پاشخانی سیاسی پەلاماری داعش بۆ سەر کەرکوک، مەترسی نەعرەتەی قەومی

 

رێبوار ئەحمەد:

رۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەر باندی ئینسانکوژی داعش هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر شاری کەرکوک و ئاسایشی ئەم شارەیان خستە مەترسیەوە. جگە لە گیانبەختکردنی زیاتر لە ٤٠ کەس و برینداربونی زیاتر لە ١٠٠ کەس، تاوەکو ئێستا دڵەڕاوکە دانیستوانی ئەم شارەی داگرتوە. هێرشەکەی داعش لەگەڵ کاردانەوەی شایستەی دانیشتوانی شار بەرەوڕوبوەوە. ئەوەی لەم روداوەدا زۆر بەرجەستەو جێگای سەرنج بوو، لەلایەکەوە هاتەمەیدانی چەکدارانەی جەماوەری خەڵکی شار بوو بۆ بەرگری لە ژیان و کەرامەتی خۆیان، لەلایەکی ترەوە بێسەرەوبەری هێزە ئەمنیەکان بوو بە جۆرێک کە تا ئێوارەی ئەو رۆژە نەیانتوانی ئارایشی گونجاو بە خۆوەوە بگرن. لەم رووداوەدا ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرە بۆ دانیشتوانی هەموو ئەوناوچانەی لەبەردەم هێرشی داعشدان، جارێکی ترخۆی دوپاتکردوە. واتە تاکە زەمانەتی پارێزراوبونیان لەم دڕندە ئینسانخۆرانە، چەکداربون و خۆرێکخستنی چەکدارانە بۆ بەرگری لە خۆیان. رۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەر ئەگەر خەڵک خۆی بە چەکەوە نەهاتایەتە مەیدان بۆ بەرگری لە ژیان و کەرامەتی خۆیان، ئەوە تا بە خۆکەوتنی ئەو هەموو هێزە جۆراوجۆرانەی کە لیستەکەیان لە ژماردن نایه‌ت، داعش کارەساتێکی گەورەتری دەخوڵقان و ئێستا کەرکوک لە ناو کۆستێکی گەورەتردا دەبوو.

جگە لە سوپای عێراق و پێشمەرگە و چەندین میلیشیای چەکدار لەم ناوچەیە بە فراوانی بونیان هەیە. کێشەو پێشبڕکێیەکی گەورەیان لەنێوانە لەسەر بەشداریکردن لە شەڕی دژی داعش و بەرجەستەکردنی رۆڵی زیاتر. بەڵام تا ئێستا تەنانەت رونکردنەوەیەکی جێگا پەسەندی خەڵک لەسەر ئەوە نەدراوە کە ئەم هێزە فراوانەی بەپێی ئاماری دەسەڵاتداران گەیشتوە بە ١٢٧ چەکدار، چۆن توانیویەتی تا قوڵایی گەڕەکەکانی شار دزە بکا؟! هەندێک جار دەیانەوێ بەبوونی شانە نوستووەکانی داعش ئەم دەلاقە ئەمنیە گەورەییە پینە بکەن. بەڵام بەڵگەی زۆر هەیە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمانە لە دەرەوەی شارو لەو ناوچەکانی دەسەڵاتی داعشەوە هاتوون. ئەم دەلاقە ئەمنیە و نەبونی رونکردنەوەیەک کە دڵنیایی بە خەڵک بدات، بە حەق بێباوەڕی بەرامبەر دەسەڵات و هێزە ئەمنیەکانی دەباتە ئاستێکی بەرزترەوە.

ئەوەی لەم رووداوەدا مایەی ئومێدەواریە و دەتوانێ بەردی بنایەغەیەکی باش بێت بۆ دروستکردنی دیوارێکی پۆڵایین لەبەردەم مەترسی داعش لە داهاتودا، هاتنەدەستی چەکدارانەی خەڵک بوو بەدەر لەوەی ئەم خەڵکە چ ناسنامەیەکی حزبی یان ئایدۆلۆژی یان قەومی و دینی و مەزهەبیان بوبێت. ئەمەدەکرێت وەکو نمونەیەکی دیکەی تەجروبەی کۆبانی چاوی لێبکرێت. ئەزمونیکی بەنرخ بوو نەک هەر بۆ دانیشتوانی ئەم شارە بەڵکو بۆ هەموو ئەو ناوچانەی کە مەترسی داعشیان لەسەرە. بەڵام ئەمە تەنها دانانی بەردی بناغەبوو. بۆ دڵنیایی یەکجاری و تەفروتوناکردنی یەکجاری داعش، ئامادەییەکی زۆر لەوە زیاتر پێویستە هەم لەرووی سیاسی و هەم لەرووی سەربازیەوە. تەنها بزوتنەوەیەکی خاوەن دیدێکی سیاسی رۆشن و ئینسانی و پێشکەوتوانە بە ئامادەییەکی سەربازیەوە، دەتوانێ ئەم دڵنیاییە لە ئاستی پێویستدا مسۆگەر بکات. پێویستی بە ئاسۆ و سیاسەتێکە کە بتوانێ ئەو پەرێز و مێرگانە وشک بکات کە داعش و داعشیزمی تیادا دەلەوەڕێو هێزی لێدەگرێت. ئاسۆ و سیاسەتێک کە بتوانێ ئەو پلانە چەپەڵەی داعش ناکام بکاتەوە کە بۆ قوڵکردنەوەی کینەی قەومی و مەزهەبی بەڕێوەی دەبات و لەلایەن هێزو بزوتنەوە قەومی و مەزهەبیەکانی تریشەوە بەگەرمی پێشوازی لیێکراوەو لێیدەکرێت.

ئەو لێکدانەوەیەی پێی وایە ئەم پلانەی رۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەری داعش لە دژی خەڵکی کەرکوک بە تەواوی ناکام کراوەتەوە، یان خۆشباوەڕیە یان فریوکارانە. راستیەکەی ئەوەیە هێرشە سەربازیەکەی داعش تێکشکا، بەڵام پەیام و پاشخانە سیاسیە حەقیرو پرمەترسیەکانی بۆ نائەمنکردن و پەرەپێدانی ناکۆکی و کینەی قەومی و مەزهەبی و دینی، هەنگاوێکی خەتەرناکی بەرەوپێش هەڵگرتوە. باوەڕکردن بەوەی کە پلانی داعش ئەوەبوو بەسەد و چەند چەکدارێکەوە دەست بەسەر کەرکوکدا بگرێت و بیکاتە موسڵێکی دیکە. لە ناو ئەو هەموو ئامادەکاریە سەربازی و لۆجیستیکیەی کە دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی و هاوپەیمانەکان بەرابەری ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش کردویانە، ئەگەر ساویلکانە نەبێت بێگومان چەواشەکارنەیە. ناکرێ داعشی خاراو لە ناو شەڕو کوشتاری سەربازیدا، ئەوەندە کاڵفام بێت کە وابزانێ لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ی کەرکوکدا هەمان بیتاقەی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ی موسڵی بۆ دەردەچێت. جەختکردن لەسەر ئەم سیناریۆیە لەلایەن میدیای فەرمی و نا فەرمیەوە، دروست بۆ داپۆشینی ناوەرۆکی سیاسی راستەقینەی پلانەکەی داعشە. داعش ئەم ژمارە چەکدارەی بەشێوەی خۆکوژی خستە ناو شاری کەرکوکەوە، هەروەکو ئەوانەی کە لە شەقامەکاندا خۆیان دەتەقێننەوە. بەڵام ئەمجارە بۆ خۆ تەقاندنەوە نەبوو، بەڵکو بۆزاڵکردنی فەزای نائەمنی و باوەشێنکردنی ناکۆکی وکینەی قەومی مەزهەبی بوو لەم شارە. داعش دەیەوێ لەم رێگایەوە لە جیاتی ئەو سەدو چەند چەکدارە هەزاران چەکداری تازە بگرێت. ئەو دروست یاری شەترەنج دەکات، سەربازی داوەو دەیەوێ سەربازی زیاتر بخوات. بە تایبەت ئەو راستیە دەزانێ کە هێزە قەومی و مەزهەبیەکانی بەرامبەری سەریان دەخورێ بۆ ئەم یاریەو پێشوازی گەرمدەکەن لەم پێشنیارە بۆ یاری شەترەنج. چونکە ئەوانیش هێزی خۆیانی لێدەگرن. لەم نێوەدا ئەوەی قوربانی دەدات تەنها جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەیە. خەڵکێک کە ناسنامەی ئینسانی و هاوڵاتیان  لێی سەندوەتەوەو ناوچەوانیان بە شوناسی کوردو عەرەب و تورک و شیعەو سونە مۆرکراوە.

ئێستا بەراستی دۆخێکی ترسناک باڵی بەسەر کەکوکدا کێشاوە. دڵەڕواکێی ئەوەی کە هەموو ساتێک رەنگە ٢١ی ئۆکتۆبەر دوبارە بێتەوە، تەنانەت سەرتاپای ئەو کەسانەشی داگرتوە کە بەوپەڕی ورەبەرزیەوە لە شاشەی میدیاکاندا لێدوان دەربارەی بەرقەرابونی ئاسایش لە کەرکوک دەدەن. لەوەش ترسناکتر ئەو فەزای ناکۆکی و کینە قەومی و مەزهەبییە کە بە پەلامارەکەی داعش باوەشێنکراو بە نەعرەتەی ناسیۆنالیستە نەتەوەپەرستە کوردو عەرەب و تایفەچیەکان جموجۆڵێکی گەورەی تێکەوتوە. داعش لەم بارەیەوە کاری خۆی کردوەو سەد کوشتەی داوە، ئاگرەکەی خۆشکردوەو ئیتر تۆپەکەی خستوەتە مەیدانی قەومپەرست و تایفەچیەکانی بەرامبەریەوە تا رۆڵی خۆیان بگێڕن و پلانی تەفرەقە لە نێوان دانیشتوانی ئەم شارەدا بەسەرئەنجام بگەیەنن.

لەبەرامبەردا ناسیۆنالیستی کوردی زۆر بەگەرمی پێشوازی کردوە لە پاشخانی سیاسی پەیامەکەی داعش. ئەوەی ناوی نراوە پلانی ئەمنی و قایمکردنی کونەکانی دزەکردن، پەخشانەوەی فراوانی ئەو نەعرەیەتەیە کە ئاوارە عەرەبزمان و سونی مەزهەبەکان ئەو دەلاقەیەن کە داعش لێوەی هاتوەتە ناوەوە. ئەمە قسەی هاوڵاتیەکی سادەی کۆیلەی نەتەوە پەرستی نیە، بەڵکو پەیامی راستەوخۆی دەسەڵاتە لەدەمی بەرپرسانی باڵاوە. لەیەکەم رۆژی دوای ئەم پەلامارەدا بەرپرسی باڵای پۆلیسی کەرکوک لە کۆنگرەی رۆژنامەگەری رەسمی و لەبەردەم چەندین کامیرەی میدیاکاندا، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم هەموو چەکدارە چۆن گەیشتنە ناو کەرکوک؟ راشکاوانە وتی؛ “چونکە لە ناو کەرکوکدا ٦٠٠ هەزار داعشمان هەیە” ئەمە ئاماژە بوو بۆ ئەو ٦٠٠ هەزار ئاوارە عەرەبزمانەی کە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشەوە روویان کردوەتە کەرکوک. هەرچەندە دواتر هەستی کرد کە لێدوانی بەم جۆرە راشکاو لەبەردەم کامیرەی میدیاکاندا، یاری کردنێکی ناشیانەی نەتەوە پەرستیە، بۆیە هەوڵیدا قسەکەی رتوش بکات و وتی “مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ١٠٠ کەسیشیان داعش بێت هەر زۆرە”!! بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئەو یەکە ئیداریەی کە گوایە سەرپەرشتی راگەیشتن بە ئاوارەکان دەکات، راشکاوانە لە شاشەی کەناڵی (رووداو)ەوە وتی “ئەم ئاوارانە نمەک حەرامن، پەنایان دەدەی و نانیان دەدەیتێ کەچی لە پشتەوە خەنجەر لە هێزی پێشمەرگە دەدەن، ئەمانە مەترسیان لەسەر دیمۆگرافیای کەرکوک دروستکردوە. جەنابی پارێزگاری کەرکوکیش لە پاڵ ئەم فەزای نەتەوەپەرستیەی بەرپایان کردوە، لە لێدوانێکی دیماگۆجیانەدا وتی”هیچ بڕیارێکی رەسمی بۆ دەرکردنی ئاوارەکان دەرنەچوە.” نەکا بڕیار وا بێ دەمامکیش پێویست بێت؟! ئەمە لە کاتێکدا کە هەر ئەم جەنابانە کاتێک لە ژێر گوشاری پرسیاردا قەراریان گرت پێیان لەو راستیە نا: کە لە پاڵ چەند کەسێکەوە کە ئەگەر لایەنگری داعشبن، خەڵکی کەرکوک لە ئاستی جەماوەریدا دوور لە دەستەبەندی کردنیان بە کوردو عەرەب و تورک و شیعە سونە، دژی داعش وەستاونەتەوە. ئەمانە تەنها چەند نمونەیەکن یان دڵۆپێکن لە دەریایەک مێشک داشۆرین و نەعرەتەی قەومی کە ناسیۆنالیستەکان بەلێشاو بردویانەتە ناو خەڵک و هانی بۆ دەدەن . هاوکات لەگەڵ ئەم روداوەدا ئەنجومەنی ئاسایشی کەرکوک کە ناسیۆنالیستە کوردەکان تیایدا باڵادەستن، بڕیاری روخاندنی خانەولانەی بەشێک لەو ئاوارە عەرەبانەی دەرکرد کە لە پەراوێزی گەڕەکەکاندا سەرپەنایەکیان بۆ خۆیان دروست کردوە. ئەمە دژایەتی کردنی داعش نیە، بەڵکو دروست وەکو ئەوەیە لە مەیدانی یاری قەومپەرستیدا داعش پاسێکی دابێت و ناسیۆنالیزمی کورد لە ئاسمان پاسەکەی گرتوەتەوەو لێیدەدات بۆ گۆڵ. ئەمە پاڵپێوەنان و هێز رەوانە کردنە بۆ داعش. ئەو دروست چاوەڕوانی ئەوەیە ئەم نەعرەتە قەومیە هەزاران کەسی بە زۆر بۆ رەوانەیان بکات تا چەند بەرابەر جێگای ئەو ١٠٠ کوژراوەی پێ پڕبکاتەوە کە لە هێرشەکەی ٢١ی ئۆکتۆبەردا لەدەستیداون.

ئەمە تێپەڕاندنی نەتەوەپەرستیە بەشێوە گشتیەکەی. ئەو هزرەی کە منداڵێکی چەند مانگە بە داعشی ئایندە وێنا دەکات، یان منداڵانیک کە لە جیاتی شیر تێر ئاویش نابن، بە تاوانی ئەوەی کاتێک زمان دەگرن بە عەرەبی قسە دەکەن لە ئێستاوە لەسەر داعش ئەژمار دەکات، تەنها دەکرێت پێی بووترێت فاشیزم. تاوانبارکردن و سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کە ناچار بە دەربەدەری کراون، کە ماڵو حاڵ و ژیانی خۆیان بەجێهێشتوە و لەپێناوە مانەوەی فیزیکیدا ملیانداوە بە ژیانی کولەمەرگی و پرنەهامەتی، پاساوەکەی هەرچیەک بێت سیاسەتێکی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیە. لە نێو خەڵکی پێشکەوتوی جیهاندا کە توانیویان مێشکی خۆیان لەژێر بۆمبارانی پڕوپاگەندە و تلیاکی ئەتنیکی و دینی و نەژادی دەربکەن، پرسیارکردن دەربارەی قەمیەت و دین و مەزهەب مایەی شەرمە. ئەوپەڕی دەکرێت لە کەسێک بپرسی کە بە چ زمانێک قسە دەکات، یان لە کوێوە هاتووە؟ بەڵام ناسیۆنالیزم بەپێی ئەو دەستەبەندیەی کە بۆ مرۆڤەکانی دەکات نەک هەر ناسنامەی دەسکردی قەومیان بۆ دادەتاشێت بەڵکو بەپێی ئەو ناسنامەیە سزایان دەدات.

خەڵکی ئاوارەی ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێردەستی داعش بوون و ئێستا لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کۆنترۆڵکراوەنەتەوە، بەڕاستی لە ترسی سزادان و تۆڵەسەندنەوەی مەزهەبی پێیان رێگا ناگرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵی وێرانیان. ئەمە ترسێکی واقعیە، ئەو میلیشیا شیعانە لەو جێگایانە تاوانی جەنگیان لەدژی خەڵکی سیڤڵ ئەنجامداوە تەنها لەبەر ئەوەی بەپێی دەستەبەندیە خورافیەکەی ئەوان ناسنامەی سونیان بەسەردا دابڕاوە. لە فەلوجە و رومادی و سەعدیە و جەلەولا دنیایەک لەم جۆرە تاوانەیان ئەنجامداوە. تۆمەتبار کردنی ئەم خەڵکە ئاوارەیە بە داعش لێواولێوە لە نامرۆڤایەتی. پێویست نیە ئینکاری لەوە بکرێت کە رەنگە داعش نفوزی هەبێت لە ناو ئەم خەڵکەدا. بەڵام مەگەر بە پێی ئاماری رەسمی دەسەڵاتی کوردی وەزارەتی ئەوقافەکەی خۆیان کەم خۆکوژی بۆ داعش رەوانە کردوەو کەسیش  بیر لە داخستنی ناکاتەوە؟ مەگەر لەو جێگایەی لە قڵشتی ناکۆکی حزبییاندا لەگەڵ ئیسلامیەکان لە دەمیان دەردەچێت، خۆیان باسی ئەوە ناکەن کە مزگەوتەکان و خوێندنگا ئیسلامیەکان بە لێشاو جەنگاوەری کوردزمانیان بۆ داعش پەروەردەو رەوان کردوەو دیسانیش هەرگیز بیر لە داخستنیان ناکەنەوە؟ مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافی شارەکە دەکەن بە ژەهراوو دەرخواردی خەڵکی دەدەن! بەڵام بە پێی کام مەبدەئی ئینسانی دیمۆگرافی لە مرۆڤ بەهای زۆرترە؟ بەپێی کام بنەماو بەهای ئینسانی خاک لە مرۆڤ پیرۆزترە؟ بۆ دەبی ناسنامەی قەومی بۆ خاک و خۆڵیش دروستبکرێت؟ ئایا خەڵکی کوردزمان ئەوە لە ئەڵمانی و سویدیەکان قبوڵ دەکەن کە بە بەهانەی گۆڕانی دیمۆگرافی ئەو وڵاتانە مافی پەنابەری و تەنانەت مافی یەکسان و رەگەزنامەیان پێنەدەن؟ کارێکی بەم جۆرە نەک هەر لەلایەن پەنابەرانەوە بەڵکو لە پێشدا لەلایەن خەڵکی پێشکەوتوی خودی کۆمەڵگا ئەوروپیەکانەوە بە راسیزم مەحکم و نەفرەتی لێ دەکرێت. ئایا ناکرێت خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و کوردزمانیش وەکو ئەو خەڵکە پێشکەوتوە ئەم شانازیەیان هەبێت؟

ناسیۆنالیزمی عەرەبیش هەمان کاردەکات. حەقارەت و کۆنەپەرستی ناسیۆنالیزمی عەرەبیش لە بیری ئەوەدایە بۆ پلانە چەپەڵەکانی بەخراپ کەڵک لە ئاوارەبون و دەربەدەری خەڵک وەربگرێت. ئاوات بەوە دەخوازێ لەم دۆخە کارەساتبارەدا ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە خەڵکی عەرەبزمان بە تایبەتی ئاوارەی شاری کەرکوک بن و بەم جۆرە ئەم شارەی کە بووە بە ناوه‌ندێکی کێشمەکێشی دوو ناسیۆنالیزمی کورد وعەرەب، بە زەبری هەر کارەساتێک بێت ناسنامەی عەرەبی بۆ دابتاشرێت. جەنابی سەرۆکی پەرلەمان دوو ساڵە بە بیریدا نەهاتوە ئاوڕێک لە بێدەرەتانی ئاوارەکان بداتەوەو بیرێک لە دابینکردنی سەرەتایی ترین پیداویستیەکانی نەک ژیانی رۆژانە بەڵکو مانەوەی فیزیکی ئەو خەڵکە رووت و رەجاڵە بکاتەوە، کە خەرجیەکەی ناکاتە تێچوی دوان لەو هەلیکۆپتەرە ئەباچیانەی هاوپەیمانەکانیان لێشاوێکیان بۆ شەڕی موسڵ ئامادەکردوە. کەچی لە بەرامبەر کارکردی ناسیۆنالیزمی کورددا هەستی ناسیۆنالیستی عەرەبیش گیان هاتەخورین و بە پەلە خۆی کرد بە خاوەنی ناسنامەی عەرەبی ئەو خەڵکە بێدەرەتانە و جه‌نابی جبوری گەیشتە کەرکوک. بەڵام کولەمەرگی ئەوانی بۆ مەسەلە نیە، بەڵکو مانەوەیان لە کەرکوکی بۆ گرنگە. ئەگەر جبوری تۆزقاڵێک خەمی ژیان و چارەنوسی ئەو خەڵکەی بێت، دەتوانێ بەر بەملهوری میلیشیا شیعەکان بگرێت و شەڕ لەسەر قەرەبوکردنەوە رەخساندنی دۆخی گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بکات. بەڵام ئەوە بۆ نەتەوەپەرستی عەرەبی کەڵکی نیە، بۆیە لە جیاتی ئەوە پێداگری لەسەر بەردەوامی ژیانی مەرگەساتی ئاوارەییان دەکات.

مەسەسەلەی کەرکوک کێشەیەکی پڕمەترسیە، بەڵام ئەم کێشەیە بە ناسیۆنالیزم چارەسەر ناکرێت. بەدیلی ناسیۆنالسیتی تەنانەت چاوی لەمافی خەڵکی سەر بە نەتەوەکەی خۆشی نیە. بەهای خاک بۆ ناسیۆنالیزم لە بەهای مرۆڤ زیاترە. خاکیشی بۆ ئەوەیە تا بیکاتە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی بورژوازیانەی خۆی و لەسەر ئەو خاکە بە مژینی خوێنی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشی نەتەوە قازانجی سەرمایەکەی فەراهەم بکات. بەدیلی ناسیۆنالیستی ئەگەر کوردی بێت یان عەرەبی یان تورکمانی ئەم شارە بەرەو کارەسات دەبات. هەر ئێستا قەومپەرست و تایفەچیەکان لە بیری ئەوەدان موسڵی دوای داعش بۆناو کارەساتێکی وەهابەرن کە لەسەر بناغەی، کوردو عەرەب و تورک و شیعە و سونە و یەزیدی و مەسیحی، دیوار لە ناو ئەو دانیشتوانەدا دروست بکەن کە چەندین جیلە بێ کێشە پێکەوە ژیاون. بێگومان ئەم دیوار دروستکردنەش ئەگەر ببێت بە بەرنامەو بڕیار، بەناو شەڕو کێشەی خوێناویدا دەڕواتە پێش. ئەگەر سەرئەنجام مەسەلەی کەرکوکیش بە بەدیلی ناسیۆنالیستی ببڕێتەوە، دەکرێتە بیئەیەکی نەشیاو بۆ ژیانی مرۆڤانە.

خەڵکی ئازادیخواز و جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لە راستیدا هیچ خاک و نیشتمانێکیان نیە تا ترسی ئەوەیان هەبێت لێیان زەوت بکریت. دەیان ساڵە لە داهاتی نەوتی کەرکوک دینارێک نەچوەتە گیرفانی ئەم خەڵکەوە تا ئێستا نیگەرانی لەدەستدانیبن. رێگای ئەوان، ئاسایشی ئەوان، داهاتوی باشتری ئەوان بەندە بە توڕهەڵدان لە شوناسە داتاشراوە قەومی ومەزهەبیەکان و پێداگری لەسەر شوناسی ئینسانی و هاوڵاتی یەکسان. بەندە بەوەی دەستی هاوپشتی و هاوچارەنوسیان بە توندی لەگەڵ یەک گرێبدەن. خۆیان چەکدارو رێکخراو بکەن، هەم بۆ تەفروتوناکردنی داعش و هەم بۆ دەسکۆتاکردنی بازرگانانی نەتەوەپەرستی. رێگای ئەوان  پێداگری و یەکدەنگیانە لەسەر ئەوەی کەرکوک شاری هەر کەسێکە کە بیەوێ تیادا بژی و کاربکات و هەوڵ بۆ بەختەوەری بدات. بەم جۆرە کەرکوکێکی بوژاوە بەشی هەموان زەوی و ئۆکسجینی تیایە و بۆ بنیاتنانی ژیانی پڕبەختەوەریش بەشی هەمووان کار دەبێت بیکەن.

دانانی کەرکوک لەسەر ئەم رێگایە بزوتنەوەیەکی سیاسی بەهێزی دەوێ. سازدانی ئەم بزوتنەوەیە ئەرک و کاری گەورەی کۆمۆنیزم و چەپ و سیکیولاریزمە. کە بەداخەوە لەم دۆخەدا بەڕۆڵی خۆیانەوە دەرنەکەوتوون. بەردەوامی ئەم بێڕۆڵیەی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی بە تایبەت لە نێو ئەم رەوتە خێراو پڕ ئاڵوگۆڕو لافاو ئاسایەدا، نەک جێگای نیگەرانی بەڵکو هەراسانکەرە. هەر رەوت و بزوتنەوەو ئاسۆیەک لەم هەلومەرجە هەستیارو پر مەترسی و پر ئاڵوگۆرەدا رۆڵی نەبێت، ناتوانێ چاوەرێی ئەوه‌ بێت دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە و نیشتنەوەی تەپ و تۆزەکان بێتەوە مەیدان وپێشوازی لێبکرێت. ئەو هێزو بزوتنەوانەی کە ئەمرۆ ئاسۆی خۆیان بەسەر کردەوەی خەڵکدا باڵادەست کردوە، داهاتوی نزیک بە جۆرێک دەنەخشێنن ئیتر بواری هاتنە مەیدانی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی تیادا چەند بەرابەری ئێستا سەختو دژوار دەبێت. دەخاڵەتی کارسازو چالاک لەم دۆخەدا تەنها بە هەڵویست وەرگرتن و بەیاننامە دەرکردن تەواو نابێت. ئەم کارە دەخاڵەتیکی سیاسی و دەرکەوتنیکی سەربازی دەخوازێ، گێڕانی رۆڵی رابەری و سازدەرانە دەخوازێ، لە کارخستنی ئاسۆ و بەدیلە بورژوازیەکان و خستنەڕووی وەڵامی سیاسی رۆشن و کارسازی دەوێ بۆ کێشەکان و ئەو مەسەلانەی خۆیان قوت دەکەنەوە، پێویستی بە دانی ئاسۆیەکی سیاسی ئازادیخوازانە و بردنی ئەو ئاسۆیە بۆ ناو خەڵک و هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئەو ئاسۆیە کردەوەی خەڵک ئاراستە بکات.

٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *