عەبدوڵا ساڵح
دوا جار بارزانی هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاوکردەوە دەربارەی بارودۆخی ئێستای کوردستان، بەهەمان شێوەی پەیامەکانی پێشتری ئەوەی تێیدا نەبوبێ ” چارەسەری کێشەکانە “، ئەوەی تێشیدابوو سوڕانەوە بوو لەهەمان بازنە داخراوەکەدا، جیا لە تەعریفێکی سەیرو تەوهین ئامێز بۆ خۆپیشاندانەکانی ” زۆنی سەوز ” کە گوایە ئەمە داسەپاندنی “ئیرهابی فیکری” یە بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی سلێمانیدا ئەمەش بۆ خۆی دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، یەکەمیان بێئرادەیی و سادەیی جەماوەر لە سلێمانی کەگوایە داردەستن وئیرهابی فکریان بەسەردا سەپاوە، دووەمیان هەڕەشە بە تێکشکانی ئەم ” ئیرهابە ” !.
هەر دوای پەیامەکە دوو هێزە سەرەکیە ئیسلامیەکە، کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەهەلهەلە بەرەو بانگەوازەکە چوون، شکیشم لەوەنیە یەکیەتیش دوابەدوای ئەوان هەمان هەڵوێستی دەبێ بەو ئیعتبارەی هێزی دووەمە کە دەستی لە خوڵقاندنی ئەم بارو دۆخەدا هەیەو بەدوای ڕێگا چارەیەکەوەیە تیایدا نەشیش بسوتێ و نەکەباب، کە بە دڵنیایەوە دواتر هەر کەباب دەسوتێ !، ئەگەرچی گۆڕان تا ئەم چرکە ساتە وەڵامی فەرمی پەیامەکەی نەداوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری بارو دۆخەکە بەلای ئەوانەوە کارا کردنەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی هەرێمە بێشک قسەیەکی تازەتریان پێ نابێ، بێئاگا لەوەی پەرلەمان کاتێک کاراش بوو پرسە گرنگەکان لەدیوەخاندا باسدەکران و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکراو هەرگیز پەرلەمان مەرجەع نەبوو !
چوار لایەنەکە هەر لە سەرەتای دەسپێکی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە هەوڵی خۆ خزاندنە ناو ناڕەزایەتیەکان بوون بەمەبەستی تەریککردنەوەی پارتی و شکاندنی شانەکە لەسەری ئەودا لەلایەک، وە لەلایەکی دیکە کۆنترۆڵکردنی جڵەوی ناڕەزایەتیەکان و ڕێگری لە ” بەلاڕێ دابردنی ” بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوان نەیەتەوە.
لەواقیع دا ئەم پێنج لایەنە، بەهەندێک جیاوازیەوە، هەموو لەبەرەیەکدا وەستاون بەرامبەر بەرەی جەماوەر، هەر هەڵوێست و تاکتیکێک بگرنە بەر دڵنیام لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیان بەولاوەتر ناچێ! هەر بۆیە سەرکەوتنی بەرەی جەماوەر گرێدراوەتەوە بە بەردەوام بوون و پێداگری و سووربوون لەسەر جێبەجێکردنی داخوازیەکانیان و خۆجیاکردنەوە لەم بەرە پێنج قۆڵیە .
21 / 11 / 2016