نوێنەری حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لە عیراقی نوێدا !

مستەفا باهیر

لەدوای ئەوەی هێزی هاوپەیمانان توانیان لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ دا، حکومەتی بەعس بە سەرۆکایەتی “صدام حسین”  بروخێنن، عێراقی نوێ لەسەر بنەمانی تایفی و قەومی و پشک پشکێنە دروستکرا. بەپێی ئەم دابەشکردنە  لە ٪٥٠ پۆستەکان درا بەشیعەو لە ٪٢٥ بۆ سونەو لە  ٪٢٠ بۆ کوردەکان و لە ٪٥ یش بۆ ئەوانیتر. حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد دەورێکی باڵایان هەبوو لە دروستکردنی عێراقی نوێدا، بەناوی کوردەوە لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا  بەشدار بوون و کۆمەڵێک پۆستی باڵایان وەرگرتوە.  بۆنمونە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق  هەمیشە لای نوێنەرانی کورد، بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  بووە،  چوارکەسی سەر بەم حزبە ئەو پۆستەیان وەرگرتوە. هەروەها تاوەکو ئێستا حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد زیاتر لە ٤٠ پۆستی وەزارییان وەرگرتوە، زۆربەی کات پۆستی “وەزیری دەرەوە و ، وەزیری دارایی” لای  نوێنەری ئەم حزبانە  بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوە.  لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقدا نوێنەرانی ئەم حزبانە چەندینجار پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقیان وەرگرتوە. هەروەها بەهاوکاری حزبە ئیسلامیەکان  لە ساڵی  ٢٠٠٣ وە تاوەکو ئێستا واتە لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا  زیاتر  لە ٤٣٠  کەسیان لە  ئەندام و هەواداری  خۆیان ناردوەتە  بغداد و بوون بە ئەندام پەڕلەمان،  بۆ جارێکیش  پۆستی  سەرۆکی پەڕلەمان لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  بووە. ئەمە بێجگە لە وەی  کە چەندین پۆستی جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و سوپاسالارو  فەرمانبەری پلە باڵای سەربازیان وەرگرتوە…. .تاد . ئەمانە مانگانە  موچەیەکی زۆر باش وەردەگرن، بەناوی ئەوەی بەرگری لەخەڵکی هەژاری کوردستان دەکەن و نایەڵن ئەو کارەساتانەی  کە لەحکومەتەکانی پێشودا بەسەر خەڵکی هەژاری کوردستاندا  هاتوە دووبارە بێتەوە. بەڵام ئەگەر سەیرێکی کارو کردەوەی ئەم حکومەتە “نوێیەی عێراقیش” بکەین بۆمان دەردەکەوێت  کە ئەمانیش وەکو باقی حکومەتەکانی پێشوتری خۆیان،  هەر  لە” عبدالکریم قاسم ” ەوە  تا “صدام حسین ”  هەمیشە لەسەرەتاوە کاتێک کە پێویستیان  بە ئارامیی و سەقامگیری هەبوە، بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی خۆیان لە عێرق بسەپێنن،  لەگەڵ حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد ڕێکدەکەون و پارەیەکی باش و کۆمەڵێک پۆستی باشیان دەدەنێ.  کاتێکیش کە بەهێزدەبن، دەسکەوتەکان لە حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد وەردەگرنەوە و کێشەو ناکۆکی دەکەوێتە بەینیان  و باجەکەی خەڵکی عێراق بەگشتی و خەڵکی هەژاری کوردستان بەتایبەتی  دەیدات. نمونەی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و سێدارەو ئاوارەیی و……تا. هەموو ئەمانە ئەنجامی کێشەو ناکۆکی بەینی حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و  حکومەتی ناوەند بووە. حکومەتی نوێی عێراقیش کە شیعەکان گەورەترین هێزن تیایدا، وەک باقی  حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لەسەرەتاوە زۆر لەگەڵ حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد ڕێکبوون و پارەو ئیمکاناتی باشیان خستوەتە بەردەستیان، کاتێکیش حکومەتی ناوەند یاخود حزبە شیعەکان بەهێز دەبن دووبارە وەکو دەسەڵاتدارانی پێشوی عێراق  پەلاماری خەڵکی هەژاری کوردستان دەدەن. بۆنمونە ،  لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧  بەفەرمانی “عەبادی” سوپای عێراق هێڕشی کردە سەر کوردستان و کۆمەڵێک  ماڵی هاوڵاتی کورد زمانی سوتاندو ژمارەیەکی زۆریش ئاوارە بوون تاوەکو ئەم ساتە  بەشێکیان هەر ئاوارەن. مادەی ١٤٠ کە دەبوایە لە ساڵێ ٢٠٠٧  کۆتایی بهاتایە، بەڵام  تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتوە، هەرلایەک بەهێزبێت لاکەی تر لە زەوی وماڵی خۆی دەردەکات، وا بۆ جارێکی تر ئەو کێشەیە سەری هەڵداوەتەوە ڕۆژانە لەبەینی” کورد، عەرەب،  تورکمان” لەسەر ئەو زەویانە  کێشە هەیە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێمووچەن ، بەهۆی کێشەی سیاسی بەینی حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد وحکومەتی ناوەندەوە ، کێشەی وەرگرتنی مووچەیان هەیە و تائیستا  چارەسەر نەکراوە. هەر لەم رۆژانەدا  سوپای عێراقی بەهێزی سەربازی لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، ماڵە کورد زمانەکانی دەردەکردو ماڵی عەرەب زمانی دەخستە شوێنیان کە ئەمەش دەبێتەهۆی قوڵبونەوەی کینەی قەومی لەبەینی نەتەوە جیاوازەکاندا.

بەکورتی دەمەوێت بڵێم لەوکاتەوەی کە حکومەتی ناوەند بەهێز بوە و هێرش دەکاتە سەر خەڵکی هەژاری کوردستان، دەمەوێت بپرسم  ئایا حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و نوینەرەکانیان چ هەڵوێستێکیان هەبوە ؟ ئایا نوێنەرانی ئەم حزبانە  لەماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا چی دەسکەوتێکیان بۆ خەڵکی  هەژاری کوردستان هەبوە؟  ئەگەر ئەمانە  نەبونایە خەڵکی  هەژاری کوردستان چی لەدەستدەدا؟

بێگومان وەڵام ئەم پرسیارانە ئەوەیە  کە  حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و نوێنەراکانیان  هیچ دەسکەوتێکیان بۆ خەڵکی هەژاری کوردستان نەبوەو نابێت، هیچکات لەسەر ئەو زوڵمەی کە حکومەتی ناوەند دەیکات لەخەڵکی کوردستان نەک هەر دەنگیان نەبوە بەڵکو ئەوانیش یەکێک بوون لەهۆکارەکانی ئەو زوڵمە، بەهۆی  دزینی سەروەت وسامانی کوردستان و عێراق بۆ خۆیان و دەستو پێوەندەکانیان.  خەڵکی هەژاری کوردستان دەبێت  باش بزانن کە حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و نوێنەرەکانیان لە حکومەتی عێراقدا  هیچکات بەتەنگ  کێشەو گیروگرفتەکانی خەڵکی هەژاری کوردستانەوە نین، ئەوان تەنها دەیانەوێت مووچەو پلەو پۆستەکانیان پارێزراو بیت، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لە دەسەڵاتدارانی ناوەند نزیک بکەنەوە تا پلەو  پۆستی زیاتر وەرگرن. حزبەکانی کوردایەتی  و نوێنەرەکانیان لە عێراق هیچکات کێشەیان نیە، مووچە خۆرانی کوردستان بێمووچەن ، کێشەیان نیە، جووتیارانی کوردستان پارەی گەنمەکەیان وەردەگرن یان نا ، کێشەیان نیە، خانەنشینێکی عێراقی دوو هێندەی خانەنشینێکی  کوردستان وەردەگرێت ، کێشەیان نیە. خانەنشینی بەتەمەن لەسەرەی موچەدا دەمرێت، کێشەیان نیە. کە خەڵک تاوەکو ئێستاش ماڵەکەی بە سوتاوی ماوەتە ، کێشەیان نیە. کە کوردزمان لە کەرکوک  لە لایەن سوپاوە لەماڵەکەی خۆی  دەکرێتەوە درەوە. بۆیە نە ئەو  حزبانە  نە نوێنەرەکانیان ، نوێنەرایەتی خەڵکی هەژاری کوردستان ناکەن.

بۆیە دەبێت کرێکاران و زەحمەتکێشان، مامۆستایان، مووچەخۆران بەقەدەر سەرە دەرزیەک باوەڕیان بەوە نەبێت کە لەڕیگای نوێنەرانی ئەم حزبە کوردیانەوە ژیان و گوزەرانیان باشبێت، نە حکومەتی عێراقی  مەبەستێتی ژیانو گوزەرانی خەڵکی کوردستان باشکات، نە ئەو نوێنەرانەش لە هەوڵی ئەوەدان.  تەجروبەی ٢٠ ساڵەی نوێنەرانی  حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد  و حکومەتی ناوەند ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە کە  نەیانتوانیوە  هیچ سودێکان بۆ خەڵکی بەشمەینەتی عێراق و کوردستان هەبیت. نابێت باوەڕمان بە قسەو بەڵێنەکانیان هەبێت. بۆیە  ئەگەر”کرێکاران، خەڵکی هەژاری کوردستان، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان”……تا.  دەیانەوێت ژیانیان باشبێت، موووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەرگرن، خزمەتگوزاریەکانیان باشبێت وئاوکارەبایان هەبێت، بیمەی بیکاری و تەندروستیان هەبێت و دەرگای قوتابخانەکانیان کراوەبێت، دەبێت کۆتایی بەم سیستەم و دەسەڵاتە بێنن. تەنها لەڕێگای ڕاماڵینی ئەم  دەسەڵاتەوە، خەڵکی کوردستان دەتوانن خۆشگوزەران بژین. بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەش دەبێت  خۆمان ڕێکخراوکەین و شوراو ڕێکخراوەکانی خۆمان  لە شوێنی کارو ژیانمان  دروست بکەین و لەگەڵ هاوچینەکانمان لە عێراقدا هاو ئاهەنگ بین.

٨ی ١ی ٢٠٢٤

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …