خەونەکانی دیکتاتۆرە بچوکەکەی تورکیا !

عەبدوڵا ساڵح                                          

پرۆسەی بە دیکتاتۆرکردنی دەسەڵات لە تورکیا ھەر لەسەرەتای گەیشتنی حیزبی دادو گەشە پێدان بە دەسڵات دەستی پێکرد، دیزاینەرو بەجێھێنەری ئەونەخشەیە ئەردۆگان بوو، بەڵام نیشانەکانی ئەم پرۆسەیە ، یا ووردتر بڵێن ئەم خەونە ، تا ئەو کاتەی ئەردۆگان نەبووە سەرۆک کۆمار وا بەزەقی دەرنەکەوتن ، لەسەر ئاستی ناوخۆیی، سەرەتا یەکلاکردنەوەی دەسەلآت و یەکدەستبونی لەناو حیزبەکەیدا دەست پێکرد بە لێدانی عەبدوڵا گۆل و دورخستنەوەی تا گەیشتە تەتەڵەکردن و بژارکردنی گەورە ئەفسەرانی سوپا کە جێگەی مەترسی گەورەبوون ئەویش لەسەر بنەمای مێژوویەک کە سوپا ھەیەتی لە چارەنوسی رەوشی سیاسی تورکیادا .

ڕاگەیاندنی ئاگربەس لەگەڵ پەکەکە ودەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، کە لەڕاستیدا ھیچ پرۆسەیەک نەبوو، بە پەردەی دواتری ئەم شانۆیە دەکرێ ھەژمار بکرێ .

ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەم پرۆسەیە جگە لە تێپەڕاندنی کات بۆ جێگیر کردن و دەست قایم کردن لە جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆگانەوە ھیچی تر نەبوو .

شەڕی سوریا و تێوەگلانی تورکیا تیایدا ، زەلکاوێک بوو ھەتا ئەمڕۆش ئەردۆگان بەدەستیەوە دەناڵێنێ ، تورکیای کرد بە پرد بۆ بەھێزکردن و چنگداگرتنی تیرۆرستانی داعش، لەگەڵ میسر دوای حوکمی ئیخوانەکان، تێک چوو، بەرەو سعودیەو وڵاتانی خەلیج ملی نا کەئەوانیش بەدەست ئێران و یەمەنەوە گرفتارن ، خۆی توشی تەنگژەکرد لەگەڵ روسیا، کارتی پەنابەرانی دژی ئەوروپا بەکار ھێنا، لەگەڵ ئێران نێوانی سارد و خۆی ھاویشتە کێشەی ناگۆرنی قەرەباخ، قاچێکی خستە نێو زەلکاوی عێراقەوە، لەگەڵ ئەڵمان کەوتە گڤەکڤ لەسەر بەجینۆساید ناساندنی قەتڵ و عامی ئەرمەن، داود ئوغڵوی وەلانا ، ڕەوشی ئەمنی وڵاتەکەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو خراپی برد دوای ئەوەی دەستی نایە خوێنی سەدان ھاوڵاتی سڤیل لە کوردستانی تورکیا، زۆر لەھەوڵی ئەوەدابوو ناوچەیەکی ” ئارام ” لەناو سوریادا پێکبھێنی بو پەلاماری کانتۆنەکانی جەزیرە و کۆبانی و عفرین و دژایەتی یەپەگە ئەویشی نەک ھەر لێپوچەڵ بۆوە، بگرە پێشڕەویەکانی ئەم دوایەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو شاری ستراتیجی مەنبەج گورزێکی تری گورچکبڕ بوو بۆ ئەردۆگان و داعشی ھاوپەیمانی بەتایبەتی کە ئەمریکا لەو ئۆپەراسێۆنەدا تورکیای پشتگوێ خست. پەردەیەکی تری ئام شانۆیە کە بەدڵنیایەوە دوا پەردە نابێ ، تەزویری بڕوانامەی دانیشگایە لەلایەن خودی ئەردۆگانەوە .

دەنگۆی ئەوەھەیە کە ئەردۆگان بەشێکی زۆر لەم گێچەڵانەی بەسەر خۆی و بەسەر تورکیای دا ھێناوە بخاتە ئەستۆی داود ئۆغلو و بیکاتە کۆچی قوربانی، سەرەتا پەیوەندیەکانی دەرەوەی پینەو پەڕۆ بکا بە ‌ھیوای ئەوەی دوای داعش پێگەی خۆی لە ناوچەکە وەک خۆی مەبەستیەتی بھێڵێتەوە ، بەتایبەت کە ، ئەسەد ، دوژمنە سەرسەختەکەی ، دوێنێ لەکردنەوەی پەرلەمانی تازەی سوریا، وە بەپشت بەستن بە ڕوسیاوە، نەک تەنیا سوکایەتیەکی زۆری بە ئەردۆگان کرد بەڵکو پەیامێکی توندی بۆ نارد کە دەڵێ : حەڵەب دەکەینە گۆڕستانی خەونەکانی ئەردۆگان .

ئەردۆگان ئێستا لەگەڵ چارەنوسی ڕەشی خۆی دەست و پەنجە نەرم دەکا .

پێشھاتەکان ھەموو باس لەوە دەکەن خەونەکانی ئەم دیکتاتۆرە بچوکە ھەر لەمەودای خەوندا دەمێننەوە، ھەر بۆیە ھەموو ئەو ھێزانەی، چ لە سوریا و چ عێراق و چ لەکوردستان ئەجیندای خۆیان خستۆتە پاڵ ئەجیندای ئەردۆگانەوە و خەونی وەک ئەو دەبینن دەبی زوو فریا کەون دەنا ھی ئەوان نەک خەون بەڵکو لە زڕەخەون زیاتر تێپەڕ ناکا .

8 / 6 / 2016

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *