بنبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هاوکاتی وێرانکەرترین بۆردومان لە مێژوودا

عوسمانی حاجی مارف

لە ماوەی سێ مانگدا، دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە جینۆسایدێکی بێوێنە ئەژمار دەکریت، بۆردومانەکەی ئیسرائیل وێرانکاریەکی گەورەتری لەوەی ئەڵمانیا لێکەوتەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا تووشی بوو.

ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە غەززە بوونە قوربانی زیاتر لە ٢٢٠٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش ئەو ژمارەیە ڕۆژانە، یان تەنانەت هەر کاتژمێرێک لە زیادبووندایە، بۆیە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستی دەستبەجێی ئەم داگیرکاریە دەکەن.

لەنێوان ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٥ کاتێ هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی ٥١ شار و شارۆچکەی گەورەی ئەڵمانیا، نزیکەی ٤٠% بۆ ٥٠%ی ناوچە شاریەکانیان لەناوبردووە، ئەم ڕێژەیە یەکسانە بە١٠%ی کۆی بیناکانی ئەڵمانیا، لەکاتێکدا تا ئێستا وێرانکاریەکانی غەززە کاریگەریان لەسەر نزیکەی ٣٣%ی بیناکانی هەبووە، هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، یەکێکە لە توندترین هەڵمەتی سزادان بە دژی خەڵکی مەدەنی لەمێژوودا، بێگومان دەتوانرێت بخرێتە ڕیزی یەکەمی لیستی وێرانکەرترین هەڵمەتەکانی بۆردومانی تائێستا لە جیهاندا.

ئیسرائیل وەها بانگەوازی هەڵمەتە سەربازیەکەی دەکات کە دوو ئامانجی هەبووە: یەکەم نەهێشتنی هێزەکانی حەماس و دووەم ڕزگارکردنی زیندانیەکان (نزیکەی ١٢٩ زیندانی) کە تائێستاش لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن.

ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەش دەکات کە زۆرێک لە پێگەی حەماسی وێران کردوە و سەدان تونێلی کردۆتەوە و ٧ هەزار چەکداری حەماسیشی کوشتووە، کە ژمارەیان بە نزیکەی ٥٠ هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت!. بەڵام هێشتا سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن تاکە ڕێگە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی فشاری سەربازیی توندترەو بە ئەنجام دەگات!.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان ترسیان لەوە هەیە کە تەقینەوەکان ژیانی ئازیزانیان بخاتە مەترسییەوە. ئەو دەستگیرکراوانەی مانگی ڕابردوو لەکاتی ئاگربەستی هەفتەیەکدا ئازادکران، ڕایانگەیاندوە، کە چەکدارانی حەماس لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەیانگوازنەوە، بۆئەوەی لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل دوور بکەونەوە، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە هەندێکیان لەکاتی ئەم بۆردومانەدا بریندار بوون. ئەمەش بەشێوەیەکی بەردەوام چڕی ڕەخنە ناوخۆییەکان لە سەر حکومەتی ئیسرائیل زیادی کردووە.

هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە، ئیسرائیلیەکان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژئاوا، پەرە بەو شتە دەدەن کە پێی دەڵێن “ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکەیان” لەم بارەیەوە تیۆریزەی ئەوە دەکەن کە ئەتوانن حەماس لە کەرتی غەززە بە تەواوی لەناو ببەن، پاشان ئیسرائیل هەربۆ خۆی چارەنووسی حوکمڕانی لە غەززەدا دیاری دەکات. ئەم پلانە لەسەر بنەماکانی ئاوارەکردنی زۆرەملێ و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین لە غەززە دامەزراوە. پاشان دەیگۆڕێت بۆ شوێنی نیشتەجێبونێکی نوێ، هەر وەک چۆن ئیسرائیل پێشتر لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا و لە باقی ناوچەکانی فەلەستین کردبووی. بەڵام واقیعی مەیدانی سەربازی و مەیدانی شەڕ لە غەززە و باشووری لوبنان و دەریای سوور ئەم خەونەی ئیسرائیلی کردۆتە کابوسێک و بۆخۆیان دییان کە زیاتر لە ناو غەززەدا نوقم بون و چەقیون، کە پاشەکشەکردن شکستەو چونەپێشەوەشیان هەر شکستە، لەهەمانکاتدا بوو بە بەخشین و پێدانی ئیمتیازاتێک بە حەماس!.

ئیدارەی ئیسرائیل گوایە وەها کاردەکات بۆئەوەی بتوانێت هیوای دانیشتوانەکەی بەدیبهێنێت و ئاسایشیان بۆ دابین بکات، هەروەها خەونەکانی بایدنیش بەهەمانشێوە، وەک ئیدارەی ئێستای ئەمریکا تەنها لە چاویلکەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە سەیری ئەو شەڕە دەکات، بۆی گرنگ نیە گەر تەواوی دانیشتوانی غەززەش لە ناوبچن، ئەمڕۆ بایدن بە پشتیوانیکردنی بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل، بەشێوەیەکی چالاکانە دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کردوە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی هاوسۆزی و دەنگی دەنگدەرانی ئەو ئەمریکیانەی لایەنگری ئیسرائیلن، هەڵبەتە لایەنگرانی ئیسرائیل ڕێژەیەکی بەرچاون.

ئەمریکا لە بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕی غەززەوە پشکێکی زۆری هەبووە لە زیادکردنی سەختی ئەم شەڕەدا، لەلایەکی ترەوە تەواو دەستی حکومەتی ئیسرائیلی ئاواڵا کردوە کە بۆردومانە بێوێنەکانی ئەنجام بدات، بۆیە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا ڕووبەڕووی ناکۆکی و شەڕێکی سەخت بۆتەوە، جۆ بایدن لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە دۆخێکی هەستیاردایە تائەوەی تەنها پشتیوانی بە لایەنگرانی ئیسرائیل ببەستێت.

ئێستا بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا، داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن تا دەنگ بە بایدن نەدرێت، چەندین ڕاپرسی ئاشکرایان کردووە کە ٧٠%ی دەنگدەرانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٤ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەکەن. پشتیوانی حکومەتی ئیسرائیل ئیتر کۆدەنگی لە نێوان خودی گروپ و ڕێکخراوە جولەکەکانیشدا نییە. گەورەترین بەڵگەی ئەمەش بەشداریی زۆری جولەکەکان بوو لە نێوان هەزاران خۆپیشاندەردا کە لەبەردەم ماڵی جاک شومەری سیناتۆری ئەمریکی کۆبوونەتەوە، بۆئەوەی داوای لێبکەن تا سیاسەتمەداران چیتر، هاوکاریەکانیان بۆ سوپای ئیسرائیل ڕابگرن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هیچ کاندیدێکی دیموکرات ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەبێ پشتیوانی زۆرینەی دەنگدەرانی گەنج و ئەمریکیەکانی بە ڕەچەڵەک عەرەب، ئەمە جگە لەوەی جیاوازی پشتگیریکردن لە ئیسرائیل ڕژاوەتە ناو پێکهاتەکانی جولەکەکانیشەوە، پێدەچێت چاوەڕوانی بایدن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە، پێداگری بێت لەسەر پێشکەشکردنی پشتیوانی کوێرانە بۆ ئیسرائیل، کە لە کوشتاری بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی ناوەستێت، ئەم حاڵەتە دودڵی لە نێو رۆژئاواشدا پێکهێناوە کە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ناسراون.

ڕەنگە باشترین شێواز کە ئێستا لەبەردەستی سەرۆکی ئەمریکادایە، ئەگەر بیەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێت دەستبەجێ ڕێگا کوێرەکەی خۆی لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بگۆڕێت وپێچەوانەی کاتەوە.

ئاشکرایە ئێستا لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەگشتی ئیسرائیل وەک حکومەتێکی تیرۆریستی سەیری دەکرێت، لە هەمانکاتدا ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی  دەسەڵاتی فەلەستینی کردووە، ئێستاش ڕێگەی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززەی گرتۆتەبەر، هەوڵی بەربەستکردنی ڕێبازی “چارەسەری دوو دەوڵەتی” دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نییە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا.

بەڵام ئەوەی دەیبینین لەناوبردنی تەواوەتی حەماس لەڕووی واقیعیەوە بووەتە مەحاڵ، لەو کاتەوە شەڕی بەربەریانەی بەردەوامی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان لە غەززە ئەنجام دراون، وەک پەرچەکردارێک ئاماژە بەوە کراوە کە جەماوەری حەماس زیادی کردووە، بە تایبەت لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە بزووتنەوەکە هێشتا کاریگەری و پشتیوانیەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی فەلەستین وەک هێزێکی خۆڕاگری هەیە لە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیلدا.

ئەوەی حەماس و باڵە سەربازیەکەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کردیان، بەهەر شێوازێکی تیرۆرستی و ئەوپەڕی  دڕاندانە ئەو کارەی ئەنجام دابێت، بەڵام نەک هەر زەلیلکردنی ئیسرائیل بوو، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئاوابونی زیاتری باڵادەستی تاک جەمسەری ئیمپریالیزمی ئەمریکیشی لێکەوتەوە کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی جەمسەری ئیمپریالیزمی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەدەستی هێنابو.

پێدەچێت ئەمریکا و نەتانیاهۆ تێگەیشتبن لەوەی کە چارەسەرێکی سەربازی لە غەززەدا نییە و شکستەکەیان بووەتە گشتی و  ئەمری واقع، جیهانیش بەگشتی چاویان لە ئاکامی شکستی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانە لە غەززەدا. بۆیە ئەمڕۆ بەجیا لەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە گەورەترین وێرانکاری دەکات، لەهەمانکاتدا خەریکن شانۆگەریەکی نوێ نمایشدەکەن تا هەوڵی پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان بدەن، لەڕێگەی یاریەکی کۆنەوە کە ڕۆژئاوا بانگەشی دەکات، ئەویش گەمەی مافی مرۆڤە، دوای کوژرانی زیاتر لە ٢٢٠٠٠هەزار کەس و وێرانکاری و ئاوارەیی، نەک گەمەی مافی مرۆڤەکەیان بەدەرد ناخوات، بەڵکو دیموکراتیەکەشیان نمونەی چارەنوسی هەمان هەڵوەشانەوەی جەمسەری یەکێتی سۆڤیەتە.

ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا گورزێکی پڕ لە ئازار بوو لە پێگەی بەناوبانگی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، بەتایبەتی دوای ئەو شکستانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراقدا تووشی بوون، لە سەر چارەنوسی شەری ئۆکرانیاش بێ ئومێد وەستاون، ئەم لافاوەش سەرسامی کردن و نازانن چۆن پێگەو ئعتباری بەرەکەیان بگەرێننەوە، لە ناو گەورەترین کوشتار وێرانکاریدا شەری جەمسەرەکان دەکەن.

لە دواشیکردنەوەدا ئەگەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە دژی فەلەستینیەکان لە ئاکامدا نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەروەری فەلەستین و چارەسەری کێشەی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی دەرئەنجامی خراپتر بین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …