جه‌مال موحسین
’’ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی چینی كرێكار به دڵنیاییه‌وه ئامانجه‌كه‌ی گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه بۆ چینی كرێكار، وه بۆ ئه‌مه‌ش بێگومان وا پێویست ئه‌كات كه ڕێكخراوێكی پێشوی چینی كرێكاركه خۆی له خه‌باتێكی ئابوری ئه‌وانه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، گه‌شه بسێنێت بۆ ئاستێكی دیاریكراو. له لایه‌كی تره‌وه هه‌ر جووڵانه‌وه‌یه‌ك كه تیایدا چینی كرێكار به وێنه‌ی چینێك خۆی ده‌رئه‌خات له دژی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و هه‌وڵ ئه‌دات ناچاریان بكات و فشاریان بۆ بێنێت، جووڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسیه. بۆ نمونه هه‌وڵدانێك له كۆمپانیایه‌كی دیاریكراودا یان پیشه‌سازیه‌كی دیاریكراودا بۆ سه‌پاندنی ڕۆژی كارێكی كورتتر به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داراندا به‌هۆی مانگرتنه‌وه… هتد، جووڵانه‌وه‌یه‌كی ئابوری پوخته. له‌لایه‌كی تریشه‌وه جووڵانه‌وه‌كه بۆ سه‌پاندنی یاسای هه‌شت كاتژمێر كار له ڕۆژێكدا، جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسیه. به‌مجۆره، له جوڵانه‌وه ئابوریه جۆراوجۆره‌كانی كرێكارانه‌وه، له هه‌موو شوێنێك جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی سه‌رهه‌ڵئه‌دا و گه‌شه ئه‌كات. واته بزووتنه‌وه‌یه‌كی چینه‌كه، به ئامانجی به ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانی له فۆرمێكی گشتیدا، له فۆرمی هه‌بوونی هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتی وا كه بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بسه‌پێنێ. به‌هه‌مان ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ئاستێك له ڕێكخراوبوونی پێشینه موسته‌لزه‌ماتێكه بۆ ئه‌م بزووتنه‌وانه، خودی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ش به هه‌مان شێوه ئامڕازێكن بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌م ڕێكخراوبوونه. له‌و شوێنه‌ی كه چینی كرێكار هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته له ڕێكخراوبوون كه بتوانێ كه‌مپینێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه له دژی ده‌سه‌ڵاتی گشتی، واته ده‌سه‌ڵاتی چینه حاكمه‌كان به‌رپا بكات، ئه‌بێ له هه‌ر ئاستێكدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ڕابهێندرێت به ئاژیتاسیۆنێكی به‌رده‌وام له دژی سیاسه‌تی چینه حاكمه‌كان و هاتنه ئاراوه‌ی هه‌ڵوێستێكی دژ به‌و سیاسه‌ته. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا چینی كرێكار ته‌نها وه‌ك یاریه‌ك به ده‌ستی ئه‌و چینانه‌وه ئه‌مێنێته‌وه.‘‘ (نامه‌ی كارڵ ماركس بۆ فرێدریك بۆڵت)
پێشه‌كی:
به‌شێك له میكانیزمه‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری، چ پێشوو چ ئێستا، بریتیه له ده‌سته‌به‌ندی خه‌ڵك، كرێكاران وخه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و توێژه‌كانی تر، و ته‌نانه‌ت توێژه‌كانی بۆرژوازی (ستراتا) له ڕێكخراو و یه‌كه و ده‌سته و گروپه‌كان و تا ئاستی ئه‌حزابی سیاسی‌دا. ئه‌م ووتاره هه‌وڵێكه بۆ نیشاندانی پێویستی ڕێكخراوبوون بۆ چینی كرێكار، خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و ده‌سته‌نگ و توێژه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان. لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م پێشینه‌ی خه‌باتی ئه‌م چینه له كوردستان له ئاستی جه‌ماوه‌ری و حزبیدا بهێنمه‌وه به‌رچاو. هاوكاتیش تایبه‌تمه‌ندی ئێستاكه‌ی و پێداگری له‌سه‌ر ڕێكخراو بوون ئه‌بێته به‌شێكی تری ووتاره‌كه. بابه‌تی ئه‌م ووتاره هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆڵینه‌وه نییه له خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستی، ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی كه له ساڵی ١٩٩١ ه‌وه تاكو ساڵانی دوایی هه‌بوون و خودی حزبێكی كۆمۆنیستی كرێكاریی كه له ساڵی ١٩٩٣ ه‌وه بوونی هه‌یه. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ئه‌و بابه‌ته گرنگ نییه و پێویستمان به باسێكی له‌و چه‌شنه نییه، بگره ئامانجێك كه ئه‌م ووتاره به دوایه‌وه‌یه‌تی شتێكی تره به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك ئه‌توانێت ئه‌و كاره بكات. هه‌روه‌ها پێویست ئه‌كات ئه‌وه بڵێم ئه‌و بابه‌ت و باسه‌شی كه لێره‌دا تیشكی ئه‌خرێته سه‌ر ڕه‌نگه باسی زیاتر و هه‌مه‌لایه‌نه‌تر هه‌ڵبگرێ و واوه‌تر له مه‌وداكانی ئه‌م ووتاره بڕوات. هه‌ر هه‌وڵێك له‌و پێناوه‌دا، كه ڕه‌وتی به‌ره‌و ڕێكخراوبوونی سیاسی و جه‌ماوه‌ری كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش بباته پێشه‌وه، جێی پێشوازیه و ئه‌توانێت كۆمه‌كێك به نه‌هێشتنی په‌رشوبڵاوی چینی كرێكار و كه‌م ئیشتیایی بۆ سیاسه‌ت و حزبایه‌تی كردن بكات. ئه‌م ووتاره هه‌ڵگرتنی به‌ردێكه بۆ خستنه سه‌ر به‌رده‌كانی تری ئه‌م هه‌وڵه و بنیاتكردنی په‌یكه‌ره‌ی ’’ڕێكخراوبوونی كرێكاران‘‘.
پێكهاته‌ی ووتاره‌كه له چه‌ند به‌شێك پێكدێت و چه‌ند گۆشه‌یه‌كی ئه‌م مه‌یدانه، مه‌یدانی ڕێكخراوبوون، له خۆ ئه‌گرێت. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باسێكی تا ڕاده‌یه‌ك چڕ‌وپڕ بكه‌ین سه‌باره‌ت به ڕێكخراوبوونی سیاسی و جه‌ماوه‌ری، ئه‌بێ سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ڕێكخراوبوون و پێویستیه‌كه‌ی قسه‌یه‌ك بكه‌ین و به دوای ئه‌وه‌دا به‌شێك تایبه‌ت ئه‌بێ به ڕێكخراوبوونی جه‌ماوه‌ری كه لێره‌دا باسێك له جیاوازی نێوان شێوازه جیاوازه‌كانی خۆڕێكخستن، شورایی، سه‌ندیكایی، یه‌كێتی و… هتد ئه‌كرێ. هاوكاتیش شێوازی په‌سه‌ند له لایه‌ن كۆمۆنیسته‌كانه‌وه فۆكه‌سێكی تایبه‌تی ئه‌خرێته سه‌ر و نیشان ئه‌درێ كه بۆچی ئه‌م شێوازه له ڕێكخستن ژیانی ڕۆژانه‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ی بێبه‌ش به‌ره‌و باشتر ئه‌بات و هاوكاتیش ئاماده و ڕێكیان ئه‌خات بۆ ئاڵوگۆڕێكی ڕیشه‌یی كه پێویسته له كۆمه‌ڵگادا بكرێ. دواتر دێمه سه‌ر به‌شێكی تایبه‌ت به ڕێكخراوبوونی سیاسی و حزبی. له‌م به‌شه‌دا پێناسه‌ی ئه‌حزابی سیاسی و ئه‌حزابی بۆرژوازی له كوردستان ئه‌هێنرێته پێشه‌وه. له كۆتاییدا ئه‌نجامگیری له باسه‌كه به به‌شێكی جیا به ده‌سه‌ته‌وه ئه‌درێت. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا ئه‌م باسه فراوانه و ئه‌كرێ قسه‌وباسی زیاتری له‌سه‌ر بكرێ. ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌ركی دەستەبەرکردنی هوشیاری چینایەتی لەناو کرێکاراندا، ئامادەکردن و ڕێکخراوکردن و دابینكردنی ئاسۆیەکی سیاسی و سۆشیالیستی ڕۆشن بخرێته به‌رده‌م كۆمۆنیسته‌كان و هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری. ئه‌م ووتاره ئه‌یه‌وێت به‌شێك بێت له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌و پێناوه‌دا و بۆ ئه‌ركه ئه‌درێن.
١. پێویستی ڕێكخراوبوون:
پێناسه‌ی گشتی ڕێكخراو یان ڕێكخراوبوون پێمان ئه‌ڵێ كه هه‌ر كۆمه‌ڵه كه‌سێك كه بۆ به ده‌ستهێنانی ئامانجێكی هاوبه‌ش به ده‌سته‌جه‌معی یه‌ك ئه‌گرن، واته ڕێكخراون. ئامانجی هاوبه‌شیش بۆ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌لایه‌ك بریتیه له باشتربوونی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان و خێزانه‌كانیان و هه‌بوونی ئازادی و هه‌ر ڕیفۆرمێك كه بۆ ژیانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌تا یاسایی پێویسته. له لایه‌كی تریشه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م چینه ڕزگاری یه‌كجاریه له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه هه‌میشه و هه‌رده‌م یه‌خه‌ی پێ ئه‌گرێ، به واتایه‌كی تر كۆتایی هاتن به چه‌وسانه‌وه و ژێرده‌سته‌یی و دابه‌شبوونی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی. با له‌لایه‌نی یه‌كه‌میانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین و ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه بۆچی بۆ باشبوون و ئاڵوگۆڕ له ژیانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشدا ڕێكخراوبوون پێویسته؟
كاتێك كه چینێك، كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگایه، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی پێ ئه‌بڕێت كه له ژیاندا بمێنێته‌وه و هه‌ناسه بدات و ووزه و ئینێرژی ئه‌وه‌ی پێ بێ كه سبه‌ینێ بچێته‌وه سه‌ركاره‌كه‌ی، بێگومان لانی كه‌م پێویستی به‌وه هه‌یه كه ژیانێكی ئارامتر، بژێویه‌كی باشتر و له‌سه‌ر ستانداردێكی به‌رزتری هەبێ كه پێداویستی سه‌رده‌می تیادا دابین كرابێ. ئه‌بێ كاتێك ناحه‌قیه‌ك ئه‌بینێ، مافی ده‌نگهه‌ڵبڕین، خۆپیشاندان، مانگرتن و په‌ناگیری و به كورتی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی هه‌بێ. وه ته‌نانه‌ت ئه‌بێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ خۆی ڕێكبخات له ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و حزبیدا. چینی دارا و باڵاده‌ست به پێی سیستمه‌كه‌ی كه كۆمه‌ڵگا و ژیانی پێ به‌ڕێوه ئه‌بات، مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه چینی كرێكار ته‌نها وه‌ك لاشه‌یه‌ك، و بگره وه‌ك ماشینێك، بتوانێ له‌سه‌ر كاربێ و به‌رهه‌م بهێنێ. به‌رهه‌میش سووده‌كه‌ی بۆ گیرفانی چینی باڵاده‌سته. بۆیه تاكو كرێیه‌كی كه‌متر بدات، تاكو كرێكاری بێده‌نگ و په‌رشوبڵاوی ببێت، باشتر ئه‌توانێ به‌م ئامانجه‌ی بگات. به واتایه‌كی تر هه‌تا كرێكار په‌رت په‌رت و ناڕێكخراوبێ، ئاسانتر بێده‌نگ و ملكه‌چ ئه‌كرێ و به‌م پێیه‌ش هێزی كاره‌كه‌ی به هه‌رزانتر لێ ئه‌كڕدرێ و هه‌موو ئه‌مه‌ش ئه‌بێ به سوود و سه‌رمایه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو لای سه‌رمایه‌داران، واته چینی بۆرژوازی. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به قازانج بۆ سه‌رمایه‌داران و به زه‌ره‌ر بۆ چینی كرێكار ئه‌شكێته‌وه، ئاوهاش دژه‌كه‌ی، واته یه‌كگرتوبوون و ڕێكخراوبوون كه سه‌رئه‌نجام ئه‌كاته سه‌پاندنی مافی زیاتری كرێكاران به قازانجی ئه‌م چینه و به‌زه‌ره‌ری چینی بۆرژوازی ئه‌شكێته‌وه. كه‌وایه قازانجی سه‌رمایه‌داران یانی ژیانی خراپتر و ژێرده‌سته‌یی و بێده‌نگكردنی كرێكاران؛ ڕێكخراوبوون و سه‌پاندنی مافی كرێكارانیش یانی كه‌متر كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه بۆ بۆرژوازی. قازانجی زیاتری بۆرژوازی له‌سه‌ر زه‌ره‌ر و زیانی كرێكاران و قازانجی كرێكارانیش به زه‌ره‌ر و زیانی پاره‌كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران ته‌واو ئه‌بێ.
بۆ نمونه با له كۆمپانیاكانی پاڵاوته‌كردنی نه‌وت وورد ببینه‌وه. كرێكارانێك، كه له ده‌رهێنان و پاڵاوته‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا به‌شدارن جا چ به لێهاتوویی گه‌یشتبنه ئه‌و شوێنه یان به مه‌حسوبیه‌ت دانرابن (له ئێستای كوردستاندا)، به‌رهه‌مێكی خه‌یاڵی نه‌وت ئه‌بینن كه ئه‌مان ده‌ستیان تیایدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و به‌روبومه بۆ خۆیان نییه و ئه‌ڕژێته گیرفانی بۆرژوازی كورده‌وه. به‌به‌راورد به فرۆشتنی نزیك به ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژێكدا، كه ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان دانی پیائه‌نێن و بێگومان ئه‌بێته سه‌رمایه‌ی ملیاره‌ها دۆلار، كرێیه‌ك كه كرێكاران و كارمه‌ندانی ئه‌م ناوه‌نده وه‌ریئه‌گرن به وێنه‌ی دڵۆپێك له ده‌ریا دێته به‌رچاو. با ئه‌وه‌ش له‌ولاوه بوه‌ستێت كه كوردستان ئێستا له ڕیزی ووڵاته ده‌وڵه‌مه‌نه‌كاندا له ناوچه‌كه دائه‌نرێ به‌هۆی به‌رهه‌می نه‌وته‌وه له كاتێكدا هه‌ژاری و برسێتی بۆته كاڵا و به باڵای دانیشتوانه‌كه‌یدا بڕاوه. ئایا داهاتی تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه چه‌ندێك به پێی زیادكردنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت زیادی كردووه؟ ئێستا هه‌رشتێك كرێكارانی ئه‌م ناوه‌نده‌ی په‌رشوبڵاو و خامۆش ڕاگرتبێ، سه‌رئه‌نجام به قازانجێكی زیاتری خاوه‌ن كۆمپانیاكان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان شكاوه‌ته‌وه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ كۆمپانیاكانی تریش وایه، چ ئه‌هلی بن یان حكومه‌تی. مه‌گه‌ر ئه‌وه نییه به‌به‌رچاوی كرێكارانی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌وه خاوه‌نه‌كانیان تاكو بێت ده‌وڵه‌مه‌ندتر ئه‌بن و له‌ملاشه‌وه موحتاجی كرێكاران هه‌ر له جێی خۆیه‌تی؟! مه‌سه‌له‌كه بۆ كه‌رتی خزمه‌تگوزاریش هه‌روایه. ببینن له خه‌سته‌خانه‌كاندا، بۆ نمونه، كرێكاران و كارمه‌ندان ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته ئه‌كه‌ن به شه‌و و به ڕۆژ به‌ڵام خۆیان ته‌نانه‌ت حه‌قی ئه‌و ماندووبوونه‌شیان، كه بۆ سودی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه به گشتی، وه‌رناگرن. پاككردنه‌وه كه ئێستا له كوردستان به‌شێكی زۆری دراوه‌ته ده‌ست كۆمپانیا ئه‌هلیه‌كان، ئه‌و كرێیه‌ی به كرێكاره‌كانی ئه‌م ناوه‌نده ئه‌درێ له یه‌ك له ده‌ی ئه‌و سووده‌ش نییه كه له بنه‌ڕه‌تدا كۆمپانیاكه بۆ ئه‌و ئیشه وه‌ریگرتووه…. و به‌مجۆره بۆ هه‌ر ناوه‌ندێكی تری كار. هه‌ڵه‌به‌ته ئه‌توانین ئه‌م لێكدانەوه‌یه بۆ كارگه و ناوه‌نده بچوك و مامناوه‌ندیه ئه‌هلیه‌كانی تریش به‌كاربهێنین كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای كۆكردنه‌وه‌ی قازانج بۆ خاوه‌نانی بنیاتنراون. ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه‌یه‌ی چوون به ئاسماندا، ئه‌و هه‌موو كۆمپانیای وه‌ربه‌رهێنانه، ئه‌و هه‌موو كارگه ئه‌هلیانه، ئه‌و هه‌موو چوونه‌سه‌ره‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و ئه‌و هه‌موو بازرگانیه قه‌به و گه‌ورانه‌ی كوردستان بۆته مه‌یدانێكی، نه‌بوونه‌ته مایه‌ی باشبژێوی و خۆشگوزه‌رانی یان هه‌تا بچوكترین باشبوون له ژیانی خه‌ڵكدا. ئه‌مه ئیتر ئه‌و ناکۆکیە (كۆنترادیكشنه) كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه كه سایه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستاندا كێشاوه. سیستمی ژیان و به‌ڕێوه‌بردن له‌لایه‌ن بۆرژوازی كورده‌وه وای لێهاتووه، ماركس ووته‌نی؛ به وێنه‌ی ڤامپایه‌رێك (خوێنمژێك) ته‌نها ئه‌توانێ به مژینی خوێنی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت مناڵان‌یش ژیانی خۆی به‌رده‌وامی پێ بدات. ئه‌مه ئیتر ئه‌و واقعیه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه تاڵه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای كێشمه‌كێشێكی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی بنیاتنراوه كه نه ته‌حه‌مول ئه‌كرێ له لایه‌ن چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌وه وه نه‌ئه‌شبێ درێژه بكێشێ. (ووته‌ی ماركس بۆ ئینته‌رناسیۆنالی یه‌ك)
كه‌وایه باشبوونی ژیان یه‌كێكه له ئامانجه ده‌ستبه‌جێكانی چینی كرێكار كه به‌به‌رچاویه‌وه ئه‌م بێمافیه ئه‌بینێ. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا مه‌به‌ست له باشبوونی ژیان ته‌نها كرێ و موچه‌ی مانگانه نییه، له ده‌سته‌به‌ربوونی پێداویسته سه‌رده‌میه‌كانی مرۆڤه‌وه بگره تاكو قوتابخانه و دایه‌نگا و باخچه‌ی مناڵانی زۆر و پێویست و نه‌خۆشخانه و خزمه‌تگوزاریه‌كانی تر.. وه هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش نابێ به‌وجۆره لێكبدرێته‌وه كه ته‌نها باشبوونی ژیان له‌ڕووی ئابوریه‌وه گرنگه. هه‌بوونی ئازادی مانگرتن وڕێكخراوبوون و خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه و هه‌بوونی یاسای كاری كرێكاریی و پێشكه‌وتو، خوێندن و فێركردنی مۆدێرن و… چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی تری له‌م بابه‌ته ئه‌توانێ سه‌رله‌وحه‌ی ئامانجه لانی كه‌مه‌كانی چینی كرێكار و خه‌ڵك بێ به گشتی. پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه چینێكی په‌رت په‌رت كرا‌و چۆن ئه‌توانێ ئه‌م خواستانه به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیدا بسه‌پێنێ؟ ناكرێ و ناتوانین چینی كرێكار وه‌ك تاكی په‌رشوبڵاو سه‌یر بكه‌ین، بگره ئه‌و چینه هێز و چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رفراوانه كه كاتێك یه‌كگرتوو بێت هێزێكی وا ئه‌نوێنێ كه بتوانێت له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا مل به چینی دارا و ده‌سه‌ڵات کەچ بکات بۆ داواكاریه‌كانی له باشتربوونی ژیانی. كاتێك تاك تاكی كرێكاران بگریت ناڕازین به كرێكانیان و به ژیانیان به شێوه‌یه‌كی گشتی. به‌ڵام گه‌ر به‌شێوه‌ی تاك تاك و لێره و له‌وێ گازنده بكه‌ن، ده‌نگ هه‌ڵبڕن و ناڕه‌زایه‌تی دەرببڕن، هیچ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نابێ له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران. له كاتێكدا گه‌رهه‌موو كرێكاران یه‌ك ده‌ست ئه‌و ده‌نگه ناڕه‌زایه‌تیه هه‌ڵببڕن، هێزێكی تری ئه‌بێ.
با دیسان له نمونه‌كه‌ی پێشووه‌وه ته‌ماشای بكه‌ین. گه‌ر كرێكارانی بواری نه‌وت كۆمپانیایه‌ك ڕابگرن ته‌نانه‌ت گه‌ر بۆ چه‌ند كاتژمێرێكیش بێت، ئه‌كاته مایه‌ی ملیۆنه‌ها دۆلار زه‌ره‌ر و زیان بۆ خاوه‌ن كار و سه‌رمایه‌داران. بۆیه ئه‌وانیش بۆ ئه‌وه‌ی پێش به‌و زه‌ره‌ره بگرن مل به به‌رزكردنه‌وه‌ی كرێ، بۆ نمونه، یان هه‌ر داواكاریه‌كی تری كرێكاران بده‌ن باشتره. بێگومان ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به هێزی مانگرتنه‌كه یان جوڵه‌كه‌وه هه‌یه و ئه‌و گفتوگۆیەی له نێوان كرێكاران و سه‌رمایه‌داراندا دێته ئاراوه ئه‌یبڕێنێته‌وه كه چه‌ندێك داواكاریه‌كانی كرێكاران دێته دی. گه‌ر كرێكاران ڕێكخراو نه‌بن چۆن ئه‌توانن خاوه‌نی ئه‌و هێزه بن كه ئه‌و داواكاریه فه‌رز بكات؟! هێزی ئه‌م چینه له یه‌كێتی و ڕێكخراوبوونیدایه. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست له هه‌ر جۆره یه‌كگرتوویی و ڕێكخراوبوونێكه به شێوه‌یه‌كی گشتی. ئه‌وه‌ی كه چ ئامانج و ئاسۆیه‌كی سیاسی له پشت هه‌ر جۆره ڕێكخراوبوونێكه‌وه‌یه، باسێكه دواتر دێینه سه‌ری. نمونه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ١٧ ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، وه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی مامۆستایان و كرێكاران و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان و كاره‌با و به‌شێكی تر له ناوه‌نده‌كانی كار كه ڕێكخراو نه‌بوون و خاوه‌نی ئاسۆیه‌كی سیاسی ڕۆشن و سۆشیالیستی نه‌بوون، ئاسۆیه‌ك هه‌نگاو به هه‌نگاو بزانێ چۆن جه‌ماوه‌ر هه‌ڵخرێنێت بۆ ئامانجه‌كانی جه‌ماوه‌ر خۆی، بەبه‌رچاوی هه‌مووانه‌وه دیاره. یان وه‌ك ١٧ ی شوبات كه بووه به‌رده‌بازێك بۆ ئۆپۆزسیۆنی (ئه‌وكاتی) بۆرژوازی بۆ گه‌یشتن به پشكی خۆی له ده‌سه‌ڵات و بردنی سه‌روه‌ت و داهاتی كۆمه‌ڵگادا، یان وه‌ك جوڵه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییانه كه نه‌یتوانی سه‌راسه‌ری و جه‌ماوه‌ری ببێته‌وه و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی جه‌ماوه‌ری توڕه به‌ره‌و سه‌پاندنی موچه و باشكردنی ئاستی موچه و ژیانی خه‌ڵك ببات. گه‌ر ئه‌و كات و ئێستاش جه‌ماوه‌ر خاوه‌نی ڕێكخراوی پته‌و و تۆكمه‌ی خۆیان بوونایه، لایه‌نه‌كانی بۆرژوازی نه‌یائه‌یانتوانی وا به ئاسانی بیبه‌ن به‌لاڕێدا و به پێی هێزهاوسه‌نگیش ئه‌یتوانی داخوازیه‌كانی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. تا كاتێكیش ڕێكخراو نه‌بێ هه‌ر به‌مجۆره ئه‌بێ كه بینیمان.
به‌م مانایه ئه‌توانین پێویستی ڕێكخراوبوون ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست بكه‌ینه‌وه به مافی ژیان و ژیانی باشتره‌وه. كه‌وایه بۆ چینی كرێكار، و دیاره به هه‌مان شێوه بۆ توێژه بێبه‌شه‌كانی تری كۆمه‌ڵگاش، ڕێكخراوبوون به ئه‌ندازه‌ی خۆراك و ژیان پێویسته. ڕێكخراوبوون مایه‌ی هێزی زیاتر و بوونی ئیراده و متمانه به‌خۆ بوونی ئه‌م چینه‌یه. ڕێكخراوبوون ئامڕازێكی خه‌باكارانه‌ی ده‌ستی چینی كرێكاره، كه وه‌ك چینێكی یه‌كده‌ست و كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه هه‌نوكه‌یی و دوره‌كانیشی ئه‌بێ و پێویسته به ده‌ستیه‌وه بگرێت. هاوكاتیش به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ڕێكخراوبوون بۆ چینی كرێكار و خه‌ڵكی بێبه‌ش پێویسته، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش مایه‌ی مه‌ترسیه بۆ سه‌رمایه‌داران. هه‌ربۆیه چۆن كرێكاران هه‌وڵ ئه‌ده‌ن خۆیان یه‌كگرتوو ڕێكخراو بكه‌ن و ئه‌م پێویستیه به ده‌ست بهێنن، ئاوهاش سه‌رمایه‌داران ته‌قه‌لا ئه‌كه‌ن نه‌هێڵن كرێكاران ڕێكخراو بن و له‌م پێناوه‌شدا به یاسا پێشی پێ ئه‌گرن، ڕێگری له‌به‌رده‌م دروست ئه‌كه‌ن و ڕێكخراوی زه‌رد بۆ به‌لاڕێدابردنی خه‌باتی كرێكاران دروست ئه‌كه‌ن. وه‌ك پێشووتریش باس كرا هه‌موو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش بۆ سه‌رمایه‌داران كۆكردنه‌وه و كه‌ڵه‌كردنی پاره وپول و سه‌رمایه‌ی زیاتره. هه‌روه‌ك ماركس له (هه‌ژاری فه‌لسسه‌فه) دا باسی ئه‌كات: ’’هه‌لومه‌رجی ئابوری سه‌ره‌تا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی له لادێكانه‌وه گۆڕی بۆ كرێكاران. كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه بارودۆخێكی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی بۆ ئه‌م جه‌ماوه‌ره دروست كردووه. به‌مجۆره ئه‌م جه‌ماوه‌ره هه‌ر له‌پێشدا چینێكه له دژی سه‌رمایه، به‌ڵام هێشتا بۆ خۆی نا. له‌و خه‌باته‌دا ئه‌م جه‌ماوه‌ره یه‌كگرتوو ئه‌بێ و خۆشی بۆ خۆی چینێك پێكئه‌هێنێت. ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی داكۆكی لێ ئه‌كات ئه‌بێ به به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه‌تیه‌كان. به‌ڵام خه‌باتی چین له دژی چین خه‌باتێكی سیاسیه‘‘. له كوردستانیش هه‌ربه‌مجۆره‌یه، له‌وه‌ته‌ی كه بۆرژوازی كورد له ١٩٩١ ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ش له دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه، بۆرژوازی زیاتر و زیاتر پرۆسه‌ی بردنی سه‌روه‌ت و داهاتی كۆمه‌ڵگای وه‌ك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پیاده‌كردوه و جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵكیش تا هاتووه به‌ره‌و هه‌ژاری چوون. ئه‌م میتۆدی لێكدانه‌وه و باسكردنه له جێگه‌وڕێگای چین، ئه‌و ڕاستیه‌مان نیشان ئه‌دات كه له كوردستانیش ده‌ستبردن بۆ هه‌ر كارێك و بگره له باسكردن له كرێ و موچه و زیادكردنی دانی قازانجی ساڵانه به كرێكارانه‌وه هه‌تا مافه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناتوانن سیاسی نه‌بن و له خودی خۆیدا خه‌بات بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه سیاسیه.
به‌م مانایه خه‌باتكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ته‌نانه‌ت یاساییه‌كانیش له چوارچێوه‌ی هه‌مان كۆمه‌ڵگای ئێستادا كه پێویستی به ئاستێكی فراوان له ڕێكخراوبوونه له ئاستێكی جه‌ماوه‌ریدا، ناتوانرێ گرێ نه‌درێته‌وه به ئامانج و خواست و خه‌باتێكی سیاسی سه‌راسه‌ری تره‌وه كه خۆی له ئاڵ‌وگۆڕكردن له بنه‌ما و بناغه‌ی سیسمتێكیدا ئه‌بینێته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانه. ئه‌مه‌ش پێداویستی ڕێكخراوبوون له ئاستی سیاسی‌دا ئه‌هێنێته ئاراوه، واته ڕێكخراوبوون له حزبی سیاسی‌دا. حزبێكی سیاسی، كۆمۆنیستی، كه ئامانجی كۆتایی خۆی به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیستم و كۆمه‌ڵگای بنیانتراو له‌سه‌ر دابه‌شبوون و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی داناوه. وه ئه‌مه‌ش به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی پێشوو پێویست و حه‌یاتیه بۆ چینی كرێكار چونكه چینێیك كه نه‌خۆشی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگای ده‌رك كردبێت و بزانێت كه سه‌پاندنی ڕیفۆرمیش هێشتا به وێنه‌ی ئازارشكێنێكه، بێگومان ئه‌بێ به شوێن چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییه‌وه بێت و ئه‌و نه‌خۆشیه بنبڕ بكات. باسكردن له بوونی هه‌ردووك شێواز له ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری له‌لایه‌ك و سیاسی و حزبی له‌لایه‌كی تره‌وه به هیچ جۆرێك به مانای جیاكردنه‌وه‌ی خه‌باتی سیاسی و ئابوری نییه، چونكه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا هه‌ر خودی خه‌باتیش بۆ سه‌پاندنی مافه لانی كه‌مه‌كان خه‌باتێكی سیاسیه. به‌ڵام مه‌به‌ست له ڕێكخراوبوونه له دوو ئاستی جیادا، ئاستی جه‌ماوه‌ری و ئاستی حزبی. ڕێكخراوبوونی جه‌ماوه‌ری و حزبی بۆ چینی كرێكارمه‌رجێكی سه‌ره‌كیه بۆ سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی چینایه‌تی له پێناو ئاڵوگۆڕ له ژیانی ڕۆژانه و ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌ییدا.
مه‌سه‌له‌یه‌ك كه لێره‌دا پێویست ئه‌كات تێبینی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ست له جیاكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و حزبی نیه، یان مه‌به‌ست له‌وه نیه كه ڕێكخراوی حزبی و حزب جه‌ماوه‌ری نین. بگره كه باس له جه‌ماوه‌ری ئه‌كرێ زۆرتر ڕێكخراوه غه‌یره حزبیه‌كان ئه‌گرێته‌وه كه له پێكهاته‌كه‌یاندا كه‌سانی حزبی و هه‌ڵسوڕاوانی سۆشیالیستی و كۆمۆنیستیش هه‌ن و كه‌سانی غه‌یره حزبیش هه‌ن. ئه‌م پێكهاتانه له باری ڕێكخراوه‌ییه‌وه حزبی نین و ڕێكخسته‌كانیان به هیچ جۆرێك له ژێر ڕكێف و كۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆی حزبدا نین. به مانایه‌كی تر حزب ده‌خاڵه‌ت له ژیانی ڕێكخراوه‌یی و بڕیاره‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریانه (غه‌یره حزبیانه) دا ناكات. ئیتر ئه‌وه‌ی كه حزبی كۆمۆنیستی یان هه‌ر ڕه‌وتێكی تر چۆن و به چ جۆرێك هه‌وڵی ئاسۆداركردنی ئه‌و ڕێكخراوه غه‌یره حزبیه ئه‌كات به ئاسۆی سیاسی خۆی، باسێكی تره. له‌به‌رئه‌وه من لێره‌دا كاتێك كه وه‌ك ده‌سته‌واژه ’’ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و حزبی‘‘ به‌كارئه‌هێنم بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئاسته له ڕێكخراوبوون له یه‌كتر نیه، بگره زۆرتر بۆ نیشاندانی فۆكه‌سێكی جیایه له‌و دوو جۆره ڕێكخراوبوونه‌دا.
٢. ڕێكخراوبوونی جه‌ماوه‌ری:
له به‌شی پێشوودا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسی گرنگی ڕێكخراوبوون و خۆڕێكخراوكردنمان كرد. له‌م به‌شه‌دا دێینه سه‌ر باسكردن له شێوازه‌كانی ڕێكخراوبوون و ئه‌وه‌ی كه له ڕوانگه‌ی ئێمه كۆمۆنیسته‌كانه‌وه چ شێوازێكیان په‌سه‌نده. سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه هه‌رجۆره ڕێكخراوبوونێك كه خه‌ڵكی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش ده‌ستی بۆ ببه‌ن، ده‌سته، گروپ، ڕێكخراو، سه‌ندیكا یان یه‌كێتی بێت جێگای پشتیوانی ئێمه كۆمۆنیسته‌كانه و پۆزه‌تیڤ ئه‌یبینین وه ته‌نانه‌ت هه‌وڵ ئه‌ده‌ین تیایاندا چالاك و هه‌ڵسوڕاو بین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌بات و ئاسۆی سیاسیه‌كه‌ی دابنێین و به قازانجی ئه‌و چینه بیهێڵینه‌وه. بۆیه باسه‌كه له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شێوازێك یان شێوازه‌كانی تری ڕێكخراوبوو نییه، به‌ڵام شێوازێك كه ئێمه په‌سه‌ندمانه ڕێكخراوبوونی شورایی و كۆبوونه‌وه گشتیه‌كانه.
پێكهێنانی یه‌كێتی (یان سه‌ندیكای) كرێكاری و جه‌ماوه‌ری له كوردستاندا مێژوویه‌كی زۆری نییه و به‌مپێیه‌ش نه‌بۆته ته‌قلیدێك یان ئامڕازێكی خه‌باتكارانه به ده‌ستی ئه‌م چینه‌وه. بۆیه من له‌م بابه‌ته‌دا زۆر به درێژی نایه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م شێوازه چ ئاسۆیه‌كی سیاسی له پشته‌وه‌یه و به چ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه گرێیخواردووه و مێژووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگای عێراق و كوردستاندا چییه و چۆنه. ئه‌وه‌نده به كافی ئه‌زانم باس له‌وه بكه‌م كه خودی یه‌كێتی و سه‌ندیكا پاڵی داوه به بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمیستی و سۆسیال دیموكراتیه‌وه و ئه‌م سونه‌ته‌ش چ له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌پ و ماركسیزمه‌وه له ده‌یه‌كانی دووه‌می سه‌ده‌ی پێشووه و چ له ده‌یه‌كانی كۆتایی هه‌مان ئه‌و سه‌ده‌یه و دواتریش سه‌ده‌ی بیست ویه‌كدا ڕیشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له نێو كرێكارانی كوردستان نییه و نه‌بۆته مه‌یل یان جووڵانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌م چینه. هه‌ربۆیه له‌م بابه‌ته كورته‌دا نایه‌ینه سه‌ر شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی بوونی ئه‌م شێوازه و كاره‌كانی و ئاسۆكانی، به شێوه‌یه‌كی كۆنكرێت، له ناو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و چینی كرێكاری كوردستاندا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م شێوازه له باشترین حاڵه‌تی خۆیدا بریتیه له بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕیفۆرمیستی و وابه‌سته‌بوونی جووڵانه‌وه‌ی كرێكاری به چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجودی بۆرژوازیه‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه خودی بیرۆكراتیه‌تێك كه له‌سه‌رو كرێكارانه‌وه پیاده ئه‌كرێ له خاسته‌یه جیانه‌كراوه‌كانی تا ئێستای بزووتنه‌وه‌ی سه‌ندیكایی و یه‌كێیتیه‌كانه. ئه‌م سیفه‌ته‌ی سه‌ندیكا یان یه‌كێتی وا ئه‌كات كه ده‌خاڵه‌ت و ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی كرێكاران (یان هه‌ر توێژێك له كۆمه‌ڵگا) له ژیان و چاره‌نوسیاندا پێشی پێ بگیرێت. ئه‌مانه چوارچێوه‌یه‌ك نین بۆ بڕیاری ئازادانه‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ر. نمونه‌ی ساده‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی سه‌ندیكا و یه‌كێتیه‌ك نه‌بیت، نا‌توانیت ده‌خاڵه‌ت بكه‌یت له‌و ڕێكخراوه‌یه‌دا و ئه‌سڵه‌ن داكۆكیشت لێ ناكات، به واتایه‌كی تر ته‌نها بۆ ئه‌ندامانیان كار ئه‌كات، ئه‌كرێ نیشانه‌یه‌كی ئه‌و نه‌بوونی ئیراده‌یه‌ی كرێكاران و بوونی بیروكراتیه‌تی سه‌رو خه‌ڵكی بێت. هه‌ربۆیه‌شه ئه‌م چوارچێوه‌یه له ڕێكخراوبوون ئامڕازێك نییه بۆ یه‌كگرتووكردن و یه‌كپارچه كردنی كرێكاران، وه‌ك یه‌ك چین و خاوه‌نی یه‌ك چاره‌نووس هه‌رچه‌نده مه‌یل و ترێندی سیاسی جیاجیای تێدا بێت. هاوكاتیش ئه‌م جۆره ڕێكخراوه ڕێگه به ڕادیكاڵبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئه‌گرێ، چ ڕادیكاڵ بوونه‌وه‌یه‌ك مه‌به‌سته؟ ڕادیكاڵ بوونه‌وه به‌ره‌و ئامانجێكی گه‌وره‌تر، ئامانجی بردنه سه‌ر هوشیاری چیانیه‌تی و سۆشیالیستی، ئامانجی كۆتایی هێنان به سیستمی سه‌رمایه‌داری، سیستمی كاری به‌كرێ و كۆتایی هێنانی یه‌كجاره‌كی به چه‌وسانه‌وه. ئه‌مه‌ش جۆرێك له خه‌باتی سیاسیه كه ڕۆڵ و نه‌خشی هه‌میشه‌یی و ده‌خاڵه‌تی كرێكارانی پێویسته.
مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه له خه‌باتی سه‌ندیكاییدا به‌رچاوه لۆكاڵی بوونه. بۆ نمونه گه‌ر له ناوه‌ندێكی كاردا سه‌ندیكایه‌ك هه‌بێ ده‌ست بداته كارێكی ناڕه‌زایه‌تی بۆ داوایه‌ك كه تایبه‌ته به ناوه‌نده‌كه‌ی خۆی، ئیتر ئه‌م خه‌باته‌یان به‌رته‌سك ئه‌بێته‌وه به‌و ناوه‌نده‌وه به ته‌نها. یانی بۆ نمونه له خه‌سته‌خانه‌كاندا گه‌ر وا بهێنینیه پێشچاو كه سه‌ندیكایه‌ك هه‌یه و چه‌ند داواكاریه‌ك به‌رز ئه‌كاته‌وه، زه‌روره‌تی ئه‌وه نابینێ كه ئه‌بێ له‌گه‌ڵ كرێكارانی شاره‌وانی، بۆ نمونه، یه‌كده‌ست و پشتیوان بن وه یان به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته. یانی سه‌راسه‌ری كردنه‌وه و یه‌كپارچه ته‌ماشاكردنی چینی كرێكار له سیستم و شێوازی سه‌ندیكاییدا بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نییه به حوكمی پیشەیی یان ڕشته‌یی بوونی خودی ئه‌و پێكهاته ڕێكخراوه‌ییه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوازه‌دا رێكخراوبوونی شورایی هه‌یه. با سه‌ره‌تا كه‌مێك له پێكهاته و به‌ده‌نه‌ی ئه‌م جۆره له ڕێكخراوبوون و شێوازی كاركردنی ووردببینه‌وه ئنجا دێینه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كه جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاسۆی سیاسی هه‌ریه‌ك له‌م دوو جۆره له ڕێكخراوبوونه چییه. به مانایه‌كی تر، هه‌ر یه‌ك له‌م شێوازه له ڕێكخراوبوون سه‌ر به چ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تین و بۆ چ ئامانجێكی دوور یان نزیكی كۆمه‌ڵایه‌تی تێئه‌كۆشن. له‌سه‌ره‌وه باسی ئه‌وه‌مان كرد كه له سیستمی سه‌ندیكاییدا ئیراده‌ی ئازادانه و بڕیاری كرێكاران مه‌یسه‌ر نابێ، یانی مافی دیموكراتیك تیایاندا كه‌مڕه‌نگ و كاڵه یان هه‌ر نییه. شورا ڕێكخراوێكه له بنه‌ڕه‌تدا له خواره‌وه دروست ئه‌بێ و جیاكه‌ره‌ویه‌كی تایبه‌تی ئه‌مجۆره له ڕێكخراوبوون بریتیه له زامنكردنی مافی دیموكراتیك و ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌ر تاكێك. ئه‌وه هه‌ر كرێكارێكه كه له ناوه‌ندێكی دیاریكراودایه ئه‌توانێ خۆی هه‌ڵبژێرێت بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن یان كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌بردن (یان هه‌ر ناوێكی تری بۆ دابنرێ). وه ئه‌وه دانه دانه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ن كه له‌و ناوه‌نده‌دا هه‌ن له كۆبوونه‌وه گشتیه‌كانیاندا بڕیار له‌سه‌ر خواستێك، داواكاریه‌ك، مه‌سه‌له‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندی به ژیانی خۆیانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به كاتژمێری كار، كرێ و قازانجی ساڵانه و…هتده‌وه هه‌یه بڕیار بده‌ن و ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش كه هه‌ر خودی خۆیان هه‌ڵیئه‌بژێرن ئه‌بێ بچێ به دوای ئه‌و داواكاریه‌دا. هاوكاتیش هه‌ر هه‌مان ئه‌و كرێكارانه مافی بەدواداچوون و لێپرسینه‌وه و سه‌رپه‌رشتیكردن و چاودێریكردنی چۆنێتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانیان و چوون به دوای خواسته‌كانیان هه‌یه. بۆیه هیچ كه‌سێك بێ ڕۆڵی كاریگه‌ر و بێ ده‌خاڵه‌ت نییه. ئه‌وه ته‌نها ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیار یان جێبه‌جێكه‌ر نییه كه ئه‌بێ و ئه‌توانێ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بڕیار بدات و كارێك بكات، به پێچه‌وانه‌ی سه‌ندیكاوه كه به‌هۆی بیروكراتیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌یه‌وه له‌سه‌ره‌وه ئه‌توانن بڕیار بده‌ن و هیچ ئه‌ندامێكیش ناتوانێ كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی هه‌بێ. ئه‌م سونه‌ته له به‌ڕێوه‌بردن له شورادا، به كرده‌وه ده‌رهێنانی به‌گه‌ڕخستنی ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆ و ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شه به‌سه‌ر ژیان و چاره‌نوسی خۆیاندا.
هه‌ڕه‌می ڕێكخراوه‌یی شورا به‌جۆرێكه كه وه‌ك ووتمان له خواره‌وه ده‌ست پێئه‌كات و دروست ئه‌كرێت. له هه‌ر ناوه‌ندێكدا كرێكاران له كۆبوونه‌وه گشتیه‌كانیاندا نوێنه‌رانی خۆیان دیاری ئه‌كه‌ن و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن پێكئه‌هێنن. یان گه‌ر ناوه‌ندێك گه‌وره بێت و له چه‌ند به‌شێك پێكهاتبێ، ئه‌وا هه‌ر به‌شێك نوێنه‌رانی خۆی دیاری ئه‌كات و سه‌رئه‌نجام كۆی كۆوه‌بووی نوێنه‌ره‌كان له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌راسه‌ریدا یه‌ك ئه‌گرن. نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی هه‌ر یه‌ك له‌م ده‌ستانه‌ش به‌ره‌و سه‌ره‌وه له ده‌سته سه‌راسه‌ریه‌كاندا كۆئه‌بنه‌وه تاكو ئاستی شار و به‌مجۆره‌ش تا ئاستی ووڵات. كه‌سانێك كه له‌سه‌ره‌وه له ده‌سته‌كه‌دا دانیشتوون له بنه‌ڕه‌ته‌وه له خواره‌وه هاتوون و خۆیان به ته‌نها خاوه‌ن بڕیار نین و ئه‌وه هه‌ر خواره‌وه‌یه كه ئه‌توانێ لایان ببات و بیانگۆڕێت له كاتێكدا كه كاره‌كانی باش ئه‌نجام نه‌دات. به‌مجۆره ئه‌م هه‌ڕه‌مه زامنی ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی خواره‌وه ئه‌كات له ده‌سته‌كانی سه‌ره‌وه‌دا و كه‌سێك نامێنێته‌وه نه‌زانێ ڕۆڵی ئه‌و چییه له‌و بڕیارانه‌ی بۆ باشبوونی ژیانی پێویسته. هه‌روه‌ها ده‌خاڵه‌تی تاكه‌كان لێره‌دا ته‌نها له داخوازیه ئابوری یان كۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییه‌كاندا نییه، بگره له جۆری به‌ڕێوە‌بردن و حوكمكردندایه، له‌وه‌دایه كه ئه‌زانێ له ئاستی سه‌راسه‌ریدا له ناوه‌نده‌كه‌ی خۆشی واوه‌تر و له شاره‌كه و بگره له ووڵاته‌كه‌یدا چی ئه‌گوزه‌رێ و ئه‌شبێ چی بكرێ. به‌م مانایه ده‌خاڵه‌ته‌كه سیاسیه و زه‌مانه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كرێكاران له بواره جیاجیاكانی ژیانیاندا ئه‌كات. له سیستمی سه‌ندیكاییدا ئه‌بێ كه‌سه‌كه ئه‌ندام بێت تا بتوانێ كارێك یان ده‌خاڵه‌تێك بكات، ئه‌ویش گه‌ر به‌هۆی بیرۆكراتیه‌ته‌وه بواری ببێ. به‌ڵام له سیستمی شوراییدا ’’هه‌ر كرێكارێك، نه‌ك به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی شوناسنامه‌ی ئه‌ندامێتی هه‌بێ یان مافی ئه‌ندامێتی بدات، بگره ته‌نها به‌هۆی كرێكار بوونی، ئه‌ندامی ڕاسته‌وخۆ و خاوه‌ن ڕای شورایه.‘‘ (مه‌نسور حكمه‌ت: ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی چینی كرێكار، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمۆنیست). ئه‌مه‌ش ئه‌و خاسیه‌ته ڕادیكاڵانه‌یه‌یه كه شورای پێ ئه‌ناسرێته‌وه و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه كه بۆرژوازی و چینی ده‌سه‌ڵاتدار سڵه‌مینه‌وه و ته‌نانه‌ت ترسێكی تایبه‌تتری به‌رامبه‌ر به‌م جۆره له ڕێكخراوبوون هه‌یه.
خاڵێكی تر كه پێویسته له‌سه‌ری بوه‌ستین وابه‌سته‌یی هه‌ریه‌ك له‌م شێوازه له ڕێكخراوبوونه به بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه، یان بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه سیاسیه‌كانه‌وه. مه‌سه‌له‌كه به‌وجۆره نییه، وه‌ك مه‌نسور حكمه‌ت ئه‌ڵێ، كه گوایه ڕێكخراوبوون چ شورایی بێ چ سه‌ندیكایی مه‌سه‌له‌یه‌كی خۆبه‌خۆییه و به‌شێوه‌یه‌كی عه‌شوائی (هه‌ڕه‌مه‌كی یان ئۆتۆماتیكی) له ناو كرێكاراندا ئه‌چێته پێشه‌وه بۆ كاروباری جه‌ماوه‌ریان و له‌ولاشه‌وه مه‌سه‌له سیاسیه‌كان كاری حزبه سیاسیه‌كانه. ڕێك به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و جۆرانه له ڕێكخراوبوون شێوازێك نین به ته‌نها، بگره ئه‌ڵته‌رناتیڤی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن. بزووتنه‌وه‌ی سه‌ندیكایی یان شورایی خۆیان به‌شێكن له بزووتنه‌وه‌یه‌كی فراوانتری كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌ر یه‌ك به ئاڕاسته‌یه‌ك ئه‌یانه‌وێ ئاڵوگۆڕ له كۆمه‌ڵگادا بكه‌ن. هه‌روه‌ك پێشتر ووتمان بزووتنه‌وه‌ی سه‌ندیكایی به‌شێكه له بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمیستی كه ده‌ست بۆ هه‌ڵته‌كاندنی ڕیشه‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و كاری به كرێ نابات. له كاتێكدا بزووتنه‌وه‌ی شورایی مه‌یلێكی تره بۆ ڕێكخراوبوون و ڕێكخراوكردنی چینی كرێكار. به ووردبوونه‌وه له ڕۆڵ و ده‌خاڵه‌تی شوراكان له سه‌رده‌می كۆمۆنه‌ی پاریسه‌وه بگره هه‌تا شوراكانی ڕووسیا و ڕۆڵی گرنگیان له شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا، جیاوازی ئه‌م مه‌یله و جۆری كاركردنی ئیداری و ته‌نانه‌ت ئاسۆیه‌كی سیاسی كه ئه‌یخاته به‌رده‌م ئه‌م چینه و كۆمه‌ڵگا به ڕۆشنی هه‌ستی پێ ئه‌كرێ. هه‌موو ئه‌وانه كه به بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی و به‌ده‌ستگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه مانای په‌یدا كردووه، ده‌رخه‌ری ڕاستیه‌كن: ’’له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا كرێكار ئه‌بێ هه‌م بتوانێ داكۆكی له مافه ڕۆژانه‌ییه‌كانی بكات و بارودۆخی خۆی وه‌ك فرۆشیاری هێزی كار به‌ره‌و باشی ببات و هه‌م ئه‌شبێ شۆڕشی خۆی له دژی سه‌رمایه‌دار ڕێكبخات و خۆشی بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت كردن وتێكشكاندنی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی چینی چه‌وسێنه‌ر ئاماده بكات.‘‘ (مه‌نسور حكمه‌ت: ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی چینی كرێكار، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمۆنیست). ئه‌م كاره‌ش به ته‌نها به بزووتنه‌وه‌ی شورایی و شوراكان مه‌یسه‌ر ئه‌بێت، نه‌ك یه‌كێیتی و سه‌ندیكاكان كه ئامانجیان خۆسازدانه له‌گه‌ڵ سیستمی بۆرژوازیدا. ئه‌مه ئیتر ئه‌و دوو ئاسۆ و ئامانجه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه جیایه‌یه كه دوو بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیا له پێشیه‌وه وه‌ستاون. هه‌ڵبه‌ته ئه‌بێ ئه‌وه ڕۆشن بێ كه مه‌به‌سته‌كه لێره‌دا ئه‌وه نییه كه شوراكان تایبه‌تن به سه‌رده‌می شۆڕشگێڕی و سه‌ندیكاكانیش سه‌رده‌می خمول یان ڕكود، نا هه‌رگیز. ئه‌كرێ له سه‌رده‌مێكی پڕ ئاڵوگۆڕ و شۆڕشگێڕانه شوراكان له مه‌یداندا بن و له خه‌باتی چینی كرێكاردا بۆ به‌دسته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ڕیزی پێشه‌وه‌دا بن و هاوكاتیش سه‌ندیكاكان وه‌ك هێزێكی منافس ده‌ربكه‌ون. ئیتر كێشمه‌كێشی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و وجودی حزبه سیاسیه‌كان ئاسۆی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دیاری ئه‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه باسێكی تر و گشتیه و بۆ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستان واقعیه‌تی نیه.
باسكردن له‌م شێوازه جیاوازانه بۆ ڕێكخراوبوون و ئه‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسۆ و ئامانجه سیاسیانه‌ی له پشتیانه‌وه وه‌ستاون به هیچ جۆرێك به مانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یان وه‌ستانه‌وه له دژی هیچ جۆرێك له ڕێكخراوبوون نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه گوایه ئێمه كۆمۆنیسته‌كان شوراكانمان لا په‌سه‌ندترین جۆر و ئاستی ڕێكخراوبوونه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌بێ چه‌ند باره جه‌ختی لێ بكه‌ینه‌وه كه قسه‌ی ئێمه، ته‌رح و پێشنیاری ئێمه بۆ ڕێكخراوبوون، شێوازێك كه ئێمه هه‌میشه ئه‌بێ ته‌رویجی بكه‌ین و بكه‌ینه‌وه شورا و بزووتنه‌وه‌ی شورایی و كۆبوونه‌وه گشتیه‌كانه. وه ئێمه ئه‌مه به به‌شێك له كاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆمان دائه‌نێین. به‌ڵام هه‌رگیز له دژی پێكهێنانی سه‌ندیكا، یه‌كێتی یان هه‌ر شێوازێكی تری ڕێكخراوبوون ناوه‌ستینه‌وه. بگره كرێكاران و توێژه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌ست بۆ هه‌رجۆره یه‌كگرتوویی و خۆڕێخراوكردنێك ببه‌ن، ئه‌بێ ئێمه له‌گه‌ڵیان و له‌پێشیانه‌وه بین، تیایدا به‌شدار بین وه هاوكاتیش هه‌وڵ بده‌ین له ئاسۆی سۆشیالیستی و ئامانجی شورایی نزیكی بكه‌ینه‌وه. وه له‌وه‌ش زیاتر هه‌تا ده‌ستپێشخه‌ری كردن بۆ دروستكردنی هه‌رجۆره ڕێكخراوێكیش ئه‌بێ له به‌رنامه و كاری ئێمه كۆمۆنیسته‌كاندا بێ. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی كوردستاندا كه بۆرژوازی كورد ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای خه‌ڵكی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش، كۆمۆنیسته‌كان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی هه‌ر به‌شێكی كۆمه‌ڵگادا ڕائه‌وه‌ستن، كرێكاران، كارمه‌ندان، مامۆستایان، پیشه‌وه‌ران، خانه‌نشینان، بێكاران… تاكو یه‌ك ڕیزبن، ڕێكخراو بن له كۆڕوكۆمه‌ڵدا، ده‌سته‌دا، گروپدا، ڕێكخراودا، یه‌كێتیدا، سه‌ندیكادا، شورادا یان هه‌ر شێوازێكی تری ڕێكخراوبووندا. هه‌ر جۆره ڕێكخراوێك دروست ببێت و پارویه‌ك بۆ سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵك زیاد بكات و كرێ و موچه و بژێوی كه‌مێكیش بباته سه‌ر، ئێمه له‌گه‌ڵیداین، له‌ناویداین و ئه‌بێ چالاك بین له‌ناویدا. خه‌ڵكێك كه خه‌یاڵی لای گه‌ده‌ی خاڵی خۆی و مناڵه‌كه‌ی بێ، خه‌ڵكێك كه خه‌می ئه‌وه‌ی بێ به‌هۆی بێخانه‌ولانه‌ییه‌وه گه‌رما و سه‌رما حه‌وانه‌ی مناڵه‌كانی تێكبدات و نه‌خۆشیان بخات، ناتوانێ خه‌یاڵی لای بنكۆڵكردنی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد و به‌رپاكردنی شۆڕش و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێت. به‌ڵام ئیتر ته‌جروبه‌كان سه‌لماندوویانه كه هه‌ر جۆره باشبوونێكی ژیان و بژێوی خه‌ڵك په‌یوه‌سته به ڕێكخراوبوونه‌وه. وه ده‌ستبردن بۆ هه‌ر كار و خه‌باتێكیش خود به‌خود سیاسیه و په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستا و ئاڵوگۆڕكردنه له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا.
ته‌جروبه‌ی ڕێكخراوبوون له كوردستاندا به‌وجۆره نییه كه له سفره‌وه ده‌ست پێ بكات. لانی كه‌م له ساڵی ٩١ ه‌وه بزووتنه‌وه‌ی شورایی ده‌ستی دایه ڕێكخرابوونی خه‌ڵك له شوراكانی گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌كانی كاردا و ته‌نانه‌ت ده‌سته چه‌كداریه‌كانی خه‌ڵكی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس پێكهێنا و مقاوه‌مه‌تی دلێرانه‌ی له خۆی نیشاندا. به‌ڵام به‌هۆی سه‌ركوتی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیه‌وه، له ترسی ڕادیكاڵبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و به‌هێزبوونی مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتداربوونی جه‌ماوه‌ر خۆی، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پاشه‌كشه‌ی پێ كرا. به‌ڵام له ساڵه‌كانی دواییشدا ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی وه‌ك یه‌كێتی بێكاران، شورای كرێكارانی ئه‌لبیسه و ڕستن و چنین، ڕێكخراوی كارگه ئه‌هلیه‌كان و ڕێكخراوی كرێكاران و كارمه‌ندانی نه‌خۆشتخانه‌كان و… هتد كه له فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ریدا یه‌كیان گرتبوو، وه ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان و ڕێكخراوی خوێندكاران و لاوان… نمونه‌كانی ڕێكخراوبوونی جه‌ماوه‌ری بوون له ئاستی جیاجیادا له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا. مه‌سه‌له‌ی ئاست و مه‌یل یان ئاماده‌یی بۆ ڕێكخراوبوون و خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوانه و ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی پێشكه‌وتن و شتكستیان چی بووه، مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ و جدیه كه بدرێته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و ته‌جروبه‌كانی نیشان بدرێ. هیوادارم هاوڕێیان، هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاریی و مه‌یدانه‌كان بتوانین له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م باسە بكه‌ین تاكو كۆمه‌ك به بردنه پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ڕێكخراوبوون له ناو كرێكاران و جه‌ماوه‌ر و توێژه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بكات.
٣. ڕێكخراوبوونی حزبی:
ڕێكخراوبوون له ئه‌حزابی سیاسیش‌دا وه‌ك ئاستێكی جیاواز له یه‌كگرتوبوون و ڕێكخراوبوون بۆ ئامانجێكی سیاسی و دوورتر و ستراتیژیتره. بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا ئه‌حزابه‌كانی خۆیان بۆ ئامانجی سیاسی دیاریكراوی خۆیان پێكئه‌هێنن. له ئاسته گشتیه‌كه‌یدا و به جیا له‌وه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی چ باڵ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، ئه‌حزابه بۆرژوازیه‌كان له هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و سیستمی دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا بۆ چینی جیا له‌سه‌ر بنه‌مای كاری به‌كرێ، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، دائه‌مه‌زرێنن. بنه‌مای ئه‌مه‌ش هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. هه‌ر حزبێكی سیاسی ئه‌بێ میكانیزم و ئامڕازێك بێ بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات یان گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات. گه‌ر بۆ ئه‌حزابی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بۆرژوازی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له په‌یوه‌ند به هێشتنه‌وه‌ی چینه‌كان و سه‌رئه‌نجام باڵاده‌ستی چینی سه‌رمایه‌دار بێت، ئه‌وا بۆ حزبی چینی كرێكار، حزبی كۆمۆنیستی، نه‌هێشتنی چینه‌كان و به‌م مانایه‌ش نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی چینه وه دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكه به قازانجی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا، به مه‌به‌ستی دابینكردنی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه له نێوان مرۆڤه‌كاندا. كه‌وایه هه‌روه‌ك چۆن ڕێكخراوبوون و یه‌كده‌سته بوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕۆژانه‌یی و لانی كه‌مه‌كان پێویستیه‌كی حه‌یاتین بۆ چینی كرێكار، ئاوهاش ڕێكخراوبوون له ئاستی حزبی و سه‌راسه‌ریدا پێویستیه. با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مانیفێست كه ماركس جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتن و سه‌راسه‌ری بوونه ئه‌كاته‌وه: ’’ناو به ناو كرێكاران سه‌ركه‌وتن به ده‌ست دێنن به‌ڵام ته‌نها بۆ كاتێكی دیاریكراو. به‌رهه‌می ڕاسته‌قینه‌ی جه‌نگی كرێكاران له ئه‌نجامه ده‌ستبه‌جێ به‌ده‌ستهاتووه‌كاندا نییه به ته‌نها، بگره له فراوانبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌واندایه. ئه‌م یه‌كێتیه به‌هۆی ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندی گرتنه‌وه، كه پیشه‌سازی مۆدێرن هێناویه‌ته ئاراوه، ئاسانتر هاتۆته ده‌ست و كرێكارانی له ئاسته محه‌لیه جیاوازه‌كاندا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كدا داناوه. ئه‌م په‌یوه‌ندیه پێویستیه‌ك بووه بۆ ته‌مه‌ركوزكردنی خه‌باته محه‌لیه لێكچووه‌كان له خه‌باتێكی سه‌راسه‌ری له نێوان چینه‌كاندا. به‌ڵام هه‌ر خه‌باتێكی چینایه‌تی خه‌باتێكی سیاسیه.‘‘(ماركس_مانیفێست، به‌شی یه‌ك). ئه‌م په‌یوه‌ندی و یه‌كێتیه له هه‌ردووك ئاستی جه‌ماوه‌ری و حزبیدا ئه‌توانێ ڕه‌نگ بداته‌وه. هه‌روه‌ك له چه‌ند شوێنی تری مانیفێستدا ماركس پێ له‌سه‌ر ئه‌م یه‌كگرتن و یه‌كگرتووییه دائه‌گرێته‌وه و ئه‌یبه‌ستێته‌وه به خه‌باتێكی سیاسیه‌وه. به‌م مانایه خه‌باتی چینایه‌تی كه خه‌باتێكی سیاسیه له خودی خۆیدا، ئه‌كرێ و ئه‌بێ له هه‌ردوو ئاستی جه‌ماوه‌ری و حزبیدا ڕێكبخرێت. ئه‌مه ئیتر پێویستیه‌كه كه ئیمكانی خۆلێدان لێی نییه. كرێكار ناچاره له بیركردنه‌وه‌ی خۆیدا بۆ باشبوونی ژیانی خۆی و مناڵه‌كانی و زامنكردنی داهاتوویه‌كی ڕۆشن سۆشیالیست بێ، سۆشیالیست به مانای خه‌باتكار بۆ ئازادی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی. مرۆڤ عاشقی گۆڕانكاریه. وه كۆمۆنیزمیش خۆی واته گۆڕانكاری. كۆمۆنیزم و سۆشیالیزم ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ن كه به چینی كرێكار ئه‌ناسێنرێنه‌وه. هه‌روه‌كو مه‌نسور حكمه‌ت باس له‌وه ئه‌كات كه بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه له كۆمه‌ڵگای بۆرژوازیدا ئه‌بێ چینی كرێكار ته‌حه‌زوبی هه‌بێ و ئه‌م حزبه‌ش واته حزبی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی، حزبی گۆڕانكاری، ئه‌بێ له چوارچێوه‌ی ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا مه‌یداندار بێت (مه‌نسور حكمه‌ت_حزب و كۆمه‌ڵگا).
له‌به‌ر گرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌شه كه كرێكارانی هوشیار و سۆشیالیست بیر له‌وه ئه‌كه‌نه‌وه ده‌ست به ئامڕازه‌كانی ئه‌و خه‌باته‌وه بگرن كه پێویسته بۆ گه‌یشتن به ژیانێكی ئینسانی. له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆرژوازی ئه‌یانه‌وێ هه‌م كرێكاران له‌م ئامڕازانه دوور بخه‌نه‌وه و هه‌م گه‌ر به سه‌ركوتیش بێت پێشی پێ بگرن. هه‌ربۆیه حزبایه‌تی و سیاسه‌ت كردن ناشرین ئه‌كه‌ن، به سیاسه‌ت و ئه‌جێندای نامرۆڤانه‌ی خۆیان حزبایه‌تی و سیاسه‌ت له‌به‌رچاوی خه‌ڵك ئه‌به‌ن و یانیش وه‌ك شتێكی قاچاخ و قه‌ده‌غه له قه‌ڵه‌می ئه‌ده‌ن. هه‌روه‌ك ئه‌بینین له كوردستانیش نمونه‌ی ناشرینی حزبه‌كانی كوردایه‌تی و ئیسلامیه‌كان به‌جۆرێك خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی له حزبایه‌تی دوورخستۆته‌وه. هه‌ر ئه‌ڵێی سیاسه‌ت كردن و حزب دروست كردن ته‌نها له باڵای سه‌رمایه‌داران و چینه دارا و باڵاده‌سته‌كان جوانه، بۆ كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش ’بڤه‌یه‘ و ’گڵاوه‘. سیاسه‌تێكیش كه له پشت ئه‌مه‌وه‌یه دوورخستنه‌وه‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه له به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئامڕازی هێز و ئیراده‌نواندن و یه‌كگرتوبوون بۆ به‌ده‌سه‌ته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه.
سه‌رهه‌ڵدانی حزبه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له ساڵه‌كانی ١٩٤٦ (پارتی) و ١٩٧٥ (یه‌كێتی) وه‌وه و به ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی ١٩٩١ ه‌وه به ڕه‌حمی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا كه‌وته ده‌ستیان له پێناو ئه‌م ئامانجه چینایه‌تیه‌دا بووه. دواتریش سه‌رهه‌ڵدانی حزبه ئیسلامیه‌كان و بزوووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش (له‌ژێر ناوی لیبرالیزمدا كه له بنه‌ڕه‌تدا هیچ نییه جگه درێژبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی و بوونی ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی تێكه‌ڵ به ئیسلام) هه‌ر له خزمه‌ت به هه‌مان مه‌سه‌له‌دا بووه. ببینن كه چۆن بۆرژوازی له‌ژێر ناو و باڵی جۆراوجۆردا حزبه سیاسیه‌كانی پێ ئه‌هێنێ، میلیشیا دروست ئه‌كات، زیندان و ده‌زگای سیخوڕی و سه‌ركوت دائه‌مه‌زرێنێ، ده‌یه‌ها میدیای جۆراوجۆر و بره‌ودان به بیروڕای كۆنه‌په‌رستانه و دیلهێنه‌رانه ئه‌دات تاكو ده‌سه‌ڵاتی چینه‌كه‌ی خۆی بپارێزێ. هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان به گه‌وره و بچوكه‌وه له بۆته‌ی پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه‌ته‌دان كه ئاماژه‌ی پێ كرا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وانه‌دا و له ڕوانگه و مه‌وقعیه‌تێكی جیاوازتره‌وه بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی وه‌ك ڕێكخراو له كۆتا ساڵه‌كانی ٧٠ كانه‌وه هاتۆه مه‌یدانه‌وه و دواتریش له ٨٠ كان به‌دواوه بۆته خاوه‌ی ڕێكخراو و گروپ و ده‌سته‌ی جیاجیا. به‌ڵام به دیاریكراوی له ساڵی ١٩٩٣ وه بۆته خاوه‌نی حزبی خۆی، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق و دواتریش حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان (له ساڵی ٢٠٠٨ له درێژه‌ی هه‌مان ڕه‌وتدا). كۆمۆنیزمی كرێكاریی چ له سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی شوراكانه‌وه و دواتریش ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی تردا (كه له به‌شی ٢ ی ئه‌م ووتاره‌دا هاتوون) هه‌وڵی داوه جووڵه‌یه‌كی تر و مه‌یلێكی تر و ئاسۆ و ئامانجێكی تر بخاته به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا و چینی كرێكار و خه‌ڵكی بێبه‌ش. ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و ئه‌م حزبه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كاری به كرێ و به‌رپاكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ چین و چه‌وسانه‌وه، كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازد و یه‌كسان، كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیستیدا خۆی بینیوه‌ته‌وه و هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا هه‌ڵسووڕاوه و كاری كردووه. ئامانجی ئه‌م حزبه گرتنی ده‌سه‌ڵات بووه له لایه‌ن چینی كرێكاره‌وه. ئه‌م چینه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ده‌سه‌ڵات بگرێ، هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا هاتووه، ئه‌بێ حزبێكی سیاسی پته‌و و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێ. چینی كرێكار مافی خۆیه‌تی حزبێكی له‌م چه‌شنه‌ی هه‌بێ و حزبێكی له‌م چه‌شنه‌ش ئه‌بێ گره‌نتی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار بكات. ئه‌بێ تواناییه ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌كانی ڕێكخستنی له ئاست بردنه پێشه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه چینایه‌تیه‌ی كرێكاراندا بێت. سه‌رئه‌نجام پێویسته و ئه‌بێ حزبێكی له‌م چه‌شنه ببێته حزبی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و هه‌موو توێژه مه‌حرومه‌كانی كۆمه‌ڵگا تاكو به‌ره‌و ئه‌و ئاڵوگۆڕه سه‌ره‌كیه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگا پێویسته بیباته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی كه حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌م ئامڕازه بێت به ده‌ست چینی كرێكاره‌وه و لاوازیه‌كانی وای كردووه نه‌بۆته جێگایه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م چینه و ڕێكخستنیان به ئاڕاسته‌ی شۆڕش و به‌دیهێنانی سۆشیالیزم‌دا باسێكی تره و ئه‌بێ بكرێ. به‌ڵام ئه‌مه له‌و ڕاستیه ناگۆڕێت كه چینی كرێكاری كوردستان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگا پێویستی به حزبی له‌و بابه‌ته هه‌یه. سه‌رئه‌نجام كۆمۆنیزمی ڕێكخراو ئه‌بێ له‌م قاڵبه‌ی ئێستای ده‌ربچێ و له مه‌یدانی كێشمه‌كێش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا جێگا په‌یدا بكات. پێویستی ڕێكخراوبوون له حزبێكی به‌م شێوه‌یه‌دا حه‌یاتیه و ئه‌ركی كۆمۆنیسته‌كان و ته‌واوی كرێكارانی هوشیار و سۆشیالیسته ئه‌م پێداویستیه زامن بكه‌ین. ئه‌مه تاكه ڕێگای به‌رده‌ممانه و جگه له‌وه‌ی هیچی ترمان له پێش نیه. لانی كه‌می ته‌جروبه‌یه‌ك كه كرێكاران و جه‌ماوه‌ی بێبه‌ش له ماوه‌ی ئه‌م ٢٤ ساڵه‌دا پێی گه‌یشتوون ئه‌وه‌یه كه ئه‌حزابه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بۆرژوازی نایانه‌وێ و كاریان ئه‌وه نیه ژیانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره و ئازادی و یه‌كسانی ببه‌ن. هه‌ربۆیه‌شه حزبایه‌تی كردنیان له‌به‌رچاوی خه‌ڵك بردووه و تاڵ و ناشرینیان كردووه. له كاتێكدا تاڵی و ناشرینیه‌كانی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد ئه‌بێ خه‌ڵكی گه‌یاندبێ به‌و ڕاستیه‌ی كه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شیرینیه‌كانی ژیان به ناچاری ئه‌بێ ڕێكخراوبوون و حزبایه‌تی كردن به ده‌سته‌وه بگرین. حزبێك كه ئامڕازی خه‌بات و تێكۆشان و ماندووبوونی ڕۆژانه بێت بۆ باشكردنی ژیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و ووزه‌ی چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. حزبێك كه له‌م پێناوه‌دا و له خه‌باتیدا له دژی هه‌لومه‌رجی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بتوانێ سوپایه‌كی فراوان له جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش كه هه‌یه ئاماده و ڕێكبخات، ڕایانهێنێ و هوشیاریان بكاته‌وه و سه‌رئه‌نجام ڕابه‌رییان بكات بۆ ئه‌و ئامانجه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه.
ئه‌نجامگیری:
هه‌روه‌ك چۆن گه‌ر له برسیه‌ك بپرسی كه چ شتێك له‌و كاته‌دا باش و خۆشه ئه‌ڵێ خواردن، یان تینویه‌كی بیابان له‌و كاته‌دا ئه‌ڵێ ئاو، ئاوهاش بۆ كرێكارانێكی برسی و هه‌ژار كرا‌و، بۆ جه‌ماوه‌رێكی بێبه‌ش كرا‌و، بۆ مامۆستایان و كارمه‌ندانی بێمافكراو له هه‌ر كاتێك زیاتر له ئێستادا باشترین شت ئه‌بێ ڕێكخراوبوون بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێكخراوبوون و ڕێكخراوكردن له هه‌موو سات و كاتێكدا هه‌ر پێویسته. ڕاسته به گوێره‌ی سه‌رده‌می جیاواز ئه‌رك و مه‌هامی جیاواز ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌ر ڕێكخراوێك، به‌ڵام نابێ هیچ كاتێك ده‌ستمان شل بێت له هه‌وڵدان بۆ پێكهێنان و دروستكردنی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری (و دیاره حزبیش به‌هه‌مان شێوه) هه‌م بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ناخۆش و كاره‌ساتباری ئێستای كوردستان و هه‌م بۆ خۆ ئاماده‌كردنیش بۆ بنكۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن چینی كرێكاره‌وه. له‌م پێناوه و له ڕێڕه‌وی ئه‌م تێكۆشانه‌ماندا وا پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی لینین بكه‌ین كه ئه‌ڵێ: ’’كاركردن بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوێكی خه‌باتكارانه و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاژیتاسیۆنی )تحریضی) سیاسی كارێكی زۆر گرنگ و پێویسته له هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی ناخۆش یان خامۆشدا بێت وه له‌هه‌ر قۆناغێكدا كه به ’’دابه‌زینی وره‌ی شۆڕشگێڕانه‘‘ ناسرابێ. بگره له‌وه‌ش زیاتر ڕێك له هه‌لومه‌رجێك و قۆناغێكی له‌و چه‌شنه‌دایه كه كارێكی له‌م بابه‌ته پێویسته چونكه له سه‌رده‌می هه‌ڵچون و ته‌قینه‌وه‌دا ئیتر كات زۆر دره‌نگ ئه‌بێ بۆ ئه‌و جۆره ڕێكخراوه. ئه‌و ڕێكخراوه تێكۆشه‌ره ئه‌بێ ئاماده‌باش بێت بۆ ده‌ستبه‌جێ ده‌ستكردن به چالاكیه‌كان‘‘ لینین (له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین؟ ١٩٠١). گه‌ر هه‌ر ئێستا و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك (به هه‌موو توێژه‌كانیه‌وه) گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی خۆی و توڕه‌یی و بێزاری ئه‌وان له‌و ده‌سه‌ڵاته له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، كار نه‌كرێ بۆ دروستكردن و پێكهێنانی ڕێكخراوه‌كانی جه‌ماوه‌ر، كاری دواتر بۆ ئاڵ‌وگۆڕكردن له‌و ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگایه‌دا به قازانجی بژێوی خه‌ڵك و ژیانێكی باشتر چه‌ند به‌رابه‌ر قورس‌تر و ئاڵۆزتر ئه‌بێ. وه له ڕاستیشدا هه‌ر ئێستا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م قورسی و ئاڵۆزیه‌یه و ئه‌ركێكی زیاتری خستۆته سه‌ر شانمان. بیركردنه‌وه له‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م كۆسپانه‌دا زاڵ بین و هه‌نگاوه‌كانمان به كرده‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین له ئێستا زیاتر دواكه‌وتن هه‌ڵناگرێ. ده‌ستدانه ئه‌م كاره وه‌ك لینین ئه‌ڵێ كاره‌كانی سبه‌ینێشمان كه دێته سه‌ر گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بۆ ئاسانتر و باشتر ئه‌كات. بۆیه ئه‌بێ هه‌ر ئێستا بڵێین ڕێكخراوبوون پێشمه‌رجی داهاتووه و ده‌ست به كاره پێویستیه‌كانی بكه‌ین.
به ووردبوونه‌وه له هه‌لومه‌رجی ئێستا و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد، هه‌ر ئێستا و به ناچاری ئه‌بێ ده‌ستببرێ بۆ شێوازه‌كانی خۆڕێكخراوكردن وه له ڕاستیدا ئێستا زه‌مینه‌ی له‌بار و گونجاوه بۆ ده‌ستبردن بۆ ئه‌م كاره. له جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و بوونی چه‌ندین داخوازیدا بۆ ژیانێكی له‌مه‌ی ئێستا باشتر، له سه‌رده‌مێكدا كه له هه‌ر كات زیاتر ئاره‌زوو بۆ به‌دیهێنانی ژیانێكی ئازاد و یه‌كسان له دڵی هه‌مواندا بوونی هه‌یه، ته‌نها ئامڕازێك كه له‌و ئاره‌زووه نزیكمان بكاته‌وه ڕێكخراوبوون و به‌گه‌ڕخستنی ئیراده‌یه. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه جه‌ماوه‌ر هه‌ر ئه‌بێ به‌م ده‌ستبه‌ستراویه ته‌سلیم به ئه‌حزابی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بۆرژوازی بێ.
بوونی ڕێكخراو وه‌یان ڕێكخراوبوون له ئاستی جه‌ماوه‌ری و حزبیدا ڕۆڵێكی به‌رچاو ئه‌بینێ له پرۆسه‌ی بردنه سه‌ری هوشیاری چینی كرێكار و هاوكاتیش ده‌رهێنانی ئه‌م چینه له‌ژێر هه‌ژمونی ئایدۆلۆژیا و ئه‌فكاری بۆرژوازی باوی سه‌رده‌مدا. كوردایه‌تی كه له باره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه ئاوێنه‌ی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستیه، ’خۆمان‘، ’خۆمان‘ ه و حكومه‌تی خۆمانه و ماڵی كورد و ئه‌و مه‌فاهیمانه‌ی بۆرژوازی كورد به‌كاریان ئه‌هێنێ بۆ له خشته‌بردنی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و وا نیشان دانه كه هه‌مووان سه‌ر به یه‌ك خێزانین و ئه‌مه‌ش ڕێئه‌گرێت له تێگه‌یشتن و هوشیاری چینایه‌تی له‌لایه‌ن چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌وه و هه‌روه‌ك ئێستاش ئه‌یبینین ڕێگره له‌به‌رده‌م خه‌باتی جه‌ماوه‌ردا بۆ گه‌یشتن به ژیانێكی باشتر.
ڕێكخراوبوون له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا (به‌هه‌ر شێوازێك كه گونجاوه و له ئێستادا ئیمكانی به عه‌مه‌لی كردنه‌وه‌ی هه‌یه) و هاوكاتیش ڕێكخراوبوون له حزبێكی كۆمۆنیستید،ا جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له محنه‌تی په‌رت په‌رت بوون و سه‌رگه‌ردانی و نه‌بوونی ئاسۆی ڕزگاربوونی یه‌كجاری له سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی ده‌ردێنێ و ساز و ئاماده‌یان ئه‌كات بۆ هێز و ئیراده نواندن. ئه‌م كاره ئه‌توانێ داخوازیه ڕۆژانه‌ییه‌كانی له چه‌شنی دانی كرێ و موچه و بگره به‌رزكردنه‌وه‌ی پێ به پێی گرانبوونی نرخی بازاڕ و دابینبوونی خزمه‌تگوزاریه‌كان و پێداویستیه‌كانی ژیانێكی سه‌رده‌م به ده‌ستبهێنێت. هاوكاتیش جه‌ماوه‌رێكی ئاماده‌تر له خه‌باتدا بۆ ئامانجێكی دووتر زامن بكات. كۆمه‌ڵگای كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رچاوه و داهات تێدایه كه هه‌مووان بتوانن وه‌ك یه‌ك و یه‌كسان له ژیانێكی خۆش و ئازاد به‌هره‌مه‌ند بن. ئه‌مه‌ش پێویستی به سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردنه كه هه‌مووان تیایدا کاربکەن و هه‌ر كه‌س به گوێره‌ی توانای خۆی له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگادا به‌شدار بێت و و هه‌ر كه‌س به گوێره‌ی پێویستی خۆی له به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگا به ده‌ست بهێنێت. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تیه جه‌ماوه‌رێكی یه‌كگرتوو و ڕێكخراو پێویسته.
ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٥
سه‌رچاوه‌كان:
كارڵ ماركس، هه‌ژاری فه‌لسه‌فه، به‌ندی دوو، میتافیزیكی ئابوری سیاسی (ئینگلیزی): https://www.marxists.org/archive/marx/works/1847/poverty-philosophy/ch02e.htm
- كارڵ ماركس، ووته بۆ ئینته‌رناسیۆنالی یه‌ك (ئینگلیزی):https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1902/sep/00.htm
- كارڵ ماركس و فریدیرك ئه‌نگلس، مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست (ئینگلیزی):https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/pdf/Manifesto.pdf
- لینین، له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین؟ (ئینگلیزی):https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1901/may/04.htm
- مه‌نسور حكمه‌ت، ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی چینی كرێكار، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمۆنیست (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/2460fa.html
- مه‌نسور حكمه‌ت، حزب و كۆمه‌ڵگا. له كتێبی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له نووسراوه‌كانی مه‌نسور حكمه‌ت (ئاماده‌كردنی سالار ڕه‌شید)، به‌رگی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌كانی ٤٣٥_٤٥٨)
- مه‌نسور حكمه‌ت، بڕیارنامه ده‌رباره‌ی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی چینی كرێكار، شورا، كۆبوونه‌وه‌ی گشتی، سه‌ندیكا (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/2450fa.html
- مه‌نسور حكمه‌ت، ده‌رباره‌ی پرسه سه‌ره‌كیه‌كانی باسی شورا و سه‌ندیكا (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/2430fa.html
- مه‌نسور حكمه‌ت، له‌باره‌ی ئه‌حزابی بۆرژوازیه‌وه (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/1170fa.html
- مه‌نسور حكمه‌ت، دووباره ده‌رباره‌ی شورا (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/2440fa.html
- نامه‌ی ماركس بۆ بۆڵت: https://www.marxists.org/archive/marx/works/1871/letters/71_11_23.htm