خوێندەوەیەکی جیاواز بۆ ڕێکەوتنەکەی یەکیەتی و گۆڕان !

عەبدوڵا ساڵح

شک لەوەدا نیە کە ئەم ڕێکەوتنەی نێوان یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کارکردی خۆی دەبێ لەسەر بارو دۆخی سیاسی کوردستان بەگشتی و ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی، وە بۆ ھەر لایەنێک پەیامێکی جیاوازی پێ یە .

سەرەتا، لەپێش ھەموانەوە پەیامەکە بۆ پارتیە و دەڵێ :

ئەو دڵە ڕاوکێیەو ئەوترسەی تۆ لەم ڕێکەوتنە ھەتە دروست لە جێی خۆیدایە چونکە لە ئەلفیەوە تاکو یای پڕۆژەیەکە بۆ بەرگری لە تاک ڕەوی، حوکمی موتڵەق، لەحەواوە سەیری ئەوانی ترکردن، قۆرخکرندی دەسەڵات وەبەیەک ووشە لە پڕۆسەی بەدیکتاتۆرکردنی دەسەڵاتەکەت لەکوردستان کە دەستت داوەتێ، دەبێ بزانی ” بە سعودی کردنی ” ئەم وڵاتە ھەروا ئاسان نی یە ! تۆ ، وەک بەرپرسانت باس دەکەن، پشتت بەسعودیەو تورکیا قایمە ، ئەو دوو وڵاتەی لە گێژاوی قەیراندا دەتلێنەوە ، سعودیە قاچێکی کەوتۆتە زەلکاوی یەمەن و ئەوی تری لە قەیرانی ئابوری دا ، ڕاست و چەپ سەمادەکا و تەنانەت دۆستە کۆن و بەھێزەکەشی کە ئەمریکایە خەریکە بە تاوانی دەورو نەخشی ئەمیرەکانی سعودیە لە پەلامارەکانی 11 ئەیلول دا داوای قەرەبووی قوربانیانی ئەو تاوانەی لێدەکا ! تورکیاش خراپتر، جگە لە کێشە قوڵ و ناوخۆیی و دەرەکیاکانی، قەیران تەنانەت چۆتە ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکەشیەوە ، ئەمە لە لایەک لەلایەکی دیکەوە تۆ لەگەڵ بەغدا پەیوەندیت زۆر ئاڵوزە ، دەمێک ڕیفراندۆم ، دەمێک گەڕانەوە بۆ بەغدا ، دەمێک داوای بودجەو پارە . تاکە ‌ھێزیک کە پشتت پێی قایمە ئەو یەکدەنگیە، یا دروستر بیلێین ئەو بێدەنگیەی ناو حیزبەکتە ، ئەویش وەک بەرپرسانی خۆت باس دەکەن بەھۆی ئەوەی ھێزی چەکدارو گوێ لەمستت لەبەر دەستەو موئەسەسەی بارزانی ڕابەرایەتی حیزب و ھێزەچەکدارەکەت دەکا ، لەنێو ئەم موئەسەسەیەش دا چەند کەسێک کە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن لەناو ئەوانیشدا شەخسی سەرۆکی حیزب کە ھەموو بڕیارەکان لەوەوە دەست پێدەکات و لای ئەویش کۆتایی دێ . دەبێ بزانی کەئەم بەستەڵەکی بێدەنگیە حەتمەن کۆتایی دێ ،کەواتە نابێ لێت بگرین و بپرسین بۆ توشی ھیستریا بوی ؟

پەیامی دووەم بۆ یەکیەتی :

ئێوەش، جگە لەباری ئاڵوزی ناوخۆیی حیزبەکەتان، لانی کەم لە 2003 وە تاکو 2013 ، وەلەسایەی ڕێکەوتنی ئیستراتیجیتان لەگەل پارتی، بە دزی و بەئاشکرا، سەروەت و سامانی کوردستانتان تەخشان و پەخشان کرد ، مشتێک سەرمایەدار و مشەخۆر لە ژێر باڵی مەسئولەکانی ھەردوو لاتان ھەڵتۆقین ، وەک تەونی جاڵجاڵوکە لەسەر و لەژێر پەیوەندی و بەرژەوەندیتان لەگەڵ پارتی تێکەڵاو کرد کە ئێستا دەربازبوون لەو تەونە وا ئاسان نیە ، قاچێکتان لای پارتی و ئەوی ترتان لای گۆڕان ، ئاخۆ وئەم تەوازونە چۆن ڕادەگرن ؟

پەیامی سێیەم بۆ گۆڕان :

ئێوە لەسەرەتاوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و بە شیعاری دەیگۆڕین و مودێلی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای پەرلەمانەوە دەکەینە سونەت ، چونە پەرلەمان ، ئۆپۆزۆسێۆنێکی پڕسەروسەداتان دروستکرد بەڵام بەرھەمی نەبوو لەبەرامبەر دووزلھێزەکەدا چونکە ئەوان ھەموو دام و دەزگاکانی دەولەت بەپەرلەمانیشەوە بە ئامرازێک ھەژماردەکەن کە لە پێناو بردنە پێشی دەسەڵات و نفوزی خۆیان دابێ دەنا توڕی دەدەن . دواتر ئێوە چوونە نێو حکومەتی بنکە فراوان لەوێش ‌ھیچتان بۆ نەکرا وەدەرنران ! ئێستا تاکە ھەلێکی سیاسی کەلەبەردەمتانە ئەم ڕێکەوتنەیە، ئەگەر فەشەل بێنێ ئەوا مەیدانی سیاسی بۆ ئێوە زۆر تەنگ دەبێتەوە ھۆیەکەشی ڕوونە ، ئێوە نە ھێزی چەکدارتان ھەیە وە نە پارەو پوول کە بەھۆیانەوە خۆتان دوو بارە دامەزرێننەوە ، خۆ ئەگەر باس لە بنکەی جەماوەری خۆتان دەکەن ئەوا بێشک ئەوانیش تەحەمولی ئەم ھەموو شکستە یەک لەدوای یەکەتان ناکەن .

پەیامی چوارەم بۆ ئیسلامیەکان :

مەیدانی سیاسی لەکوردستان ، بەتایبەت لەم بار و دۆخەی دوای ڕێکەوتنی یەکیەتی و گۆڕان بە جۆرێکە کە ھێزی لاواز جێگای تێدا تەنگە و ڕەنگە قووت بدرێ ، دەبێ ئەوەش بزانن کە خەونی پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی موتەدەیین لە کوردستان و مڕۆدا جگە لەخەیاڵ ھیچی دیکە نیە، پەیامی ئێوە لەھەندێک لەوڵاتانی دنیا بەکۆمەڵگا گەیشتوە و تاقی کراوەتەوە !

دوا پەیام بۆ ھێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان :

ئێوەش لانی کەم چارەکە سەدەیەکە لەکوردستان ، بەجۆرێک لە جۆرەکان ، خەباتی سیاسی دەکەن ، بنەمای بابەتی ئەم خەباتە لەسەر دابەش بوونی کۆمەڵگا بە دوو قوتبی بۆرجوازی لەلایەک و کرێکار و زەحمەتکێش و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا لەلایەکیتر دامەزراوە، ئەمە خۆی بنەمایەکی واقعی و مەوجودە ، بەڵام لەڕوی سیاسیەوە، تاکو ئێستا ، سیاسەتەکانتان لە ھەنگاوێک بۆ پێشەوەو ھەنگاوێک بۆ دواوە تێپەڕی نەکردوە ! بەتەنیا وەستان لەپەراوێزی کۆمەڵگادا و شیکردنەوەو ڕەخنەگرتن کافی نیە بۆ بەرەو پێش چوونی سیاسەتەکانتان . بێشک دەبی ھەلوو مەرجی دوای ئەم ڕێکەوتنە لەبەر چاو بگرن و بە جدی وەری بگرن دەنا دەستبردن بۆ گرتنەدەستی قودرەتی سیاسی تەنیا بەشیعار مسۆگەر نابێ .

20 / 5 / 2016

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *