هوها لەژن! هەوڵێکە بۆ داڕوخاندنی مەدەنیەتی کۆمەڵگا!

لاوژە جەواد

ڕۆژی 16/7/2015 ژنێک لەناو جەرگەی شاری سلێمانی بەهۆی جلوبەرگەکانیەوە کە بەدڵی مێشک ژەنگاوی و ئەوانە نەبووە کە دەیانەوێت خەلافەتی ئیسلامی ئەبو بەکر بەغدادی بگوازنەوە کوردستان، کەوتە بەر هێرشی ئەڵاهو ئەکبەرو هوهای داعشەوە.

قوربانیەکە ژنێکی عەرەب زمان و یەکێک لەوانە بووە کە لەدەستی داعەش پەنای هێناوە بۆ کوردستان، بەڵام سەربازەکانی ئەبو بەکر بەغدادی و شانە نوستووەکانی داعش، شێوازی جل لەبەر کردنەکەی بە شەرعی نازانن و بە ئەڵاهو ئەکبەر و هوها پەلاماری دەدەن بە دوور لە هەست و شعوری ئینسانی بە مێشکی بەتاڵیانەوە سوکایەتی پێدەکەن و ڕۆژی ڕوناکی لێدەکەن بە دۆزەخ.

ئازادی جلوبەرگ پۆشین یەکێکە لە مافە سەرەتایەکانی ئینسان، من دەڵێم لە جیاتی ئەو ژنە هەر ژنێکی تریش بووایە هیچی لە دۆخەکە نەدەگۆڕی و ئەو پەلامارەی داعش هەر ڕویدەدا، دەکرا لەجیاتی ئەو ژنە من بم تۆ بی یان هەرکەسێکی تر، ئەم کردەوە قێزەونە کە ڕویدا تەنها هێرش بۆ سەر ژنێکی دیاریکراو نەبوو بەڵک و هێرشە بۆ سەر هەر ژنێک کە لە چوارچێوەی شەرعەکەی ئەواندا نەگونجێت، هێرش بوو بۆ سەر کەسایەتی ژن و ئازادی تاکەکەسی. ئامانجیان ئەوەیە کە وەک چەقەڵ و گورگ و بە شێوازێکی دڕندانە مسەجێک بدەن بە گوێی کۆمەڵگا کە ژنان خاوەنی خۆیان نین، ژنان نابێت ئازاد بن، ژنان بڕیار نادەن چیدەکەن و چۆن ژیانی تایبەتی خۆتان دیاریدەکەن. لە ڕاستیدا هوها کێشان هەوڵێکە بۆ داڕوخاندنی مەدەنیەت و ڕۆحی یەکتر قبوڵکردن لە سەر ئاستی کۆمەڵگا.

دیاردەی هەڵا لێدان، تێزاب ڕشتن بە ژناندا

لە کۆمەڵگا نەریتیەکاندا هەمیشە ژنان قوربانی یەکەم بوون، ناموس و شەرەفیان لە ژن و جەستەی ژن ئاڵاندووە، ژنان دەکەن بە مەڕی مردو و بێ زمان و پیاویش دەکەن بە گورگ و چەقەڵی برسی، بە گشتی ئینسان لە ناوەرۆکی ئینسانی دوور دەخەنەوە و دیوارێکی بەرز و پتەو دەخەنە نێوان ژن و پیاو، عەقڵ و شعوری کۆمەڵگا توشی نەخۆشی نەفسی دەکەن، مەترسی تێکەڵاوبوونی ژنان و پیاوان دەکەن بە ئەمری واقێع و فەزای کۆمەڵگا ژەهراوی دەکەن، لە لای هەر تاکێک چ ژن بێت یان پیاو ئەوە دەبێت بەڕاستی کە ژن بە ترس و نیکەرانیەوە بە شەقاما تێپەڕێت و پیاو بە بینینی داهۆڵی سوریش شعوری شەکل بکات، ژن بە ئاستێک لاواز دەکەن کە زیاتر پارویەکی چەور و دوژمندار بێت نەک ئینسانێکی خاوەن کەرامەت، ئەم لاوازیەی ژن وەکو چەکێک بەکار دەهێنن. چ لە شەڕەکان وەکو شەڕی داعش تا دەگاتە کایە سیاسیەکان بە هاتنەپێشەوەی هەر پرسێک ژنان دەکرێن بە ئامانج، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی کوردستان، کێشمەکێشی نێوان هێزە سیاسیەکان، پرسی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ دەستورێکی سکۆلار……… یەکسەر وینەی ژنان فۆتۆ شۆپ کراوەو بەکارهێندراوە، یاخود پڕوپاگەندەی تر بەشوێنیان بڵاوکراوەتەوە. وە لە هەمان کاتدا جلوبەرگ و خۆداپۆشینیان کراوەتە وەسیلەیەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکانیان و هێرش کردنە سەر کەسایەتیان.

هۆهاو تێزاب کەلتوری کێیە؟

کەلتوری ناردنە ماڵەوەی ژنان و خۆداپۆشینی ژنان مڵک و کەلتورێکی ئیسلامیە، لەبەرئەوەی لەلای ئەوان ژنان دەرەجە دوو وە کەم عەقڵن و تەنها وەسیلەیەکن بۆ پڕکردنەوەی خواستە سێکسیەکانی پیاوان. تاڵێک موی ژن دەتوانێت هەوەسی چاوچنۆکی ئەوان هەڵبخڕێنێت، هەربۆیە ژنان دەبێت سەرتاپایان داپۆشن. ئەگەر سەیرێکی ئێران، عەرەبستانی سعودیە، لیبیا وە ناوچەکانی ژێر دەستی داعەش بکەین، دەبینین حیجاب و باڵاپۆشکردنی ژنان بەیاسا ڕێکخراوە و ئەگەر ژنان لەم چوارچێوەیە دەرچن سزادەدرێن.

ئاشکرایە کە ئیسلامی سیاسی و پڕگری و توندڕەوی دینی هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردستان نەبووە و لە شوێنێکی ترەوە بە پشتیوانی سیاسی و پارەیەکی زۆر کاناڵیزە دەکرێت بۆ ئێرە، بازرگانیکردن بە دینەوە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و لە هەرکوێ دەسەڵات بگرن پڕۆگرامی ووشک و یەکڕەنگی شەرعی ئەسەپێنن بەسەر سەرجەم دانیشتواندا، جیاوازی ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان و سەرجەم شوێنەکانی تریش لەگەڵ داعش ئەوەیە کە داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە دەمامک نیە و دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتەکەی، بەڵام ڕەوتە ئیسلامیەکان لە کوردستان و شوێنەکانی تر دەسەڵاتیان نیە و ناتوانن کتێبی شەریعەیان لەژێر عەمامەیان دەربێنن، بەردەوام نیقابی سازش و پێکەوە ژیانیان پێوەیە و تەنها هەندێکی کەمیان دەوێرن بەئاشکرا بەرگری لە خەلافەتی ئیسلامی بکەن.

ئیسلام تەنها باوەڕ و عیبادەت نیە، ئیسلام دیوێکی تری یاسا و سیاسەت و دەسەڵاتداریە کە ساڵەهایە بازرگانی پێوەدەکرێت و بە شێوازێکی بەرفراوان دەچێتە قوڵایی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی. ئەگەر ئیسلامیەکان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت لە گەڵ هەمو دیاردەیەک بە شەرعیە یان ناشەرعیە معاملە دەکەن، هەروەک چۆن هەندێ لە موفتیەکان تەلەفۆنی تەسویری، مەتبەخی ئۆپن(کراوە)، ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دەیان دەسکەوتی تری بەنەرخ بە نا شەرعی دەزانن بۆ ژنان و دەیانەوێت بە داسەپاندنی نموزەجی خەلافەتی ئیسلامی ژیانی کۆمەڵگا لە بازنەیەکی داخراودا قەتیس بکەن. لەو بازنە داخراوەدا دۆخێک دەخوڵقێنن شەریعە سێبەر دەکاتە سەر سەرجەم بوارەکانی ژیانی فەردی و کۆمەڵایەتی و لە فەزایەکی داخراودا دەرفەتێک نامێنێت بۆ کەسایەتی و بواری تایبەتی. لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا بە پلان سنوری ژیانی تایبەتی و ژیانی کۆمەڵایەتی دەشێوێنن و تاکەکەس ناچار دەکەن کە تەنانەت لە ژیانی تایبەتیشیاندا پەیرەوی نەزم و نەسەقی دینێکی دیاریکراو بن.

دەخاڵەت لە سەرجەم بوارەکانی ژیان دەتوانێت جۆرێک لە توندو تیژی بێت کە هاووڵاتی بێبەری دەکرێت لە مافە سروشتیەکانی سەبارەت بە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی خۆی و ناچار دەکرێت بە ملدان بە داب و نەریتێک کە لەسەرەوە دەسەپێندرێت، بۆ هەڵهاتن لە فەزای کپکراو پەنا دەبەنە بەر ڕیاکری و تەزویڕ و گەندەڵی. کۆمەڵگا دەکرێتە گرتوخانەیەکی کراوە، بەشی ناوخۆی خوێندنگاکان، مەشقگای سەربازی ….

کۆمەڵگا بە یاسا و شەریعەتەوە ڕاستتەوخۆ ئەنتی تێزی کۆمەڵگای مۆدێڕنە کە تیایدا ژیان بە شێوازی ڕەنگاوڕەنگە و ئازادی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی لە لایەن بوارەگشتیەکانەوە ڕێگە پێدراوە و زەمانەت دەکرێت.

 

لە کۆمەڵگای خوازیاری ئەم ئیسلامیانە هاووڵاتی گوێڕایەڵ بە کەسایەتی لاواز و سەرکوتکراو و بێبەری کراو لە مافی هاووڵاتی بوون. تاکەکەس دەبێت کەسایەتی خۆی بخاتە لاوە و ببێت بە دڵۆپێک لە دەریای ئۆمەت و لە شەریعە بتوێتەوە.

لە ئێرانی ژێر دەستی جمهوری ئیسلامیدا، 36 ساڵە حیجابی ئیجباری سەپێندراوە، بە ئاگرو ئاسن خەریکن، کۆمیتەی ئەمر بە چاکەو نەهی کردنی خراپەیان داناوە” امر به معروف و نهی از منکر” چاکەو خراپە لە جلوبەرگ و تاڵێک موی ژن دەدۆزنەوە، لەسەرەتای دەسەڵاتیانەوە کاتێک کە ژنانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی ئەم وڵاتە بەرەنگاری بونەوە دەستیانکرد بە پێداکردنی تێزاب بە ژنان و تێکدانی سەروچاویان، وە لە ساڵانی ڕابردودا بەهۆی ڕیعایەتنەکردنی لە سەدا سەدی حیجاب جارێکی تر مافیاکانی ئەم دەسەڵاتە هەمان کاریان ئەنجامداوە، وە ڕوبەڕوی ناڕازایەتی خەڵک بونەوە، دواین جاریش لە هەفتەی ڕابردودا ئەم دیاریدەیە جارێکی تر لە شاری بۆکان بیندرایەوە.

لە کوردستان، هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە چەند گروپێکی ئیسلامی سیاسی بۆ ئەوەی کە یاساو حوکمیان لە ولات بچێتە پێشەوەو مۆدێرنیزمی کۆمەڵگا پاشەکشە پێبکەن، دیاریدەی تێزاب هەڵدان لەسەر مۆتۆرسویکلەوە بۆسەر دەست و قاچی ڕوتی ژنان لەناوبازاڕی شارە گەورەکاندا بوو بە پیشەیان، دواتر دیاریدەی هەڵدانی توێکڵە شوتی و هوها کێشان بۆ ژنان دەبیندرا. بەڵام دیارە ئەوکاتە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەم جۆرە لەبەردەستدا نەبوو کە هەرا بنێتەوە. بە ئەشکالی جۆراوجۆر و لە قۆناغی جیا جیادا ئەم دیاردەیە دەرکەوتووە.

کێ بەرپرسە لەم دۆخە نەخوازرا وو مەترسیدارە؟

بە دڵنیایەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد کە حاکمیەتی کوردستان دەکات بەرپرسی یەکەمە، بە بڕوای من ئەم دۆخە بەرهەمی سیستەمی خوازراوی بۆرجوازی کوردە، بە پێچەوانەی ئەو بۆچونانەوە کە دەڵێن ئەحزابی دەسەڵاتدار سیکۆلاریستن، من دەڵێم سیستەمی حاکم لە کوردستان کۆکتێلێک لە شەریعەتی ئیسلامی و نیزامی خێڵەکی و گەورەسالاریە، سەرتاپای ئەم سیستەمە ناکۆکە لەگەڵ مافە سەرەتایەکانی مرۆڤ، پڕە لە هێڵی سوور و تەقەدوسات. ٢٤ ساڵە کوردستان بۆتە ناوچەیەکی بێ دەرگاو پەنجەرە، هەموو بەکتریایەک توانێویەتی لەم زەلکاوەدا گەشە بکات و زەمینە لەبارە بووە بۆ گەشەی داعەش و داعەشیزم.

دەسەڵات لە کوردستان و ئەم حیزبانەی کە خۆیان بە “عەلمانی” دەناسێنن دەستێکی باڵایان هەبووە لە دروستکردنی فەزای کۆنەپەرستی و پەرە پیدانی، لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ژمارەی مزگەوتەکان لە زیادبوندایە، لە سەر داهاتی کۆمەڵگا دەیان هەزار مەلایان پەروەردەکردوە کە بەردەوام بە ئارەزوی خۆیان فەتوا دەردەکەن و سوکایەتی بەژن دەکەن و ئیحساساتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگا هەڵدەخڕێنن، کلیپەکانیان بڵاودەبێتەوە گوێمان لیدەبێت کە چۆن ئینسانەکان لەیەکتری نامۆ دەکەن و کچان و کوڕان لەیەک جیادەکەنەوە، ژنان دەکەنە کائینێک کە لە هەر شوێنێک پیاو تاڵێک لە مویان ببینێت هەوەسی بەرزبێتەوە. لە کۆمەڵگای کوردستان سیستەمی پەروەردە و سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن لە سەر بنەمای جیاکاری و داماو زەبوونکردنی ژنان دامەزراون و کاردەکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش زیاتر کچان و کوڕانمان لەیەکتری نامۆ دەکەن.

هەر ئێستا جەنگێکی سارد، سەبارەت بە چۆنیەتی نوسینەوەی دەستور لە نێوان سیکۆلاریزم و کۆنەپەرەستی لە ئارادایە. بەدوای دروستبونی ناوەندی سکۆلار، بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە داڕشتنی دەستور لە سەر بنەمای ئیسلامی، پێشوازی خەڵک لە هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە دژی یاسای تەکڕەوی ئیسلامی و دەنگدانەوەی لە میدیاکاندا، بووە هۆی توڕبوون و هەڵچونی ئیسلامیەکان و توشی هیستریای کردن، بەشێک لە سەرانی دەسەڵات و لایەنەکانی دیکەش جارێکی تر تەئکید لە سەوابتی ئیسلامی دەکەنەوە، تەئکید لەسەر دینی ئیسلام دەکرێتەوە وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسا دانان یان چەترێکی ڕەش بە سەر کۆی بڕگەکانیەوە، هەر هەمومان لەم دەورەیەدا بە ئاشکرا توندبوونەوەی کێشمەکێشی ئەم دوو بەرەیە دەبینین.

بەرەی کۆنەپەرست و سەلەفی بەم شێوەیە ژنێک دەکاتە ئامانج و بەم پەیامە ئەوە بە گوێی کۆمەڵگا دەدات کە جارێکی تر بڵێن ئەوان و دینەکەی ئەوان بڕیار دەدات خەڵک چۆن هەڵسوکەوت بکات، لەم ولاتە نابێت ئازادی و یەکسانی بۆ ئینسانەکان بوونی هەبێت. هەروەک ووتم ئەمە شەڕێکە کە سەرەتایەکەیەتی و دەبێت بکرێت، بەڵام دەبێت وریابین ئێمە لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی تەجروبەی ترمان هەیە کە دەسەڵات بە گشتی و پارتی بە تایبەتی لەوانەیە بیەوێت گۆمەکە زیاتر بشڵەقێنێت و سودی لیوەربگرێت، نابێت ڕێگایان پێبدەین.

وە ئەوانەی کە دەشڵێن تکایە بارودۆخەکە خراپەو واز لەم بابەتە بهێنن ئێمە کێشەی گەورەترمان هەیە، پێتان دەڵێم چی هەیە لە ئازادی بۆ تاکەکان گرنگتر بێت ئەگەر تاک ئازاد نەبێت و بە فکرێکی ئازاد بیرنەکاتەوە بارودۆخمان هەرگیز لە ئێستا باشتر نابێت. پێتان دەڵێم نەخێر من دەمەوێت گۆمەکە قوڵتر کەم و لەبەرامبەر بەرەی کۆنەپەرستی بوەستمەوە، ئەم شەڕە شەڕی من و هەموو ئازادیخوازو مرۆڤ دۆستێکە بۆ هێنانە دی ئازادی بۆ هەموان لە کۆمەڵگادا. شەڕ لەگەڵ داعشی سەرجادە کەمتر نیە لە شەڕ لەگەڵ داعشی سەر سنوور.

وە لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوەبڵێم، زۆر مەترسیدارە ناوچەگرایی و شارچیەتی سێبەر بکاتە سەر ئەم شەڕە، تەحەروش و کردەوەی نەخوازراوی لەم بابەتە پەیوەندی بە شارەوە نییەو ئەم جادەیە نوێنەرایەتی شار ناکات. ئەمە شەڕی بەرەی کۆنەپەرستی و ئازادیخوازیە، بەڵام نابێت بەرامبەری بێدەنگ بین و هەر ئێستا لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت فشار بۆ دەسەڵاتدارانی شار بهێنین کە تاوانباران بە سزای یاسایی بگەیەنێت.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …