پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی! سامان کەریم

رونکردنەوەیەک بۆ خوێنەران :

ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێننەوە، سەرەتا بەشیوەی سمینار لە سەنتەری لێکۆلێنەوەی مارکسیستی لە١٣/٣/٢٠١٦ دا لەلایەن هاوڕی سامان کەریمەوە لەژێر ناوی “تیرۆرو بزوتنەوەی تیرۆریستی و چۆنیەتی ڕوبەرونەوەی ئەم پەتایە” پێشکەش کراوە. ئەم دەقەی ئێستای، دوای بەرێوەچونی سیمنارەکە و موداخەلەی هاورییانی ئامادەبوو، هاوکات پاش ڕینوسکردنەوەی بەوجۆرەی کە خاوەنی باسەکە پێیگونجاوبوە، ئامادەکراوەتەوە. بە داخەوە بەهۆی ئامادەنەبونی دەقی موداخەلەی ئامادەبوانی سمینارەکە بە شیوەی نوسراو، نەمانتوانی هاوکات موداخەلاکانی ئەوان لەگەل ئەم باسەدا بڵاوبکەینەوە، هیوادارین لە فرسەتیکی تردا ئەم کارە بکەین.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی مارکسیستی دامەزراوەیەکە بۆ باس و توێژینەوەی مارکسیستی رونکردنەوەی دیدگای کۆمۆنیستی سەبارەت بە کێشەو مەسەلەکانی دنیای هاوچەرخ و شۆرشی کۆمۆنیستی، لیکۆلێنەوە سەبارەت بە لایەنیە جیاجیاکانی خەباتی چینایەتی و بەرجەستەکردنی رەخنەی مارکسستی وچیانیەتی لە سەرمایەداری هاوچەرخ و بونیادی فکری و تیوری و سیاسی رەوتە کۆمەڵایەتیەکانی بورژوایی، لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە.

میتۆدو شیوەی کاری سەنتەر باس و پلیمیک و گۆڕینەوەی بێرواڕ و خستنەروی بۆچونە جیاوازەکانە لەسەر ئەو مەسەلانەی کە دەخرینە بەرباس، سەنتەر بۆچونی رەسمی و باسی پەسەندکراوی نییە. ئەو باسانەی لەلایەن سەنتەرەوە بلاودەکرینەوە، تەنها گوزارشت لە رای خاوەنەکانیان دەکەن.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی مارکسیستی

حوزەیرانی ٢٠١٦

پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!

سامان کەریم

لەسەرەتاوە دەمەوێت ئاماژە بە مەسەلەیەک بکەم ئەویش ئەوەیە: ئەم سیمینارە لە گەڵ ٤ هاوڕێدا دەست پێدەکەم کە لەباری سیاسی و فکریەوە ئەگەر لەمن توانایان زیاتر نەبێت ئەوە کەمتر نیەو بێگومان ئەمە کۆسپێک بۆمن پێکدەهێنێت، چونکە باسەکە یان بابەتی سیمینارەکە لە بناغەوە بۆ ڕەئی گشتی و بۆ خەڵک، بۆ کریکارە، وە بۆ ئەم ٤ کەسە نیە. ئەم پۆینتە بەناچار وا دەکات کە هەندێک یان زۆر تیزو بابەتی دوبارەبوو یان بیستراوی بۆ هاورێیان تیدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک بابەتی تیدایە کە جیگای مشت ومڕو باسە، لەروانگەی منەوە تازەن. هیوادارم پێکەوە باسەکە دەوڵەمەندتر بکەین.

هاورێێان خۆتان ئاگادارن کەمن پێشتر سەرخەتی باسەکانم بۆ ناردوون…..کە بەگشتی ٥ تەوەرە بوون…… لێرەدا پێویست بەدووبارە نوسینەوەی ناکات. خوێندنەوەی باسەکە ٥ تەوەرەکە ڕۆشن دەکاتەوە.

لەم سیمینارەدا باسی تیرۆرو تیرۆریزم نیە بە گشتی، بەڵکو باسەکەمان تایبەتە بە تیرۆرو تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی لە لایەک و تیرۆریزمی دەوڵەتی لە لایەکی دیکەوە. ئێمە ئەمرۆ لە هەلومەرجێکدا باسی تیرۆرو تیرۆریزم دەکەین، کە سەرمایەداری جیهان یان سەرمایەی گەورەی دونیا قۆناغەکانی پێشووی تیپەڕاندوە. ئێستا لە دەورانێکدا نین کە روسیا پەلاماری ئەفغانستان دەدات، وە لە دەورانی ١١ی سیبتمبەرو هێرشی ئەمریکا نین بۆ سەر ئەفغانستان. لە قۆناغی تاک قوتبی ئەمریکادا نین بۆ ڕابەری سەرمایەداری جیهان کە ماوەیەکی زۆر لە دوای کۆتایهاتنی جەنگی ساردەوە، بەو شێوەیە مامەڵەی دەکردو شێوازێکی لە جەنگی پیش وەختە پیادە کردو تیرۆریزمی دەوڵەتی خۆی بردە ئاستی نەریتێکی جیهانی.

ئەم قۆناغە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەگەڵ دوو مەسەلەی سەرەکی دا بەرەو ڕوو کردۆتەوە ئەزمەی قوڵ وبناغەیی سەرمایەداری جیهانی کە ئاسۆیەکیان نیە بۆ گەشەپێدانی سەرمایەداری وەک سیستەمێک. هەروەها ئەزمەی قوڵی سیاسی لە ئاستی جیهانیدا، ململانێ و ڕوبەڕوبونەوەی فراوانی نێوان گەورە سەرمایەکانی دونیا وهێزەکانیان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا، نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەو جەنگەکان لەنێوان زلهێزەکانی دونیادا ، تەنانەت چارەسەرێکیان پێ نیە بۆ کێشە ناوچەییەکان وەک مەسەلەی ئیسرائیل- فەلەستین، قەیران و جەنگی سوریا ، یەمەن ، لیبیا و عێراق…….لایەنی کەم تائێستا.

قۆناغەکانی پیشوو بەم شیوەیە نەبوو بۆنمونە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە یان دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە سیاسەتی کۆلۆنیالی یەوە بگرە تا دەگاتە ئەلتەرناتیڤی سەرمایەداری دەولەتی ودەوڵەتی خۆشگوزەران و شێوە جیاوازەکانی بازاڕی ئازادو یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان… ئەمرۆ بورژوایی گەورەی جیهان تا ئێستا بێ بەشە لە ئاسۆی گەشەپێدانی سەرمایە. هەموو ئەمانە پێکەوە پاش ئەوەی کە ووڵاتانی گەورەی سەرمایەداری ئەلتەرناتیڤێکی دیکەیان نیە، کاری تیرۆر وتیرۆریزمی کردۆتە پێداویستی ئەم هەلومەرجەی سەرمایە. ئەمرۆ تیرۆریزم پێش ئەوەی ئیسلامی بێت سەرمایەداری یە، بەڵام ئیسلامی سیاسی ئەو شانسەی پێبڕاوە کە هەڵگری ئەم ڤایرۆشە بێت، ڤایرۆسەکە ڤیرۆسی سەرمایەیە، بەڵام هەڵگرەکەی ئیسلامی سیاسییە.

تیرۆر کاتێک دەبێتە پەتا وبڵاودەبێتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و کاری تیرۆریستیان پانو پۆر بۆتەوەو بەم پێ یە، تیرۆریزم وەک ئایدۆلۆژیاو بیر و سیاسەت و نەریت برەوی پەیدا کردوەو وگەشەی کردوەو بۆتە ڕێبازێک و نەریتی سیاسی و خەباتکارانەی زاڵی ئیسلامی سیاسی. هەروەها بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوەی دەیان ملێونی کەسی، کە پێش ئەوەی گیرۆدەی دەستی ئەم ڤایرۆسە بن، قوربانیانی دەستی سەرمایە بوون چ لە عێراق و سوریاو میسر ولیبیاو سعودیەو پاکستان و ئەفغانستان یان لە لەندەن و پاریس و مەدریدو نیویۆرک بێت…. بەمانایەکی دیکە سەرمایەو دەسەڵاتەکەی هۆکاری سەرەکی پێکهێنان و زەمینە رەخساندن و بە‌هێزکردن و گەشەپێدانی تیرۆرو هێزە تیرۆریستیەکان بوون وە هەن. پێش ئەوەی داعش و نەسرەو سوپای فەتح و سوپای ئیسلام …. بیانکەنە تیرۆریست. سەرمایەداری و هێزە بورژواییەکان، بەهۆی بێکاری و نەبوونی و هەژاری و کەمی کرێ و نەبوونی خزمەتگوزای و سەرکوت و بێمافی و نەبوونی مافە فەردی و مەدەنیەکان، …. زەمینەکەیان بۆ خۆشکردوە. ئەمە لەپاڵ داگیرکاری و جەنگو تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو ملهوڕییەکانی ئیسڕائیل و دەستگیرۆکردنی”دیکتاتۆرەکان”و … هەموو ئەوانە لەپاڵ بەهێزکردنی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی دا، بە ڕۆشنی ئەوە نیشان دەدەن کە سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی چۆن زەمینەی بەهێزکردنی تیرۆریزمیان ڕەخساندوە. ئەمە جگە لە پیادەکردنی بێ ئابروانەی تیرۆریزمی دەوڵەتی وبردنی تا ئاستی دریادەو نەریتێکی نێونەوەیی.

تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی ئەمرۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی بورژوایی پان وپۆڕەو بۆتە بەشێک لە ستراکچەری سیاسی و فکری ناوچەیی و جیهانی. بزوتنەوەیەک وەک ئاماژەمان پێدا نەریت و ئاسۆی سیاسی و ڕێکخستنی خۆی و نەریتی خەباتکارانەی خۆی هەیە ” جیهادی خۆکۆژی” وەک بەشی سەرەکی لە خەباتی سیاسی و سەربازی. ‌‌هێزو بزوتنەوەیەکی ئیسلامی کە تەوەرەی سەرەکی جیهادەکەی “خۆکۆژی” و” خۆتەقاندنەوەی جۆراوجۆر” و” سەربڕینی ئینسان” و” خواردنی جەرگو دڵ”بێت، وەک داعش و بەرەی نەسرەو ڕێکخراوی ئیسلامی ترکستانی و ئەوانی دیکە، تیرۆر وەک کارو سیاسەتێکی تەکتیکی و تەنانەت وەک ڕەوشێکی سیاسی ناهێلێت و دەیگەیەنێتە ئاستی سیاسەتێکی ئیستراتیژی وێناکردنی بزوتنەوەیەکی سیاسی لەسەر پای ئەم تێڕوانینە. ئەگەر چی تیرۆر و تەنانەت کاری خۆکۆژی تەنها کاری ئیسلامی سیاسی نیە، زۆربەی بزوتنەوەو هێزە سیاسیەکان بە چەپ و ڕاستەوە پیادەیان کردوەو پیادەی دەکەن وەک کارو تاکتیک و شێوەیەک لە خەبات، بەلام ئیسلامی سیاسی ئەم شیوەکارەی گەیاندۆتە ئاستی نەریتێکی سیاسی و بەشێکی سەرەکی لە ستراکچەری خەباتی سیاسیان و سەربازیان. بەم مانایەیە تیرۆر تا ئاستی تیرۆریزم وەک رێبازێک گەشە دەکات لە ڕێگای بناغەی فکری و کاڵچەری ئیسلامەوە.

بێ تێگەیشتن لەم قۆناغە مێژوییە، تێگەیشتن لە تیرۆرو تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و کۆمەکی ووڵاتانی ڕۆژئاواو بەتایبەت ئەمریکا بە تیرۆر وهێزە تیرۆریستیەکان، ئەستەمە. پاش ئەوە دەچینە نێو باسی تێڕوانین و ئاراستە و تیڕوانینە زاڵ و باوەکان و دوای ئەوە ‌‌هێزە سیاسیە سەرەکیە جیاوازەکانی ئەمرۆی دونیا و ململانێان، لە جەنگی جیهانی ئەمرۆدا لە پێناو دەسەڵاتی سیاسی و پێگەو نفوزی جیهانی دا باس دەکەین. دوایی بەکورتی باسی ڕوبەڕوبونەوەی ‌زڵهێزەکانی سەرمایە دەکەین لە دونیادا لە پەیوەند بە تیرۆرەوە، نیشانی دەدەین کە چۆن تیرۆرو تیرۆریزم لە هەلومەرجی ئەمرۆدا پێداویستییەکی سەرمایەو بورژوایی گەورەی جیهانییە بە ڕابەری ئەمریکا. لە کۆتاییدا ڕوانگەی مارکسی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەخەینە ڕوو.

ڕوداوە تیرۆریستیەکانی پاریس لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابوردودا، لەئاستی ڕەئی گشتی دا، گورزێکی دا لە جەمسەری ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، لە جەمسەری تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتەکانی. نەک تەنها لە تیڕوانین و جیهان بینیان بەڵکو لە ئاراستەی سیاسی و چۆنیەتی بیرکردنەوەو ڕوبەڕوبونەوەیان لەبەرانبەر ئەم پەتا مەترسیدارەدا…. ڕوداوەکانی پاریس و پێشتریش ڕوداوە گەورەکانی کۆچکردنی ملێونی خەڵکی سوریاو عێراق و ئەفەریقا بەرەو ئەوروپا کە تا ئێستا بە شێوەی جۆراجۆر بەردەوامە … کۆی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەوروپاو یەکێتی ئەوروپای خستە بەردەم پرسیارێکی گەورەوە. حەتمەن دەبێتە هۆی ئالوگۆڕێكی فراون. لە یەکەم هەنگاویدا جیاوازی نێوان ” ڕۆژئاوا”و ” رۆژهەلاتی” ی مایە پوچکردو لە هەمانکاتدا ناوەرۆکی ” رۆژئاوا”ی بە تەواوی خستە ژێر پرسیارەو گۆڕی وە دەیگۆڕێ، هەرەها چەمکی ” ئاسایشی نیشتمانی”و ” ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا”و ” ئاسایشی دەرەوەی سنورەکانی” ئەو دوو جوگرافیا یەی بە تەواوی گۆڕی. بە جیا لەوانە تێزی هەرە کۆنەپەرست و دژی کرێکاری ” کلتورە جیاوازەکانی” لە بناغەوە توڕ هەڵدا، نیشانی دا کە ئەم تێزە بۆمبەو دەتەقێتەوە. هەرئێستا پارتی دیموکراتی مەسیحی مەدام مێرکل لە ئەلمانیا پڕۆژەیەکی ئامادە کردوە لە پەیوەند بە پەنابەرانەوە کە دەبێت” بە هۆمسێکچوەل ڕازی بن وەکو یاسا، رازی بن بە دەوڵەتی ئیسرائیل و یەکسانی ژن و پیاو….” کە ڕۆشنە ئەم پرۆژەیە چەند دژ بە ” فرە کلتورییە” بە جیا لە ناوەرۆکی بڕیارێکی وا کە لێرەدا جێگای باسی من نیە. دەرکەوت کە گلۆبالی سەرمایە و نیولیبرالیزم هەر ناردنی سەرمایەو سەرمایەی مالی و بۆندو شێرەکان”ئەسهوم”ی کۆمپانیاو بۆرسەکان نیە بۆ دەرەوەی ئەوروپاو ئەمەریکا بەڵکو دەکرێت جار بەجار تیرۆر و تەقینەوە بنێردرێت و مامەڵەی پێوەبکرێت. دەرکەوت کە موشەکی ” تاوی” ئەمەریکی بەسەرشانی داعش و تیرۆریستەکانەوەیە لە سوریاو عێراق. ئیسلامی سیاسی وەک بزوتنەوەیەک بە ڕابەری داعش وهێزە تیرۆریستییەکانی دیکە، بەدوای دەسەڵاتی سیاسی و پێگەی جیهانی خۆیەوەیەتی. بۆ ئەم ئامانجەی هەموو کارێک دەکات دەیان ڕوداوی تیرۆریستی وەک پاریس لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا دوپات دەکاتەوە.

ڕوداوەکانی پاریس، هەلومەرجی ئاسایشی ئەوروپاو ئەمەریکای گۆڕی. بەلجیکا بۆ ماوەی یەک هەفتە وەک شارەکانی عێراقی لێهات، فەلوجە یا رومادی، باڕو دیسکۆو میترۆو یاریگا و زۆربەی ریستۆرانتەکان داخران. ناو بەناو گوێبیستی دابەزینی ناچاری فرۆکەیەک دەبین لە یەکێک لە فرۆکەخانەکاندا بە هۆی بونی هەوالێ بومبێک، لە وە زیاتر لە هێلی ساوز ویست ئیرلاینی ئەمریکی لە بەرئەوەی دووکەس بە زمانی عەرەبی قسەیان کردوەو لە نێو قسەکانیاندا ووشەی ” قونبەلە”ی تیدا بوە، لە شیگاگۆ نەیانهێشتوە سەر بکەون و سەفەرەکەیان بکەن. لە دوای یەک رۆژ لە ڕوداوەکانی پاریس زیاتر لە ١٠٠ منداڵ لە بەریتانیا پەیوەندیان کردوە بە ڕێکخراوی منداڵ پاریزی NSPCC National Society for the Prevention of Cruelty to Children” و پرسیاریان کردوە ئایا هەمان ڕوداو لە لەندەن دوبارە نابێتەوە،…. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە خەڵکی ئەم ووڵاتانەو دەزگا ئەمنیەکانیان لە چ بارێکی ئالوزو دژواردا دەژین و چۆن ئەمنیەت بوە بە مەسەلەیان. دوای ڕوداوەکانی پاریس، چۆن ئێستا ئیمە لە بەردەم ئەمنیەتێكی جیهانگیرداین، وە ئەمنیەت لەڕوانگەی ڕەئی گشتییەوە چۆن بۆتە مەسەلەیەکی هەمەگیرو خواستێکی جیهانی. لە ڕوانگەی منەوە ئەم مەسەلەیە دیاردەیەکە سەرمایەداری ئەمڕۆ پێویستی پێی هەیە. واتە سەرمایەداری پێویستی بە ئاشوب ونائارامی و شەڕ وجەنگ و ” فەوزای خەلاق” هەیە لەم قۆناغەدا کە ئاسۆیەکی نیە بۆ دەربازبوون لێی. پاش ئەم کورتە باسە دێینە سەر باسی قۆناغی ئینتقالی” ڕاگوزەری” ئەمرۆ.

قۆناغی ئێستا(قۆناغی ئینتقالی)، جیهانێکی بێ سیستەم !

جیهانی ئەمرۆ، جیهانێکی بێ سیستەمە. جیهانێکە، ئاشوب و ئانارشی خەلاق” خوڵقێنەر” و جەنگ و ناجێگیری و نەبونی ئەمن و ئارامی و ئاوارەیی ملیۆنی و بێدەرەتانی و برسێتی و بێکاری سەرسور‌هێنەر و وەرگرتنەوەی خزمەتگوازارییەکان و، بازرگانی بە بەشەرو، مایە پوچی مەجلیسی ئەمن ونەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم دامو دەزگا نێو نەتەوەییەکان، مایەپوچی دیموکراسی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی، مایە پوچی ” مافی مرۆڤ”و جاڕنامە جیهانیەکەی…..هەموو ئەمانە دەکرێت تایبەتمەندی قۆناغی ئەمرۆو مێژووی ئەم سەردەمە بن. ئەم هەلومەرجە کاتی یە. کاتی یەو ڕاگوزەرە”ئینتقالی”یە.

ڕاگوزەرە بەو مانایەی کە سەرمایە لە ئاستی جیهانی دا، سیستەمی ڕابوردووی تێپەڕاندوەو بە نێو تونێڵێکی تازەدا تێدەپەڕێت کە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابوردودا ئەمریکا بەهەموو شێوەو ڕێگایەک ئامانجی ئەوە بوو بیسەپێنێت. ئەمریکا لەم خاڵە وەرچەرخانەی قۆناغی ڕاگوزەردا نەک ئامانجی خۆی نەپێکاو” سیستەمی نوێێ جیهانی”ی خۆی بۆ دابین نەکرا، بەڵکو لە ساتەوەختی ئێستادا، ئەوە ڕۆشن بۆتەوە کە ئەو سیستەمە داڕوخاوەو ئەمرۆ حەریفەکانی روسیاو چین و ووڵاتانی بریکس و بە ئاستێکی کەمتر ئەلمانیا، لە باری پراتیکی یەوە جیهانێکی چەند قوتبی پیادە دەکەن….

لەنێوان سیستەمی تاکڕەوانەی داڕووخاوی ئەمریکاو بنیات نانی سیسستەمێکی جیهانی چەند قوتبیدا قۆناغێک هەیە کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە، قۆناغی ئێستا. ئەم قۆناغە واتە سیستەمی پێشوو ئاوا نەبوەو ڕازی نیە یە بەوەی لە ئێستادا ئاوابێت و بچێتە ناو تاریکایی مێژوەوە، لە هەمانکاتدا جیهانی چەند قوتبی وەکو جیهانێک کە جێگای ڕێکەوتنی گشت زلهێزەکان بێت تا ئێستا فەراهەم نەبوە. بەم پێ یە لەم قۆناغەدا ‌هیچ دیاردەو دەستورو یاساو بڕیارێکی جیهانی کە لەسایەی نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە… بە پێی لۆجیکی ئەم ڕێکخراوە جیهانیانە ناچێتە پیشەوە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیانە خۆیان لە ژێر پرسیاردان و ئالوگۆڕی گەورەیان بەسەردادێت. بەمانایەکی دیکە بورژوایی گەورەی دونیا نەگەیشتۆتە ئاستێک لە ڕیکەوتن ودابەشکردنی بەشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا. جا بەجەنگی ڕاستەوخۆ بیت یان بە دانوسان و جەنگە ناراستەوخۆکانی ئێستا.

ئەمریکا ئێستا پاش ٤٥ ساڵ ڕابەری رۆژئاواو نزیک بە دوو دەیە ڕابەری هەموو جیهان، توانای پێشڕەوی نەماوە وەک ڕابەری تاقانەی جیهانی سەرمایەداری ، جیهانی تاک قوتبی. لە باری ئابورییەوە ئەمڕۆ بە هەموو پێوانەیەک چین وەک دێوەزمەیەکی ئابوری گەورە لە بەرانبەری ڕاوەستاوەو ئێستا بە پێی پیوانەی تازەی ڕاپۆرتی ئاسۆی ئابوری جیهانی” تقریر افاق الاقتصاد العالمی” کە پێوانەی یەکسانی توانایی کڕیاری بەکاردەهێنیت “معادل القوة الشرائیة PPP,” Purchasing power parity ، ووڵاتی چین ئابوری یەکەمی دونیایە، بەلام ئەمە تاکە پێوانەیەک نیە. بەهەرحاڵ باسەکە لێرەدا بۆ نیشاندانی ئەوەیە کە لەباری ئابورییەوە ئەمریکا خەریکە پێگەی خۆی لەدەست دەدات و من پێم وایە لەدەستی داوەو ئەوە توانا سەربازییەکەیەتی کە دەیەوێت ئەو پاشەکشەو لاوازییەی پێ داپۆشێت.

لە باری سیاسیەوە وبردنە پێشەوەی سیاسەت وئاسۆی سیاسی لە ئاستی جیهانیدا، روسیا وەک هێزێکی ئەتۆمی و پرچەکی تەکنۆلۆژی بەهێز، لە بەرانبەری راوەستاوە نەک بە ئەمریکا دەڵێت نا بەڵکو لەبەرانبەری دا ” ڤیتۆ ” یەک لە دوای یەک دەدات بە ڕووی سیاسەتەکانیدا… چین و روسیا پێکەوە لەگەڵ بلۆکەکانی بریكس و شەنگەهای و هاوپەیمانەکانیان هەموویان وەک قوتبی جیهانی لەبەرانبەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیدا وەستاون لە ئێستادا.. ئەمە بە رۆشنی بەرچاوە لە پەیوەند بە دامودەزگا جیهانیەکانەوە، لە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بگرە تادەگاتە بانکە جیهانیەکان و تا جەنگ و کێشەکانی سوریا و عێراق و لیبیاو میسرو یەمەن وکوریای باکورو ئۆکرانیاو ئیران…هەموو ئەم کێشانە لە هەلومەرجی ئەزمەیەکی قولێ ئابوری جیهانی دا دەڕواتە پێشەوە کە لەمبارەشەوە ڕێگای جیاواز لە بەردەمی ئەو قوتبانەی جیهاندایە.

قۆناغی ئێستا، وەک قۆناغیکی ڕاگوزەر ئاوێنەیەکە بۆ نیشاندانی هەموو جەوروستەم و زوڵم لێکردن و چەوسانەوەی قۆناغی پێشوو لە هەمانکاتدا ئاماژەیەکە بۆ کۆسپ و چەوساندنەوەو زوڵمکردنی قۆناغی داهاتوو.. لەم قۆناغەدا سەرمایەو هێزە بورژواییەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و هەر ووڵاتێکیشدا… ‌هێز گەلی سەرەکین وزاڵ و باڵا دەستن، چینی کرێکار و ‌هێزی تەحزوبی ئەو لەئاستی سیاسی دا غائبە. ئەمە گەورەترین کۆسپی کۆمەلگای بەشەری و جیهانی هاوچەرخی ئێمەیە، دیاردەیەک کە ئەم سەردەمە بە تەواوی پێناسە دەکات وجیای دەکاتەوە لە گشت مێژووی سەرمایەداری لە سەردەمی پەیدابونیەوە تا ئێستا. قۆناغەکانی پێشوو نەک وانەبوو، بەڵکو سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، شۆرشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشی ئەلمانیا و دواتر شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دیکەی بە دوای خۆیدا هێنا و تەنانەت لە کۆتای ساڵانی هەفتاکاندا شۆرش لە ئێراندا دەبینین. بەلام سەرەڕای ئەو ڕاستیە تاڵە، ئێمە پەرچە کردارێک دەبینین لە بەرانبەر دەخاڵەتی ئەمریکاو لیبرالیزمە نوێیەکەی و شەڕئەنگێزییەکەی لە ئاستی دونیاو تەنانەت لە نێو ئەمریکا خۆی دا.

لە هەمانکاتدا هیوایەک هەیە بۆ دەرکەوتن و هاتنە دەرەوەی هێزی ڕێکخراوی چینایەتی کرێکار، گریمانەو هیوایەک کە پایەکەی زیندبوونی بزوتنەوەی کرێکاری و نیشاندانی مەیلی رادیکاڵ و کۆنترۆڵی کارگەو کۆمپانیاکانە لە ووڵاتانی ئەوروپا وبەتایبەت فەرەنسا، و ئامادەبونی هەمەڕۆژەی ئەم چینە دژ بە سەرمایەو سیاسەتی برسیکردنی، ئەو ڕاستی یە نیشان دەدەن. بەبێ ئەم هێزو هیوایە وتەنانەت ترس لە ڕێکخراوبونی ئەو هێزەو شۆرشەکەی، بەبێ ئەوە، وەبێ دەرکەوتنی ئەم هێزە دونیای ئایندەی ئێمە دونیای وەحشیگەری زیاتری سەرمایەو سەرمایەدارییە. دونیا دونیای هەراجکردنی هێزی کاری ئەو بەشە دەبێت لە چینی کرێکار، کە شانسیان دەبێت کارێکیان دەست بکەوێت. جیهانی هەژاری موتڵەقی کرێکاران و ژیانی کولەمەرگی بێکاران دەبێت کە رێژەکەی هێجگار بەرزدەبێتەوە. ئەوەتا لە فەرەنسا کە کوانوی شۆرش و شۆرشگیری بوە لە ژیر ناوی ریفۆرمدا دەیانەوێت یاسای کار بە جۆریک بگۆرن کە لەگەڵ ئاراستەی لیبرالیزمی نوێ دا بێتەوە. هەروەک بەریتانیا کە خاوەن کارەکان دەتوانن بە ئارەزوی خۆیان کاتی کاری کرێکار درێژ بکەنەوە بەهەرحال بورژوایی جیهانی نمونەی ووڵاتی چینی دەوێت.

لە هەلومەرج و قۆناغێکی ئاوادا کە ئەمریکا وەک ڕابەری سەرمایەداری گەورەی جیهانی، کێرڤی ئۆتۆریتەو نفوزی سیاسی و ئابوری هاتۆتە خوارەو مەیلی دابەزینی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا مەیلێکی بەهێزەو ملی ڕێگای گرتوە و ڕۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێتە ڕاستیەکی کۆنکریت. بێگومان ئەم پێگە تازەی ئەمریکا ڕاستەوخۆ سەرچاوەکەی قەیرانی قوڵی ئابوری سەرمایەداری جیهانی و جەنگە تیرۆریستیە یەک لەدوای یەکەکانیەتی. قەیرانێک کە سەرمایەداری دەرگیرە لەگەڵیدا لە ئاستی جیهانیدا، هێچ ئومێدێک وهیوایەک نیە بۆ هەستانەوەو دوبارە پرۆسەی گەشەپێدانی سەرمایە.

سەرمایەداری مۆدێلێکی پێ نیە بۆ گەشەپیدانی ئابوری ” economic development” . ئەم پڕۆسەیە تا ئێستا داخراوە، بورژوایی جیهانی ناتوانێت لەنگەرو هاوسەنگی بگرێت. گەشەپێدانی ئابوری لە روانگەی زانستی ئابوری بورژاییەوە بەشێوەیەکی گشتی بەمانای: ” کرداری بەردەوام و هاوئاهەنگ و ڕێکخراوی دەولەتێک یا ناوچەیەکە بەپێی بریاری سیاسی، کەدەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەران و پێکهێنانی ئالوگۆرێکی چەندایەتی و چۆنایەتی ئابوری لە ئاستی کۆمەلایەتیدا، وەک بەرزبونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان… بێگومان گەشەی ئابوریش Economic growth دەگرێتەوە، گەشەی ئابوری وەک بەشێکی گەشەپیدان ئەژمار دەکرێت…”. سەرمایەداری گەورەی دونیای ئەمڕۆ نە دەتوانێت دەولەتی خوشگوزەران دوبارە کاتەوە، نە توانای داگیرکاری ماوە بەتایبەت دوای ئەفغانستان وعێراق، وتەنانەت داگیرکاری نەک ناتوانێت ئومیدێک بدات بۆ گەشەپیدانی ئابوریی جیهانی وەک سەردەمی کۆلۆنیاڵی، بەڵکو سیاسەتی داگیرکاری خۆی نیشانەی ئەوەیە کە سەرمایەداری گەورەی دونیا مایەپوچە و لەهەوڵی خستنەوەی ئاشوبدایە، وە نەسەرمایەداری دەولەتی ئەڵتەرناتیڤی ئەمڕۆیە لای بورژوایی گەورەی جیهان… وەئەگەر ئەلتەرناتیڤ بێت دیسان ناتوانێت وەلام بێت بە گەشەپێدانی سەرمایە و ماوەیەک لە ئارامی و پرۆسەی گەشەو گەشەپێدانی ئابوری لەگەڵ خۆیدا بهێنیت و کەمێک ژیان چینی کرێکارو خەڵکی کەم دەرامەت خۆشتر بکات. بەمانایەک مێژوی سەرمایەداری ئەوەی تێپەڕاندوە کە سەرمایەداریەک بەرهەم بهێنێت کە ئینسان بتوانێت لە سایەی دا بە ئارامی و کەمێک خۆشگوزەران بژی.

بەم پێ یەو بۆ پێش گرتن بەهاتنە خوارەوەی ئەم پێگەیە، ئەمریکا وەک ڕابەری گەورەترین بەشی سەرمایەی جیهانی ئێستا، وەک گەورەترین ووڵاتی سەرمایە لە دونیادا، وەک گەورەترین هێزی پیادەکاری تیرۆریزمی دەوڵەتی و بەکارهێنەری بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و چەکی قەدەغەکراو لە عێراق و ئەفغانستان… بەشیوەی ڕاستەوخۆ، پاش ئەوەی کە تیرۆریزمی دەوڵەتی خۆی بەتەنها ئامانجەکانی ناپێکێت، یان ناتوانێت پیادەی بکات ، پەنای بردۆتە بەر ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئەم هێزە وەک سیاسەتێکی سەرەکی لە ئاستی جیهانیدا و لە پێناو دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان بە قازانجی خۆی. ئەم سیاسەتە تەنها لە سوریاو عێراق پیادە ناکرێت بەلکو لە بەرانبەر تەواوی ئەو هێزو ووڵاتانەدا پیادە دەکرێت کە دژ بە زاڵبونی ئەمریکان وەک تاکە ڕابەری سەرمایەداری جیهانی و ئۆتۆرتیەو نفوزی سیاسی و ئابورییەکەی … لە چینەوە بگرە تا دەگاتە جەزائیر و میسر…. لە مبارەوە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و هێزەکانی وەک قۆناغی جەنگی ساردو شەری ئەفغانستان بەڵام بە شێوەیەکی هێجگار لغاو بەربوو لە پێناو ئامانجی جیاوازو لە قۆناغێکی تەواو جیاوازدا. ئەمجارە بەرانبەر بە مەترسی “کۆمۆنیزمی یەکێتی سۆڤیەت نیە”، بەڵکو ڕاستەوخۆ بێ هیچ شەرم و دودڵیەک لە پێناو لاوازکردنی بەرانبەر” روسیاو چین بە پلەی یەکەم” و مانەوەی خۆی وەک ڕابەرو تاکە قوتبی سەرمایەداری. بەم پێ یەو بۆ ئەو ئامانجە، جێکردنەوەی ئیسلامی سیاسی وەک پایەیەکی سەرەکی جیهانی تازە لە ڕیگەی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی سوننی یەوە، لە چوارچیوەی دابەشکردنەوەیەکی فراوانتری ناوچەیدا لەسەر بناغەی دین و تائیفە.

ئەمجارەیان ململانێکە زیاتر فۆرمێکی کلاسیکی وەرگرتۆتەوە لە هەلومەرجێکی هێجگار جیاوازدا. تیرۆریزمی دەولەتی ئەمریکاو تیرۆریزمی ئیسلامی، لایەنی کەم تا ئێستا هۆکاری درێژکردنەوەی مانەوەی پێگەی ئەمریکان وەک زلهێزی یەکەم یان درێژکردنەوەی قۆناغی ڕاگوزەرو پەم پێیە چاوەڕێکردنی کات و قۆزتنەوەی هەر فرسەتێک کە بێتە پێشەوە لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجە.

پۆینتی گرینگ کە لیرەدا پێویستە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە، ئەمریکا لە سەرو بەندی فاشل بونی ئامانجەکانیدا لە عێراق کە لەڕوانگەی منەوە دەگەرێتەوە بۆ سالێ ٢٠٠٦ ، ڕاپۆرتەکەی بێکەر-هاملتون لەوساڵەدا گوزارش لە و ڕاستیە دەدات. ئەوکات بالوێزی دیبلوماتیکی گشتی خانەنشینکراوی ئەمریکی دیفید نیومان لەسەر ئەم ڕاپورتە دەلێت: “ڕاپۆڕتی بیکەر-هامیلتون وەک بەڵگەنامەی مردنی تێڕوانینی کۆنسێرڤەیتڤە تازەکان وایە لە عێراق کە بە مۆدیلیک دادەنرا بۆ بلاوکردنەوەی دیموکراسی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا. وە بێدەنگ کردنی عەمەلی ئەو دەنگانەیە لە نێو ئیدارەی دەسەڵاتدارێتی ئەمریکادا.”( http://www.swissinfo.ch/ara) لەوکاتەوە ئیدارەی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی بۆشی بچوک و ڕەوتی کۆنسێرڤەیتڤە تازەکان کە ڕاستەوخۆ هەڵگری جیهانبینی نیو لیبڕال بوون و هاوکات هاوپەیمانی بەهێزیان هەبوو لەگەڵ ڕەوتە سیاسی و فکریەکانی:(ڕاستی کریستیانیەکان و کریستیانە دیندارەکان یان توندڕەوەکان و ئەنجلیکیەکان و کۆنسێرڤەیتڤە کلاسیکیەکان) ڕێگایان نەدا بە پراتیککردنەوەی ڕێنوێنییەکانی ئەم ڕاپۆرتە. لەو کاتەوە ئەمریکا، پاش ئەوەی کە فاشل بوو لە دابینکردنی ئاسایش لە رومادی و بەغداو ناوەراستی عێراق بە گشتی، پاش ئەوەی کە بۆ دەسەڵاتدارێتی ئەمریکا ڕۆشن بوو کە ئامانجەکانیان لە ناوچەکەدا نایەتەدی، ئەو کات بەجیا لە تێرۆریزمی دەوڵەتی خۆی کۆمەکی نهێنی و ئاشکرای خۆی بە تیرۆریستەکان و قوڵکردنەوەی ململانێی نێوان هێزە سیاسیەکانی ئیسلامی شیعە و سوننەی سیاسی، پەنای بردە بەر سیاسەتێکی دوو لایەنە لە لایەک کۆمەکی ڕاستەوخۆی هیزە سونیە تازەکان ” قەومیە کۆنەکان” بکات لە ڕێگای عەشیرەت و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانەوە کەهەندێکیان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە تیرۆریزمی ئیسلامی یەوە هەبوو ، لەلایەکی دیکەوە ناڕاستەوخۆ هەوڵی بەهێزکردنی ئیسلامی سیاسی سوننی بدات کە لەم نێوەدا تورکیاو سعودیە وقەتەر و تاڕادەیەک ئوردن لەو سەردەمەدا رۆلی هەبوو. بەتایبەت لە سەروبەندی سەر‌هەڵدانی ” بەهاری عەرەبی دا” ئەم سیاسەتە بەڕۆشنی لە میسر و تونس و لیبیاو دواتر لە سوریا وەک سیاسەتێکی ڕاگەیەنراوی مێحوەرێکی سیاسی جیهانی ڕاگەیەنرا لە ژێر ناوی بەرگریکردن لە “شۆڕش!!!” بە تایبەت پاش ڕوخانی ئیخوانیەکان لە میسر، ئەم سیاسەتە لە سوریادا بە ئاشکراتر لە ژیر ناوی “ئیسلامی ناوەندگیر” دا ڕاگەیەنرا. مەسەلەیەکی سەرەکی بۆ ئەمریکا ئەوەبوو وە ئەوەیە، کاتێک کە ئامانجە سیاسی یەکانی بەدەست ناهێنێت و ڕۆشن دەبێتەوە کە شکستی خواردوە، ئەوکات بەپێی پرنسیبی ” ئاشوبی خەلاق” سیاسەتەکەی درێژە پیدەدات، ئەگەر پێی دروست نەکرێت ئەوە تێکدانی ئاسانە. واتە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەی دا لە هەر قۆناغێکدا ئیستراتیژییەکەی دەگۆڕێت.

لێرەدا میدیای ڕۆژئاواو بەشێکی زۆری میدیای عەرەبی رۆلێکی هێجگار کوشندەیان گێرا وە دەیگێڕن بۆ خزمەتکردنی تیرۆر و هێزە تیرۆریستیەکان، میدیای زمانحالی تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی، وەک خۆڵ وایە. بڕیار بوو دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە میسر بە ڕابەری مرسی ئەمکارە لە ئەستۆ بگرێت، هێنانە سەرکاری ئیسلامیەکان لە جیهانی عەرەب و پرۆسەی سازانی فەلەستینیەکان لە گەڵ ئیسرائیل و بەم پێ یە دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە لە سەر پایەی دین و تائیفەی ئیسلامی…. شکستی ئیخوان لە میسر ئیستراتیژی ئەمریکی خستە نێو ئەزمەیەکی هێجگار قوڵ و نالەبارەوە کە بە بڕوای من ئێستاشی لەگەلدا بێت لە ژێر باری دەرنەچوە، بەڵکو لەهەوڵدایە بۆ گیڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە یان لایەنی کەم هاوبەشی پێکردنیان لە دەسەڵات. بەلام دوای ئەوە ئەم کارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر کەوتە ئەستۆی تورکیا، کە ئەویش زەربەیەکی هێجگار گەورەی خوارد لە ڕوخانی مرسی و دەسەلاتی ئیخوانیەکان و بەتایبەت دوای ئەوەی کە ڕوسیا دەخاڵەتی لە سوریادا زیادیکردو دواتر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاتە مەیدانی جەنگەوە.

ئەم هەلومەرجە بەگشتی لە دوای جەنگی ئەفغانستان و داگیرکردنی عێراق و قوڵکردنەوەی تایفەی سیاسی وکۆمەلایەتی لە ڕێگای دەستورو بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، مەسەلەی دابڕانی تائیفی سیاسی لە نێوان هێزەکانی ئیسلامی سیاسی قوڵکردەوە و لە هەمانکاتدا بردیە ئاستی دابڕان لەئاستی کۆمەلایەتی دا، نەک تەنها لەعێراقدا بەڵکو لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. دابڕان بەومانەیەی کە شوناسی سوننی و شیعی وەک دوو شوناسی تائیفی لە نێو خەڵکدا ئێستا ڕەواجی هەیە و بۆتە واقعێەتێک. ئەمە پیشەسازی دروستکردنی شوناسی تازەیە و ئەلتەرناتیڤی شوناسی نەتەوەیە، کە زیاتر لە ٥ دەهە بوو لەم ناوچەیەدا شوناسی زاڵ بوو، وولاتەکان و دابەشکردنی ناوچەکەی لەسەر بنیات نرابوو. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان و بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبدا پێویستیان بە رۆشنبیری تازە، کاڵچەری تازە، وە شوناسی تازەو ئایدۆلۆژیەکی نوێ هەیە وەک پیداویستیەکی دوبارە دابەشکردنەوەو سیستەمی نوێی جیهان. بەڵام ئەم ئەنجامە هەر ئێستا لە سوریاولە میسر … جاریکی دیکە خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە هەر لەدوو توێی مێژووی ئەم قۆناغەدا. واتە ناسیونالیزم ئەگەرچی ناسیونالیزمێکی چاککراو لە میسر زاڵبۆتەوە و لەسوریا خۆی ڕاگرتوەو کارایە و لە جەزائیر دەنگی بەرزەو لە تونس بەشێوەیەک لە شێوەکان هاتۆتەوە پێش. بەڵام ئەمە ناسیونالیزمەکەی قۆناغی سەدام حسین و جەمال عبد الناسرو یاسر عەرەفات و هواری بومدین و قەزافی نیە. جۆرێکە لە پەرچەکرداری هێزە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ناسیونالیزمی ڕاست و چەپ و ڕەوتی سەرمایەداری دەوڵەتی، بەرانبەر بە نیولیبرالیزمی ئەمریکی وئەو شێوازە لە بازاری ئازادو دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە کاروباری ووڵاتاندا. پڕۆسەیەکی لێکچوو لە وەی کە ووڵاتانی ئەمریکای لاتینی لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە دەستیان پێکرد.

بەبێ تێگەیشتن لە قۆناغی ڕاگوزەر، تێگەیشتن لە هەلومەرجی سیاسی ئێستاو هاوپەیمانی نێوان و ووڵات و‌ هێزە جیاوازەکان چ لە ئاستی جیهانی یان ناوخۆیی دا تێگەیشتنێکی نادروست دەبێت. هەروەها ئەم هەلومەرجە وای کردوە کە خۆش باوەری وتیگەیشتنی نادروست و تێکەولێکەیەک فۆرمۆلە بکات لەسەر هێز‌ە تیرۆریستیەکان و جیاکردنەوەیان و هەروەها کاری تیرۆریستی بەتایبەت کە دەچێتە ئاستی تیرۆریزمی دەوڵەتیەوە، ئەم پۆینتە لایەنە چەپەکانیشی گرتۆتەوەو بەتایبەت لە ئاستی بیرورای گشتی دا ئالۆزییەکی هێجگار گەورەی بەرهەم هێناوە. هەروەها بەبێ بوونی هوشیارییەکی هەمەلایەنە لەسەر ئەم قۆناغە وەلامی پرسیار گەڵیکی گەورەو و زۆری وەک: ئەمریکا چۆن هاریکاری هێزە تیرۆریستیەکان دەکات لە کاتیکدا ڕابەری هاوپەیمانیەکی نێونەتەوەیی و ٦٠دەولەتی جەنگە دژ بە داعش؟! یان ئەمریکا خۆی لە گەورەترین ئاستدا تیرۆریزمی دەولەتی پیادەکات مانای چی یە کە دەبێتە ڕابەری ٦٠ دەوڵەت دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی؟! هەروەها ووڵاتانی دیکەی وەک فەرەنسا و تورکیاو …جەنگ دژی تیرۆرە یان جەنگ کردنە بە تیرۆر لە لایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیەوە؟!

سێ تێزو تێڕوانینی جیاواز: جەنگی دەسەڵات!

-جەنگی شارستانی یە جیاوازەکانە، جەنگی بیروڕا جیاوازەکانە، جەنگی سکولار ورۆژئاواو ئیسلامی رۆژهەلاتە. جەنگی نێوان دیموکراتی وکۆمەلگای کراوەیە لە بەرانبەر دیکتاتوری و سەرکوتدا….

-جەنگی تیرۆریزمی کوێرانەیە، ئیسلام لێی بێ بەرییە، تیرۆر پەیوەندی نییە بە ئیسلامەوە. ئیسلام دینی ئاشتی یە.

– جەنگی دژ بە رەوافزە، جەنگە دژ بە شیعە،دژ بە خەوارج، سوننە زوڵم لێکراوە لە عێراق و سوریا. بەکورتی شەڕی سوننەو شیعەیە.

دەکرێت لیستەکەمان لە باری تێزو جیهان بینی یە بورژواییەکانەوە درێژتر بکەینەوە، بەلام بۆ رۆشنکردنەوەی باسەکەمان ئەو سێ تەوەرە سەرەکیەی سەرەوە کافی یە. هەر تێزێک خاوەنی خۆی و پڕوپاگەندەچی و فتواچی خۆی هەیە. باسی من لێرەدا وەڵام دانەوە نیە بەم تێزانە. بەڵکو نیشاندانی ناواقعی بوونی ئەم تێزانەو دابڕاو بونیانە لە واقعیەت و ململانێی سیاسی نێوان چینە کۆمەلایەتی و هێزە سیاسی یەکان. ئەم تێزانە لە دوالێکدانەوەدا ڕەنگدانەوەی واقعیەتی خەبات وململانێی چینایەتین، کە بیریاران و پسپۆڕان و شارەزایانی بوژوایی لەئاستی ئەفکارو ئایدۆلۆژیدا نیشانی دەدەن وەک ئەرکی سەرەکی خۆیان بەرانبەر بە چینەکەیان : بورژوا. ئەم تێزانە هەموویان تیزگەڵی ئایدۆلۆژین و بەم پێ یە دروستکراون. لە هەلومەرجی مێژوی دیاریکراودا سەریان هەلداوە، تێزی یەکەمیان بە شێوەیەکی کۆنکریت ئێستا ‌هێدی هێدی خەریکە ناوەرۆکی خۆی لەدەست دەدات. بۆ نمونە چەمکی ڕۆژئاوا خۆی چەمکێکی ئایدۆلۆژی وداهێنراوێکی سیاسییە وەک چۆن “ڕۆژهەلاتی ناوەراست”.

ئەم تێزانە سێ تێزی سیاسین و ئێستا لە جەنگدان بەلام نەک لە ئەفکاری فەیلەسوفەکان و قەلەم بەدەستە کڕدراوەکان لە پەیمانگا ئەمەریکی و موخابەراتی و فەتواچیەکانی ئیسلامی سیاسی دا، بەڵکو لە مەیدانی جەنگ و لەسەر زەوی سوریاو عێراق و لیبیا و یەمەن ….جەنگی ئێستا نە جەنگی شارستانی جیاوازە، وە نە جەنگی ئەفکارو جیهانبینی وئاینی جیاوازە، نە جەنگە لە پێناو دیموکراسی و نە جەنگە دژ بە دیکتاتۆری، نە جەنگی شیعەیە دژ بە سوننە وە نە سوننەیە دژ بە شیعە….نە جەنگی ساردە. نە جەنگی هیچ کام لەو سێ تێزگەلەو هاوپێچەکانیەتی، بەڵکو جەنگە لەسەر بەرژەوەندی مادی جیاواز. جەنگە لەسەر زەوی و دەسەڵات و نفوزی سیاسی و ئابوری وناوچە ئیستراتیژییەکان لە باری جوگرافیایی سیاسی یەوە. جەنگی فراوان و هەمەجۆرەی نێوان ووڵاتانی سەرمایەداری گەورەیە لە پێناو دابەشکردنەوەی جیهان.

ئەگەر جەنگی نێوان شارستانیە جیاوازەکان و جەنگی سکولارەکان و رۆژئاوایە بەرانبەر بە رۆژهەلات و ئیسلام، وە ئەگەر جەنگی دیموکراتی یە دژ بە دیکتاتۆریەت و سەرکوت (تێزی یەکەم) بەزەرەیەک واقعی بوایە دەبوایە زوتر مەملەکەتی تیرۆری سعودیە، کە مەملەکەتی فکری وەهابی وداعشە، ڕوبەرووی جەنگی دژی تیرۆری ئەمەریکاو فەرەنسا بوایەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەردوو لایان تا ئێستا باشترین پەیوەندی سیاسی و ئابوری یان هەیە لە گەڵیداو پێکەوە هاوپەیمانن بۆ پاراستنی قودسیەتی سەرمایەو کۆمەک کردن بە هێزە تیرۆریستیەکان و پیادەکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە سوریاو لە یەمەن و عێراق و لیبیادا. ئەم تێزە لە لایەن ژمارەیەک فەیلەسوف و کەسایەتی ڕۆشنبیرو بیریارو سیاسی بە‌هێزەوە لە ئەمەریکاو فەرەنساو بەریتانیا…. دارێژراوەو لەلایەن دەیان سەنتەری توێژینەوەو لێکۆلینەوەی ئیستراتیژی سیاسی و فکری یەوە کاری بۆکراوە… ئاراستەی “فەیلەسوفە تازەکان” لە فەرەنسا، سیاسی وبیریارانی کۆنسێرڤەیتیڤە تازەکان و لیبرالە تازەکان لە ئەمەریکا لە ساموئل هانتینگتونەوە بگرە تا دەگاتە جون ماکین و فۆکۆیاما…. ژمارەیەکی فراوان لە سەرانی حزبی جمهوری ئەمریکا و دەیان دەزگاو پەیمانگای سیاسی و فکری و لە ڕیزی پێشەوەیان نوسەران و بانگهێشەرانی تیرۆریزمی پەیمانگای واشنتن و پەیمانگای پڕۆژەی ئەمریکی ” AEI” و سەنتەری کارینگی و…. سەنتەری سترانفۆرو بەشێک لە رۆژهەلات ناسەکان ” موستەشرقەکان” دەگرێتەوە …

تێزی دووەم تێکەڵ و پێکەلێکەو لە ڕاستیدا تێکەڵەیە. ئەوانەی یان ئەو هێزانەی کە لە باری فکری و سیاسی یەوە، لە تێزی یەکەم و تەنانەت سێهەم نزیکن لە هەمانکاتدا لەم تێزەشدا بونیان هەیە و لە میدیاکانەوە هەر ئەم تێزە دەڵێنەوە بەتایبەت ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ کەسانی بەرپرسیان لە دەزگا باڵاکانی ئەمریکاو ووڵاتانی دیکەدا، یان لەنێو هێزە سیاسی یە تایفیەکاندا. واتە ئەوانیش دەڵین” ئیسلام بێ خەتایە” ، لەمبارەوە ئەمریکا زۆر زیاتر لەوە رۆیشتوەو تیرۆریستە ئیسلامیەکانی دابەشکردوە بۆ باش و خراپ و بۆ میانەڕەوو توندڕەو، ئەو هەلومەرجەی کە لە سوریا دەیبینین. بەهەرحال ئەم تێزەیان بەتەواوی تێزێکە کە مەبناکەی جیو سیاسی یە لە هەلومەرجی ئەمرۆداو لە بناغەدا ڕیشەکەی بەرژەوەندی ئابوری یە . لە نێو هێزەکانی هەڵگری ئەم تێزەدا ئاراستەی فکری وسیاسی و ‌‌هێزو ووڵاتی جیاواز و دژ بەیەک و هاوپەیمان هەموویان دەبینین…بەشێک لەم ئاراستەیە ئەو ‌هێزانە دەگرێتەوە، کە سەر بەجەمسەر یان بلوکی روسیاو چینن، کە ئیران و سوریاو ڕەوتێکی فراوان لە بزوتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەب دەگرێتەوە، هەروەها بەگشتی ئیسلامی سیاسی سەر بە شیعەی سیاسی دەگرێتەوەو لەهەمانکاتدا مانای ئەوەنیە کە هیچ هێزێکی ئیسلامی سوننی لە خۆ ناگرێت.

روسیاو چین بە شێوەیەکی ڕۆشن وە ڕاستەوخۆ دیفاع لە تێزگەلێکی ئاوها دەکەن ” ئیسلام دینی پێکەوە ژیانە” بەلام ئەم لێکدانەوەیە لە سایەی ئامانجێکی فراونتری سیاسی یەوە سەرچاوەی گرتوە کە” گێڕانەوەی یاساو رێساکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە بۆ پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکان” وبەم مانایە وەستانەوە بەرانبەر بە ” دەخاڵەتکردن لە کاروباری نێو خۆیی ووڵاتاندا” ئەمە دژە تێزی روسیاو چین و ووڵاتانی برێکس و سەرجەم هێزو ئەو ووڵاتانەیە کە لە میحوەری روسی-چینی دان لە بەرانبەر تێزی دەخاڵەتی ئەمریکاو جەنگی پێش وەختەو سیاسەتی رژێم چەینج و جەنگی شارستانیەکان دا. بەلام هەر لە نێو هەڵگرانی ئەم تیزەدا وولاتان و هێز گەلی وەکو ئەمریکا و فەرەنساو تورکیاو سعودی دەبینین کە ڕاستەوخۆ سەرچاوەی تیرۆرو سەرهەڵدان وگەشەکردنی و بە‌هێزکردنی و پەروەردەکردنی و ناردنین، بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ. لە نێو بەرداشی ئەم دوو ئاراستە جیهانیەدا ئاراستەی ململانێ و جەنگی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی دەبینین لە پێناو پێگەی سیاسی لە جیهانی نوێ دا، جیهانێک کە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد هێشتا بەتەواوی یەکلانەبۆتەوە. ئەم تێزە خۆی مەبناکەی ئایدۆلۆژییە و نیفاق و درۆو دەلەسەیەکە کە بائاشکرا هاوار دەکات… ئەگەر “ئیسلام دینی پێکەوە ژیان وئاشتی” شەڕی تائیفی مانای چی یە؟! سەربڕین و کوشتنی ئینسان لەسەر پایەی جیاوازی ئاینی مانای چی یە؟! سەپاندنی باج و ئەسیرکردنی ژنان و کردنیان بە سەبایا و کەنیزەک مانای چی یە؟! ئیسلامێک دوژمنایەتی نێوخۆیی و ناو خۆی گەورەترو فەوری تر بێت لە دوژمنایەتیەکانی دیکەی چۆن دەکرێت باوەرو دینی ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت، چۆن دەکرێت چارەسەربێت؟!.

تێزی سێهەم، تێزێکی سیاسی و مردوو بوو، هێزی سەرمایەداری گەورەی دونیا گیانیان کردۆتەوە بەبەردا. ئەگەر نا ئەم ڕوداوە مێژووییە کۆنە. ململانێ و کێبەرکێیەک لەسەر دەسەڵات و نفوز لە نێوان دوو تێڕوانین و ڕەوتی جیاوازی ئیسلامی دا بۆ دەبێت ئەمرۆ بە گوڕوتینێکی زیاترەوە سەرهەڵبداتەوە. ڕوداوەکە واقعی و مێژوییە بەلام سەر‌هەڵدانەوەو زیندوکردنەوەو بە‌هێزکردنەوەی ئەم دوو بزوتنەوەیە لەمڕۆدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە سەرمایەو سەرمایەداری یەوە. لە هەمانکاتدا قوڵکردنەوەی ململانێ و گەشەسەندنی تا ئاستی جەنگێکی هەمەلایەنەو تیرۆریستی لە نێوان ئەم دوو بزوتنەوەیەدا، نیشانەی قوڵبونەوەی ململانێی نێوان ووڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانە…. بەبێ سەرمایەو بەرژەوەندی سەرمایەداری، ئیسلامی سیاسی ناتوانێت بۆ یەک مانگ باڵا دەست بێت. زیندوکردنەوەی ئەم جیهانبینی و سیاسەتە ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە دەست پێدەکاتەوە هەروەک چۆن لە مێژودا ئەم کیشەیە هەر لەم ناوچەیەدا سەری هەڵداوە، بەڵام لەهەلومەرجێکی جیاوازو لەبەر کۆمەلە هۆکارێکی تەواو جیاواز. ئەم جارە بنەماڵەی هاشمی و ئومەییەی نەوەکانی عەبدولمەناف نین، کە شەڕیانە لەسەر دەسەلات و خەڵافەت وبەرژەوەندی و نفوزی سیاسی لە ژێر سایەی ئایدۆلۆژیای ئیسلام و ئیسلامی ” ئەهل ئەلبەیت”دا. بەڵکو ئەمجارە جەنگێکی هێجگار ئاڵۆزە لە نێو ئەم دوو بزوتنەوەو هێزانەدا. ئالۆزییەکەی دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی ڕاگوزەری ئێستا. لەلایەک دوو جەمسەرو هێزی سیاسی ناوچەیی سوننەو شیعەی سیاسی هەرلایەکیان نوێنەرایەتی و هاوپەیمانی قوتبە جیاوازەکانی دونیا دەکەن بەتایبەت دوو قوتبی ئەمریکاو روسی، وە لەلایەکی دیکەوە هەردوو بزوتنەوەو ‌هێزەکانیان لەم جەنگەدا دەگەرێن بەدوای پێگەو نفوزو باڵای دەستی خۆیان لە ناوچەکەدا تا ئاستی پێکهێنانی دەولەت و تەنانەت ئیمپرتۆریەتێکی ئیسلامی بۆ ‌‌‌هێزەکانی سوننەی سیاسی وە بۆ هێزەکانی شیعەی سیاسی بەهێزکردنی جێگاو ڕێگای خۆیان لە ناوچەکەدا: لوبنان و عێراق و بەحرەین و یەمەن، و بەهێزکردنی زیاتری ئێران. پرۆژەی سوننەی سیاسی هەم لە بەرانبەر شیعەی سیاسی وجەمسەری روسیاو چین دا دەوەستێت وەهەم لە هەندێ ئاستدا لە بەرانبەر ئەمریکاو ڕۆژئاوا.  ئەمجارە باڵی سیاسی شیعە خوێنی موریدو سەربازانی تێکەڵ بە خوێنی کریستیانی ئەرسەدۆکسی روسی یە و لە سەنگەرێکدان بەرانبەر بە موریدانی باڵی سیاسی سوننەو تیرۆریستەکانی داعش و نەسرەو کە خوێنی ئەم زاتی ئالهیانە تێکەڵە لە گەڵ کریستیانی پرۆتستانتی ئەمریکی دا.

ڕوخانی حکومەتێکی ناسیونالیستی بە هێزو لەتو پەتکردنی سوپایەکی گەورەو پڕچەک و پرۆفیشناڵ و خاوەن باوەرێکی ناسیونالستی و داگیرکردنی عیراق و پاشان نوسینەوەی دەستورێکی تایفی و بەرێوەبردنی کۆمەڵ لە سەر ئەم کالچەر و بناغەیە، و هەروەها هەڵگیرسانی جەنگێکی تایفی درێژخایەن، برەودان بە کوشتنی ئینسان لەسەر شوناسی تائیفی و بردنی تا ئاستی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی خوێناوی.. کێشەو ململانیی نێوان ئەم دوو بزوتنەوەی بردە ئاستێکی مەترسیدارو ناوچەییەوە.

سەر‌هەڵدانەوەی ئەم تێزە لە مڕۆداو پراتیکردنەوەی جەنگێکی ڕاستەقینە لە سایەی ئەم وێنا ئایدۆلۆژیە خورافیەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بورژوایی جیهانی و بەتایبەت بورژوایی ئەمریکاو ڕۆژئاوا سەرکەوتوبون لەگێڕانەوەی کۆمەڵگای بەشەری بەرەو دواوە لە باری فکرو کالچەرو جیهانبینی و ئارەزوو ئومێدەکانی ئینسانەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان سەرکەوتوبون لە بردنە دواوەی گەورەو فراوانی کۆمۆنیزم و بیری ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو سکولاریزم و تەنانەت چەپگەرایی…. کارێک کە دەیان وە بگرە سەدان ملیار دۆلاری بۆ سەرفکراوەو چەند دەیەیە کاری بەردەوام و ئامانجداری لەسەردەکرێت، بە پشتیوانی ووڵاتانی وەک سعودیەو میسری سادات و پاکستان…. بۆ ئەمریکا وڕۆژئاوا بەهای سودمەندو پرشنگداری سەرەکی ئەم تێزە ئەوەیە خۆی لە نێو خۆیدا دابەش بوە بەسەر دوو هێزو دوو ئاراستەی جیاوازەوە،” شیعەو سوننە” هەریەک لەوانەش بەسەر چەندین هێزو ئاراستەی دیکەوە، لێرەوە سێکتەریانیزمی مەزهەبی چرۆ دەکات و گەشەدەکات وگەورە دەبیت. ئەمەش بەهای بەنرخی ئەم تێزەیە بۆ بیریاران و سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا و پوست مۆدرێنەکانیش بەگشتی. لەمبارەوە میدیای ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکی و بەریتانی بەتایبەت هاوشانی ئەلجەزیرەو ئەلعەرەبیە ڕۆلێکی هێجگار مەترسیداریان گێڕاوە لە قوڵکردنەوەی ئەم ململانێیەداو ڕاستەوخۆ بونەتە میدیا و فەتواچی باڵی ئیسلامی سوننی و هێزە تیرۆریستەکانی لە ئیخوانەوە بگرە تا داعش.

بەجیا لەوە لە ئاستی جیهانیدا بورژوایی جیهانی تەواوی دەستکەوتەکانی تەکنۆلۆژیاو میدیای رەقەمی و فەیس بوک و تویتەرو ئەنستگرام و ماس میدیا لەو پێناوەدا وەگەر خستوەو توانیویەتی کە لە ماوەی زیاتر لە ١٠ساڵی ڕابوردوو دا ڕیگا بگرێت لە هاتنەمەیدانی بەرەی ئازادیخوازو ئینسان دۆستی دونیا دژ بە جەنگ وە جەنگی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەم پێ یە ڕیگا نەدات بە هاتنە مەیدانی دەیان ملیۆن ئینسان وەک وەستانەوە بەرانبەر بە جەنگی تیرۆریستیانەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣دا بینیمان. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو لە سایەی لاوازی بزووتنەوەی کرێکاری و نەبونی لە ململانێی سیاسی و نەبونی هێزێکی کۆمۆنیستی چالاک لە ئاستی جیهانیدا، وە بە تایبەت لە ووڵاتانی ئەوروپیدا، بورژوایی توانیویەتی هێندەی دیکە لە سایەی مالتیکالچەریزم و ڕاسیزمی فکری و سیاسی دا ئینسانەکان لە سەرپایەی نەتەوەو دین و تائیفەی دینی و ڕەنگ و سێکس زیاتر لێک دابڕێت و لەنێو خۆی ئەوروپاو ئەمریکادا دیوارێکی ئەستور لەسەر ئەو شوناسە دواکەوتوو کۆنەپەرست و درۆزنانە بەرهەم بهێنیت.

 

بە جیا لەوانە ئەگەر نەوەی ئەمڕۆ لە ووڵاتانی موسڵمانکراوو موسڵمان نشین و گیتۆکانی ئەوروپاو ئەمریکادا گیرۆدەکراون و گیرۆدەبوون بە بیرو کاڵچەری ئیسلامی سیاسی و تیرۆریستانە، باوەڕی خورافی ئەو دونیاو حۆری و شەرابی حەلال و ترس لە ئاگری جەهەنەم و دواجار باوەڕو کالچەری ” خۆکوژی جیهادی” ئەوا لەو ووڵاتانەی کە پیی دەلێن ڕۆژئاوا میدیا ڕۆلێکی کوشندەتری هەیەو ئەم نەوەیەی جۆشکردوە بە کاڵچەری سلیبرەیت و ئینتەرتێنمێنت و لقە جیاوازەکانی ئاینی کریستیان، خورافاتی میتافیزیکی و بەرنامەی بێماناو ناوەرۆک پوچ لە کەناڵەکانەوەو لەم ڕێگایانەوەو هەروەها لە ڕێگای بواری خوێندن و پەروەردەوە سەرکەوتوبوە لە زاڵکردنی کالچەری لیبرالیزمی نوێ بەسەر کالچەرو بیرکردنەوەی ئەم نەوەیەدا. لە ئەوروپاو ئەمریکا نەوەیەکی بەرهەمهێناوە کەتەنها ئاگاداری بەردەمی خۆیەتی.

بۆیە لەم بەشەدا من بە پێویستم نەزانی کە تێزێکی وەڵامدەرەوە بەم تێزانە ڕیز بکەم: تێزیکی شۆرشگیڕانە. تێزیکی ئاوەها لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، کاری فراوان و ماجستیانەی کۆمۆنیستی پێویستە، تەنانەت ئەمرؤ ئامادەیی هاتنەمەیدانی بەرەی ئازادیخوازو ئینسان دۆست هێجگار کەم بۆتەوە بە بەراورد لەگەڵ هەلومەرجی جەنگ بۆ سەر عێراق. بە کورتی بلێم ئەوەی کە مەنسوری حیکمەت ووتی ” کۆتایی هێنان بە تیرۆریزم کاری ئێمەیە”ڕاستیەکە، بەڵام ئەمڕۆ کۆسپە ئەوەیە کە تەنها بۆتە کاری ئێمە. بۆیە ئەم باسە ڕاستەوخۆ لە دواین بەشدا جێگەی خۆی دەگرێت.

لە کۆتاتی ئەم بەشەدا پێویستە بڵێم کە باسی من موسڵمانان نیە و پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە موسڵمانان خەتایەکیان نیە. بەڵکو باسە لە ئیسلامی سیاسی و هێزەکانی بە هەموو جۆرەکانیەوە. ئیسلام لە رۆژی لە دایک بونیەوە بزوتنەوەیەکی سیاسی یە و ئەحکامی تایبەت بە خۆی هەیە. موسڵمان بوون پرۆسەیەکی مێژوویی یە و کاریگەری ئیسلامی سیاسی یە لە مێژودا بەسەر کۆمەڵگای بەشەرییەوە بە تایبەت لە جیهانی عەرەب و بەشیکی فراوانی ئاسیادا. موسڵمان بوون بۆتە بەشیک لە کلتورو ئەوەی پێی دەڵێین خەڵکی موسڵمان بە ئاسانی گرتویەتی بۆی ماوەتەوە. موسڵمان بوون، ناگاتە حیجاب و بورقع و دەست بڕینەوەو سەبایا وکەنیزەک و خۆتەقاندنەوەو تەنانەت ناگات بە دوژمنایەتی کردنی کاڵچەری رۆژئاوایی، بەڵکو پیادەکردنی کلتورێکی بۆماوەییە کە ٥ جار نوێژ کردن و هەندێک کلتوری دیکە، ئەمە مەسەلەی سەرەکیە وەکو کلتورێک. ئەگەر نا تەنانەت هەموو پایەکانی دیکە کە روکنی سەرەکی ئیسلامن بەشێوەیەکی سادە وەرگیراوە وەکو کاری فەردی هەر موسلمانێک سەرنج دەدرێت لەنێو موسلماناندا نەک وەک ئەرکێکی داسەپاو وەکو ئیسلامی سیاسی فەرزی دەکات. بەهەرحاڵ مەسەلەی ئێمە لێرەدا ئیسلامی سیاسی یە. خەبات و ململانێ لەگەڵ کۆمەلگای موسلماندا خەباتێکی ئازادانەو فکری یە لە کۆمەڵگایەکی تا ڕادەیەک ئازاد دا، بەڵام خەبات دژی ئیسلامی سیاسی وتیرۆریزمەکەی و تیرۆریزمی دەوڵەتی، خەباتیکی سیاسی و فکری و سەربازی و هەمەلایەنەیەو ئێستاییە.

سێ ‌‌هیزی جیاواز: جەنگی دەسەڵات

‌سێ هێز لە جەنگێکی جیهانیدا. ئەم واقعیەتە تازەیە بە بەراورد بە جەنگی ئەفغانستان و عێراق. ئەوکات جەنگی تیرۆریستەکان لەنێوان تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی دا بوو لە ئەفغانستان وە لە عێراق لە نیوان تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو حکومەتێکی ناسیونالیستی عەرەبیدا بوو. هەلومەرجی ئێستا جیاوازی هێجگار گەورەی هەیە کە بەگشتی لە تەوەرەی قۆناغی ڕاگوزەردا باسکراوە. ئەوکات هیچ ووڵاتێک نەبوو کە شەهامەتی کێبەرکێی ئەمریکا بکات و” نا”ی پێ بڵێت ئەمڕۆ ئەو ووڵاتانە زۆربوون لە روسیاو چینەوە بگرە تا دەگاتە فەنزویلاو ووڵاتانی دیکە لەهەمان قارەدا، ئەمرؤ ” نا” ووتن بە ئەمریکا فراوان بۆتەوە. دونیای ئەمرۆ، ئەمریکا رازی بێت یان نا، دونیای چەند قوتبی یە وە ئەمە ئالوگۆڕێکی گەورەیە. سیاسەتی ئەوکاتی ئەمریکا، لەسەر پایەی ئەوەی کە گۆڕینی نەخشەی دونیا لە ژێر دەستی خۆیدایەو ” یان لەگەڵمانی یان دوژمن” لە ئەفغانستان ئەوەبوو کە ئیسلامی سیاسی دەستو باڵ بکات لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆی و خەتی سوری خۆیدا. مەنسوری حیکمەت لەمبارەوە لە باسی ” دونیا دوای ١١ی سیبتمبەر” بە ڕۆشنی باسی دەکات. ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریکا بەسەرچوەو ئامانجێکی ئەوەیە کە لە چوارچیوەی ئیستراتیژی خۆیدا دەولەتێکی ئیسلامی دابمەزرێت هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پیدا. بەهەر حاڵ ئاڵوگۆرەکان هێجگار فراوان و گەورەن لە نێو خێزانی بورژوایی جیهانیدا…

دووبەرەی گەورەی سەرمایەی دونیاو دوو زلهێزی دونیای هاوچەرخی ئێمەو بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی. تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا نوێنەری گەورەترین سەرمایەی دونیاو هێزی روسیا وەک نوێنەری بەشێک لەسەرمایەو سەرمایەداری دونیای ئەمڕۆ وهەلومەرجی ڕاگوزەر کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی کە داعش سەرکردایەتی دەکاتو دەیان گروپ و هێزو حزبو بزوتنەوەی ئیسلامی دەگرێتەوە لە قاعیدەوە بگرە تا نەسرەو سوپای ئیسلام و فەتح و…. جەنگێکی تێکەڵ و ئاڵۆزو گڕێکوێرەیی. بەشیوەیەک کە لە زۆر دەرکەوتندا تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ ئەمریکاو ڕۆژئاوادا ئاویزان دەبن لە باری سیاسی یەوە و سیاسەتیان یەکدەگرێتەوەو لە هەمانکاتدا لەهەندی دەرکەوتنی تردا روسیا و ئەمریکا سیاسەتیان یەکدەگرێتەوە، لە دەرکەوتنیکی دیکەدا ئەمریکاو ئیسلامی سیاسی لە شەڕدان. ئەم بارە ئاڵۆزە پێش هەر شتێک مێژووی ئەمڕۆو تایبەتمەندی ئەم قۆناغەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.

یەکەم : تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی

دونیایەکی عەجایب و میدیایەکی حەقیرە کە ئەمریکا بە ئاسانی دەتوانێت پڕوپاگەندەی ئەوەبکات کە دژ بە تیرۆرو تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی یە. ئەمریکا گەورەترین هێزی سەربازی و تەکنۆلۆژی جەنگی و ئابوری سەرمایەداری دونیایە تا ئێستا، وە گەورەترین و خەتەرناکترین هێزی تیرۆریزمی دەوڵەتی جیهانیشە. لایەنی سەرەکی ململانێ و کێشمەکێشی جەنگی تیرۆریستی قۆناغی ئەمڕۆیە. تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا، بەهێزترین تیرۆریزم وە کاریگەرییەکانی زیاترە لە تیرۆریزمی داعش. ئەوە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکایە کە زەمینەی دروست بونی داعشەکان پێک دەهێنێت و پێکیهێناوە، ئەم ڕاستی یە ئەمڕۆ سەرانی ئەمریکا خۆیان بە ئاشکرا دەیڵێن. ئەمریکا هەم تیرۆریزمی دەوڵەتی و جیهانی بە نوێترین چەک پیادە دەکات هەم یارمەتیدەری هێزە سەرەکیەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی یە لە دونیادا. ئەمریکا ئەم سیاسەتەی لە ژیر ناوی “دیموکراسی”، “مافی مرۆڤ” ، “جەنگ دژی تیرۆر” ، “دژی دیکتاتۆری” ، “پاراستنی کەمینەکان”دا… پیادە دەکات. تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بەبێ سیاسەتەکانی ئەمریکا گەورە نەدەبوو وە گەشەو بڕەوی پەیدا نەدەکرد. ئەمە بەجیا لەوەی کە تاکە هێزە تا ئێستا تیرۆریزمی دەوڵەتی گەیاندۆتە ئاستی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە هیرۆشیما و هەموو چەکێکی قەدەغەکراوی جیهانی لە ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان. بەمانەیەک لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا زۆر پێش تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی دەکەویت.

 

ئەمریکا نەک لەئاستی چەک و هەواڵگری و زەمینە خۆشکردندا کۆمەک بە تیرۆریزمی ئیسلامی دەکات بەڵکو نیفاق و درۆو حەقارەتی گەیشتۆتە ئاستێک گوایا هاوپەیمانیەکی هەیە کە دژ بە تیرۆر دەجەنگن. ئەمریکا ئەگەر ڕاست دەکات بۆ ئەوەی ئەم تیرۆریستانە، ئەم ساوا شیرە خۆرانەی پیشوی خۆی لاواز بکات و بیانخاتەوە حوجرەکانی جارانیان پێویستی بە جەنگ نیە دژی ئەوان. پێش ئەوە دەبێت لوتف بکات و لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفەریقاو ئاسیا هێزە سەربازیەکانی بەرێتە دەرەوە. لوتف بکات و دوگمەی گۆگل و یاهوو تویتەر و سایت و کەنالە فەزاییە پڕوپاگەندەچیەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی وداعشیەکان دابخات و بیبەستێت کە ئاسانترین کاریکە بۆ ئەمریکا و چەند سەعاتێکی پێویستە…. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمریکا بۆتە پڕوپاگەندەچی ئەم هیزە تیرۆریستانە تەنانەت لە ڕیگای پەیمانگاکانی لێکۆلینەوەی فکری و سیاسی لە نیو خۆی ئەمریکادا. ئەمریکا ئەگەر بیەوێت تیرۆریزم لە ناوچەکەدا بنبڕ بکات دەبێت ملی سەرانی سعودیەو قەتەرو تورکیا بگرێت و قەلاکەیان بەسەردا بڕوخێنێت. بەڵام سەرمایە موقەدەسە و پەترۆلیش چەورە. بە پێکهێنانی هاوپەیمانی ٦٠ دەوڵەتی دژی تیرۆر ئەمریکا گەورەترین درۆو نیفاقی مێژووی تۆمار کردوە.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، لە تەوەرەی”قۆناغی ئینتقالی”دا ئەمریکا لەم تەنگەژنە سیاسی و جیوپۆلیتیکەی، لەم پێگە لاوازە ئابورییەی، بەبەراورد لەگەڵ قۆناغی ڕابوردودا، نایەوێت ئاڵای سپی هەڵبکات لە هەمانکاتدا هێزەکانی دیکە روسیاو چین و تەنانەت ووڵاتانی وەکو بەرازیل و هند و تا ڕادەیەک ئەلمانیا کە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت، رازی نابن بە بەشی خۆیان لە جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆدا. ئەمە ناوەرۆکی کیشەکەیە لە باری سیاسی یەوە. لێرەدایە کە ئەمریکا هەم نایەویت لە ئێستادا وهەم ناتوانێت کە جەنگی ڕاستەوخۆ بکات بەرانبەر نەیارەکانی، کە ئەوانیش چنگی ئەتۆمی و چەک و فڕۆکەو ڕۆکێتی پیشکەوتوویان هەیە بەتایبەت ڕوسیا. بۆیە تیرۆریزمی ئیسلامی وەک چەک و فکرو سیاسەت و کالچەرێک دەکاتە باشترین و کاراترین ئەلتەرناتیڤی خۆی بۆ وەستانەوە بەرانبەر بە سیاسەتەکانی روسیاو چین و تاڕادەیەک هیندستان…. ئەمریکا نەک تەنها لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست کە بڕیاری دابوو ” ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی تازە ” پێک بهێنێت بەڵکو لە بەرنامەی دابوو، وە لە بەرنامەیدایە ودەیەوێت “ئاسیای ناوەراستی تازە” دروست بکات بۆ ئەوەی هەم دەوروبەری روسیا لە باشورییەوە بەو ووڵاتانەی ئاسیای ناوەراست بگرێت و هەم ڕێگا لە پرۆژەکانی چین بگرێت وەک پرۆژەی ” رێگای حەریر” و هەم بەر بە ئومێدەکانی هندستان بگرێت. هەروەها کۆنترۆلکردنی بەرهەم و فرۆشتنی گازو نەوتی ئەو ناوچەیە…. هەر ئێستا هەموو زەمینەکانی بەهیزکردنی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی لە ناوچەی ئاسیای ناوەراستدا ئامادەیەو کاری بۆکراوە. ناوچەیەک کە خۆی دەرگیرە لەگەڵ دەیان کیشەی نەتەوەیی و ئاینی و کێشەکانی سنور… زەمینەی تێکدان و هەڵگیرسانی جەنگ تیانادا بۆ هێزێکی وەک ئەمریکا بە پشت بەستن بەو هێزانە کارێکی گران نایاتە بەرچاو.

بەشیک لەم هیزە تیرۆریستە ئسیلامیانە هەر ئێستا بە شێوەیەکی کارا ڕۆڵی خۆیان دەبینن لە سوریادا. هێز‌گەلێکی تیرۆریستی وەک ڕێکخراوی ئوزبەکستانی ئیسلامی کە لەسالی ١٩٩٦ وە هەیەو بەپێی هەواڵەکان ٥٠٠٠ هەزار ئەندامیان لەگەل داعشدا جیهاد دەکەن، هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی تورکستان، کە ئەم ڕیکخراوەیان یەکێکە لە ڕیکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی ووڵاتی چین و هەر بەم هۆیەشەوە شانسی کۆمەکی بێ درێغیان هەیە لە لایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە. بەتایبەت بۆ فشار خستنە سەر ووڵاتی چین وپێکهێنانی کۆسپی سیاسی بۆی. ئەم بزوتنەوەیە ئیگۆریە، کە ئەتنیکی و ئیسلامی یە و ژمارەیەکی زۆریان لە ڕیزەکانی داعشدا لە سوریا جیهاد دەکەن. ژمارەی ئەو بزوتنەوەو ڕێکخراوانە زۆرن بەلام لێرەدا لەوە زیاتر پێویست نیە، تەنها مەبەستم نیشاندانی پان و پۆڕی ئەم بزوتنەوەیەیە لە ئاستی ئاسیادا…. کە چۆن سیاسەتی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە، ئەگەر چی بەشێوەیەکی کاتی بێت، بەتایبەت لە بەرانبەر چین و ڕوسیا و هیندستان و ئەو ووڵاتانەی حەوزەی قەزوین.

ئەمریکا ئیخوان موسلمینی لە دەستدا بۆیە جارێکی دیکە زیاتر پەنای بردەوە بەر تیرۆرو تیرۆریزمی ڕاستەوخۆی ئیسلامی. کۆمەکی ئێستای بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، واتە لە ڕێگای تورکیا و سعودیەو قەتەرەوە، بۆ هیزەکانی داعش، نەسرەو ئەحراری شام و سوپای ئیسلام و ئیخوانیەکان و….هەروەها ناوبەناو لێدان وبریندارکردنیان بۆ ئەوەیە کە بتوانێت ‌هێزیکی ئیسلامی سیاسی بهێنێتە دەرەوە یان پەیدای بکات کە ڕووی ئەوەی هەبیت بە ئاشکرا پارێزگاری لێبکات و لەخەتی سوری خۆی لانەدات، هەروەک ئیخوانیەکانی میسرو سەرۆکەکەیان کە زۆر هەوڵی دا وئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ گەڕانەوە یان لایەنی کەم بۆ بەشداری پێکردنیان لە دەسەلاتدا… ئامانجی ئەمریکا لە ئیستراتیژیەکانی کە پیادەی دەکات بۆ ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبدا بکاتە هێزێکی مەقبول و دەوڵەتدار وتاڕادەیەک جێگیر و ئامن و لەم ڕێگەیەوە ئیسلام وەک ستراکتۆرێکی سیاسی و فکری و کاڵچەرێک لە سیستەمی ئەفکاری جیهانی و دەزگا رەسمیەکانی و رەئی گشتی جیهانیدا جێبکاتەوەو بچەسپێنیت و مەقبولیەتی پێ بدات. ئەم مەسەلەیە لە ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا هێواش هێواش دەچێتە پێشەوە لە ڕێگای جۆراوجۆرە کە سیاسەتی “ماڵتیکاڵچەر” چوارچیوە گشتیەکەیەتی. مەبەستی ئەمریکا پیکهێنانی دەولەتێکی ئیسلامی ” سوننی” یە وەک بەشێکی پایەیی ئیستراتیژی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبدا. ئەم ئیستراتیژو سیاسەتە تا ئیستا درێژەی هەیە. باسی من ئەوە نیە کە ئەو سیاسەتەی ئەمریکا ئەگەری سەرکەوتنی هەیە، بەلکو باسە لە لێکدانەوەیەکی سیاسی لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا ئەم دەوڵەتەی پێویستە، دەولەتێکی ئیسلامی سوننی کە لە هەمانکاتدا ئامانجی داعش و بزوتنەوەی سوننەی سیاسی یە لە ناوچەکەدا؟! لێرەدا تەنها دەتوانین دوو خاڵی سەرەکی ئاماژە پێبکەین:

یەکەم: مەسەلەی سەرەکی دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و سڕینەوەی مێژووی پیشوو، مێژووی ناسیونالیزمی عەرەب، کە بەناوی بەریتانیاو فەرەنساوەیە لە ناوچەکەدا، پێویستی بە شوناسی تازەیە. ئەم شوناسە و هێزەکانی ئامادەن و زیاتر لە ٥ دەیەیە کاری لەسەر دەکرێت و بەتایبەت لەدوای شکستی شۆڕشی ئێران وهاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی ئێران. شوناسی تائیفەی دینی: شیعەو سوننە، هەروەها شوناسی دینی. ئەمرۆ ئەم شوناسە ڕاستیەکە بەلام هێجگار تاڵ و کۆنەپەرست. جێگیر کردنی ئەم شوناسە تا ئاستی ڕۆچونی وەک کاڵچەریكی “ئەبەدی و سروشتی” پیویستی بە دەوڵەت هەیە کە هەمیشە دەمەزەردی بکاتەوە و دوبارە بەرهەمی بهێنێتەوە لە رێگای کردارو سیاسەت و دەستورو یاساو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاوە لە ناوچەکەدا. لەمبارەوە سیاسەتی ئەمریکاو تیرۆریزمی ئیسلامی لە داعشەوە بگرە تا نەسرەو سوپای ئیسلام و شام و فەتح و ئیخوان… لە چوارچێوەی گشتی دا یەکدەگرێتەوە لە عێراق وسوریادا. ئەم تەوەرەیە تا ئێستا بەردەوامە، ئەگەرچی لەمپەرەکانی بەردەم جێکەوتنی پێ بە پێ زیاد دەکەن و ڕێگرن لە بەردەم بەدیهاتنی ئەم ئامانجە. ئەم سیاسەت وئامانجە لە چوارچێوەی گەیشتن بە ئامانجی ” سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا” کە بە بڕوای من ماوەیەکە شکستی خواردوە، درێژەی هەیە.

دووەم: بۆ دەزگای بڕیاردەری سیاسی ئەمریکا، دوای پەیدابوونی ئەلتەرناتیڤە جیاوازەکانی وزە، کەم بونەوەی پێدوایستی ئەمریکا بۆ نەوتی کەنداو لە لایەک، خەتەری گەشەسەندنی ووڵاتی چین بۆ هێزێکی سەربازی گەورە لەسەر پایەی ئابورییەکی گەورە لە لایەکی ترەوە، ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوەی کە پێگەی جیۆپۆلیتکی خۆی ماوە بەلام لە ڕوانگەی ئەمریکاوە بەئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە پیگەی جارانی نەماوە. کە ئەمەیان بە مانای لاوازبونی پێگەی جیهانی ئەمریکاو هاتنە خوارەوەی توانایی ئابوری و تەنانەت تەکنۆلۆژی سەربازیش دێت، کەچی تر ناتوانێت بە هەمان توانایی قۆناغی ڕابوردوو لەم ناوچەیەدا هەمان سیاسەتی ئیستراتیژی خۆی درێژە پێ بدات لە کاتیكدا کە تەوەرەی سەرەکی سیاسەت و ئامانجی ئەمریکا بۆتە ناوچەی باسفیک و ئەوپەری رۆژهەلاتی ئاسیاو دەریای چین. بەم پێیە سەرەرای ئەوەی کە ناتوانێت ناوچەکە لە کورت ماوەدا بەتەواوی بەجێبهێلێت وە بەجێی ناهێلیت. بەڵام ناوچەکە پێویستی بە ئاسایش ئارامیەکی ڕێژەیی هەیە. ئەم ئارامی و ئاسایشە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە لە ئێستادا بە پیکهێنانی دەوڵەتێکی سوننی فەراهەم دەبێت. ئەمریکا بۆ مانەوەی پێگەیەک ئەگەرچی لاوازتر لە ناوچەکەدا پیویستی بە بردنە پێشەوەی ئەم سیاسەتەو ڕاگرتنی هاوسەنگیەیە … هاوسەنگی بەمانای ڕاگرتنی هێز هاوسەنگیەک لە نێوان سعودیە و ئێراندا یان سوننەی سیاسی و شیعەی سیاسی دا. هەموو ووڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعودیەو قەتەر و هەروەها تورکیا لەبەرانبەر ئێران و روسیا … پێکهێنانی دەوڵەتێکی تایفی بە پێویست دەزانن بەتایبەت بۆ سعودیە کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایە. تەنانەت ئەگەر ئەم سیاسەتە بە ئەنجام نەگات ئەوا ئەلتەرناتیڤێکی دیکەیان لەتکردنی سوریایە لەسەر پایەی فیدرالیزمی تایفی و دینی یە، لە عەلوییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دورزییەکان و مەسیحیەکان و سوننەکان وە کوردەکان وەک نەتەوەو ئەتنیکێک.

ئەم ئامانجەی ئەمریکا کە لەگەڵ چوارچێوەی ئامانجەکانی دا دێتەوە کە لە خاڵی یەکەمدا باسمان کرد، هۆکارێکی سەرەکی درێژ بونەوەو قول بونەوەی قەیران وجەنگی سوریایە، بۆنمونە ‌هێرش کردنە سەر شاری رەقە لەسوریا تا ئێستا قەدەغەیە لە سوپای سوریاو تەنانەت لە ڕوسیاش، یان هێرش بۆ سەر موسڵ چۆن ماوەیەکی زۆرە کێشەی بەشداریکردنی هێزەکانی “حەشدی شەعبی” لە پاکردنەوەیدا، بۆتە مەسەلەیەکی گەورەو مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسیەکان. باسەکە ئەوە نیە کە ئایا هەروا دەمینیت یان نا؟ ئەوەیان ‌هیز هاوسەنگی نێوان لایەنە دەرگیرەکان دیار دەکات. ئەم تەوەرە سیاسی یە لەکاتی بە ئەنجام گەیاندنی دا دەبێتە هۆی سنوردارکردنی نفوزو پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا دیارە لە ئێستادا دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێگەی روسیا و چین لە ناوچەکەدا پەرەنەسێنێت. ئامانجێک کە سعودیەو تورکیا دەیانەوێت. ئەم ئامانجە لە هەمانکاتدا ئامانجێکی داعش و تەواوی بزوتنەوەی سوننی سیاسی یە. کە دەوڵەتێک پێک بهێنێت کە مەشروعیەتی نێو نەتەوەیی هەبێت و لەسەر پایەی ئەوە فراوان بێتەوە. بەبێ بوونی دەولەتێکی ئاوەها لە هەلومەرجی لاوازبونی پێگەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هەروەها خەتەری نفوزی “سیاسی ئێران” بەتایبەت دوای ڕیکەوتنی ئەتۆمی و زلهێزانی وەک روسیا وچین لە ناوچەکەدا، ئیسلامی سیاسی سوننی ناتوانیت وەک هێزێکی گەورەو بەنفوزی وەک ئێستا بمێنێتەوەو درێژە بە نفوزی خۆی بدات.

لەباری چەمک و ئایدۆلۆژیاو سیاسەت و جیاکردنەوەی ئەو هیزە تیرۆرستانەی کە بریارە سەرکاری دەوڵەتە ” دیموکراسی” یەکی ئەمریکا بن، کارئ زۆر کراوە و ماوەیەکە کە ” ئیسلامی سیاسی موعتەدیل” یان لە ڕاستی دا تیرۆریستی موعەتدیل کاری لەسەر دەکرێت و میدیای ” ئازاد” پشی پشی بۆ دەکات و دەکرێتە نوێنەری وەفدی دانوسان لە جنێف!.

بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەوە گرینگ نیە کە دواجار ئەو دەوڵەتە ناوەکەی دەبێت بە چی و چەند سەد هەزار کەس دەکوژرین و چەند سەد ملیار دۆلار خەرج دەکرێت و چەند ملێون ئاوارە دەبن … دەوڵەتی سوننی ئەگەر جێبەجێ ببێت واتە دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە لەسەر بناغەی دین و تائیفەی دینی. ئەوکات ئیرانی شیعی ودەوڵەتی تازەی سوننی وئیسرائیلی یەهودی ودەولەتێکی مەسیحی مارۆنیش بە وجود دەهێنن، ئەوەنیە ئێستا لە لوبنان حزبی مەشرقی لوبنانی پێکهاتوە کە راستەوخۆ بەرنامەکەی بۆ مەسیحیەکانەو پارێزگاری یان لێدەکات لە عیراق و سوریاو لوبنان دا، ئەگەر چی ئاراستەی سیاسی ئەم حزبە کە سێ ساڵە هەیە دژ بە ئاراستەی سیاسی ئەمریکایە، بەلام باسەکە ئەوەیە کە کالچەری سیاسی لەسەر پایەی دین لە ناوچەکەدا لە گەشەسەندن و فراون بونەوەدایە.

ئەمە پرۆژەو سیاسەت و ئامانجی ئەمریکایە بۆ ئاڵوگۆڕی دیموکراسی لە ناوچەکەدا. دیموکراسی ئەمریکا پێویستە هاوتا بێت لەگەل ئاراستەی ئابوری و سیاسی لیبرالیزمی نوێ دا. واتە هەموو کەرتی گشتی و ئەوەی لە جیهانی عەرەبدا ناوی” پیشەسازی نیشتمانی” یە پریڤایت بکرێت و بفرۆشرێت بە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەت دەست لە هەموو سەپۆرتیک هەلبگڕیت لەسەر نرخ و تەواوی کەرتە خزمەتگوزاریەکان: خوێندن و تەندروستی و کارەباو ئاو و ئاوەڕۆ …. بکرێتە پریڤایت و بفرۆشرێت …لە هەمانکاتدا دەوڵەت لە لایەن بازارەوە بەرێوەببرێت. ئامانجێکی ئاوەها بە بزوتنەوەیەکی گەورەی جەماوەری و زاڵ دەکرێت. ناسیونالیزمی عەرەب ناتوانێت کارێکی وا بکات، مێژووی ئەم بزوتنەوەیەو سەرهەڵدانی ڕیوایەتیكی سیاسی دیکەمان پێ دەڵیت، بە جیا لەوەی کە ناسیونالیزمی عەرەب لە بەرگە کۆنەکەیدا نەماوە و جێگای نەفرەتی خەڵکیشە. مەمالیک و ئەمیر نشینەکانی کەنداو لەباری ئابورییەوە توانای کارێکی وایان هەیە هەرئێستا وەلی وەلئ عەهدی سعودی کە کوری مەلیک سەلمان و وەزیری بەرگری و بەرپرسی کەیسی ئابوریشە، خەریکە کۆمپانیای ئارامکۆ هەراج دەکات” ئارامکۆ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهانە، تا ئێستا دەولەتی سعودی خاوەنیەتی “.. بەلام کۆسپی ئەم ووڵاتانە ئەوەیە کە لەباری سیاسیەوە هەر ئاڵوگۆرو کرانەوەیەک ڕوبدات مانای لە دەستدانی دەسەڵاتیانە… ئەمە پرۆسەیەکی هێجگار درێژ خایەنەو ئەمریکا تا ئێستا لە ڕێگای فشارەوە بۆ سەر ئەم دەسەڵاتانەی کەنداو دەیەوێت ئامانجەکانی دابین بکات… بەتایبەت کە ووڵاتانی کەنداو و بەدیاریکراویش سعودیە پالپشتێکی گەورەی ئابوری ئەمریکایە. بۆیە تاکە هێزێک کە هەم ئەمریکا مێژوییەکی هەیە لەگەڵیانداو یەکتری باش دەناسن وەهەم لە مبارەوە واتە بۆ هەراجکردنی ووڵات و بە پریڤایتکردنی هەموو کەرتە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان کۆسپێکیان نیە… بزوتنەوەی ئیسلامی سوننی یە. هیچ بزوتنەوەیەک وەک بزوتنەوەی ئیسلامی بەهەردوو بەشەکەیەوە بێ پەردەو بێ هیچ ئابرویەک پالپشتی خاوەنداریتی تایبەت نیە. خاوەنداریتی بورژوایی یە.

 

ئەمریکا لەم رێگایەوە دەیەوێت هەم وولاتە زلهێزەکانی نەیاری خۆی پاشەکشە یان شکست پێبهێنێت، هەم دوا بزماری خۆی بدات لە پاشەکشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و تەنانەت چەپگەرایی لە جیهانداو، بۆ چەند دەیەیەک فکرو ئەلتەرناتیڤی نەک تەنها کرێکاری و کۆمۆنیستی بەڵکو دەخاڵەتی دەوڵەت لەئابوری و بازاردا بسڕیتەوە و دوربخاتەوە لە جێبەجێکردنی واقعی لایەنی کەم لەم ناوچانەدا. بۆ ئەمریکا وە بەتایبەت ئەمساڵ سالێ ٢٠١٦ توندکردنەوەی سیاسەتی فراوانکردنەوەو بەهێزکردنی هێزە تیرۆریستیەکان دەبێت، لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە لەوانە ملیشیا سوننی وکوردییەکان کە هاوپەیمانی دەکەن… یان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕیگای کۆنگرەکانی ” ئۆپۆزسێۆنی سوریا” و” لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا”دا…. بەم پێ یە جێخستنیان لە پرۆسەی سیاسی دا لە ژیر ناوی ‌هێزە موعتەدیلەکاندا. وەک ئەوەی لە دانوستانەکانی نێوان سوریا و وەفدی ئۆپۆزیسیۆنی تیرۆریستی ڕیازدا دەیبینین. ئەمریکا لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت دەستبەرداری تیرۆریزمی دەوڵەتی و هێزە تیرۆریستەکان بێت. سەرمایە و تیرۆریزمی دەوڵەتی ، پێویستی بە تیرۆریزمی ئیسلامی هەیەو تیرۆری ئیسلامی منداڵی شیرینی گەورە سەرمایەداری ئەم قۆناغەی ئێمەیە.

دووەم: روسیاو چین وهاوپەیمانەکانیان

ئەم هێزە یان ئەم جەمسەرە هێزێکی تازەیە، لەم قۆناغەدا بە پۆزو توانای سەربازی و ئابورییەوە خۆینشانداوە بەرانبەر بە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، وەک دوو زلهێز پێکەوە هەر یەکەیان بە تایبەتمەندی خۆیەوە . ئەم جەمسەرەی روسیاو چین ئەگەر چی لە پەیوەند بە کێشەو ڕوداوەکانی سوریا و میسرو یەمەن و لیبیاو عیراق و کێشەی ئەتۆمی ئێراندا سیاسەتێکی نزیک بەیەکیان هەبوەو بە ئێستاشەوە و لە چەندین هاوپەیمانی جیهانی دا هاوبەشن لە برێکسەوە بگرە تا شەنگەهای، بەلام تا ئێستا وەک بلۆکێکی جیهانی ناتوانین پێناسەیان بکەین و هەر یەک لەو دوو ووڵاتە خۆی بە ووڵاتێکی زلهێزی جیهانی دەزانێت و داوای بەشی خۆی دەکات لە سەروەت و سامان و ناوچەی نفوز وبێ ئەوەی ئامانجێکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە بۆ دامەزراندنی بلۆک و قوتبێکی جیهانی. وە چەندین کێشەی گەورە هەیە لە نێوانیاندا، بۆ نمونە لەسەر ئاسیای ناوەراست و ڕۆڵی هەریەکەیان. سەرەرای ئەوەی کە ئامانجی هەردوولایان سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای دونیا لە یەک نزیکە، هێنانە خوارەوەی ئەمریکاو بەئەنجام گەیاندنی سیستەمێکی چەند قوتبی یە لە جیهاندا….بەڵام شێوازی کارکردنیان و ئیستراتیژی هەریەکەیان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە جیاوازی هەیە.

ئەم جەمسەرە لە ژیر ناوی ” گێڕانەوەی شەرعیەت و هەیبەت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیارەکانی” ئامادەیە هەموو کارێک بكات. هەروەها لەبەرانبەر ئەمریکاو هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەیەکانیدا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەنای بردۆتە بەر ووڵاتانی وەک ئێران و میلیشیاکانی حزب اللەی لوبنانی و ئیسلامی شیعە بە گشتی. ئەم جەمسەرە لەسەر جەستەی کاری هەرزان و بێ مافی موتلەقی کرێکاران خەریکە نفوزو دەسەڵات و توانایی سەربازی و چەکی تەکنۆلۆژی خۆی بەهێز دەکات وکێبەركێی خۆی لە ئاستی جیهانیدا لەبەرانبەر ئەمریکاو زلهێزەکانی دیکەدا برەو پێدەدات. بە توندی وەستاوەتەوە بەرانبەر بە جەنگی پێش وەختەی ئەمریکاو سیاسەتی رژیم چەینج و دەخاڵەتی سەربازی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لەو ووڵاتەی کە بڕیارە دەخاڵەتی تێدا بکات، هەروەها پاریزگاری لە شوناسی شارستانی و ئاینی و تایفی جیاواز دەکات…..سیاسەتێک کە ئەم جەمسەرە پیادەی دەکات لە باری پراتیکەوە دەبێتە هۆی توند کردنەوەی جەنگی تایفی….ئەگەرچی سیاسەتی راگەیەنراویان راوەستانە دژی تایفەگەری و دابەشکردنی دینی.

ئەم ‌جەمسەرە بەتایبەت هەردوو ووڵاتی روسیاو چین دەرگیرن لەگەڵ شەڕی تیرۆریستی و هێزە تیرۆریستەکان لە ووڵاتی خۆیان و سنورەکانیاندا. لە روسیا ئەگەر چی گورزی کوشندەیان بەرکەوتوە لە شیشان و بونیان وەک هێزگەلێکی دەرکەوتوو نەماوە بەڵام ڕوسیا نەک تەنها لەگەڵ ‌‌هێزگەڵیکی تیرۆریستی ئیسلامی بەرەوڕو بوەو بەرەو ڕوە ، هیزەکانی وەک: ئیمارەی قەوقازی ئیسلامی کە هێزێکی قەوقازییەو سنوری شیشان تێپەر دەکات و کۆمەڵەی ئیسلامی شیشان و کەتائیبی ئیسلامبولی شیشان و… بەڵکو لەگەڵ ژمارەیەکی فراوانی هێزە تیرۆریستیەکان بەرەو ڕوە لە ووڵاتەکانی قەوقازو ئاسیای ناوەراست… تیرۆریستەکانی شیشان ڕۆلیکی سەرەکی دەگێرن لە سوریادا. وولاتی چین بەهەمان شیوە لە گەڵ تیرۆریستەکانی بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ترکستانی ئیسلامی کە هەوڵ دەدات لە ناوچەی شینگیانگ کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای چینەوە دەوڵەتێکی ئیسلامی پیک بهێنیت، هەروەک باسمان کرد ئەم هیزە تیرۆریستیە ڕۆلی بەرچاوی هەیە لە سوریادا. بە جیا لەوە بێگومان ئیسلامیەکانی ئاسیای ناوەراست کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایش و ئارامی ووڵاتی چین.

ئەم هێزانە لە بناغەوە بەهۆی کۆمەکی بێ درێغی سعودیە پێکهاتون لەسەرەتاوە لە قۆناغی جەنگی ساردو لە چوارچیوەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرانبەر بە “خەتەری کۆمۆنیزمی روسی”. نەک تەنها کۆمەکی مالی بەڵکو کۆمەکی ئینسانی و ناردنی تیرۆریست و فەتواچیەکانی خۆی بۆ ئەوە ووڵاتانەو بەتایبەت شیشان. ئەم هەلومەرجە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە، بوونی هێزە تیرۆریستی یە ئیسلامیەکان بە شیوەیەکی گشتی لە چوارچیوەی سیاسەت و هەنگاوە ئیستراتیژیەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا لە لایەکی دیکەوە، وای کردوە کەئەم جەمسەرە لە چوارچێوەی ململانێ و کێبەرکێ و جەنگی لە بەرانبەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیدا، نەک پشت بەستوو نەبیت بە تیرۆریزمی ئیسلامی، بەڵکو ناچارە لە بەرانبەریدا بجەنگێت هەروەک دەیبین لە سوریاو عێراق. واتە لەباری مێژووییەوە ئەم هێزە تیرۆریستیانە کە خۆیان لە ” دامێنی کۆمەلگادا” بوون بە قەولی مەنسوری حیکمەت، لە بەرانبەر سوڤیەت و “خەتەری کۆمۆنیزم” دا کۆمەک و گەورە کراون وئێستاشی لە گەڵدا بێت وەک هیزگەلێک چارەنوسیان بەستراوەتەوە بە نەخشەو ئیستراتیژی ئەمریکاوە لە ئاسیاو ڕۆژهەلاتی ناوەراست و ئەفریقاش. بەجیا لەوە ئایدۆلۆژی زال بەسەر ئەم جەمسەرەدا، روسیاو چین، بەگشتی ناسیونالیزم وفۆرمەجیاوازەکانیەتی کە لە بەرانبەر بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی وسکتەریانزمی سیاسیدا وەک هێزێکی بورژوای بزوتنەوەیەکی یەکگرتوویی و “نیشمان” ی یە ودین و تایفە وەک ئەمریکی شەخسی سەرنج دەدرێت نەک شوناسی هاونیشتمانیان.

بەگشتی ئەم جەمسەرە لە چوارچێوەی ململانی وکێبەرکێ و جەنگی ڕاستەوخۆی زلهێزەکاندا کارا بۆتەوەو لەم چوارچیوەیەداو لە پێناو گەیشتن بە ” شەراکەت”ی جیهانی لە گەل ئەمریکاو ئەوانی دیکە، دەجەنگێت لەسەر پایەی تیزەکانی کە لەسەرەوە باسمان کرد و بەتایبەت لێسەندنەوەی بڕیارە جیهانیەکان لە ئەمریکاو و بەرگرتن بە جەنگی پێشەوەختەکانی و گێڕانەوەی بریار لە ئاستی جیهانیدا بۆ مەجلیسی ئەمن. بەم پێیە بە ناچار لە بەرانبەر هاوپەیمانەکانی و لەوانە ‌ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی جێکەوتوەو دەجەنگێت لە بەرانبەریاندا، بەجیا لەوەی کە خۆیان ناچارن دژی ئەو هێزە تیرۆریستانە بن، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. جەنگی ڕوسیا وچین و هاوپەیمانەکانیان کە بەڕابەری روسیا دەچێتە پێشەوە، لە دژی تیرۆریزم ، لە هەمانکاتدا جەنگێکە دژ بە پێگەو نفوزی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و لە ڕۆژئاواو ناوچەکەدا. جەنگێکی گەورەی جیهانی کە ئێستا بە شیوەی ناڕاستەوخۆ لە ئارادایە لە ئاستی گشتی دا، بە کێبەرکێ و هێزی ئەم جەمسەرە لە بەرانبەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی یەکلا دەبێتەوە. ئیسلامی سیاسی ئەمرۆ هەم لەم ململانی یە سود وەردەگرێت وەهەم خۆی بەشێکە لە جەنگی تیرۆرزمی ئەم قۆناغە و دەیەوێت پێگەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەو ئاستی جیهاندا تا جێکەوتنی ئیمپراتۆریەتێک جێبخات.

ئەم جەمسەرە لە پیناو بە دیهێنانی ئامانجەکانیدا” گێڕانەوەی هەیبەت بۆ مەجیلسی ئەمن”و ” شەراکەت لەگەڵ ئەمریکا” لە لایەک دژی ئەمریکاو پیگەی ئەو دەجەنگێت و دەیەویت لە ڕیگای جەنگی ناڕاستەوخۆوە پێگەی ئەمریکا لاوازتر بکات و ئەم سیاسەتەی لە پەلاماری جۆرجیایەوە دەستی پێکردوە، ئێستاش لە سوریا لە دژی ئەو جۆرە لە تیرۆریزم کە دەستەمۆی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی وەک سعودیەو تورکیاو قەتەر فەرەنسا… بە توندی شەڕ دەکات. بەلام لە هەمانکاتدا و لەژیر سایەی هەمان ئامانجدا بەلام لە ئاستی ناوخۆیی سوریادا” دیفاع لە شەرعیەت” بۆتە پاڕیزەری گێرانەوەی هەلومەرجەکە بۆ ساڵی پێش دەستپێکردنی ڕوداوەکان لە سوریا.

سێهەم : تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی

تیرۆریزمی ئیسلامی بە هاوکاریکردنی موتڵەقی ئەمریکاو رۆژئاواو تورکیاو قەتەرو سعودیەو پارەی پترۆل و وە سەرجەم میدیاو ماس میدیان لە سەرەتای قەیرانی سیاسی سوریادا توانیان چەمکی شۆڕش و شۆرشگێڕێتی ڕیسوا بکەن، جوڵانەوەی کۆنەپەرست وتیرۆریستانەی خۆیان بخەنە جێگای ” شۆڕش” و بی بی سی و سی ئێن ئێن و ئەلجەزیرەو ئەلعەرەبیەو واشنتن پۆست و گاردیان و ئەلحەیات و …. هەموویان بۆقی شێواندن لەکەدارکردنی چەمکی ” شۆڕش” بوون. ئەمڕۆ ئەو سەردەمە بەسەرچوە سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆقانە هەندێکیان لەسەر ڕێبازی خۆیان ماون.

تیرۆریزمی ئیسلامی کە تاوانەکانی لە میژودا تۆمارکراوەو لە مێژووی هاوچەرخدا لە جەزائیرەوە بگرە تا دەگاتە میسرو عێراق وکوردوستان وئەفغانستان و نیوۆرک و مەدرید و ئێستا سوریاو لوبنان ولیبیا و پاریس و دیسان عێراق وکوردوستان و تاوانەگەورەکانی لە شنگال و هەڵوشینی ناوسکی ئینسانەکان و سەربڕینی ئینسانە بێ دەسەلات و ئەسیرەکان و کوشتنی زیاتر لە سێ هەزار کەس لە چەند کاتژمێرێکدا لە نیوۆرک و وێرانکردنی ئەفغانستان و عیراق، سوریا … پاش ئەم جینۆسایدو کوشتارگایانەی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی میدیای ڕۆژئاواو ” ئازادی” حەقیری بورژوایی پێیان دەلێت ” شۆڕش” دەکەن دژی دیکتاتۆری!!. ڕۆڵی ئەم میدیایە لە تیرۆریزمی داعش ترسناکتر بوە وە هەیە.

لەوانە قێزەونترو مونافیقانەتر لەسیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و میدیا ” ئازادە” کانیان، ئەوەیە کە ئەم هێزانە بە ” چارەسەر” یان بە شێک لە ” چارەسەر” پێناسە بکرین، هیزێک کە ئیستا وەک ئۆپۆزسیۆن تیرۆریزمی هەلبژاردوە، بیروڕاو سیاسەت و ئایدۆلۆژیایەک کە هەرئێستا خەریکی لاقەکردنی ژنانە بەکۆمەل، هەر ئێستا خەریکی سەربڕینی ئەسیرەکانە، هەر ئێستا خەریکی فرۆشتنی ئینسانەکانی شەنگالە بە ژن ومنداڵەوە. هێزگەڵیک ڕۆژانە دەیان کەس دەکاتە قوربانی سیاسەت و یاساکانی شەریعەتیان، هێزێک کە تەنها ” خوا” دەناسێ و باوەری بەبوونی هیچ رایەکی جیاواز نیە، دەکرێتە بەشیک لە چارەسەر و دەبێتە بەشیک لە هێزەکانی دانوسان…. حەقارەت و خوێڕیەتی بورژوایی گەیشتۆتە ئاستێک کە بێئابروی لە بەرانبەریدا ڕیسوایە. ئیسلام نەک چارەسەر نیە، بەڵکو ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی ڕێگری گەورەو سەرەکین نەک تەنها لە بەرانبەر شۆڕشی کرێکاری دا، بەڵکو لە بەرانبەر هەر کرانەوەو ئاستێک لە بە دەستهێنانی مافە فەردی و مەدەنی وکۆمەلایەتیەکاندا.

تەواوی هێزو بزوتنەوەکانی ئیسلامی سوننەی سیاسی، یەک ئامانجیان هەیە” پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی”، ئەگەرچی شێوازی کاریان لە وولاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر دەگورێت. ئیسلامی سیاسی ناتوانێت تیرۆریست نەبێت، یان تیرۆر بەشی سەرەکی نەبێت لە هەوڵ وخەباتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی. ئەم بزوتنەوە پان و پۆرو فراوانە، لە هەلومەرجێکی ناجێگیرو هەمیشە گۆراودا کارەکانی دەباتە پێشەوە. لەلایەک هەمیشە پەیوەست بوە بە سیاسەت و ئامانجەکانی ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا، بەشیوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک ئیسلامیەکانی ئەفغانستان دژی روسیا یان ئیخوانیەکانی میسردا لە کاتی ” بەهاری عەرەبیدا”و بەگشتی ئیخوانیەکان هەمیشە پەیوەندیان هەبوە لەگەل ئەمریکادا وسەرەتای پەیوەندیان دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوو، وە ئیستای سوریا ” بەرەی نەسرەو سوپای فەتح و سوپای ئیسلام و سوپای شام و ترکستانی و شیشانیەکان…”پەیوەندیان هەیە لەگەڵیدا ، یان بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕیگای پاکستان و سعودیەو تورکیاو قەتەرو میسری سەردەمی ساداتەوە….هەروەک تائێستا ئەم سیاسەتە بەردەوامە. وە لەلایەکی دیکەوە لە جەنگدان لە بەرانبەر ئەمریکادا، جەنگی قاعیدە و داعش نمونەیەکی ڕۆشنە دژ بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی” فەرەنساو بەریتانیاو ئەلمانیا…”. بەڵام شەڕیان لە گەڵ ئەمریکا شەریکی چارەنوسسازو ئێستراتیژ نیە، بەقەدهەر ئەوەی شەڕێکی بڕگەیی و لادانە لە تاعەو خەتی سوریان.

هەردوو ئاراستەکە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی ئەم بزوتنەوەیەدا لە پیناو گەیشتنە بە ئامانجی سەرەکی کە پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی ” سوننی” یە. بەڵام هێشتا ئەم بزوتنەوەیە مەیدانێکی ڕوبەڕوبونەوەی گرینگی ماوە، کە لەڕوانگەی خۆیانەوە لە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەیان لە گەڵ هێزەکانی دیکەی وەک روسیا گرینگترە ئەویش ئێران و ئیسلامی شیعی سیاسی یە. ڕوبەڕوبونەوەی ئەم مەیدانە هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە، مێژووی ترەو ئەمڕۆ لەسایەی ووڵات و هێزەجیاوازەکانی سەرمایەداری دا روحی کراوەتەوە بەبەردا.

جەنگێکی تیرۆریستی و تایفی کە بزوتنەوەی ئیسلامی سوننی سیاسی لە بەرانبەر ئیسلامی شیعی سیاسی و ئێراندا پەنای بۆ بردوە لە ژێر ناوی ” ڕەوافزدا” هەروەها وەڵامی تایفیانە و تیرۆریستیانەی بەرانبەر بەتایبەت لە عێراقدا، ڕاستەوخۆ ئەنجامی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئەمرۆی دونیاو کیبەرکێی زلهێزانی سەرمایەداری جیهانە لە بەرانبەر یەکتردا لە ناوچەکەو لە پێناو دوبارە دابەشکردنەوەیدا. ئەوەی کە کێشەی نێوان ئێران و ووڵاتانی کەنداوی لە گەڵ ئێراندا کردۆتە کێشەیەکی ئیسلامی تایفی، کێبەرکێی توندی نێوان سعودیەو ئێرانە، لە هەمانکاتدا نیشاندەری ململانێێ توندی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی لەگەڵ روسیاو چین دا….بە مانایەکی دیکە ئەوەی تایفەی سیاسی کردۆتە بزوتنەوەو ئایدۆلۆژیایەکی گەورەو پانوپۆر لە ناوچەکەدا، ململانێی توندو تیژی نێوان ووڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەییە لە لایەک و ململانێ و کێبەرکێی سعودیەو ئیران و تورکیایە لەسەر زەعامەتی ناوچەکە لە لایەکی دیکەوە.

ئەم کێشەیە بەتەواوی سیاسی یەو هیچ پەیوەندییەکی بە مێژوی سەرهەڵدانی ئاراستەی سوننە و شیعەوە نیە، وە هیچ پەیوەندییەکی بە دین و تایفەی دینیەوە نیە. تایفەی دینی و داتاشینەوەی شیعەو سوننە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا خۆی بەشێکە لە سیاسەت و جەنگێک کە لەئارادایە. ئەم بەشەی روبەڕوبونەوی ئیسلامی سوننەی سیاسی لەبەرانبەر شیعەکەیدا کە زیاتر داعش ڕابەری دەکات و‌‌هێزەکانی دیکەی لە پشتە، ڕاستەوخۆ لە باری سیاسی یەوە جوت دەبێت لە گەڵ سیاسەت وئیستراتیژی ئەمریکا و سعودیەو تورکیاو قەتەردا… لێرەوەیە کە ئەمریکا پێویستی بە مانەوەی داعش هەیە بۆ لاوازکردنی سوریا و ئیران وحزب اللە و دواتر روسیاو چین…هەروەها هەموو هێزەکانی دیکەی ئیسلامی سوننی کە لەم چوارچێوەیەدا کاران لە جەبهەی نەسرەوە بگرە تا دەگاتە سوپای فەتح وئیسلام و ئەحرارشام و…..لابردنی مالکی لەسەرەک وەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ بەهۆی پەلاماری داعشەوە بوو، بەبێ پەلامارێکی ئاوا نە ئەمریکا وە نە بارزانی ونوجەیفی بەو شێوە ئاسانە توانای لابردنی مالکیان نەدەبوو…. ئەوە نمونەیەکی بچوکە لە یەکگیربوونی سیاسەتی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی و داعش لە عێراقدا.

بەگشتی و بەجیا لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە لەهەردوو بارەکەیدا دەبینرێت واتە هەم لەباری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەمریکادا و هەم لە باری هاوشانی و هاوکاری و نزیکایەتی لەگەڵیدا، بەڵام هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە باری ئامانجی سیاسی یەوە لەگەڵ ئەمریکادا جووتە. واتە لەباری ئەوەی کە دەوڵەتێک پێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا ئەویش دەولەتی ئیسلامی سوننی بێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وهەروەها ئیسلامی سیاسی لە ئیخوانەوە بگرە تا داعش و ئەوانی دیکە لەسەر ئەم ئامانجە سیاسیەیان مکوڕن.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا پێویستە جارێکی دیکە جەخت بکەمەوە سەر ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی شەبەح نیە، ئەصحاب ئەلکەهف نین و زیندو بوبنەوە، لە ئاسمانەوە دانەباریون… کۆمەلێک ئینسان کوژو چەتە نین، کەسانی گومراو لە خۆبایی نین، …. بەڵکو پاش کارکردن و خەباتی سیاسی و فکری و پاشان کۆمەکی بێ درێغی ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوەوە، بە پارەو کۆمەکی پترۆلی سعودی، بۆتە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتی گەورەو گرانی بورژوایی هاوچەرخ، خاوەنی ئایدۆلۆژی و کالچەرو داب ونەریت و شیوازی خەباتکارانەی تایبەت بە خۆیەتی” شێوازی خۆکوژی جیهادی” نمونەیەکە. بەرزترین و کاراترین بزوتنەوەو ئایدۆلۆژیایە بۆ ئەم قۆناغەی بورژوایی کە دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێرێت وە گێڕاویەتی لە دورخستنەوەی مەترسی شۆڕش، بەتایبەت شۆڕشی کرێکاری دژی بورژوایی و دەسەڵاتەکەی، لەمبارەوە کاراترین ئایدۆلۆژی ئەم سەردەمەیە بەدەست بورژواییەوە وەک چینێکی جیهانی، هەروەها ئامرازو هێزێکی کارایە بە دەست گەورە بورژوای جیهانەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان و بەتایبەت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب لەسەر پایەی تایفی. دابەشکردنیک لە ڕوانگەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە بورژوایی جیهانی بێخەم دەکات لە یەکگرتوویی چینایەتی كرێکارو لە ترسی بیرو هوشیاری وکاڵچەری پێسکەتنخوازو شۆرشگێڕانە وکۆمۆنیستی و تەنانەت چەپانە هەروەها لە هەر جۆرە دەخاڵەتیکی دەوڵەت لە کاروباری بازارو ئابوری دا…. مەسەلەیەک کە هیچ بزوتنەوەیەکی دیکە ئەم توانایەی نییە لە ناوچەکەدا وهەروەها دورخستنەوەی کاریگەری وولاتانی زلهێزی دیکە لە وانە روسیاو چین لەسەر ناوچەکە کەم دەکاتەوە و بەم پێیە نفوزی سیاسی و پێگەیان لاواز دەکات.

 

وەڵامی مارکسیستی

 

کیشمەکێش وململانی و جەنگێکی تیرۆریستی و جەنگی زلهێزەکان کە تایبەتمەندی و سیمای قۆناغی ڕاگوزەرن لە مڕۆدا، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی جەنگێکی چینایەتی فراونترو گەورەتری جیهانی یە. لە دوا لێکدانەوەدا بزوتنەوە چینایەتی وکۆمەلایەتیەکانن کە دەتوانن مۆری خۆیان لە مێژوو بدەن و مێژوو بنوسنەوە. هەلومەرجی ئێستا بە قازانجی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار نیە. هەموو هەوڵ و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاو پروپاگەندەیەکی سیاسی و فکری کە وەک باران بەسەر خەلکدا دەیبارێنن ، سەرەڕای ململانێی نێوان خۆیان بۆ ئەوەیە کە فکرو سیاسەت و کالچەری چینایەتی کرێکار و کۆمۆنیزم و مارکس بسڕنەوە وە دور ڕایگرن لە زەینی کۆمەڵگای بەشەری ئەمرۆ. شەڕی نیوان خۆیان زوو یان درەنگ بە جەنگی گەورەتر بێت یان بە دانوسان و ڕیک کەوتن هەر دەبڕێتەوە، ناتوانن هەتا هەتایە هەر لە جەنگدابن. سیاسەتی سەرەکی بورژوایی ئەمرۆی دونیا ئەوەیە ئایا سەدەی ٢١ سەدەی بورژواییە لە هەلومەرجێکی ئارامدا، سەدەی بێدەنگ ڕاگرتن و برسیکردنی چینی کرێکارە، سەدەی چەوسانەوەی لەڕادەبەدەری کریکارو سەدەی جێبەجێکردنی نمونەی ووڵاتی چینە لە بواری جیهانیدا. ئارامی بۆ بورژوایی مانای دوربونە لە شۆرشی کرێکاری و یەکگرتوویی چینی کرێکار. ئەگەر نا هەزار داعش و ماعشی خۆیان و دەیان ووڵاتی گیرۆدە بە “ئاشوبی خەلاق” کۆسپێکی گەورە نیە بۆ ئەوان و لە ژێر کۆنترۆلدایەو پیشەسازی سەربازی و بزنسی ئەمنی زیاد دەکات و شانازی دەکەن بەوەی کە ڕێژەی فرۆشتنی چەکیان ئەوەندە نسیبەت بەرزبۆتەوە.

ئەم هەلومەرجە دەگۆرێت وە پێوێستە بگۆریت. بەلام باسی سەرەکی ئێمە هەموو گۆڕانێک نیە، بەڵکو گۆڕانێکی تایبەتە بە قازنجی کۆمەڵگای بەشەری بە قازانجی ئەمنیەت و ئارامی دونیای گلۆبالی ئەمڕۆ. ئەم کارو ئامانجە بۆ لە زەویدانی تێرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو ئیسلامی سیاسی، بە ململانێی ڕوسیاو چین نایەتە دی، لەوانەیە لاوازی بکات لەهەندی جێگاو لە هەندێکی دیکە توانای نەبێت ولە دوا لێکدانەوە وەکوو دوو زلهێزی سەرمایەی دونیا لە سنوری پێرۆزی سەرمایەدا لەگەڵ ئەمریکادا یەکدەگرنەوە. چاوەروانیەکی وا کە لە ڕێگای ڕوسیاو چینەوە تیرۆریزم لە گۆرەپانی سیاسی دا نەمێنێت، چاوەروانیەکی   کوشندەیە بۆ چینی کریکارو بۆ کۆمۆنیزم وە بۆ هەرکەس کە دڵی بۆ خەباتێکی نەپساوە لێ دەدات بۆ ڕیشەکێش کردنی هەردوو تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی.

هەلومەرجی خەباتی چینایەتی کرێکارو لاوازی یەکگرتووبونی چینایەتی و تەحزوبی و بەم پێیە نەبوونی لە مەیدانی ململانێی سیاسی دا، لە هەلومەرجی ئەمرۆدا هەر وەک لەم باسەدا ئاماژەمان پیداوە، لاوازی و نەبونێکی ئەبەدی و سروشتی نیە، دیاردەیەکی نەزۆکی جەنەتیک نیە، قابیلی گۆڕانە . کاری کۆمۆنیستەکان کاری ڕابەرانی چینی کرێکار، کاری ئێمە ئەوەیە. ئێمە هیچ کارێکی دیکەمان نیە، جگە لە ڕیکخستنی چینەکەمان و ئامادەکردنی فکری و سیاسی و رێکخراوەی بزوتنەوەی ئەم چینە و بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی کرێکاری. سیاسەتی مارکسستی لەبەرانبەر تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی دا لەم کەناڵەوە لەو چوارچیوەیەدا دەچێتە پێشەوەو مەیسەر دەبێت.

 

هەلومەرجی ئەمرۆی دونیاو ئەو دواکەوتوویی وکۆنەپەرستیە سیاسی و فکرییەی کە بورژوایی لە دونیادا توانیویەتی زاڵی بکات بەسەر کۆمەڵگای بەشەری دا هەر وەک لە سەرەوە باسمان کرد، کاری کۆمۆنیستەکانی ئالۆزترو گرانتر کردوە. بەڵام هەلومەرجەکە هەرچەند ئالوزو دژوار بێت کۆمۆنیزم وەلامی شۆڕشگێرانەی خۆی هەیە. بەلام کۆمۆنیزم لە چینەکەیەوە دەست پێدەکات. واتە سیاسەتی کۆمۆنیستی لە نێو زاتی خۆیدا مانای ڕیکخستن و هوشیار کردنەوەی چینی کریکارە. ئەمە مەسەلەیەکی سیاسی و پراتیکی و فەورییە و ڕۆژانەیە، تا گەیشتن بە ئامانج. بە مانایەکی دیکە هێنانە مەیدانی خەڵکی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی دونیا لە هەلومەرجی ئێستاداو بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی جیهانی و خاوەن ئاسۆیەکی ڕۆشنی سیاسی بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی سیاسی ، ڕاستەوخۆ بەندە بەوەی کە چەندە چینی کڕیکار لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدایە. جا مومکنە لە سەرەتاوە لە گۆشەی ووڵاتێکەوە چەخماخە لێ بدات. لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتی کۆمۆنیستی لە سێ ئاستدا پێویستە پیادە بکرێت و کە لیرەدا تەنها دەتوانم ئاماژە بە سەرخەتە سەرەکیەکانی بکەم:

یەکەم: ‌‌ڕێکخستنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی جیهانی: ئەمکارە و بە پراتیک دەرهێنانی لە رێگای ڕابەرانی کرێکاری و کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرەییەکان کە دژ بە تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامین مەیسەر دەبێت. هەروەها لەڕیگای ئەو بزوتنەوانەوە کە هەر ئێستا لە مەیدان دان لە پێناو خواستی جۆراوجۆرو بەرحەقدا لە ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا. مەسەلەی سەرەکی لەم نێوەدا ئەوەیە کە دەنگی ڕێخەرانی ئەم بزوتنەوەیە بگاتە رەئی گشتی بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمریکا. ئەمکارە دەکرێت هەر ئیستا لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە دەست پێ بکرێت. لەم پراتیکەدا کۆمۆنیستەکان تەنها نین، بەڵام مەسەلەی سەرەکی ڕابەریکردنی بزوتنەوەیەکی لەم چەشنە ئەوەیە کە هەڵسوران و ڕابەرانی سەرەکی بزوتنەوەکە دژ بە هەردوو تیرۆریزمەکە بن. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان ئاشکراو ڕیسوا بکرێت، هەروەها تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی وەک هێزو بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕیسوا بکرێت و باسەکە لێرەدا پێویستە بە ڕۆشنی لە ” مافی هەڵبژاردنی ئایین” یان باسی ” ئایینی موسڵمان ” جیابکرێتەوەو تێکەل نەکرێت. بەلكو هەردوو تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی لە چوارچیوەی دوو‌هێزو جەنگێك کە لەسەر پێگەو نفوزی سیاسی دەچێتە پێشەوە، باس بکرێت و خەڵک وە ڕیکخراوەو کەسایەتی جیاوازی بە دەوردا رێکخراو بکرێت.

دووەم: پەکخستن و ڕامالینی تیرۆریزم لە نێو خۆدا: ئەم تەوەرەیە دوو بەش لە ووڵاتانی جیا دەگرێتەوە.

ئەلف: پەکخستن و وەدەرنانی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی لە وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا: گۆڕینی سیاسەت و یاساو ڕیساکانی مالتیکالچەر لە هەر ووڵاتیکدا، وەک دروشم و خواستێکی سەرەکی ببێتە دواکاری بزوتنەوەکە و خەڵکی بەدەوردا ڕێکخراو بکرێت. جیاکردنەوەی ئینسانەکان و دابەشکردنی کۆمەل لە سەر بناغەی ئایین، تایفەی ئاینی، نەتەوەو ڕەگەزو ڕەنگی پێست، یان ئاسیایی و ئەوروپایی و ڕۆژئاواویی و ڕۆژهەلاتی و باکورو باشور، پێویستە قەدەغە بکرێت و بخرێتە زبڵدانەوە، حەقارەت و بۆگەنی ئەم نەریتە سیاسی یە لە پێوانە نایەت. داخستنی مزگەوتەکان وەک جێگای پەروەردەکردنی فکری و سیاسی تیرۆریزم و ئیسلامی سیاسی، ئەمکارە کارێکە کە بە خێرایی پێویستە دەست پێبکرێت و زەمینەی کۆمەلایەتی بە هێزی هەیە بە مەرجێک خۆی جیابکاتەوە لە ڕاسیزم لە ئاستی سیاسی دا. هەڵوەشانەوە یان قەدەغەکردنی فەوری هەر یاساو ڕێسایەکی ئیسلامی کە لەم ووڵاتانە لە گیتۆو مزگەوتەکان بەرێوە دەچێت لە پەیوەند بە یاساکانی باری کەسێتیەوە، دیاریکردنی ئەمکارانە وەک تاوانێکی گەورە. ڕیگرتن لە شەڕی یان هاوبەشی شەر لە گەڵ ئەمریکا یان فەرەنساو بەریتانیا لە ووڵاتانی عێراق و لیبیا و یەمەن و سوریا…. کشانەوەی دەست بەجیێ هێزەکان یان وەستانی فەوری هەر جۆرە کۆمەکێک بە هاوپەیمانی ئەمریکاو جەنگە گاڵتەجارییەکەی دژ بە تیرۆر وە وەستانی فەوری جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. ئابڕوبردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپایی و هەروەها پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناوەرۆکی تیرۆریزمانەی ئەم جەنگە.

با: وەدەرنان و بن برکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی، لە ووڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا: بەڕێکسختنی بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ پاککردنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەستکۆتاکرنی هێزەکانی لە دەسەڵات.

ئەم سیاسەتە لە هەمانکاتدا ناتوانیت بێدەنگ بێت بەرانبەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و هەروەها هەموو ئەو هیزانەی کە لە نیوخۆدا ڕۆڵیان هەیە لە کۆمەک کردنی هەردوو لای تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی دا… بەڵام لەهەمانکاتدا تەوەرەی سیاسەتی خۆی لە بەرچاوەو ئەولەویەت و و ئاسۆی سیاسی لەم هەلومەرجەدا بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی یە.

وەستانەوە بەرانبەر بە تائیفەی سیاسی، خەبات دژی تیرۆرو هێزە تیرۆریستیەکان بەبی خەباتکردن و وەستانەوە دژ بە تایفەگەری سیاسی مەیسەر نابێت. سەرچاوەیەکی سەرەکی گەشەو فراوانبونەوەی تیرۆریزم و کالچەری “خۆکۆژی جیهادی” ئایدۆلۆژیای تایفەگەرییە، بەهەردوو بەشی سوننەو شیعەی سیاسی. بەڵام خەباتکردن دژ بە تایفەگەری لە نیو خۆی شارەکانی ناوەراست و باشوری عیراق یان شارەکانی سوریا یان لوبنان دا ئەولەویەتی گەورەترو فەوری تری هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئیران یان کوردوستانی عێراق….

مەسەلەیەکی دیکە بەڕێکخستنی “بزوتنەوەیەکی سکولار” لەم ووڵاتانەدا بەشێکە لە سیاسەتی کۆمۆنیستی و لە بزوتنەوەیەک دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی ئەگەرچی ئامانجەکانی تێپەر دەکات. باسەکە لێرەدا کەمپین نیە بەڵکو ئەمرۆ لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا، کاری بزوتنەوەیەکی سیاسی گەورەو فراوانە کە ئامانجی جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و دەسەڵاتە نیوخۆییەکان” شورای شارەکان و ناوچەکانی خودمختارو فیدرال” وە لە پەروەردەو خوێندن. مەبەست ئەوەیە سکولاریزم بێتە بزوتنەوەیەکی گەورەو فراوان، خوێندنی وانە ئاینیەکان لە قوتابخانەکان تا کۆتایی قۆناغی ئامادەیی قەدەغە بکرێت، مزگەوتی نێو پەیمانگاو زانکۆکان دابخرێن، یاساکانی باری کەسیتی هەلبوەشێنەوە…. هەندی لەم خواستانە هەر ئیستا بەفەوری دەکرێت کاری لەسەر بکرێت و ئیمکانی بەدیهاتنی هەیە.

مەسەلەی سەرەکی لێرەدا ئامادەکردن و هێنانە مەیدان و رێکخستنی خەڵکە دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی. کارێکی وا لە گەرەکێک یان زانکۆ یان کارگەیەکەوە مومکنە دەست پێ بکات… نەخشەکارێک بۆ بردنە پیشەوەی ئەم سیاسەتە لە ووڵاتێکەوە بۆ ئەوەی ترو تەنانەت لە کوردوستانی عیراق و عێراق و لە سوریادا لە شارێکەوە بۆ ئەوی دیکە دەگۆرێت و بە تایبەت لە سوریا جیاوازییەکی زۆری هەیە.

 

سێهەم: کاری فکری و تیۆری: ئەم ئەركێکە و خۆی بەشیکە لەسیاسەت و بەشێکە لە تەوەرەکانی سەرەوە. بەڵام من وەک خاڵیک جیام کردۆتەوە لە بەرئەوەی، وا بیر دەکەمەوە کە لاوازییەکی هێجگار گەورەمان لەم بوارەدا هەیەو پێویستی بەکاری هێجگار گەورەو فراوانە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێک لە کەلێنەکانی. مەسەلەی سەرەکی لێرەدا وەک ئامانجێک بۆ ئەم ئەرکە: بەدیهێنانی کەشێکی کۆمەڵایەتی گونجاوە بۆ فکرو کاڵچەری مارکسی و پێشکەوتنخوازو سکولارو یەکسانیخواز…..لێرەدا مەبەست کارو خەباتی فکری و تیورییە لە ئاستی کۆمەلایەتیداو وەڵام بە گەورە بیریارانی ئیسلامی سیاسی و مالتیکالچەریزم و…. ئەوەندەی کە پەیوەندی راستەوخۆی هەبیت بەم باسەمانەوە.

١٣ی ئازاری ٢٠١٦

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *