ئازادی موسڵ یان هۆلۆکۆستێکی تر

لاوژە جەواد:

شەڕی ئێستای موسڵ بەو ئارایشەی کە لایەنە بەشدارەکان خۆیان باسی دەکەن، موسڵ لە بازنەیەکی ٣٢٠ دەرەجەیی بست بە بست تەوق کراوە، واتا لەو بازنەیە تەنها ڕوبەرێکی بەرتەسک کە دەکەوێتە لای سوریاوە ئاوەڵە کراوە بۆ ئاوارە بوون و هەڵهاتن، هەتا دەگاتە سنوری سوریا ٢٠٠ تا ٢٥٠ کیلومتر ڕێگایە، پرسیار ئەوەیە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەم ڕێگایە ببڕن و ئاوارە بن چەندە؟ چەند سەد هەزار خەڵک دەبێت لە ئاگر و ئاسندا، لە بێ دەرفەتی و بە برسیەتی بمرن؟ لە کاتێکدا هێزەکانی خەتی پێشەوەی شەڕەکە ڕوخسەتی ئەوەیان هەیە هەموو داهۆڵێک ڕەمی کەن و هەر سەیارەیەکیش بە گومانی خۆکوژی بە چەکی میلانۆ تەفرو تونا بکەن، ئایا خەڵکی لێقەوماو ئەتوانن لە ناو موسڵەوە بەرەو جەرگەی شەڕەکە بە سەلامەت ئاوارە بن؟ بەراوردکردن کۆمەڵکوژی موسڵ بە شەڕی شارەکان تر ‌هەڵەیەکی گەورەیە، لە شەڕی موسڵ مەجالی ئاوارەبوون زۆر بەرتەسکە، لە شەڕەکانی تر هێزەکان لە گۆشەی شارێکەوە هێرشیان دەکرد و لە هەمو لایەکەوە خەڵکی لێقەوماو ڕێگای دەرباز بون و هەڵهاتنی هەبوو بەڵام لە موسڵ سەرجەم ڕێگاکان ئاگر و ئاسنە.

بەڕای من بۆ هەر ئینسانێک کە تەنها ٥ دەقە لە کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ بیرکردنەوە لە بارودۆخی ئەو خەڵکە لێقەوماوەی کە هەردوپایان لە زنجیری تەڵەی داعش گیری کردووە و سەریشیان لە دوکەڵی بوردمانی فڕۆکە و جبەخانەی هێزەکانی بەرەی تیرۆریزمی دەوڵەتی گێژ بووە، ئەگەر تەنها ٥ دەقە وەها هەست بکەین کە ئەوانەی لەو دۆزەخە گیریان کردوە ئازیزان و کەسوکاری ئێمەن، بێگومان ناتوانین بە گەشبینیەوە چەپڵە بۆ تۆپ تەیارەکان لێبدەین. ئەگەر هیچ ڕیکەوتنێکی ژێر ژێرەکی نەبێت لەگەڵ داعش بۆ چۆڵکردنی موسڵ و هەموو ڕاستیەکان ئەوەبێت کە دەیخەنە ڕو، دەبێت چاوەڕێی هەر شێوازێک و هەڵسوکەوتێکی وەحشیانەی داعەش بین هەر لە بارمتەگرتن تا چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژی. لەوەدەچێت شەڕی موسڵ بمانکاتە شاهیدی هۆلۆکۆستێکی نوێ و کارەساتی زۆر گەورەی نائینسانی هەر بۆیە من ناتوانم پستگیری لەم شەڕە بکەم هەرچەندە من تەنها کەسێکم و لەوانەیە دەنگم زۆر نەڕوا بەڵام ناتوانم پشتگیری جەریمەو تاوان بکەم، کێشەی کۆمەڵگای بەشەری لەوە دایە کە هەرکەسەتاوانی خەڵکی تر دەکاتە بیانو بۆ تاوانی خۆی. هەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن  ئاکامی ئەم قڕکردن و ڕەشەکوژیە نێودەوڵەتیە زۆر سامناکە.

بەدوای گفتوگۆ و سات سەودایەکی زۆری نێوان هێزە جۆراو جۆرەکان و لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەربارەی شەری موسڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی 17/10 یەکەم هێرش بۆ سەر شاری موسڵ دەستیپێکرد.

من یەکێک لەوانە بووم کە زۆر بەوردی تەعقیبی دۆخەکەو قسەوباسی نێوان هێزەکانمدەربارەی ئەم شەڕە کردووە! ئەوەی هەر لەسەرەتاوە بەدیدەکرا ئەوەبو کە ئامانج لەناوبرنی داعەش نەبوو بەڵکو کێشمەکێش و یەکلابونەوەی لایەنەکان بوو دەربارەی چونە ناو شاری موسڵ و بەشداری لەم شەڕەو بەرکەوتنی بەشی خۆیان. لێدوانە جۆراو جۆرەکانی نێوان ئۆردوگان و عەبادی کە زیاتر لە شەڕی لا کۆڵان دەچو، دەخالەتی سعودیەو قەتەر لەلایەک و جمهوری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە لایەکی تر.

ئەوەی زۆر جێگای نیگەرانی من بوو لە لیدوانەکان دەربارەی ئەم شەڕە کارەساتێکی ئینسانییە کە ئەم هێزانە خۆیان ناتوانن بیشارنەوە.

بەپێی لێدوانی خۆیان وا چاوەڕواندەکرێت کە ملیۆن و نیوێک کەس لەناو شاری موسڵ هەبێت وە هەر بەپێی گریمانەکان چاوەڕواندەکرێت 700 هەزار کەس بتوانن ئاوارە بن، دواتر دێمە سەر دۆخی ئاوارەکان.

واتا زیاتر لە 800 هەزار کەس لەم شارە دەمێنێتەوە! بەپێی لێدوانی رێپۆرتەری ڕوداو لە شەوێ 17 لەسەر 18 دەڵێت ” بۆ تێپەڕاندنی هەر کەسێک لە بازگەکانی داعش، قاچاخچی 10 هەزار دۆلار وەردەگرن” هەمومان دەزانین کە ئەم بڕە پارەیە چەند زۆرە، پێشتر بڕەکە کەمتر بوو بەڵام واش خەڵکانێکی زۆر نەیاندەتوانی ڕزگاربن. ئەم هەواڵە ئەوەمان پیدەڵێت ئەوانەی کە پارەدارن شانسی ڕزگاربونیان دەبێت و ئەوانەی هەژار و نەدارن ئەوە دەبێت لەژێر ڕەحمەتی بۆمبا باران بمێننەوە.

بە پێی ئاماژەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوە دەبیستین کە لە ناو ئەوانەی کە ڕزگاریان بووە زۆر جار هێزەکانی داعەش خەڵکی خۆ کوژی لەگەڵ ڕوانە کردووە، واتا لەناو کۆمەڵێک لە ئاوارە کە خەریکن بەرەو هێزە عیراقیەکان دێن ئەگەری هەیە کە کەسێکیان بۆمبای لەخۆی ببەستبێت و خۆی بتەقێنێتەوە لەناو ئاوارەکان وە هێزە عیراقیەکان. دواتر کە دەگەنە ئۆردگای ئاوارەکان، زۆربەی ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، پیشمەرگە، حەشدی وەتەنیدان. زۆربەی زۆری ئەم هێزانە لە سەر بنەمای ڕق و قینەو تۆڵەسەندنەوە دروستبوون.

 نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریدەدات لە دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنان لەلایەن بۆ نمونە حەشدی شەعبی و دەڵێت لیژنەی تایبەتمان دروستکردوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریدەدات دەرباری کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئاوارە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بەبێ هیچ دادگایەک خەڵکی ئاوارە کۆمەڵ کوژ بکەن تەنها وەک  تۆڵەی مەزهەبی و قەومی!

بەجیا لە هەمو ئەمانەی ئیشارەتم پیدا نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت تەنها توانای کۆمەککردنی 400 هەزار ئاوارەمان هەیە و 60 تا 70 هەزار چادر ئامادەکراوە، لەم وەرزەی ئێستا کە بەرەو سەرما دەچین ژیان لەناو چادرەکان دەبێت چۆن بێت؟ ئێمە پێشتر شاهیدی ژیان و دۆخی ئاوارەکان بووین لە کەمپەکان.

بەدوای شەش سەعات لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە وتەبێژی پەنتاگۆن دەڵێت” ئەمڕۆ 70 جار فرۆکەکانمان داعەشیان بۆمباران کردوە”. ئەزمونی پێشو نیشانیداوە کە داعەش ئەم هێزەیە کە لەناو خەڵکی ئاسایی و لە شوێنە گشتیەکان خۆی حاشاردەدا، باشە ئەم بۆمبایانە داعەشەکان دەناسن و تەنها بەر ئەوان دەکەون؟ باشە چەندین خەڵکی سڤیل و ژن و پیر و منداڵ بەر ڕەحمەتی ئەم بۆمبایانە کەوتون و دەکەون؟

هیچ کەس نازانێت ئەم شەڕە چەند دەخایەنێت، هەندێک لە چاودێران پێشبینی شەش حەفتە دەکەن، تەنانەت ئۆبامەش دەڵێت لەوانەیە درێژ خایەن بێت. ئەگەر ئەم شەڕە درێژخایەن بێت و لە ڕۆژێکدا 70 جار بۆردومانی ئاسمانی ئەم شارە بکرێت بەجیا لە بۆردومانی زەمینی و هەموو ئەم مین و بۆمبایەنەی داعەش چاوەڕواندەکرێت یەک خانو لە جێگای خۆی بمێنێتەوە؟ ئایا دۆخەکە لە حەلەب خراپتر نابێت؟

بەجیا لە کارەساتە ژینگەیەکان کە  زۆر قسەو باس هەڵگرێت.

ئایا ئەم شەڕە داعەش لەناو دەبات یان زەمینەی دروستبوونی هێزێکی درندەتر لە داعەش دروستدەکا و قۆناغێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ شەڕێکی گەورەتری قەومی و مەزهەبی؟

سەرجەم ئەو هێزە عێراقیانەی کە لە گۆڕەپانی سەربازی ئامادەن خۆیان هێزی مەزهەبی و قەومین و زۆربەشیان بە ئاشکرا دەستی دەوڵەتەکانی ناوچەکەن، پێشمەرگە نوێنەرایەتی کورد و حەشدی شەعبی نوینەرایەتی شیعەو حەشدی وەتەنی نوێنەرایەتی هێزە سونیەکان دەکات، کەمە نەتەوەو ئاینەکانی تریش لەنێوان ئەم هێزانە فەوجیان بۆ کراوەتەوە ئێزیدیەکان لەناو پێشمەرگەو مەسیحیەکان و شەبەکەکان لەگەڵ حشدی شەعبی و …تاد. هەر کام لەم هێزانە بەرانبەر بەوانیتربۆ خۆپاراستن یان دژایەتی کردن ئەوانیتر چەکدار کراونجەندین نمونەی زیندومان لەمبارەیەوە هەیە باس لە قەسابخانەی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دەکرێت، یاخود پێشمەرگەیەک بە ئاشکرا ڕۆژی یەکەمی شەرەکە بۆ ڕداو دەڵێت” سێ کەسبوون بە عەرەبی هاواریاندەکرد منیش هەرسێکیانم تۆپاند” هەر ئەم نمونانە پیماندەڵێن کە ئەم شەڕە نەک ناتوانێت داعەش لەنێوببات بەڵک و زەمینە لەبارتر دەکات بۆ شەڕێکی تری وەحشیانەی قەومی و دینی. واتا دەمانکاتە شاهیدی کارەساتێکی تری ئینسانی.

تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەگەر بەڕاستی  دەیانەوێت تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتایی پێبێت، با سویچەکەی لە ڕەئیسیە وە بکوژێنەوە، با مەقەستێک لە شریتی ناوکی بدن، با یارمەتیە لۆجیستیک و سەچاوە مالیەکانی ببڕن.

شەوی 18 لەسەر 19 ی 10 هاوڵاتیەک لە موسلەوە بۆ ڕوداو قسەیکرد و لەنێو قسەکانیدا ووتی” لەناو موسڵدا بزوتنەوەی جەماوەری سەریهەڵداوەو گەنجان هێرش دەکەنە سەر داعەش و بەرەنگاریاندەبنەوە” ئەگە رئەم هێزە بەرفراوانبێت و خۆی لەناو جەرگەی جەماوەردا هەڵقوڵێت و داعەش وەدەر بنێت وە دواتر ڕێگای دەستێوەردان لە هێزە دەرەکیەکان بگرێت و خۆی دەسەڵاتی شارەکە بگریتە دەست و نمونەیەکی تر لە شێوەی نمونەی پڕشەنگداری کۆبانی نیشانبدات ئەوە دەتوانێت داعەش کۆتایی پێ بێنێت.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *