دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کورد مایەپووچ بووە، رێگاچارە پێکهینانی دەوڵەتی سەربەخۆیە!

پاش ٢٤ سال لە دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردو راپێچکردنی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ناو دەیان گێژاوو کارەسات‌و نەهامەتی‌و کێشکردنی بەناو چەندین سیناریۆی تەڵخ و قەیران و بنبەستی یەک لەدوای یەک، سەرجەم جومگەکانی ئەم دەسەڵاتە نوقمی قەیران‌و روبەرووی ناکامی‌و بنبەست بوونەتەوە. سەرەتاییترین بنەماو پێوانەکانی ئەو دیموکراسیە پەرلەمانیەی کە جێگای شانازییان بوو خرایە ژێرپێوە. سەرۆکی پەرلەمان وەدەرنرا و ئەو بەناو بەرزترین دامەزراوە یاساییەی کوردستان لەکارخرا. کورسی سەرۆکایەتی هەرێم تەنانەت بەدوور لە پێوانە و یاسا پەسەندکراوەکانی خۆیان راشکاوانە لەلایەن بنەمالەوە قۆرخکرا. دەرپەڕاندنی وەزیرەکانی کابینەی حکومەتە بنکەفراوانەکەیان دواپەردەی بەگالتەجاڕکردنی سەرجەم ئەو یاساو رێسا دیموکراسیە پووچەبوو کە کرابووە ماسكێك بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیۆنالیستەکان. ئیستا ئیتر ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە نەک هەر هیچ وەڵامێکی بۆ قەیرانە کەڵەکەبووەکان‌و ئەو کێشانە نیە کە یەخەی جەماوەری خەلکی کوردستانی گرتوە، تەنانەت هیچ ئاسۆیەک بۆ دەربازکردنی دەسەڵاتەکەی خۆشیان لەم بنبەستە شك نابەن.

دوای ئەو روداوانە ئییر گومانێك نەمایەوە کە بانگەشەی سیستەمی پەرلەمانی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەرێگای پەرلەمان ‌و بەدامەزراوەییکردنی دەسەڵات و ئۆرگانەکانی حکومەت بێجگە لە بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی و پەلەقاژەیەکی فریوکارانە بۆ رتووشکردن‌و جوانکردنی سیمای ناشیرینی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی شتێکی دیکە نەبوو.. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان و هەردوو حیزبی ئیسلامی سیاسی کە دەهۆل کوتانیان بۆ چاکسازی کردبووە ریگای بەشداربوونیان لە دەسەڵات و سامانی بەتاڵانبراوی کۆمەلگادا، باجی خۆشباوەڕکردنی جەماوەر بە دەسەڵاتی میلیشیایی بەشێوەیەکی گشتی‌و کڕینی شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی پارتی‌و بنەماڵەیی بارزانی دەدەن. بەڵام لەلایەکی دیکەوە شکست و بنبەستی حکومەت‌و پەرلەمان و بێئاسۆیی حیزبە بۆرژواییەکانی پێکهێنەری حکومەت لە پەیداکردنی رێگاچارەیەك بۆدەربازبوون، کێشەو ناکۆکیەکانی نێوانیانی قوڵترکردۆتەوە‌و لەگەڵ ناکۆکی و بێ ئاسۆیی خۆشیاندا کۆمەڵگایان بە خۆیانەوە بەرەو سەرگەردانی‌و بێ ئاسۆیی و بێ ئومێدی پاڵ پێوەناوەو بونەتە مەترسی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكو تاریککردنی ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان. ئەمانە بێجگە لەوەی قوتی ژیانی خەڵك‌وگوزەران‌و خزمەتگوزاری‌و ئایندەی خەڵکیان بە ململانێ‌و رێکەوتنەکانی نێوان خۆیانەوە گرێداوەتەوە، هاوکات و بۆ هەمان مەبەست چارەنوسی سیاسی کوردستانییان لە چوارچێوەی فیدراڵیزمێکی قەومی کۆنەپەرستانەو شکستخواردوودا، بەستۆتەوە بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی قەومی-ئیسلامی عێراقی نقوم بوو لە شەڕی تائیفی و ململانێی قەومیدا. بەم جۆرە کوردستانیان کێشکردوە بۆناو گێژاوی سیاسی و ململانێ ناوچەییەکان و بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیقلیمی و ئیمپریالیستیەکان‌، کە ئاسۆیەکی نادیارو تاریك دەخاتەبەردەم ئەم کۆمەلگایە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردوە کە گرفتی ئێستای کوردستان، گرفتاربوونێتی بە گێژاوێکی سیاسی گەورەوەو دوو هۆکاری سەرەکی لە پشتی ئەم گیژاوەوە راوەستاون: یەکەم ؛دەسەڵاتی میلیشیایی داسەپاوی حزبە ناسیۆنالیستەکان بەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکدا، دووه‌م؛ لکاندنی فیدراڵیانەی کوردستان بە دەسەڵاتی قەومی-ئیسلامیه‌وه‌ لە ناوەند. بەبێ دەرهێنانی کوردستان لەم گیژاوەو وەلانانی ئەو دوو هۆکارە، هەر جۆرە پروپاگەندەیەکی چاکسازی‌و گۆڕانکاری پووچە و هیچ باشبوونێکی جدی لە ژیانی مادی و مەعنەوی خەڵكی کوردستاندا ئیمکانی نیە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخوازی کوردستانەوە، لە جەرگەی ئەم بنبەست و لێشاوی قەیرانەی کە کۆمەڵگای نوقمی پشێوی و بێدەرەتانی کردووە، جارێکی دیکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێگاچارەی دەستبەجێ و کارساز پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادو سیکولارو غەیرە قەومیە لە کوردستان. بەبێ کۆتاییهێنان بەم گرفتە سەرەکیەی کۆمەڵگای کوردستان، ئەڵقەی بێمافیەکانی خەڵك لەبابەتی بێمووچەیی، نەبوونی خزمەتگوزاری، پێشێلکاری و سەرکوتی سیاسی، پڕوپاگەندەکانی ئەم حیزبانە بۆ خۆدزینەوە لەژێرباری بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خەڵك و فڕێدانی خەتاکان بۆسەر یەکتری و بۆسەر حکومەتی ناوەندی وەکو ئەڵقەیەکی بۆکۆتایی دوبارە دەبێتەوە.

سەرچاوەو هۆکاری نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاریەکان‌و سەرجەم بێمافیەکانی دیکەی خەڵك، گەندەڵی و تاڵانوبڕۆی داهاتی کوردستان، دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کوردو بەستنەوەی فیدرالیانەی بەزۆری چارەنوسی سیاسی کوردستانە بە دەسەڵاتی قەومی-ئیسلامی کۆنەپەرستانەی عێراقەوە. بۆیە خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە بەدابڕاوی لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئاکامێکی ئەوتۆی نابێ.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکات کە لەپاڵ خەبات بۆ وەرگرتنەوەی مافە سەرەتاییەکانیان هەر لەم دەسەڵاتە میلیشیاییە و توندکردنەوەی نارەزایەتیەکان و رێکخراوکردن‌و فراوانکردن و سەراسەری کردنەوەیان، پێویستە هاوکات خواستی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەرێخستنی خۆپیشاندان‌و چالاکی سیاسی جەماوەری دەیان هەزار کەسی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بکەنە ئەڵقەی تەواوکاری ناڕەزایەتیەکانی ئێستایان. پێویستە دەنگێکی دیکەو هێزێکی دیکە بێتە ناو کایەو هاوکێشە سیاسیەکانی کوردستان و ناوچەکەوە، ئەویش هێزی جەماوەری خەڵکی کوردستانە لە ریزێکی سەربەخۆ لە بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد بۆ خواستی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ.

دەوڵەتێك کە یەکەم بڕیارەکانی بریتی بێت لە:
1-      داماڵینی حیزبەکان لە هێزی چەکدارو قەدەغەبوونی هەجۆرە چالاکیەکی چەکداری حیزبەکان. لەجێگەیدا دروستکردنی هێزی چەکداری جەماوەری لەژێر فەرمانی حکومەتی هەڵبژێردراوی خەڵکدا.
2-      بەرقەرارکردنی ئازادیی سیاسی، ئازادی بیروڕا، دەربڕین، رێکخراوبوون، خۆپیشاندان و مانگرتن.
3-     یەکسانیی ژن و پیاو لە بوارەکانی یاساو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی كۆمه‌ڵگادا.
4-     جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت‌و لە پەروەردەو فێرکردن. قەدەغەکردنی هەموو هێما ئاینیەکان لە شوێنە گشتیەکاندا.
5-     دیاریکردنی لانی کەمی مووچە بەجۆرێك کە ژیانێکی هاوچەرخ و سەربەرز بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.
6-     دابینکردنی خانووی گونجاو بۆ سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی کە بێخانوون بەجۆرێك کە ٢٠% مووچەی کرێکار و کارمەند زیاتر نەبێ.
7-     دابینکردنی هەلی کار و کاری گونجاو بۆ بێکاران بەتایبەتی گەنجان یان دانی بیمەی بێکاری تێروتەسەل و گونجاو لەگەڵ ئاستی ژیانێکی هاوچەرخ و شایستەدا.
8-     دەستبەسەراگرتنی موڵکی سەرجەم ئەوانەی کە بەدزی و تاڵانکردنی داهاتی گشتی سامانیان بۆ خۆیان پێکەوە ناوەو دانی گه‌نده‌ڵكاران بە دادگا. ئه‌و داهاته‌ی به‌و جۆره‌ به‌ده‌ستهاتووه‌، دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بەکارهێنانی بۆ دابینکردنی مووچەو بیمەی بیكاری‌و خزمەتگوزاریە شارستانی‌و تەندروستی‌و کۆمەلایەتیەکان و بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان.
9-     کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و داهاتی نەوت لەلایەن دەوڵەت و دابینکردنی شەفافیەتی دارایی و داهات و پەیڕەوکردن لە سیاسەتی بودجە بەجۆرێك کە لەخزمەتی هاوڵاتیانی کوردستاندا بێت. دابینکردنی کۆنترۆڵی جەماوەری بەسەر سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣/١١/٢٠١٥

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …