ڕۆشنگەری واتە ئیلحاد!

پەیامێک بۆ کۆنفڕانسی دامەزراندنی ڕێکخراوی “دابڕان”

حەمە غەفور

ئەو کۆنفڕانسەی بڕیارە ئەم پڕۆژەیەی ڕۆژنامەی چاودێر پەسەندو بەکردەوە دەربهێنێت، ئەگەر ئازایەتی هێندەی تێدا نەبێت ڕاشکاوانە لە مانیفێستی ڕێکخراوەکەدا بنووسێت ئیلحاد لە کوردستان ئازادە، هەق نییە بەهیچ جۆرێک باسی ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام‌و هەژموونی ئایینی بگرێت چ جای باسی ڕۆشنگەری بکات!

ڕۆژنامەی چاودێر بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار دوێنێ ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسی دامەزراندنی ڕێکخراوی دابڕانی لە شاری سلێمانی تێپەڕاند. سبەینێش بڕیارە ئەو کۆنفڕانسە کارەکانی تەواو بکات‌. قەڵەباڵغی هۆڵی کۆنفڕانسەکەش ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ سەرخستنی کارەکانی‌. هەموو کۆنفڕانسێک بە ڕاگەیاندنێک دوایی دێت. لەو ڕاگەیاندنەدا ڕەنگ بێت هەندێک ئاڵوگۆڕ لە گەڵاڵەی پرۆژەی رێكخراوی “دابڕان”دا ئەنجامبدرێت!

بەڵام ئەگەر بێت‌و خاڵی چوارەم لە بەندی شەش، کە تایبەتە بە دەرکردنی گۆڤارێک بە ناوی “دابڕان”ــەوە ڕاستنەکرێتەوە، واتە ئەم بەندە: {6-4- هەموو بابەتێك لە “دابڕان”دا بابەتێكی بابەتی بێ‌‌و بەمەرجێ‌ دوور بێ‌ لە ئیلحاد، ئازادە.}، باشترە نە کۆنفڕانسەکەو نە پڕۆژەکەی چاودێریش نەچن بەلای باسی ڕۆشنگەری‌و ڕەخنەگرتن لە ئایین‌و هەژموونی ئایینی ئیسلام بەتایبەتی. چونکە ئەم مەرجە تەواوی پڕۆژەکە ئەباتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها هەڵەیەکی کوشندەشە لە پەیوەست بە پڕۆژەیەکی وا گەورە، کە بڕیارە ئەرک‌و پەیامی ڕۆشنگەری نوێ‌ی هەزارەی سێهەم لەخۆبگرێ‌و دابپۆشێت، بەڵام مەرجی بۆ بڵاوبوونەوەی بابەتەکانی گۆڤارەکەی ئەمە بێت، کە “بابەتەکە دەبێت دوور بێت لە ئیلحادەوە!”! ڕۆشنگەری بە زمانێکی ڕاشکاوانە دەکاتە ئیلحاد! ڕێگای دیکە نییە لەم نێوەدا.

وەک لە پێناسەو پاکێج‌و ناساندنەکەشیدا هاتووە ئەم ڕێکخراوە بڕیارە پێشڕەوی ڕۆشنگەری‌و نوێبوونەوەو کرانەوەو سکۆلاریزم بێت لە کوردستان‌و ناوچەکەو جیهانیشدا! ڕۆشنگەری‌و تەنویر ئەگەر بێت‌و ڕەخنەی زانستی‌و مەحکەم ئاراستەی تەیۆلۆجی‌و لاهوت نەکات، هەرچییەکی ناوبنێی ڕۆشنگەری‌و تەنویر نییە! ئیلحاد یان ئاتەئیزم، ئەڵقەی ئەسڵیی ڕۆشنگەری‌ بووەو پێشڕەوانی ناقدی ئایینی مەسیحییەت لە ئەوروپای سەردەمی ڕێنیسانس وەکو، ڤۆڵتێر، ڕۆسۆو سپینۆزاو ..تاد، بە گەڕانەوە بۆ عەقڵ‌و بە مێتۆدی ماتەریالیزمی مێژوویی‌و تیوری مەعریفە بەرەنگاری هەژموونی ئایینی مەسیحییەت بوونەوەو جووڵانەوەکەیان بە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا بە سەرکەوتن گەیاند!

ئەم پڕۆژەیەی مەلا بەختیارو ڕۆژنامەی چاودێر، ئەگەر ئەم پارادۆکسە زەق‌و ئاشکرایەی وەڵامنەداتەوەو بەندی شەشەم لانەبات‌، وە بە ڕاشکاوی جێگا بۆ ئیلحاد نەکاتەوە لەم پڕۆژەیەیدا، باشترە هەرچی باسی ڕۆشنگەری‌و ڕەخنەی ئازادو عەقڵی کاریگەرو سیکۆلارە لە گەڵاڵەی ڕێکخراوەکەیدا لایبەرێت!

چونکە ڕۆشنگەری واتە ئیلحاد، واتە ڕاوەستان بە حوکمی هزرو ژیری‌و واقعییەت بەرانبەر بە لاهوت‌و تەیۆلۆجی‌و هەژموونی ئایین لە کۆمەڵگادا لە گشت ئاستەکانیدا! وە ڕەتکردنەوەی وەهم‌و موزەخرەفات‌و تەمومژەکانی سەر عەقڵ‌و ووشیاری. ئەگەر دابڕانێک بڕیار بێت لە ناوچەکەدا پێشبێت، دەبێت ئیلحاد سەرکەوێت بەسەر هەژموونی هەمەلایەنەی عەقیدەو ئایدیۆلۆژیای ئاییندا!

من بڕوام وانییە کە ئەوە هەڵەیەک بێت کرابێت. بەڵکو هەڵوێستێکی ئینتیهازیانەو شەرمنۆکانەیە بەرانبەر بە هەژموونی فکری‌و عەقیدەیی ئایینی ئیسلام‌و تەنانەت بەسەر بیروباوەڕی ناسیونالیستی‌و دیموکراسیشەوە خۆی نوواندووەو ئەبینرێت!

٢٨مارس١٥

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …