناسرێتەوە، دووەم، لەژێر باڵادەستیی سیاسی و سەربازی ئۆپۆزیسیۆنی میللیدا لەنگەر نەگرێت، و سێهەم ، نەکێشرێتە شەڕێکی مان و نەمانی پێشوەخت لەگەڵ سوپای دەوڵەتی عێراقدا کە بۆ پاراستنی بوونی خۆی  بەناچاری پەلامار دەدات. ئەمە ئەو شتەبوو کە ڕوویدا. بەبڕوای من ئاستی گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی لە کوردستانی عێراق(لەوەش گرنگتر لە هەموو عێراق)، لەڕووی سیاسی و ڕادەی رێکخراوبوونەوە، هێشتا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی کە ئەم بزوتنەوەیە بتوانێ شەیپوری ڕاپەڕینی چەکدارانەی کۆتایی لێبدات. ئەرکی بنەڕەتی بەهێزکردنی ئەم بوعدانەی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران بوو لە ڕەوتی لاوازبوونی  دەوڵەتی ناوەندی و لەژێرسایەی توانای بەرگری چەکدارانەی بزوتنەوەی کرێکاریدا لەخۆی. بەدیهێنانی دەسەڵاتی دوولایەنە بەرامبەر بە رژێم و ئۆپۆزیسیۆن و بێکاریگەرکردن و بێزیان راگرتنی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی و بۆرژوازی خۆیی بۆ دەورەیەکی هەرچی درێژماوەتر، کە بتوانرێ لەوماوەیەدا  ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆ و باڵادەستیی جەماوەری گەشە بکات و جێگیربکرێ، ئەمە بە بڕوای من دەبوایە ناوەرۆکی  سیاسەتی سەربازی بزوتنەوەی کرێکاری لەم دەورەیەدا بێت.

 ئەم وەرگێڕانە (بێجگە لەچەند بەشێکی کەم نەبێ کە بەپێویستم نەزانی) زۆربەی نوسینەکەی هاورێ مەنسور حیکمەت دەگرێتەخۆی کە لەژێرناوی ( ڕاپەڕینی جەماوەری) نوسیویەتی..

لە کتێبی” قەیرانی کەنداو و روداوەکانی کوردستانی عێراق” بەڵگەنامەی قسەوباس و جیاوازیەکانی ناوخۆی باڵەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران.. دێسەمبەری ١٩٩٣ چاپکراوە..

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …