تارمایی شەڕێکی تر لەهەناوی شەڕی موسڵدا

رێبوار ئەحمەد

شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەگەرمی بەردەوامە. بەرلەوەی هیچ پێشبینیەکی دیاریکراو بۆ کۆتایهاتنی ئەم شەڕە هەبێت، هەموو چاودێرانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەکەن کە لەهەناوی ئەم شەڕەوە چەندین شەڕی دیکە بەرێگاوە بێت. بەڵام نیشانە سەرەتاییەکانی یەکێک لەو شەڕانە زۆر زووتر لە پێشبینیەکان هەر لەئیستاوە بەتەواوی خۆی نواندوە. مسعود بارزانی و عەلی عەبادی کە مانگێک لەمەوبەر لەهاوشانی یەکیتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا راوەستان و مژدەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی موسڵیان پیرۆزکرد و خۆیان وەکو هاوپەیمانی تۆکمەی یەکتر نیشان دا، ئەمڕۆ سەنگەریان لەیەک گرتووە. وتاری مسعود بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەگەریەکەی رۆژی ١٦ی ئەم مانگە کە لە باشیک ئەنجامیدا، بانگیشەیەکی ئاشکرابوو بۆ ئامادە باشی بۆ ئەم شەڕە. ئەو وتی” نازانین ئەو بەڵایەی لە داهاتووی دوای داعشدا یەخەمان دەگرێت چییە، بەڵام دەبێ لە ئەوپەری ئامادەییدا بین بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو”. کاتێک ئەم قسانەی بارزانی لەپاڵ هینانەگۆرێی هەڕەشە ئامێزی باسی جیابوونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردیدا دابنرێت، ئەوکاتە روون دەبێتەوە کە لە پشت “نازانین ئەو بەڵایەی لە داهاتووی دوای داعشدا یەخەمان دەگرێت چییە” مەترسیەکی لە راستیدا زانراو و بە تەواوی لەلایەن بازرانیەوە پێشبینیکراو و پلان بۆ داڕێژراو، خۆی حەشار داوە. بارزانی ئەم مەترسیەی وەکو فاڵ گرتنەوەی خۆی بۆ ئایندە بەیان کرد، بەڵام کاتێک “نازانین”ەکەی بخرێتە پاڵ لێدوانەکانی تری دەربارەی ئەوەی کە “نزیک بەهەموو خاکی کوردستانمان رزگار کردوە، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوین کە پێشمەرگە لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە ئازادی کردوە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی رادەگەیەنین….”، ئیتر نابێت نە “نازانینەکەی بە هەند بگیرێت و نە بە فاڵگرتنەوە ئەژمار بکرێت لەبارەی پێشبینیکردنی شەڕ و “بەڵای داهاتووی دوای داعش”. خودی بارزانی لایەنەکانی شەڕ و بابەتی کێشەکە و ماهیەتی شەڕەکەی دیاریکردوە. کە لەیەک رستەدا شەڕی ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب دەبێت لەسەر دابەشکردنی خاك و دەسەڵات و سەرچاوەکانی سامانی سروشتی. بیگومان ئەگەر ئەم شەڕە روبدات خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمانی بۆ راپێچ دەکەن و لە دوا لێکدانەوەدا ئەمە شەڕی کۆنەپەرستانەی کوردو عەرەب دەبێت و کارەسات و مەینەتیەکانی کەمتر نابیت لەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی لە ٢٠٠٣ەوە کۆمەڵگای عێراقی پێ گرفتاربووە.

هەمان رۆژ بۆ شرۆڤەکردنی ناوەرۆکی وتەکەی بارزانی کەناڵی تەلەفزیونی (رووداو) گفتوگۆیەکی لەگەڵ (شیخ جەعفەر مستەفا-بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەنجامدا. لەو گفتوگۆیەدا ناوبراو دوور لەهیچ “نازانین” و فاڵگرتنەوەیەک، راشکاوانە و بە وردەکاریەوە باسی ئەوەیکرد کە شەڕی داهاتوومان بە دڵنیایەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و بە دیاریکراوی لەگەڵ (حشدی الشعبی) دەبێت لەسەر “یەکلاکردنەوەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” و ئەو ناوچانەی کە لە دوای ٢٠١٤ و هاتنە ناوەوەی داعشەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیراوە. لەراستیدا ناسیۆنالیزمی کورد، هەر لە دوای پەلامارەکەی ٢١ی ئۆکتۆبەری داعش بۆسەر کەرکوک، ئەم شەڕەی بە کردەوە دەست پێکردوە بەهێرش و پەلامار بۆسەر ئاوارە عەرەبزمانەکان و خاپورکردنی خانەو لانەیان. رێکخراوی (هیومان رایتس وۆچ) لەم بارەیەوە ئەم تاوانەی سەرکۆنەکردوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە شپرزەییەوە وەڵامی داوەتەوە.

رۆژی دوای وتەکانی بارزانی لەو کۆنفرانسەدا لە باشیک، نوسینگەی عەلی عەبادی لە وەڵامی بارزانیدا رایگەیاند” کە رێککەوتنی هەولێرو بەغدا گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە، بەپێی ئەو رێککەوتنە پێشمەرگە شانبەشانی هێزەکانی عێراق دەجەنگن بۆ ئازادکردنی موسڵ، دوای ئەوە بەپێی خاڵە راشکاوەکانی رێککەوتنەکە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە ئازادکراوەکان دەکشێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆنەکە لێی بوون، لە چەند ناوچەیەکیش ئەم رێککەوتنە جێبەجێ کراوە.” تەنانەت راگەیاندنەکەی نوسینگەی عەبادی دەڵێ “ئەو ناوچە کێشە لەسەرانەی کە لە کاتی حکومەتەکانی پێشوشدا کەوتووەتە دەستی پێشمەرگە، لەسەر بناغەی دەستور یەکلایی دەکرێنەوە.” ئەم لێدوانەش بەڕوونی نیشانیدەدات کە لەڕوانگەی عەبادی و حکومەتی عێراقەوە، نەک پێشمەرگە دەبێ لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵدا کۆنترۆڵی کردووە، بەڵکو دەبێ ئەو ناوچانەی کە لە ٢٠١٤ دا کەوتونەتە دەست پێشمەرگە، واتە ئەوەی ئەوکات بارزانی ” وتی هاتنە ناوەوەی داعش فرسەتێکە بۆ ئەوەی ناوچە دابڕاوەکان کۆنترۆڵ بکەینەوە” و بە کردەوەش بەشێکیان کۆنترۆڵ کردوە، هەروەها لەوەش زیاتر دەبێ ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێم کە لە ٢٠٠٣ تاوەکو ئێستا لە سەردەمی حکومەتە جیا جیاکانی عێراقدا پێشمەرگە دەستی بەسەردا گرتوە، بە دەستور یەکلایی بکرێنەوە. لە یاداشنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشدا هاتووە وەکو مەرجی ئەو هاوکاریەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بە بڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ موچەی پێشمەرگە، لە ماددەی شەشەمدا هاتووە دەڵێ؛ ” لە بەرواری چالاککردنەوەی ئەم یاداشتنامەیەوە، هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی هەرێم لەو ناوچانە دەکشێنەوە کە لە ئۆپه‌راسیۆنی نەینەوادا دێنە ئازادکردن، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی کە حکومەتی عێراق بڕیاری لێدەدات.” بەڵام ئەوە گومانی تێدا نیە کە ئەگەر مەیدان بەدەست ئەم هێزە میلیشیا قەومی و مەزهەبیانەوە بێت، نە بە دەستور و یاسا و نە بەهیچ رێککەوتنامەیەک پابەند نابن و سەرئەنجام مەترسی زۆر ئەوەیە کە کێشەکان بەڕێگای شەڕو کوشتاری خوێناوی یەکلابکرێنەوە.

بەم جۆرە لە ئێستاوە لانیکەم بەشێک لەلایەنەکان و هۆکارو ناوەرۆکی ئەو بەڵای شەڕەی کە ئەگەری هەیە دوای شەڕی داعش بەرۆکی خەڵک بگرێت، بەدەرکەوتووە و تەنانەت هیچ گه‌رنتیەک بۆ ئەوەش نیە کە ئەم بەڵایە دوابکەوێ بۆ دوای دەرپەڕاندنی داعش لەموسڵ و هەر هاوشان لەگەڵ شەڕی موسڵ، شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکەش نەیەتە ئاراوە. هەڵبەت هەر لە پێشەوە ئەوە ئاشکرابوو کە کاتێک شەڕ دژی داعش بەدەر لە شێوازە تیرۆریستی و دژی ئینسانیەکەی لە بۆمبارانی دڕندانەی شارێک کە یەک ملیۆن و نیو خەڵکی بە بارمتەگیراوی تێدایە، بخرێتە قاڵبی شەڕی قەومی و تایفیەوە کە لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردەوە ئامانجی بەشداری لەو شەڕە بریتیە لە “ئازاد کردنەوەی ناوچە کوردستانیە دابڕاوەکان”، بۆ هێزو میلیشیا شیعەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامیش ئامانج جگە لە تۆڵەسەندنەوەی تائیفی لە سونە مەزهەبەکان، بریتیە لە گۆڕینی تەرازووی هێز لە کێشمەکێشی ناوچەیی لەگەل رەقیبەکانی، هەر ئەم ئاکامە بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە ئێستا سەران و سیاسەتمەدارانی ئەم لایەنانە بانگیشەی بۆ دەکەن. ئەمەی ئێستا تەنها لایەنێکی ئەو سیناریۆ کارەساتبارە و یەکێکە لەو شەڕە کۆنەپەرستانەی کە هەڕەشە لە ئایندەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە دەکات. 
ئەم مەترسیە دەبێ لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی کوردزمان و عەرەبزمانەوە، هەروەها لە لایەن ئەو هێزانەوە کە خۆیان بە بەرپرس دەزانن لە ئاسایسی ژیانی خەڵک و پارێزگاری لە مەدەنیەتی کۆمەڵگا، زۆر بە جدی بگیرێت. پێویستە هەڵوێستی راشکاوانە لە دژی و سیاسەتی پێشڕەوانە بۆ ناکام کردنەوەی ئەم پلان و مەترسیە بگیرێتە پێش. لەم بارەیەوە پەردە هەڵماڵین لەسەر ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانی ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی کورد و عەرەب، هۆشیار کردنەوەی بەرچاوی خەڵک لە مەترسی ئەم شەڕە و ئاکامە کارەساتبارەکانی، پێویستی بەرجەستەکردنی هاوچارەنوسی نێوان ئەم خەڵکە لە سەروی شوناسە داتاشراوە قەومی و مەزهەبیەکانەوە، وە سەرئەنجام هێنانە مەیدانی هێزی جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز دژی ئەم مەترسیە، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەرە گەورە و لە دواخستن نەهاتوی هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە کە بەرگریکردن لە مەدەنیەتی کۆمەڵگا و بەرگرتن لەڕاپێچکردنی بۆ ناو کارەساتی شەڕ و کێشەی قەومی بە ئەرکی خۆیان دەزانن. پێشڕەوی و دەستپێشخەریش لەم مەیدانەدا ئەرکێکی گەورەی کۆمۆنیستیە.
١٩-١١-٢٠١٦

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *