قسەیەك لەسەر پەیامەکەی بارزانی بۆ ڕای گشتی

موحسین که‌ریم:

بارزانی لە پەیامەکەیدا کە تەرخانی کردبوو بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی و کێشەی مووچە و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر چەند تەوەرێکی وروژاند. لەوانە سەرچاوەی قەیرانەکانی بەپلەی سەرەکی گێڕایەوە بۆ هۆکاری دەرەکی وەکو ” پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە.” بە پلەی دووەمیش بۆ ” ململانێی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم.”

وەڵامێکی سادە بۆ بارزانی ئەوەیە کە بۆچی ئەو فاکتەرانە وایکردوە ئێوە مووچەی (٤) مانگی ساڵی پاری دەیان هەزار فەرمانبەرو مامۆستاو خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و دەستبەری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهید کەخۆتانی بەسەر خەڵکدا پێوە بائەدەن، بخۆن و مووچەی ئەمساڵیش بکەن بە نیوە و چارەکە مووچە، کەچی هێشتا مووچەی مانگی ٥ و ٦ ی هەندێ بەشی مووچەخۆرانتان نەداوە!؟ ئەگەر دەڵێی خەرجی شەڕتان لەسەر بووە، خۆ مووچەی پێشمەرگەش وەکو باقی مووچەخۆران نادەن و ئەوەشی دەیدەن لە ئەمریکا وەرتان گرتوە لە پاداشتی بەشداریکردنتان لە جەنگی موسڵ لەژێر سەرکردایەتی ئەمریکاو بۆ بەرژەوەندی ئەو. هەر خۆشتان دەڵێن ووڵاتانی دنیا هاوکاری پێشمەرگە دەکەن و بەقسەی خۆتان بێت چەك و تەقەمەنیەکەشتان هەر بەلاشە! بێجگە لەوە ئەو شەڕە گەورەو پڕخەرجانە کامەیە کە ئێوە کردتان!؟ خۆ حکومەتی عێراق کە ئەویش وەکو ئێوە کۆمەڵێك مافیای دەسەڵاتن زۆر لە ئێوە زیاتر روبەرووی شەڕی داعش بونەتەوەو بە تەئکید خەرجی جەنگیان زۆر لە ئێوە زیاترە، ئەی بۆچی ئەوان کلك و باڵی مووچەیان نەکرد وەکو ئێوە کردتان!؟ ئەگەر باسی دابەزینی نرخی نەوت دەکەیت، خۆ حکومەتی عێراقیش هەمان کێشەی هەیە. رەنگە نەوتەکەی ئێوە چونکە قاچاخە، قاچاخچیەکانی شەریکتان پارەکەی لەگەڵتاندا بەش دەکەن و ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە هەر بەشی خۆتان دەکات و هیچی بۆ خەڵك نامێنێتەوە! ئاوارەکانیش ئەگەر خێریان بۆ ئێوە نەبووبێت قورساییەکی داراییان بۆ دروست نەکردوون، چونکە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان زۆربەی هەرە زۆری خەرجی دارایی ئەوانیان لە ئەستۆگرتوەو بەشێکیشیان بە رەنج و کاری خۆیان خۆیان و خێزانەکانیان ژیاندوەو بگرە لە رووی ئابوریەوە سودیان بۆ بازاری کوردستان هەبوە. خەڵکی سادە دەڵێت ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە، بازاڕەکانی کوردستان ئەوەندەی دیکە تووشی سستی و راوەستان دەبێت! ئەی دەکرێت بپرسین ئەم هۆکارانە چەندە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی سامان و موڵك و داهاتی کۆمپانیاو بیرە نەوتەکان و مۆڵ و وەبەرهێنانە دەرەکیەکانی خۆتان و دەوربەرتان و شەریکە سیاسیەکانتان کردوە!؟

سەبارەت بە چارەسەری هۆکاری دووەمی قەیرانەکە دەڵێت:” حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێك بكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتاكاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ..”

لەم تەوەرەدا بارزانی وەکو حەکیم دەردەکەوێت و پێشنیار دەکات بۆ حزبەکان، بە حزبەکەی خۆشیەوە، وەکو ئەوەی کە ئەو بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی حزبەکەی نەبێت و فازڵ میرانی خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت، کە پێکەوە کۆببنەوەو کێشەکان چارەسەر بکەن و لەو بارەوە پێشنیاری خۆشی دەخاتە بەردەمیان، کە وەکو خۆی دەڵێ پێداگرتنە لەسەر هەڵوێستەکەی پێشووی و بێگومان هەڵوێستی پارتیش دەبێت لەهەر گفتوگۆو کۆبونەوەیەکی داهاتووی نێوان حزبەکاندا.

بەدەر لەوەی ئەم پێشنیارەی بارزانی لە دڵسۆزی ئەوەوە نیە بۆ چارەسەری کێشە راستەقینەکانی پەیوەست بە ژیان و گوزەران و شکۆو ئازادیی خەڵک و ئامانج و ئاکامەکەشی ئەوە نابێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە بارزانی تۆپەکەی هەڵداوەتەوە بۆ بەردەم گۆڵی رکابەرەکانی (گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکان) کە هەموو کێشەکانی کوردستان دەسبەستنەوە بە کورسیەکەی مەسعود بارزانیەوە. ئەگەرچی مەرجی بارزانی ئەوەیە کە سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕدرێت بۆ کەسێکی دیکە، چونکە وەکو خۆشیان دەڵێن و هەموو کەسیش دەزانێت پێدانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان لەسەر بنەمای رێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بووە، کە بەپێی مەبدەئی تەوافوقی نێوانیان پۆستەکانیان دابەش کردوە.. پارتی دەڵێ ئەو تەوافوقە لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاوەتەوە، کەواتە ناکرێ گۆڕان ئینکاری بکات کە یوسف محمد سەرۆکی شەرعی پەرلەمانە، بەڵکو سەرۆکی بەتەوافق دانراوی پەرلەمانێك بوو کە پارتی بەهاوکاری خودی گۆڕان و ئەوان دیکە (٣٨) کورسی بۆخۆی مسۆگەر کرد!

بەڵام خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە دەڵێت با کەسێك بۆ جێگای وەکو سەرۆکی هەرێم دابنێن! ئەمە ئەسڵی مەسەلەکەیە. ئەگەر ئەو حزبانەی کە خۆڵیان دەکردە چاوی خەڵکەوەو دەیانوت ئەگەر پەرلەمان کارابکرێتەوەو مەسعود بارزانی واز لە پۆستەکەی بهێنێ، ئیتر قەیران لە کوردستان باردەکات و بەهەشت دێتە سەر زەوی! ئایا ئێستا بیانویەك ماوەتەوە بۆئەوەی ئەو چاکەیە لەگەڵ خۆتان و خەڵکیشدا نەکەن و کەسێك بۆ جێگای بارزانی دەست نیشان بکەن!؟ ناکرێ گۆڕان بیانوی گەڕانەوەی یوسف محمد وەکو سەرۆکی پەرلەمان بهێنێتەوە، ناشکرێ یەکێتی بیانوی ئەوە بگرێ کە کۆسرەت رەسوڵ، وەکو جێگری سەرۆکی هەرێم، لەپۆستی سەرۆکی هەرێمدا لەجیاتی مەسعود بارزانی دابنرێ، چونکە لەراستیدا هیچکات کۆسرەت لە دنیای واقعدا جێگری سەرۆکی هەرێم نەبووە و تەنها بۆ دڵدانەوەی یەکێتی ئەو پۆستە تەشریفاتیەیان بۆ داناون و ئەوەی واقعی بووە رەنگە مووچەو نەسریەو ئەو شتانە بێت.

هەڵبەتە بەبڕوای من، وەکو پێشووتریش ووتومانە، سیستەمی سیاسی کوردستان سیستەمی حزبی چەکدارەو مەسعود بارزانی بەپێی پێگەی وەکو سەرۆکی پارتی کە خاوەنی پارەو هێزی دەیان هەزاری چەکدارە، پۆستی سەرۆکی هەرێمی لە رکابەرە کۆنەکەی تاڵەبانی وەرگرتوە، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ خۆی و دوای ئەویش بۆ فوئاد مەعسوم کە لەناو خەڵکدا بە سەرۆکە بێدەنگەکە ناسراوە! هیچ کام لەو هێزانەی دیکەی رکابەری پارتی خۆشیان بڕوایان بەوە نیە بتوانن پۆستی سەرۆکی هەرێم لە مەسعود بارزانی وەربگرنەوە. پارتیش بێگومان ئەمە دەزانێت، هەر بۆیە بارزانی بێمنەتانە ئۆفەری پۆستی سەرۆکی هەرێمیان بۆ دەکات! ئەو قسانەی دەیکەن هەمووی بۆ “ئیستهلاکی جەماوەری” و بۆ چەواشەکاری و درێژکردنەوەی گەمە سیاسیەکانی نێوانیانە بەمەبەستی ئەوەی بەشێكی زیاتر لە دەسەڵاتی پارتی بپچڕن نەك پۆستەکەی بارزانی و بنەماڵەکەی!!

دەربارەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران بارزانی دەڵێت:” ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم…..”

ئەگەر فەرمانبەران و مامۆستایانی هەولێرو بادینان گوێیان لەو قسەیەی بارزانی بێت کە پشتیوانی لە ماف و خواستەکانیان دەکات لەبەرامبەر حکومەت دا، دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە کە بۆچی تائێستا بۆ داوای مافەکانیان نەهاتونە سەر شەقام و دەیان مانگرتن و خۆپیشاندان و رێپێوانیان سازنەکردوە!؟ ئەگەر دەڵێن ئاسایش و پاراستنی پارتی رێگا نادەن هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی جەماوەری سەربەرزبکاتەوە، دەبێ پێیان بڵێن: ئێوە فەرمانی”سەرۆك” دەشکێنن! “سەرۆك” پشتیوانی ئێمەیەو چۆن دەبێ بەپێچەوانی فەرمانی ئەوەوە بجوڵێنەوە!؟ ئەگەر بارزانی و دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە حزبەکەی، نەك پشتیوانی، بەڵکو رێگری بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرکوتی خەڵکی ناڕازییان نەکردایە، ئێستا شەقامەکانی هەولێر و دهۆك لەبەر خۆپیشاندەران وەکو دەوترێ “دەرزیت هەڵبدایەتە ئاسمان نەدەکەوتە سەر زەوی!”

لە کۆتاییدا سەبارەت بە شاری سلێمانی دەڵێت:”.. سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت.”

بارزانی دڵی بۆ خەڵکی سلێمانی ژان دەکات کە روبەرووی تیرۆری فکری بونەتەوە، چونکە داوای خواستەکانی خۆیان دەکەن و پێیان وایە حکومەت دەتوانێ مووچە دابین بکات، بەڵام نایکات! پێی وایە ئەم تیرۆرە دەبێ بشکێت! بەڵام بەپێی ئەزمونی خەڵکی کوردستان لەگەڵ پارتی و بارزانی، شکاندنی ئەم تیرۆری فکریە، بە تیرۆری جەستەو فیزیکی دەستەبەر دەکرێت! بۆئەوەی وەکو خەڵکی هەولێرو بادینان زوڵمیان لێنەکرێ و لەرووی فکرەوە تیرۆر نەکرێن! بەڵام ئەم قسانەی بارزانی ترسێکیشی تێدایە بەرامبەر بە خەڵکی هەولێرو بادینان.. ترسێك کە وەکو دڵسۆزی بۆ خەڵکی سلێمانی و هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی هەولێر و بادینان خۆی نیشان دەدات تا وەکو سلێمانی نەکەن!

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *