بزوتنەوەی ئیسلامی و دوو ملیۆن ڕیالی حەڵاڵ!

ئاسۆ کمال
بزوتنەوەی ئیسلامی و دەستە خوشکە حزبە ئیسلامیەکانی یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە قەرزکردنی حکومەتی هەرێم هاتنەدەنگ و ئەو قەرزەیان بە حەرام و تەنانەت حاجی کاروانیان ڕایگەیاند” قەرزەكەی حكومەت لای خوا لە زیناكردن لە گەڵ دایكدا گەورەترە.بەڵام بەپێی بەڵگەنامەی ویکیلیکس* “لەسەر ڕاسپاردەی دەزگای هەواڵگری عەرەبستانی سعودی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵی سعودی ” ٥٠٠ هەزار دۆلار” دراوە بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان.
بەجیا لەوەی کە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ قەرزکردن چەندە لە زیانی خەڵکی کوردستانە بەڵام داخوازی ئەم حزبە ئیسلامیانە بۆ وەرگرتنی قەرز بەپێوەری ئیسلامی و ڕەزامەندی لیژنەی فەتوا و یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامیە بەسەر هەمو بڕیارێکی حکومەت و دەوڵەتدا کە دەیانەوێ بەناوی دژایەتی گەندەڵیەوە دەسەڵاتی دینی ئیسلام و ئیسلامیەکانی پێ بەهێزبکەن.
لای هەموان ئاشکرایە کە حکومەتی هەرێمی یەکێتی و پارتی هیچ شەفافتەتێکی نیە لەسەر داهات و خەرجی دەسەڵاتەکەی و گەندەڵی ئاشکرایە لە ئیدارەی مالی و نەوتی کوردستاندا،بەڵام سەیر لەوەدایە بزوتنەوەی ئیسلامی و ئیسلامیەکان ببنە ڕەخنەگری قەرزکردنی حکومەت چونکە بەپێی شەریعەتە ئیسلامیەکەی ئەوان حەڵاڵ نەکراوە!! دیارە وەرگرتنی دوو ملێون ڕیال لە سعودیە بۆ بەئیسلامیکردنی کوردستان و کاری مافیایی بێت بۆ دەزگای ئیسلامی دەوڵەتی سعودیە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی حەڵاڵە! حاجی کاروان و فراکسیۆنی حزبە ئیسلامیەکان لەپەرلەمان ئەمەش بە تاوانی گەورەتر لە زینا لەگەڵ مەحرەمدا دەزانن یان ڕیاڵ ئەگەرلە ڕێگای پاراستنی دەسەڵاتێکەوە ،کە بەشەڕ و وێرانکاری بەشێکی جیهانیش خۆی دەپارێزێ، بەدەست هاتبێ هەر حەڵاڵە؟!
حەڵاڵی ئەم دوو ملیۆن ڕیالە لەوەدایە کە سعودیە ڕایگەیاندوە کەئەم پارەیە “وەک پشتیوانییەکی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئیسلامی لە ڕووی سیاسی و ڕاگەیاندن وداراییەوە بۆ سەلامەتی پرۆگرام و کاری بزوتنەوەکە، هەروەها لە بەرامبەر هەڵوێستە ئیجابیەکانی لە بەرامبەر عەرەبستانی سعودی ” . هەرکەس دەوری سعودیە لە گەشەپێدانی وەهابیزم و عەرەبی ئەفغانی وتالیبان و ئەلقاعیدە و نوسرە و داعشدا بزانێ دەزانێ کە پشتیوانی سیاسی و ڕاگەیاندن و دارایی سعودیە بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئەنجامەکەی چی دەبێ؟ هەڵوێستی ئیجابی بزوتنەوە لەبەرامبەر سعودیەدا واتە کردنەوەی چ بنکەیەکی سیاسی و سەربازیە بۆ ئەم دەوڵەتە وەهابیە لە کوردستاندا کە لەڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازیەکانیەوە توندڕەوی ئیسلامی و سەلەفیەت و شەڕی مەزهەبی چۆن لەعێراق و سوریا و ناوچەکەدا بەرپاکردوە.
ئەگەر گەشەی حزبە ئیسلامیەکان لە دەیەی نەوەدەکاندا بەهۆی پارەی سعودیە بۆ یەکگرتو و بزوتنەوەی ئیسلامی و لەسایەی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتیدا هێزی ئەم حزبانەی گەیاندە ئەو ئاستەی ناوچەی هەلەبجە جیابکەنەوە و ئیمارەتێکی ئیسلامی وەک تالیبان و داعشی تیادابمەزرێنن و ببێتە بنکەی تیرۆریستەکانی ناوچەکە و لەپآل ئەنسار ئیسلامدا ئەلقاعیدە و زەرقاویش بێنە کوردستان،ئەوا لە ئێستای شەڕی داعش و شەڕی دوو قوتبی ئیران و سعودیە وتورکیا کە شەڕیکی ناوچەیی شیعە و سونەیان بەرپاکردوە ئەم هاوکاری و پشتیوانیەی سعودیە لە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان پیلانی شوێن پێکردنەوەی زیاتری سعودیەیە لە کوردستان و خەتەری دەورگێڕانی بزوتنەوەیەی ئیسلامیە وەک داعشی ناوخۆ و ئاشکرا. هەرچەند کاریگەری ئەم سیاسەتەی پشتیوانیەی سعودیە بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی لە ڕۆشتنی گەنجانی ناوچەی هەڵەبجە بۆ ناو داعش و گەشەی ئیسلامی وەهابی و سەلەفی لە کوردستاندا دەبینین بەڵام ڕێگەنەگرتن لە بزوتنەوەی ئیسلامی و لێنەپرسینەوە و دادگایی نەکردن و سزادانی لەسەر ئەم پشتیوانیە سیاسی و ڕاگەیاندنەی لە سعودیە مەترسی دروستکردنی داعشی ناوخۆ و ئاشکرایە لەکوردستان.
پێویستە داهاتی هەموو حزبەکان ئاشکرابێ و جێگای لێپرسینەوە بێ لەلایەن خەڵک و دەوڵەتەوە و نابێ ڕێگە بەهاتنی پارە و هاوکاری مادی لەژێر ناوی دەزگای خێرخوازی دەوڵەتانێ بدرێ بۆ حزب و لایەن لە کوردستان کە دەستیان لەشەڕی سونە و شیعەی ناوچەکەدا و گەشەپیدەری توندڕەوی دینی و تیرۆریزمن کە سعودیە بەپێی هەمو بەڵگەی ڕێکخراوە جیهانیەکان لە سەرووی ئەو جۆرە دەوڵەتە توندڕەو و شەڕ خۆشکەرانەدایە.
کوردستان پیویستی بە دەسەڵات وحکومەتێکی سێکولارە کە سیستەمی ئابوری و مالی دوورخاتەوە لە دەستیوەردانی شەریعەتی ئیسلامی و ڕینوێنیەکانی عەلی قەرەداغی سەرۆکی ئیسلامیەکان کە دەیەوێ کوردستان وابەستە بکات بە ” دامەزراوە داراییە ئیسلامیەكان و تەكنیكی دارایی ئیسلامی” و هەموو شینی حزبە ئیسلامیەکانیش بۆ حەرام بونی بودجەکەیان بۆ ئەم هەریسەی بانکە ئیسلامیەکانە نەک شکانەوەی قەرزی حکومەتی هەرێم بەسەر شانی خەڵکی کریکار و فەرمانبەر و توێژە کەم دەرامەت و هەژارەکانی کوردستاندا. بەڵام یەکیتی و پارتی تا لیژنەی فەتوایان هەبێ و یەکێتی زانایانی ئیسلامی موفتیان بێ ئەوا ئەم سەرئێشەیە لە کۆڵ پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگا ڕەسمی و مەدەنیەکان ناکەنەوە. بەڵێ پارتیەک بۆ پەنجا ساڵ نەوتی هەرێمی بەتاڵان و بێ ئاگاداری خەڵک بەخشیبێتە تورکیا چۆن دەتوانێ سیستەمی ئابوری و مالی مۆدێرن لە کوردستان جێ بخا و داوای بە ئیسلامیکردنی سیستەمی ئابوری و مالی بە خزمەت بە کۆنەپەرستی بەخەڵک بناسێنێ.
کوردستان پێویستی بە دەوڵەت و دەستور و یاسایەکی سێکولارە کە لە حزبەکان بپرسیتەوە کە سەرچاوەی داراییان لەکوێ و لەکێ وە بۆ دێت و چۆن یاسا ئەو جۆرە حزبانە دەبێ قەدەغە بکا و هەڵوەشێنێتەوە کە دەستیان لە کاری توندوتیژی و شەڕی مەزهەبی وەیاخود پەیوەندی و هاوکاریان لەگەڵ ڕێکخراوە و دەوڵەتێکدا هەبێ کە توندوتیژی و شەڕی دینی پەرەپێ دەدەن. بەڵام یەکێتیەک کە جمهوری ئیسلامی ئێران بکات بە براگەورەی خۆی لە ناکۆکی ناوخۆی حزبەکەی خۆیدا چۆن دەتوانێ ڕێگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی و دەزگای هەواڵگری سعودیە بگرێ کە گرێبەستە حەلاڵەکانی حزبە ئیسلامیەکان لەگەڵ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا قەدەغەبکا و سزای قورسیان بدا و چالاکیان قەدەغەبکا.
بەڵێ کوردستان پێویستی بەگۆڕینی سیستەمی سیاسی و یاسایی هەیە بە سیستەمێکی سیکولار بۆ ڕێگەگرتن لە دەزگا مافیایە ئیسلامیەکانی سعودیە و بزوتنەوە ئیسلامیە هاوکارەکانی ناوخۆی لە کوردستان. ئەمە دەرس و ئەزمونی چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدارێتی ناسێکولار ومیلیشیایی حزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستان.

 ٢١حوزەیرانی ٢٠١٥

 بەڵگەنامەی ویکیلیکس*

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس کە تیایدا بروسکەیەکی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودی بڵاو کردوەتەوە، کە بە ڕوونی ژمارە و بەروارەکانی ئاشکرایە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤ کانونی دووەمی ٢٠١٢، تیادا باڵیۆزخانەی سعودیە لە عەمانی پایتەتی ئوردن ئاماژەی کردووە، بە فەرمان و ڕاسپاردە جێنشینی پادشای سعودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ئیسلامی، بۆ پشکەشکردنی کۆمەک بە دامەزراوەی(بیڕ-البر) و خزمەتگوزاری سەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان و کۆمەڵەی (تەکافولی خەیری) لە عێراق.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە داخوازی سەرپەرشتیاری گشتی دامەزراوەی بیڕو خومەتگوزاری سەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق کراوە، بە کۆمەک کردنی دارایی بۆ دامەزراوەکە، ئەویش لە پێناو پشتیوانی کردن لە پرۆژە خێریەکانی لە عێراق، هەروەها وەک پشتیوانییەکی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئیسلامی لە ڕووی سیاسی و ڕاگەیاندن وداراییەوە بۆ سەلامەتی پرۆگرام و کاری بزوتنەوەکە، هەروەها لە بەرامبەر هەڵوێستە ئیجابیەکانی لە بەرامبەر عەرەبستانی سعودی، هەر بۆیە لیژنەی ئامادەکار پێشنیاری کردووە بە تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵی سعودی (٥٠٠ هەزار دۆلار) بۆ پشتیوانی لە دامەزراوە و چالاکییە ئیسلامییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی.

لە کۆتایی بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو خەرج کردنە بە ئاگاداری سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتیی سعودیەیە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …