تێبینی:
ئه‌م باسه گفتوگۆیه‌كی ڕادیۆی پێشه‌نگه، له لایه‌ن خه‌سره‌و سایه‌وه، له‌گه‌ڵمدا سازكراوه. گفتوگۆكه له‌لایه‌ن ئاراز گه‌لاوێژ و ئه‌حمه‌د عه‌لی نووسراوه‌ته‌وه. پاشان خۆم دوای پیاچوونه‌وه بۆ شێوه‌ی نووسین ئاماده‌م كردوه. شایانی وتنه كه هه‌ندێ ئیزافات و ده‌ستكاری پێویست له‌م ده‌قه نوسراوه‌یه‌دا كراوە.
خه‌سره‌و سایه: هاوڕێ جەمال خۆتان دەزانن لە بارەی چەمکی سۆشیالیزمەوە بیروڕا و بۆچون و لێکدانەوەی جۆراو جۆر هەیە. سەرەتا پێم خۆشە لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم کە پێناسەی ئێوە بۆ سۆشیالیزم چیە، ئەم چەمکە لە باری مێژووییەوە لەکەیەوە پەیدا بووە و واتای چۆنی لی کەوتۆتەوە؟
جەمال محسن:
سۆشیالیزم لە یەک ڕستەدا بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەلومەرجی مەوجوودە بە مانای نەمانی هەلومەرجێکە کە مرۆڤەکانی بە بوونی خۆیان نامۆ کردووە بە مانایەک نەمانی بە کاڵا کردنی خودی کار و مرۆڤە. ئەگەر وەکو پێناسەیەکی گشتی سەیری بکەین بۆ نموونە ئەبینین رۆژانە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا دەچنە سەر شوێنی کارەکانیان، كار ئه‌كه‌ن و بەرهەم ئەهێنن بەڵام بۆ خۆیان ئەو شته‌ی کە بەرهەمیان هێناوە و کرێیەکی زۆر کەمیشیان وەرگرتووە له‌به‌رامبه‌ریدا ئەبێت بڕۆن لە بازاردا بەو پارە کەمەی کە وەریان گرتووە بیکڕنەوە. وە تەنانەت جاری وا هەیە توانایان بە سەر کرینی ئەو مه‌وادانه‌دا ناشکێتەوە. بۆیە لە نێو خودی ئەم سیستمه‌دا مرۆڤ ئەبینیت خۆی لە ناو پرۆسەی بەرهەمهێناندا بێبه‌شه لە شتێک کە خۆی خوڵقێنەریەتی. ئه‌مه‌ش نامۆ بوونی مرۆڤە و بەمجۆره خودی مرۆڤ و توانا و هێزی کارەکەی بەکاڵا کراوە. سۆشیالیزم به شێوه‌یه‌كی گشتی یانی سەر لە بەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەلومەرجەی کە ئەمەی تیا بەوجوود هاتووە. هه‌روه‌ك ماركس له ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانیدا ئه‌ڵێ: ’’بۆ ئێمه كۆمۆنیزم هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵه په‌یوه‌ندیه‌ك نیه كه ئه‌بێ دابمه‌زرێنرێن، نمونه‌یه‌ك (یان ئایدیاڵێك) نیه كه ئه‌بێ واقع خۆی له‌گه‌ڵدا ڕێبكبخات. ئێمه كۆمۆنیزم به‌و بزووتنه‌وه واقعیه دائه‌نێین كه هه‌لومه‌رجی ئێستای شته‌كان هه‌ڵئه‌وه‌شێنێته‌وه. بارودۆخه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ی ئێستا وجودیان هه‌یه سه‌رچاوه ئه‌گرێت.‘‘ (ماركس، ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی_ به‌شی پێنج، كۆكراوه‌ی كاره‌كانی ماركس و ئه‌نگڵس، به‌رگی ٥_ لۆڕینس&ویشت، ٢٠١٠، ل٤٩).
لە مێژوودا راستییەکەی سۆشیالیزم ئەگەر وەک چەمکێکی یا زاراوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی تەماشای بکەیت لە دوای شۆرشی فەرەنسییەوە له ساڵی ١٧٨٩ وە دوای ئەوەش شۆرشی پیشەسازی سەری و كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری مۆدێرن هاته كایه‌وه. ئەوکاتانەی کە ئیتر بۆژوازییەت سەری هەڵدا، هەژارییەکی بێ وێنە و نەبوونیەکی زۆردا، چینی پرۆلیتارییا و چینی کرێکار دروست بوون. لێكدانەوەی جیاجیا بۆ ئەم نەهامەتیانە بە دوای ئەم سیستەمە تازەیەدا هاتە پێشەوە. چەوساندنەوەی مرۆڤ ودابەش بوونیان مه‌یل یا با بڵێین ترێندی جیاوازی سۆشیالیستی سەری هەڵدا. زۆربوون لەو کەسانەی کە تەنانەت وەکو رائید یان پێشەوای ئەو مەیلە سۆشیالستیانە بوون، لەوانە رۆبەرت ئۆوین کە کەسێکی ئینگلیز بوو، فۆریه‌ی فەرەنسی پرۆدۆ‌ن، بلانك، لاسال، باكونین…. هتد ئەمانە لیکدانەوە و جۆری جیاواز بوون. ئەگەر فرسەت بێت حەتمەن دوایی دێینە سەری کە ئەم جۆرانە لە سۆشیالیزم چی بوون کە لەسەر مەسائیلی خەیاڵی لەسەر مەسائیلی یۆتوپیا یان لەسەر مەسائیلی دەست نەبردن بۆ ریشەکانی کۆمەڵگایە پێی خۆیان دانابوو یان خۆیان قایم کردبوو.
بیر کردنەوە لەوەی کە بۆچی مرۆڤ ئاوها چەوساوە بێت، بۆچی مرۆڤ دابەش ببێت، بۆچی مرۆڤ هەژاری بەسەردا بسه‌پێندرێت، بۆچی مرۆڤ نەتوانێت بەرهەمی خۆی ببێت یا هەتا ژیانێکی نۆرماڵ و باشی ببێت، بۆچوونی جیاجیای بە ناوی سۆشیالیزم و سۆشیالیستیەوە هێنابووە ئاراوە بەڵام هەموو ئەم بۆچوون و مەیلانە دواتر لە لایەن مارکس و ئەنگلسەوە چ لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزم و چ دواتر لە مانیفێستدا کە حەتمەن دێینە سەری درانە بەر رەخنە. وە با بڵین جۆریكی تر، ترێندێکی تر لە سۆشیالیزم یان با بڵێین لە کۆمۆنیزم هاتە ئاراوە. بەشێک لەو مەی لو بۆچونانە كاتی خۆی باسیان لەوە ئەکرد لە خەیاڵدا شتێک دروست بکەن کە خەڵک تیایدا خۆش بژی، واته ئەوەی پێی ئەووترا یۆتۆپیا یا باسیان لەوه ئەکرد کە دەوڵەت کۆنترۆڵی هەبێت بەسەر بەرهەمهێناندا، یان دابەشکردن یەکسان بکرێت و شتی لەم بابەتانە. بەڵام لە زۆر جێگادا مارکس و ئەنگڵس وەڵامی ئەم مەسەلانەیان دایەوە. من حەز دەکەم وەک یەک نموونە لەوانە بێنمەوە کە لە لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا مارکس بەتایبەتی وەڵامی پرۆدۆ‌ن ئەداتەوە. باسی ئەوەئەکا کە هەلومەرجی واقعی مادی کە سەرچاوەی پەیوەندیەکان چ پەیوەندیە مرۆییەکان چ پەیوەدنیە ئابوورییەکان نابینێ، جێگەوڕێگەی مێژوویی سەرهەڵدانی چینی کریکار یا وەک پرۆلیتاریا نابینێ. زۆرتر لە ئەقڵی موطڵەقەوە یا لە ئیلاهەوە سەیری ئەم مەسائیلانە ئەکات، سەیری نەبوونی و هەژاری و ئەم مەسائیلانە ئەکات. مارکس پێی وابوو ئەمە بیر تەسکیە، ئەمە تێنەگەیشتنە لە مێژووی مرۆڤایه‌تی، تێنەگەیشتنە تەنانەت لە کۆمەڵگا کە بنه‌مایه‌کی ماتریاڵی هەیە بۆیە هەموو ئەوانەی رەت کردەوە و ڕۆشنی كرده‌وه كه ئەمانە لە خەیاڵدا ئەژین.
وە هەتا دواتریش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا کە لە ساڵی ١٨٤٧نوسراوە وە لە مانیفێستیشدا کە لە ساڵی ١٨٤٨ شدا نوسراوە واتا مارکس و ئەنگلس سنوری رۆشنی خۆیان لەگەل ئەم جۆرە لە سۆشیالیزم‌دا داناوە و رۆشنیان کردۆتەوە. هه‌ربۆیه‌شه کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست بوونیان زۆرتر وه‌ك چەمکە سیاسیەکه به‌كارهێناوه. ئەگەر پێویست بێت دەتوانین بێینە سەر جیاکردنەوەی یان باسکردن لەهەریەک لەو ترێندە جیاوازانە.
خه‌سره‌و سایه: زۆر باشە هاوڕێ جەمال حەتمەن دێینە سەر ئەو لایەنانە کە جیگای ئاماژەی ئێوەیە بەڵام پێم خۆشە ئەو پرسیارەتان لێ بکەم کە هەیە سۆشیالیزم بە مەکتەبی فکری دەناسێنێت، هەیە بە جوڵاندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، هەیە بە ئامانجی سیاسی و ئیقتسادی واتا وەک بەدیلێک دەیناسێنیت. بە بڕوای ئیوە سۆشیالیزم کام یەک لەمانەیە؟
جەمال محسن:
سۆشیالیزم بە بڕوای من یانی خۆی لە خۆیدا نەفی کردنی هەلومەرجی مەوجود، هەڵوەشاندنەوەی هەلومەرجی مەوجود. به واتایه‌كی تر ناتوانی بڵێیت سۆشیالیزم مەکتەبی فکرییە ناتوانی بڵێیت شتێکە کە تۆ بێیت لەسەر بنه‌مای ئەکادیمیا و خوێندن و دیراسەییەوە بۆ مەسەلەکان بچیت. با لە ژیانێکی واقعی ئەمرۆییەوە سەیری بکەین، بۆ نموونە خێزانێکی کرێکاریت بەیانی کاتێک لە خەو هەڵدەستیت دەڕۆیت. به ڕووكه‌ش وا دیارە تۆ مرۆڤێکی ئازادیت لەبەر ئەوەی وەکو سەردەمی کۆیلایەتی کۆیلەی کەسێک نیت، کەسێک موڵکایەتی تۆ ناکات جسمییەن وەکو بوونت وە بەمانای تەنانەت سەردەمی فیودالیش وا نییە تۆ بچیت کارێک بۆ دەرەبەگ و ئاغاوات بکەیت. بەسەربەستی خۆت هەڵئەسی بازارێکی پر مونافەسە هەیە کە تۆ تیایدا ئازادیت برۆیت لەوێ نانی خۆت دەربێنیت بە مانای ئەوەی کە بچیت هیزی کارت بفرۆشیت. بەڵام لە کاتێکدا تۆ ئەگەر ئەو هێزی کارەت ببەیتە مەیدان، ئەگەر لێت بکڕدرێ ئەگەر پێویستیه‌ك بۆ کڕینی هێزی کاری تۆ لە بناغه‌دا هه‌ر هه‌بێ. خۆ گه‌ر نه‌بێ، ئه‌وا تەنانەت خودی وجودی فیزیکی تۆ لە ژێر پرسیاردایە. ئەمە پێچەوانەیە بەوەی کە مرۆڤ بۆ ئازادی ئەڕوانێ، ئەمە پێچەوانەیە بەوەی كه مرۆڤ ئەیەوێ خۆی وەک خۆی بێ، نامۆ نەبێ بە خۆی وە پێویستی نەبێ بەوەی کە بڕوات ژیانی ئەو ڕۆژەی خێزانەکەی و خۆی دابین بکات، بڕوات کرێی مانگانەی خانووەکەی پەیدا بکات، بڕوتا پێداویستی جلوبەرگ و پۆشین و خوێندنی منداڵەکانی دابین بکات، بەڵکو کار وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی بەرهەمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له هه‌لومه‌رج و ژیانی كۆمه‌ڵگای ژێر سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ئه‌بینرێ، ئه‌وه نیه كه كار بۆ كۆمه‌ڵگا بێ، بگره كار بۆ ئه‌وه‌یه به زیندوێتی بمێنیته‌وه. بۆیە ئەبێ ئەمە گۆرانی بەسەردا بێ. ئەمەش شتێک نییە مرۆڤ لە خەیاڵیدا پێی خۆش بێ، دابنیشێت وا بێت. ئەمە شتێکی ماددی و واقعییە. له‌وه‌دا مانا پەیدا ئەکات کە تۆ چۆن ئەژیت، چی جێگایەکت ئەبێت بۆ ژیان، چ جۆرە جلوبەرگێکت هەبێ. ئەسڵەن لە ژیانتدا بەختەوەریت، سەعادەت لە ژیانتدا مانای هەیە یان نا. بۆیە ئەمە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتیە خۆی سیستەمێک ئەمە بەڕێوە ئەبات، سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئابوری ئەمە ڕێک ئەخات لە بنەوە. كاتێكدا تۆ ئەم سیستەمه‌ت نه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیانتی تیا مه‌یسه‌ر نابێت، بتەوێت لای بەریت ئەمە شتێکی فکری و زەهنی نیە، شتێکی خەیاڵیش نییە، شتێکی واقعییە. وه‌ك پێویستی ئه‌بێ کە مرۆڤ بیر لە گۆڕینی ئەوە بکاتەوە.
بۆیە بەڵێ ئەتوانین بڵێین سۆشیالیزم رەوتێکی سیاسی کۆمەڵایەتییە وە هه‌ر به‌و پێیه‌ش كه ڕەوتێکی سیاسی کۆمەلایەتیه، بێگومان ئەڵتەرناتیڤە بۆ هه‌لومه‌رجێك کە ێیستا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و چینی پرۆلیتاریا تیایدا ئەژین. كه‌وایە تۆ ئەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە لە جێگەی ژیانێک کە ێیستا تیایدا ئەژیت تەنانەت ئازاد نیت لەوەی کە تواناییەک و هێزێکی کار کە هەتە بڕۆیت بەگەڕی بخەیت بۆ کۆمەڵگا، نەک بیفرۆشیت، نەک لێت بکڕدرێت، نەک ئەوەی کە ئامرازه‌كانی بەرهەمهێنان لە دەستی خودی تۆدا نییە، بۆیە تۆ ناچاریت بڕۆیت هێزی کارت عەرز بکەیت لە بازاڕدا تا بفرۆشرێت. کاتێك بتەوێت ئەمە لە سەر و بنەوە بگۆڕیت، ئیتر ئەمە ناتوانێت تەنها مەدرەسەیەکی فکری بێ. مەعلوومە بۆ ئەمە زانستێک پێویستە، مەعلوومە بۆ ئەمە ئایدۆلۆژیایەک لە پشتییەوە پێوستە، واته ئەوەی کە پێی ئەوترێت سۆشیالیزمی زانستی یان مارکسیزم کە وەکو چەکێکی تیۆری بەدەست ئەم چینەوە بێ ئەم کارەی پێ بکا. بەڵام خۆی لە خۆدا ئەمە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیەوە و بە چینێکی کۆمەڵایەتی کە چینی کرێکار و پرۆلیتاریایە ئەناسرێتەوە.
خه‌سره‌و سایه: هاوڕێ جەمال چەمکی سۆشیالیزم چ پەیوەندییەک لەگەڵ ئازادی و یەکسانیدا پەیدا ئەکات؟ ئێوە خۆتان ئەزانن کە باسی ئازادی لە روانگەی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئازادی سیاسی ئازادی هاتوچۆ ئازادی نیشتەجێبوون و ئازادی تاک باس لێوە دەکرێ هاوکات لە پەیوەند بە یەکسانییەوە ئێمە دەبینین بۆرژواریفۆرمیستەکان باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەکەن بەجۆرێک باس لە تەوزیعی عادیلانە ئەکەن. ئایا سۆشیالیزم ئەتوانێ نەوعێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێ؟ چ جۆرە ئازادییەکە؟ ئایا یەکسانی بە مانای ئەوەیە کە داهاتەکانی کۆمەڵگا بە یەکسان بەسەر تاکی کۆمەلگادا دابەش بکرێ لە کاتێکدا تاکەکان توانا و قودرەتیان چ لە سەرف کردنی کالاکان و پێداویستییەکاندا جیاوازە چ لەوەی کە ئیحتیاجاتی ڕۆژانەی خێزانەکان جیاوازییان هەیە؟
جەمال محسن
من پێش ئەوەی بێمه سه‌ر لایەنی مەسەلەی ئازادی و یەکسانی پێم خۆشە لەسەر چەمکی عەدالەتی ئیجتیماعی یان دادی کۆمەڵایەتی قسەیەک بکەم. من پێم وایە ئەم مەسەلەیە ناتوانێت چەمک و زاراوەیەک بێت بۆ کەسێکی کۆمۆنیست و سۆشیالیست کە بییەوێت وەکوو ئەوەی وتم ئەو سیستەمە هەڵبوەشێنێتەوە، چەمکێکی کارا بێت، با بپرسین بۆ؟ لەبەر ئەوەی دادی کۆمەڵایەتی ئەکرێت دابه‌شكردنی داهات بگرێتەوە، ئەکرێت کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر داهاتی کۆمەڵگا بگرێتەوە تەنانەت ئەوەی کە پێی دەوترێت شتی هەرەوەزی بگرێتەوە بەڵام هەموو ئەم مەسەلانە بنەمایەکی چینایەتی هەیە کە مارکس ئەمانەی داوەتە بەر رەخنە. من حەز ئەکەم لە مەفهومێکی یان با بڵێین بەکارهینانی شتێکی مارکسەوە دەست پێ بکەم کە له رەخنە لە بەرنامەی گۆتادا بە ڕۆشنی باسی ئەکات. بۆیە پێم باشە لێره‌وه ده‌ستپێبكه‌م كه بنه‌مایه‌كی فکری هەیە بۆ چوونە نێو ئەو دنیایەی کە با بڵێین دنیای سۆشیالیستیە. مارکس باس لە قۆناغی باڵاتری کۆمۆنیزم و قۆناغی نزمتری کۆمۆنیزم، واته ئەوەی کە پێی ئەوترێ سۆشیالیزم، ئه‌كات وەک قۆناغێکی ئنتیقالی بۆ کۆمۆنیزم. لەوێ باس لەوە ئەکات کە ملکەچ بوونی مرۆڤ بۆ دابەش بوونی کار وە ناكۆكیه‌ك کە لە نێوان کاری زەهنی و فیزیکیدا هەیە کاتێک کە ئەمە و ئەم دابەش کردنی کارە نامینێ، با بڵێین کار نەک ئەوە بێ لە پێناوی ژیاندا بێ بەڵام ئەبێ ببێ به پێویستیه‌کی سەرەکی بۆ هەموو کۆمەڵگا. وە کاتێک هێزەکانی بەرهەمهێنان بە جۆرێک زیاد ئەکەن کە بتوانن پێشکەوتنی تاکەکان و کۆمەڵگا دابین بکەن و بەم مانایە سەروەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا زۆر بە شێوەیەکی فراوانی زیاد ئەکا، تەنها لەو کاتەدایە کە ئیتر با بڵیین ئاسۆی تەسکی بۆژوازی ئەبێت تێ بپەرێنرێت (ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی گۆتا، به‌شی یه‌ك، له وێبلاگی ماركسیسته‌كانه‌وه ، به‌شی زمانی ئینگلیزی). بۆیە دێمە سەر ئەو مەفهومە گشتییەی کە هەمیشە بە دەستییەوە ئەگرین کە مارکس‌یش جه‌ختی لێ ئەکاتەوە هەر لێرەدا لەم بەشەی لە رەخنە لە بەرنامەی گۆتادا ئەلێ ’’هەر کەس بە پێی توانای خۆی وە هەرکەس بە گوێرەی پیداویستییەکانی خۆی‘‘ ئەمە ئیتر کاتێک کە هه‌روه‌ك پێشتر باسم کرد دابەشکردنی کاری هەڵوەشاندەوە سەروەتی کۆمەڵایەتی زیادی کرد، ناكۆكی چینایه‌تی نێو کۆمەڵگا کۆتایی پێهات، ئیتر جۆرێکی لی دێ مرۆڤ بە پێی ئەو تواناییه فیزیکی و مێشکییەی خۆی کە هەیەتی بەرهەم ئەهینێت بۆ کۆمەڵگا چ بەرهەمی کۆمەڵایەتی و ماتریاڵی بێ یا بەرهەمی فکری یان خزمه‌تگوزاری بێ. وە لە به‌رامبه‌ریشدا پێداویستی ژیانی بۆ چونە پیشەوەی پێشکەوتنی ئاستی کۆمەڵگا ئەڕواتە پێشەوە. هه‌تاكو كا‌تێك ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه هه‌یه هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه و مرۆڤ كار بۆ كۆمه‌ڵگا نه‌كات، ئیتر ئازادیش خۆ مانایه‌كی نابێ.
هه‌ر لێره‌شه‌وه مه‌سه‌له‌كه پەیوەست ئەبێتەوە بەمانای ئازادی و یەکسانییەوە. ئازادی هاتووچۆ، جلوبەرگ پۆشین، نیشتەجێبوون، کارکردن وهه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیان… هەموو ئەمانە باشن وە ئەمە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریشدا ئەگەر چینی کرێکار لە ئاستێکی باش‌دا لە گەشەدا بێ و فشاری هه‌بێ ئەتوانێت بیسه‌پێنێ بەسەر کۆمەڵگادا. به‌ڵام ئایا ئازادی به واتای فراوان و ته‌واوی وشه‌كه هێشتا ئه‌مانه‌یه؟ نه‌خێر، هەتاکو ئەو شتە نەبێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌خنه‌ی ماركسه‌وه ئاماژه‌م پێدا، واته ئەم بنەمایانەی ئەم کۆمەڵگایە هەڵنەوەشێتەوە دابەشبوونی کار دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگا کۆتایی پی نەیەت، ئازادی و یەکسانی مانایەکی تەواوەتی پەیدا ناکات. وە هێشتا مرۆڤ ئەبێ لە چوارچێوەی ئەو نامۆ بوونەی کە بۆ کاڵا هەیەتی، ئەو نامۆ بوونە بۆ هێزی کاری خۆی هەیەتی رزگاری بێت و بێتە دەرەوە. بە واتایه‌كی تر ئازادی هه‌روه‌ك مه‌نسور حكمه‌ت جه‌ختی لێ ئه‌كاته‌وه :’’یانی ڕزگاربوونی ته‌واو له هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئابوری، سیاسی و فه‌رهه‌نگی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری، یانی ڕزگاربوون له هه‌ر چی په‌یوه‌ندی و هه‌ر چی داموده‌زگای سه‌رکوتگه‌ر و دیلهێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازییه، یانی ڕزگاری له کۆیلایه‌تی کرێگرته، ڕزگاری له کۆت و به‌ندی چینایه‌تی، ڕزگاری له سه‌رکوت و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ری ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی، ڕزگاری له بێمافی سیاسی و کۆت و به‌ندی فه‌رهه‌نگی، ڕزگاری له داوی ئایین و له بیروڕا و قانوون و یاسا کۆن و دواکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێستا، ڕزگاری له چه‌وسانه‌وه‌ی ئایینی، میللی و نه‌ژادی، ڕزگاری له هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری له نه‌زانی و خورافات و به گشتی ڕزگاری له هه‌موو هه‌ڵاواردن و مه‌ینه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری.‘‘ هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه‌ش به پێویستی ئه‌زانم بۆ باسكردن له یەکسانی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مه‌نسور حكمه‌ت: ’’ یه‌كسانی ته‌نیا به مانای به‌رابه‌ری حوقووقی و قانوونی یان به‌رابه‌ری هاووڵاتی کۆمه‌ڵگایه‌ک له هه‌ر میلله‌ت و نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌کێک نییه، به‌ڵکوو به مانای به‌رابه‌ریبوون له ئیمکاناتی ماددیدایه، له ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و ئامرازانه‌ی که ده‌بنه هۆی هه‌ڵدانی توانا و لێهاتوویی فه‌ردی و کۆمه‌ڵایه‌تی. به مانای به‌رابه‌رییه له به‌رهه‌مهێنان و به‌ڕێوه‌چووندا، به‌رابه‌رییه له دیاریکردنی چاره‌نووسی ئابووری و سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای خۆیاندا_ به مانای به‌هره‌مه‌ندبوون له به‌هره ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کانی کار و تێکۆشانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، له خه‌بات به مه‌به‌ستی زاڵبوون به سه‌ر هه‌ر چه‌شنه دواکه‌وتوویی و که‌موکووڕییه‌کدا_ به مانای به‌رابه‌رییه‌که، ته‌نیا ئه‌و کاته به‌دی دێ، که خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیی بۆرژوازی به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵ بکرێته خاوه‌ندارێتی گشتی و هاوبه‌شیی هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی که له هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شدارن.‘‘ (مه‌نسور حكمه‌ت ده‌رباره‌ی دروشمی ئازادی، یه‌كسانی، حكومه‌تی كرێكاری، وێبلاگی مه‌نسور حكمه‌ت). كه‌واته یەکسانی لە دابینبوونی پیداویستیەکانی ژیان لە کۆمەلگادا وە ئەوەی کە هەموو مرۆڤەکان کار ئەکەن و کردویانە هەموو مرۆڤەکانیش بە گوێرەی ئەو پێویستیانە لەو کۆمەڵگایە بەرهەمی خۆیان و ژیانی خۆیان ئەچێتە پیشەوە. وه ئازادیش یانی ئازادبوون لە کۆت و بەندی ئابوری، ئازادبوون لەم دابەشبوونە چینایەتییە، ئازادبوون ئەوەی کە مرۆڤ لە سەربناغه‌ی ئه‌وه‌ی سەر بە چی چین وتوێژێکی کۆمەڵگایە جیاواز دابنرێ و دابه‌شبكرێ. هەتاکو کاتێک ئەمە نەبێ چەمکی ئازادی و یەکسانی ناتوانێ مانای پڕاو پڕی، ئەگەر بشێ ئەم وشه‌یە بەکاربهێنم مانای موطڵەقی ئازادی و یەکسانی ناتوانێ مانا پەیدا بکات هەتا کاتێک ئەم دابەشکردنە چینایەتییە لەم کۆمەلگایەدا ببێ. وە ئەمە مەسەلەیەکە کە زۆر بە ڕۆشنی لە هەموو ئەدەبیاتی مارکسیستیدا وە لە تیۆرییەکانی مارکسدا بەراستی جه‌ختی لێ كراوه‌تەوە كه زامن بوونی ئەم ئازادی و یەکسانییە تەنها بەوە ئەبێ. ئەمەش ئەو بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونەی سۆشیالیزمە کە لە بناغه‌وە ئەێیت دەستی بۆ ببرێت وە ئەبێ لە بناغه‌وە ئەم کارە لە کۆمەلگادا بکرێت. ئەمەش وەک وتم کاری چینیکە کە چینی کرێکارە. دابه‌شكردنی به‌رهه‌م و سه‌روه‌ت یان كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت ئه‌م كاره ناكات و ئه‌مه دابین ناكات.
خه‌سره‌و سایه: هاورێ جەمال ئێوە لە قسەکانی پێشووترتاندا باستان لە سۆشیالیزمی خەیاڵی کرد وە هەتا باستان لە رەخنەی مارکس بۆ ئەوەی وەک خۆی دەڵێ گێرانەوەی سۆشیالیزم بۆ قاعیدەیەکی زانستی تەواوی هەوڵەکانی ئەو بووە لە بەرامبەر لە رەخنەگرتن لە بیروڕاکانی سەردەمی خۆیدا. مارکس چۆن وە لە چ روانگەیەکەوە سۆشیالیزمی خستە سەر ڕێچکەیەکی زانستی وەکو تیئۆرێک، وەکو ئیکتیشافێکی زانستی هەروەک چۆن لە بوارەکانی بایۆلۆجی و فیزیا وکیمیادا هه‌یه. ئەو چ داهینانێکی کردووە، چی روانگەیەکی زانستی بەخشیوە بە سۆشیالیزم؟ بەواتایەکی دی ئەمەوێت بڵێم سۆشیالیزمی زانستی چۆن خۆی جیائەکاتەوە لە سۆشیالیزمی خەیاڵاوی پێش خۆی؟
جەمال محسن
بۆ ئەوەی بتوانین وه‌ڵامی ئه‌مه بده‌ینه‌وه، وا باشترە، وه‌ك له سه‌ره‌تاشدا وتم، بگەڕێینەوە سەر مانیفێست. لەوێ زۆر بە رۆشنی مارکس و ئەنگلس ئەو جۆرە ترێندە جیاوازانە، ئەو میلە جیاوازانە لە سۆشیالیزمیان داوەتە بەر رەخنە كه بە خێراییش بێت حەز ئەکەم بچمە سەری. سۆشیالیزمی رەجعی یا کۆنەپەرستانە کە لە مانیفێستدا ئەمانە دابەشکراون بە سێ بەشەوە، سۆشیالیزمی فیوداڵی کە ئەمانە ئەو کەسانەبوون نەهامەتییەکانیان ئەگێڕایەوە بۆ ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری هۆكاریه‌تی و پێیان باش بووە دووبارە سەردەم بگەرێننەوە بۆ پێش ئەوە. بە مانایەکی کە بیگێرنەوە بۆ نێو پەیوەدنیە فیوداڵیەکان کە گوایە ئەم ناخۆشی و نارەحەتیە نەبوون. وەک ئەوەی کە ئەنگلس ئەڵی ئەمانە کەسانێکن کە ئەگەر بێتە سەر ئەوەی شۆرشی کۆمۆنیستی چینی پرۆلیتارییا بکرێ ئەمانە ئەبن بە بەشێك لە دوژمنی ئەم چینە وە لە دژی شۆرشیش ئەوەستنەوە کەچی تا ئه‌و كاته خۆشیان بە سۆشیالیست ناو بردووە. تەنانەت ئەمانە بەشێک لە سۆشیالیستییە مەسیحییەکانیش ئەگرنەوە ئەگەر بگەرییتەوە بۆ بەند و ئایەتی نێو ئینجیلیش لەوێ ئەڵین ئەبێ هەموو باوەڕداران به‌شدار بن لە شوێنەکانی ژیانیاندا، ئەمە بەجیا لەوەی کە شتێکی رۆحی و خەیاڵی ئەوانە بەڵام بە ڕۆشنی لە مەسیحییەتدا بێجگە لە سواڵ و سەدەقە و مانەوەی هەژاری هیچ شتێکی تریان نییە. بۆیە ده‌ربڕینێکی خۆش هەیە لەناو مانیفیستدا ئەڵێ سۆشیالزمی مەسیحیەت هیچ نییە بێجگە لە کردنی ئاوی پیرۆز بە قینی ئەرستۆکراتەکاندا. (مانیفێست، به‌ندی سێ، ئه‌ده‌بیاتی سۆشیالیستی و كۆمۆنیستی، سۆشیالیزمی فیوداڵی). ئەرستۆکراتەکان کە مەوقیعەتی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیان لەدەست دەرچووبوو ئەیانویست هەلومەرج بگەرێتەوە بۆ ێیش خۆی بۆ فیوداڵیەت. بۆیه مانیفێست ئەڵێ ئەمەی ئەمانیش کە بەناوی سۆشیالیزمەوەیه وه‌ك هی مەسیحییەته‌كه وایه و بێجگە لەو ئاوە پیرۆزە کردنە بەو قینه‌ی ئەرستۆکراتەکادا هیچی تر نیە.
یەکیکی کە لەوانە سۆشیالیزمی وردە بۆژوازییە. لە دوای شۆرشی پیشەسازی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری و بازار و مونافەسە، وردە بۆژواکان یان ئەبوایە بەجۆرێک لەنێو ئەو مونافەسەی دروست بوبوو بچونایەتە سەرەوە و ببونایە بە بۆرژواکان یان ڕۆئه‌چوونە خوارەوە بۆ ناو چینی پرۆلیتاریا. ئەوانە خۆیان خەمی ئەوەیان بوو بە مانایەک بڵێم ئەگریان بۆ ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنانه‌ی لەسەردەمی پیشووتردا باوی بووە ئەیان ویست هەمان ئامرازە نوێیەکانی بەرهەمهێنان کە دروست بووە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەدارییەوه بگێرنەوە بۆ چوارچێوەی سیستەمی کۆن ئەوەش بێجگە لە دواکەوتوویی و خەیاڵ هیچ شتێکی تر نەبوو.
سۆشیالیزمی ئەڵمانی یا حەقیقی کە ئەمانە جۆرێك لە سۆشیالیزمی ئەوکاتی فەرەنسییەوە سەریان دەرهێنابوو بێجگە لەوەی کە هەلوو مەرجی واقعی مادیی ئەڵمانیایان هەڵنەسەنگاندبوو هەمان چوارچێوەی ئەو کاتەی ئەفکارەی سۆشیالیستە فەرەنسییەکانیان هینابوو بەڵام ئەوان بەرگێکی فەلسەفی ئەڵمانییان پێدابوو وە مەقولەی نامۆ بوونی مرۆڤ یا مرۆڤایەتیان هینابوە ئاراوە. مانیفێست ئەڵێ ئەوانە مرۆڤ تەنها لە فکری فەلسەفی خۆیاندا ئەبیننەوە نەک ئەوەی کە مرۆڤ سەر بە واقیعیکی کۆمەڵایەتییە، نەک ئەوەی کە سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتییە وە هه‌ربۆیه ئەوان ململانێی چینایه‌تییان نەئه‌بینی. ئه‌وان له دژی پرۆلیتارییا ئەوەستانەوە.
سۆشیالیزمی بۆژوازی یا محافە‌زە کار کە ئەمانە پێیان له سیستەمی مەوجوودا چه‌قاندبوو، ئه‌یانووت ئەم نەهامەتییانەی هەیە بەم جۆرە خراپە بۆ داهاتووی سەرمایەداری ئەبێ چاکسازی بکرێ. ئەم جۆرە مەسائیلانە ببرێتە پیشەوە و ژیانی خەڵک باشتر بکرێ و جگە لەوەی کە دەست بۆ هیچ پایەیەکی ئەم سیستەمە نابات یانی هەمان سیستەمەکەیان ئەوێ بەڵام وەک لە مانیفێستیشدا هاتووە ململانێی چینایەتی و توخمە شۆرشگیرانە و هەڵوەشێنەرەکانی ناو ئەم سیستەمە، واته چینی پرۆلیتاریایان، ناوێ. ماركس و ئه‌نگڵس له‌مباره‌یه‌وه ڕایئه‌گه‌یه‌نن كه سۆشیالیزمی بۆرژوازی بازرگانی ئازادیان ئەوێت گوایە لە قازانجی چینی کریکاردایە، واجباتی کۆمەڵگایان ئەوێت لە پێناو قازانجی کرێکاردا یان ریفۆرم کردن لە زیندان و قاننوونیاندا ئەوێ لە قازانجی کرێکاردا. بۆیە بە شێوه‌یه‌كی تەنز و تەوسەوە مانیفێست ئەڵێ ئەمانە لەو جۆرە لە سۆشیالیستانه‌ن کە بۆژوازییان ئەویت بۆ قازانجی کرێکار. ئەمەش ئیتر ئیمکانی نییە. رەخنە گرتن لەمانە یا سۆشیالیزمی خەیاڵی رەخنە گرانە وەکوو سیمۆن و فۆریه و ئووێن و ئەمانە هەموو لە مانیفێستدا باسکراوە. كاتێک مارکس و ئەنگلس دێن لێرەدا ئەم سنوور بەندییە جیا ئەکەنەوە ئەڵێن سۆشیالیزم ئەمە نییە سۆشیالیزم لە یەک رستەدا، یا کۆمۆنیزم لە یەک رستەدا، هەڵوەشاندنه‌وه‌ی کاری بەکرێیه، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتییە نەک ئەوەی گوایە خاوەندارێتی لە بۆرژوازی بسه‌ندرێتەوە جا ئەمە دابەش بکرێت بەسەر خەڵکدا. ئەمەی دوایی هیچ زانستیێكی تیا نییە، ئەمە خەیاڵە چۆن ئیمکانی ئەبێ؟ ئەمە وەک ئەو کۆمەڵگا خەیاڵیانە وایە کە فۆرییە و ئۆوین و ئەمانە دروستیان کردبوو لە خەیاڵی خۆیاندا کە کۆمیۆنیتی با بڵین هۆم کۆڵۆنیان دروست ئەکرد و شتی لەم بابەتانە، كه گوایه خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان له‌ناو خۆیان هاوكاری و هه‌ره‌وه‌زی ئه‌كه‌ن و هه‌رچیه‌كان هه‌بێ و ده‌ستبكه‌وێ له ناوخۆیاندا دابه‌شی ئه‌كه‌ن. ئەمە ئیمکانی نییە.
ماركس ئەڵێ چینی پرۆلیتاریای جیهانی لە چوارچێوەی هەلومەرجی نێو شۆڕشی پیشەسازییەوە کە هاتۆتەکایەوە چۆن چەوساندنەوە لەسەر بنه‌مای کاری بەکرێ داهاتووە لە به‌رامبه‌ریشیدا چینی پرۆلیتاری شۆرشگێر سەری هەڵداوە. ئەم چینی پرۆلیتاریای شۆرشگێڕە ڕووی لەوەیە حزبی سیاسی دروست بکات، ڕێکخراو دروست بکات، واته جوڵاندنەوەی سیاسی کە زۆر پێی لەسەر دائەگرێ و ئەڵێ ئەو باڵانەی تر لە سۆشیالیزم نەیان ئەبینی. ئه‌م چینه جووڵانه‌وه‌یەکی سیاسی بەرێ ئەخا وە بۆ ئەوه‌ی ئەم سیستەمە هەڵئەگێڕێتەوە و كاتێک سیستەمێک کە کاری بەکرێی تیایە تۆ هەڵی ئەوەشێنیتەوە و نایهێڵیت. ئەم ئاڵوگۆرە شۆڕشگێڕانەیە کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر بنه‌مای دابەشکردنی سەروەتەوە نا، لەسەر بنه‌مای ئەوە نا کە دەزگایەکی موشتەرەکی کرێکاران یا دەوڵەت دەست بەسەر شتەکاندا بگرێ، بگره لەسەر بنه‌مای ئەوەی کە به‌رهه‌م و سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئەبێتە موڵکی کۆمەڵگا. تا کاتێکیش ئەمە ئه‌بێت بێگومان پێویستە دەزگایەکی سیاسی، واته دەولەت، كۆنترۆڵی ئه‌مه بكات. ئەوەی کە لە قۆناغی سۆشیالیزم‌دا هەیە کە کۆنترۆڵی کرد بەسەر ئەمەدا بەرەو ئەوەی ئەبات کە ئەم پەیوەندیانە بە تەواوەتی لە یەک هەڵوەشێنێتەوە و تەنانەت خودی دەوڵەتیش ئیتر نامینێت. وەکو مارکس‌یش جه‌ختی لێ ئەکاتەوە ئەمەیە ئەو بنەما زانستیانە کە نەک تەنها لە مانیفێستدا، به‌ڵكو ئەگەر بگەرێیتەوە بۆ هەژاری فەلسەفە ئەگەر بگەرێیتەوە بۆ رەخنە لە بەرنامەی گۆتا یا هەتا باسە پایه‌ییەکانی تر، کە ئیستا حەتمەن کاتی ئەوە نییە، لە کاپیتاڵ و لە شوێنەکانی تردا مارکس لێکدانەوەی وردوو درشت ئەدا لەسەر ئەوەی کە کاڵا چییە، پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ بۆچی لەسەر بنه‌مای پەیوەندی ئابورییەوە هەیە لەسەر پەیوەندی خاوەندارێتی تایبەتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە هەیە… هیچ کەسێکی کە پێش ئەو، هیچ جۆریکی لەوانە کە خۆشیان بە سۆشیالیست و یان هه‌تا جۆرێك لە کۆمۆنیستە فەرەنسیەکانیش ناوبردبوو ئەم جۆرە لە تێروانین یان با بڵێین رەخنەی تیژیان وە رەخنەی شۆرشگێرانەیان لە سیستەمەکە نەئه‌گرت. هه‌ربۆیه خەتی ئەمان لە چاو سۆشیالیستەکانی تردا جیاواز بوو. ئەمە بوو بووە خەتێکی کۆمۆنیستی و هەر بۆیەشە بەراستی مانیفێستی کۆمۆنیست لەژێر ناوی مانیفێستی کۆمۆنیستدایە تاکو ئەم خەتە جیاوازە، ئەم جۆرە ڕەخنەیە لە رەخنەکانی پێشینەی خۆی جیا بکاتەوە و شتێکی جیاوازتر لە بەردەمی چینی پرۆلیتاریا و چینی کرێکاردا دابنیت.
خه‌سره‌و سایه: هاوڕێ جه‌مال هه‌روه‌ك له پێشه‌وه پرسیاری ئه‌وه‌م لێكردی كه به دوای مانیفێست چه‌ندین ڤێرژن و جۆری سۆشیالیزم سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌وانه سۆشیالیزمی چین، سۆشیالیزمی سۆڤیه‌تی، سۆسیال دیموكراته‌كان له ئه‌وروپا، هۆكاری چیه كه ئه‌م جۆره ڤێرژنانه له سۆشیالیزم له دوای مانیفێسته‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه؟
جه‌مال موحسن:
ڕه‌نگه هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره له سۆشیالیزم یا به ناو سۆشیالیزم كه سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن زۆر زۆر بێ وه لێره‌دا بواری ئه‌وه‌مان نه‌بێ، به‌ڵام ته‌نها بتوانین چه‌ند سه‌رخه‌تێكی بڵێین. شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر شۆڕشی چینی كرێكار بوو، شۆڕشی سۆشیالیستی بوو له باری سیاسیه‌وه سه‌ركه‌وتنی به ده‌ستهێنا ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕه‌خنه‌ی ئێمه، ڕه‌خنه‌ی كۆمۆنیسته‌كان له ته‌جروبه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئه‌وه‌یه كه شۆڕشی سۆشیالیستی چینی كرێكار له باری سیاسیه‌وه سه‌ركه‌وتنی به ده‌سهێنا، به‌ڵام له ڕوی ئابوریه‌وه نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتن به ده‌سبێنێ ، وه ئه‌و شۆڕشه له‌و شوێنه‌دا كه به‌رنامه‌ی سۆشیالیستی بتوانێ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و كۆمۆنیزم ببات شكستی هێنا. له‌وه‌ش زیاتر ناسیۆنالیزم به به‌رنامه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیه‌وه باڵی كێشا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا. به كورتی با بڵێین ئه‌مه‌یه، بۆ نمونه هه‌ر له‌و باسه‌ی ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی گۆتا ، ماركس ئه‌ڵێ له نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی كاپیتالیستی و كۆمۆنیستیدا ماوه‌یه‌ك هه‌یه یا قۆناغێكی ترانزیشناڵ )ئنتقالی) شۆڕشگێڕانه هه‌یه كه ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌گۆڕێ به‌ره‌و ئه‌و سه‌رده‌مه. واتا ئه‌مه هه‌م مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسیه له ڕێی ده‌وڵه‌ته‌وه وه هه‌میش گۆڕانكاریه‌كی ئابوریه. وه‌ك له پێشدا ووتم، گۆڕانكاری ئابوری به‌و مانایه‌ی كه تۆ ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه پێشووتر كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری له سه‌ر بنیاتنراوه كه هێزی كاری كرێگرته‌یه وه په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئه‌چێته پێشه‌وه ئه‌مه هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه. ده‌وڵه‌تێك كه له‌و كاته‌دا بوونی هه‌یه، وه‌كو مه‌شینێكی شۆڕشگێڕانه كاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌مه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه وه سه‌ره‌نجام خودی خۆشی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر به پێی پێناسه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ماركس بۆ ده‌وڵه‌ت بێ ، ده‌وڵه‌ت سه‌ركوتی چینێكه به سه‌ر چینێكی تری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگادا. بۆ چینی كرێكار له‌و كاته‌دا سه‌ركوت به مانا خه‌فه‌قان و كوشت و كوشتاره‌كه‌ی نا، به مانای ده‌ستكۆتا كردنی چینی بۆرژوازیه له‌وه‌ی كه دووباره كۆمه‌ڵگه بگێڕێته‌وه بۆ كاری به كرێ. یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئه‌وه بوو نه‌یتوانی ئه‌م كاره بكات. هه‌روه‌ها بۆ چین و بۆ كوبا ئه‌وانه زۆرتر كۆمۆنیزمی خه‌ڵكی بوون به تایبه‌ت بۆ چین زۆرتر له‌سه‌ر بنه‌مای جوڵانه‌وه و مافی جوتیاران بووه. له ڕاستیدا ئه‌وانه دوورن له ڕه‌خنه‌ی ماركسیستیه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری. وه‌ك هه‌ر ئێستاش ئه‌یبینی ئه‌گه‌رچی چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا ڕویداوه ئایا ئه‌وه‌ی كه له كوبا هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه له چین هه‌یه سۆشیالیزمه؟ كۆمۆنیزمه؟ زۆر له‌وه دوورتره، یه‌ك نمونه‌یه‌كی ساده وه‌ربگرین چین كه خۆی ده‌وڵه‌تێكی سه‌رمایه‌داری زلهێزه له جیهاندا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هێزی كاری هه‌رزان و سه‌ركوتكراو و خه‌فه‌كراوه‌ی چینی كرێكاری چینی ئه‌م تواناییه‌ی به ده‌سهێناوه. به ملیاره‌ها ملیار به‌رهه‌م نه ته‌نها له چوار چێوه‌ی چین خۆیدا، بگره ته‌نانه‌ت ده‌ستی كێشاوه بۆ ووڵاتانی ئه‌مریكای لاتین و كوێ و كوێی دنیا وه بازاڕی بازرگانی گه‌وره‌ی كردۆته‌وه. خۆ به‌رهه‌می ئه‌م مه‌سائیلانه، به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مانه بۆ خه‌ڵكی كرێكاری ئه‌و ووڵاته نیه به پێچه‌وانه‌وه كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی چینی به سه‌ر ته‌واوی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی چینی‌دا ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی نوقمی ئه‌م چه‌وسانه‌وه‌یه كردووه. مه‌سه‌له‌كه به‌جۆرێكه هه‌تا ئیتر ئه‌گه‌ر بڕۆیته سه‌ر ماف و مه‌سه‌له‌ی ڕێكخراو بوون و ده‌نگ هه‌ڵبڕین به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، كار ئه‌گات به حوكمی ئیعدامیش ، ئه‌مانه دوورن و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌سه‌ر سۆشیالیزم و كۆمۆنیزمه‌وه نیه. بۆ چی ئه‌مانه سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ له پرسیاره‌كه‌تدا وتت؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی كا‌تێك كه شۆڕشی چینی كرێكار ئه‌چێته پێشه‌وه بۆرژوازی به هه‌موو توانایه‌كیه‌وه ئه‌یه‌وێ ئه‌و سیسته‌مه بگێڕێته‌وه شوێنی خۆی، له لایه‌ك ئه‌یه‌وێ جوڵانه‌وه‌ی كرێكاری به لاڕێدا ببات و له ڕوی فیكری و تیۆریه‌وه به‌لاڕێیدا ببات، یان هه‌تا ئه‌سڵه‌ن هه‌ر بیه‌وێ پێش به شۆڕشی كۆمۆنیستی چینی كرێكار بگرێ. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه بۆرژوازی جۆرێكی تر له سیسته‌م دابمه‌زرێنێ به ناوی سۆشیالیزمه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵكی بدا…هتد. مه‌نسور حیكمه‌ت ئه‌یوت ناكرێ تۆ له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت وه‌ستانی خه‌ڵك بۆ نان ناو بنێی سۆشیالیزم، سۆشیالیزم ئه‌مه نیه، سۆشیالیزم ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌وبنه‌مایه‌ی ماركس كه ئه‌ڵێ هه‌ر كه‌س به گوێره‌ی توانای خۆی و هه‌ر كه‌س به گوێره‌ی پێویستی خۆی، مانای وایه من كه‌سێكم له كۆمپیوته‌ر ئه‌زانم، كه‌سێكم كه ئه‌توانم ئه‌ندێشه‌كانی مرۆڤ بخه‌مه سه‌ر كاغه‌ز، به‌رهه‌می فكری به‌رهه‌م بێنم چی ئه‌ده‌بی بێ شتێكی تر، ئه‌مه ئه‌كه‌م له ڕۆژدا به‌یانی ئه‌مه ئه‌كه‌م ، ئێواره ئه‌ڕۆم كارێكی تر ئه‌كه‌م. تواناییه‌كانم كۆمه‌ڵگه سازی ئه‌دا بۆ من بتوانم چه‌ند پیشه‌ی تری كۆمه‌ڵگه بزانم و له به‌رامبه‌ریشدا مرۆڤێكی موحتاج نیم له كۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه ڕوینه‌داوه له هیچ یه‌كێك له‌م ووڵاتانه‌ی كه به ناوی سۆشیالیزم و سۆشیالیستیه‌وه هاتوونه‌ته پێشه‌وه. یانی به مانا كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌یان نیه ئه‌مه به سۆشیالیزم ده‌رخواردی خه‌ڵكی بده‌ن. وه به داخه‌وه ئه‌وه‌ی كه سه‌ریان هه‌ڵداوه وه‌كو ووتم به سود وه‌رگرتن له ناڕه‌زایه‌تی واقعی چینایه‌تی كه له خودی چینی كرێكارا شه‌و و ڕۆژ قوڵپ ئه‌دا ئه‌وانه دێنه سه‌ر حوكم، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به هه‌ر حاڵ كه ئه‌حزابی تریش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م چینه به كار بهێنن ڕووپۆشێكی كۆمۆنیستی یا سۆشیالیستی بۆ خۆ شیرین كردن لای چینی كرێكار كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه پێك ئه‌هێنێ ئه‌ده‌ن به سه‌ر خۆیاندا. سه‌رده‌مێك بوو ناویان له خۆیان ئه‌نا سۆشیالیستی و چی و چی. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێ یه‌كێك له‌وانه‌ی كه ناوی سۆشیالیزم و سۆشیالیستی له خۆی ناوه حزبه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و حزبه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنه، حزبی به‌عسه به ناوی سۆشیالیستیه‌وه. چ فڕێكی به سه‌ر سۆشیالیستیه‌وه هه‌یه وكاتێك تۆ مرۆڤ بسوتێنی؟ ئه‌گه‌ر به پێی ئیحسائیه‌ی خۆشی بێ له سه‌دا ٥ ی به‌رهه‌مێك كه له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقدا به‌رهه‌م ئه‌هات بۆ ژیانی خه‌ڵكی سه‌رف ئه‌كرا، ئه‌گه‌ر چی له‌و كاته‌شدا له به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو وه نه‌وعێك له سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی عێراق بوو به سه‌ر ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كۆمه‌ڵگادا نه‌وعێك له ژیانی ئاسایی هه‌بوو. خۆشگوزه‌رانی نه‌بوو به‌ڵام جۆرێك له جێگریی بژێوی دابین كردبوو. به‌ڵام خۆ ئه‌وه سۆشیالیزم نه‌بوو، ناوی ئه‌و سۆشیالیزمه‌ی له خۆی نابوو تاكو بتوانێ له ژێر ناوی ئه‌وه‌دا ئه‌و هه‌موو حه‌قاره‌ته به مرۆڤ به‌رێته پێشه‌وه. هه‌م له ڕویه‌كه‌وه درێژه به سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ئه‌و جۆره له ژیانی مرۆڤ ئه‌دا وه هه‌میش له‌و لاوه ئه‌وه به خه‌ڵك ئه‌فرۆشێته‌وه كه ده‌ی به‌ڵێ فه‌رموو ئه‌وه‌تا، ئه‌وه سۆشیالیزمیش ئه‌وه بوو. هه‌ر بۆیه ئێستا ته‌نانه‌ت ئه‌ركی كۆمۆنیسته‌كانیش قورس‌تر بووه، له لایه‌ك ئه‌بێ هۆشیاری چینایه‌تی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش به‌رزبكه‌ینه‌وه و بڵێین ئه‌وه‌ی كه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ڕویدا، ئه‌وه‌ی كه له چین هه‌یه ، له كوبا و له هه‌ر شوێنێكیتری دونیا به ناوی سۆشیالیزمه‌وه هه‌یه، دوورونزیك په‌یوه‌ندی به سۆشیالیزمه‌وه نیه. وه ئه‌وه دووباره هێشتنه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری و هێشتنه‌وه‌ی كاری به كرێ و كۆیله بوون و دابه‌شبوونی مرۆڤه له سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی. له لایه‌كیشه‌وه هه‌ر ئه‌م چینه هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری چینایه‌تید، چینی كرێكارێكی ڕێكخراو له ڕێكخراوه حزبی و غه‌یره حزبیه‌كانی خۆیدا بهێنینه ئاراوه بۆ به‌رپا كردنی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه مرۆڤایه‌تی پێویستی پێیه‌تی. بێگومان ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێ ئه‌ركی سیاسی و كۆمه‌یه‌ڵایه‌تی ئه‌گرێته‌وه كه ئه‌وه‌یان ئه‌بێ به باسێكی تر.
خه‌سره‌و سایه : هاوڕێ جه‌مال ئێوه له قسه‌كانتاندا ئاماژه‌تان به‌وه كرد كه سۆشیالیزم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كاری به كرێیه. ئه‌مه جه‌وهه‌ری ڕه‌خنه‌ی ماركسه له هه‌موو جۆره‌كانی تری سۆشیالیزم، به‌ڵام هێشتا ئه‌و پرسیاره ده‌مێنێته‌وه كه ئایا سۆشیالیزم وه‌كو سیسته‌مێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیقتیسادی، به ڕای ئێوه چی چوارچێوه‌یه‌ك هه‌یه سۆشیالیزم وه‌ك سیسته‌م. له چوارچێوه‌یه‌كی گشتیدا ئه‌گه‌ر بكرێ لای ئێوه پێناسه‌ی بكه‌ن بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م باسه سوپاستان ئه‌كه‌ین.
جه‌مال موحسن:
به‌ڵێ، ڕاستی وه‌ك خۆشت وتت ڕه‌نگه مرۆڤ بتوانێ زیاتر چوارچێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه باس بكات. منیش ئاماژه به چه‌ند خاڵێك ئه‌ده‌م. وه‌ك له پێشتردا جه‌ختمان له‌سه‌ر كرده‌وه، سۆشیالیزم یانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌یه . هه‌لومه‌رجێك كه هه‌یه، سه‌یركه مرۆڤ كۆیله‌ی كاری به كرێیه، هه‌رچی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه ، هه‌رچی ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه، هه‌رچی یاسا و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و ئایدۆلۆژیا و فكر و… هتده لێره‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ . بۆیه كا‌تێك ئه‌م بنه‌ما ئابووریه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری كه كاری به كرێ هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش گۆرانكاری به سه‌ر دێت له هه‌موو ڕوویه‌كیه‌وه، سیاسی و فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و … جا مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كا‌تێك مرۆڤ كه ئێستا بۆ خۆی وه‌ك پێشتریش وتم بۆ خۆی ناژی، بۆ خۆی ئازاد نیه ، كار له پێناو په‌یدا كردنی ژیان و بژێویتدایه، ئه‌مه گۆڕانی به سه‌ردا دێت. كا‌تێك له سۆشیالیزم‌دا كه كۆمه‌ڵگه ئه‌بێته كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌موو مرۆڤه كاركردووه‌كان، هه‌موو مرۆڤێك ئه‌بێ كار بكا، هه‌موو مرۆڤێك ئه‌بێ به‌شداری بكا له به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیه كانی كۆمه‌ڵگادا. به‌رهه‌م ئه‌و كاته له پێناو پێداویستی كۆمه‌ڵگادایه ، له پێناوی به كارهێنانی ئه‌و ئیحتیاجاتانه‌یه كه مرۆڤ بۆ ژیانی، بۆ خۆشی، بۆ ڕیفاه ، بۆ هه‌ر شتێك كه پێویستی پێیه‌تی، كا‌تێك هه‌مووان به‌شدار ئه‌بن له كاردا ، وه هه‌مووانیش له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی باسمان كرد ، هه‌ر كه‌س به پێی توانای و هه‌ر كه‌س به گوێره‌ی پێویستی خۆی ، ژیانی مه‌یسه‌ر ئه‌بێ. بازاڕێك نابێ تۆ بچی به پاره پێداویستیه‌كانتی لێ بكڕیت. ئیتر لێره‌دا تۆ پێویستت به كۆنترۆڵی چینێك به سه‌ر چینێكدا نابێت، پێویستت به كۆمه‌ڵێكی كه‌م له كۆمه‌ڵگایه نیه ده‌ستیان به سه‌ر ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا گرتبێ، ئامرازی به‌رهه‌مهێنان موڵكی گشتیه هی هه‌موو مرۆڤه‌كانه و هیچ كه‌س دانانیشێ به بێكار، هه‌مووی كار ئه‌كا وه هه‌رهه‌مووی ژیانی مه‌یسه‌ر ئه‌بێ. بێگومان ئه‌مه سیسته‌مێكی خه‌یاڵی نیه، سیسته‌مێكه له سه‌ر بناغه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادی و ئیراده بۆ مرۆڤه. ئه‌و كاته مرۆڤ ئیراده ئه‌كات چی جۆرێك له ژیانی پێویسته، چی جۆرێك ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگای ئه‌وێ، حه‌تمه‌ن ئاڵۆزیه‌ك كه ئێستا له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا هه‌یه چاره‌سه‌ر ئه‌كرێ به شێوه‌یه‌كی به كۆمه‌ڵ. به‌ڵام ژیانێكی ڕێكوپێكی پلانداڕێژراو ئه‌بێ، وه‌كو ئه‌نگڵسیش باسی لێئه‌كا (پلانپرۆگرام) پڕۆگرامی به ڕه‌وه بردن خه‌ڵك خۆی دایئه‌نێ. به‌ڵام من حه‌ز ئه‌كه‌م لێه‌دا ئاماژه به شتێك بكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ناتوانێ، یه‌عنی تۆ ئه‌گه‌ر كۆمۆنیستیشیت و ئه‌زانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه چوارچێوه گشتیه‌كه‌ی ئه‌مه ئه‌بێ، به‌ڵام ناتوانی له ئێستاوه پلان، چ پلانی ئابوری یا كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌رچیه‌ك بێ ، سه‌رخان و ژێرخانی ئه‌و كاتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له ئێستاوه دابنێی. یانی ئه‌و كاته مرۆڤه‌كان خۆیان ئه‌زانن به گوێره‌ی پێداویستیه‌ك كه له‌و ژیانه پێویستیان پێیه‌تی چیه وه ئیحتیاجیان به چیه‌و وه چۆن به‌رهه‌مێك به‌رهه‌م ئه‌هێنن. من حه‌ز ئه‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه بۆ نمونه‌یه‌ك له قسه‌كانی مه‌نسور حیكمه‌ت له بابه‌تی دووباره خوێندنه‌وه‌ی كاپیتاڵدا باسی لێئه‌كات و نمونه‌یه‌كی زۆر سه‌رنج ڕاكێشه. باس له‌وه ئه‌كات كه ئه‌ڵێ، ئه‌ویش له سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماركس له ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانیدا، ئه‌وه ئابووری و بنه‌مای په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌كانی كۆمه‌ڵگایه كه په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر دیاری ئه‌كات نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. مه‌نسور حیكمه‌ت نمونه‌ی ئه‌وه ئه‌هێنێته‌وه كه ئه‌ڵێ كه‌سانێك ئێستا بیانه‌وێ فیلمێك ده‌ركه‌ن له سه‌ر هه‌ساره‌یه‌كی تر كه ئه‌ڕۆن بۆ ئه‌و هه‌ساره‌یه له‌وێ، ئیتر ئه‌ڵێن ئێمه له‌وێ ژیانێكی تر دروست ئه‌كه‌ین. تۆ كه سه‌یری فیلمه‌كه ئه‌كه‌ی چونكه ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤه‌كانه كه له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێستادان كه په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان په‌یوه‌ندی سه‌رمایه‌داری دیاریكردووه، وا بیر ئه‌كه‌نه‌وه له ناو ئه‌و فیلمه‌شدا په‌یوه‌ندی ژن و پیاو، په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان، قسه‌كردن له سه‌ر عیشق و خۆشه‌ویستی، مرۆڤایه‌تی چوارچێوه‌كه‌ی ئه‌و فیكره‌یه‌یه كه ئێستا له كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ریدا دیاریكراوه، بۆ وایه؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ ناتوانی بۆ ئه‌و كاته‌ی، ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ ئه‌و هه‌ساره‌یه، بۆ ئه‌و شته‌ی تر دیاری بكه‌ی. ئه‌مه وه‌ك نمونه‌یه‌كی خه‌یاڵی نایڵێم، یان مه‌نسوری حیكمه‌تیش وه‌ك ئه‌وه نایڵێ، به‌س وه‌ك نمونه‌یه‌كی واقعی كه تۆ له سبه‌ینێی سۆشیالیزم‌دا ناتوانی بڵێی من سبه‌ینێ بۆریه نه‌وته‌كان وا لێ ئه‌كه‌م له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق و كوردستاندا ، من سبه‌ینێ فڵان وا لێئه‌كه‌م. ئه‌توانی پلانێكی گشتی به ده‌سته‌وه بده‌ی. سه‌ره‌نجام شتێك كه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌رهه‌می سروشتیه، یا خود به‌رهه‌می كاروداهێنانی مرۆڤه بۆ مرۆڤ خۆی ئه‌بێ. له‌مه زیاتر پێویستت به‌وه نابێ بیر بكه‌یته‌وه بڵێی له ئێستاوه ئه‌م شته و ئه‌و شته وا لێ ئه‌كه‌م. یه‌ك مه‌سه‌له كه موهیمه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چونكه له كۆمه‌ڵگای سۆشیالیستیدا پاره نامێنێ، بازاڕ نامێنێ، پێویستت به‌وه نابێ كه تۆ بۆ ئه‌وه‌ی شتێكت له ژیانتا بوێ بڕۆی بیكڕی، وه‌ختێك بازاڕ و پاره نه‌ما، تۆ كا‌تێك پێویستت به كۆمپیوته‌ره، ئه‌وه كۆمپیوته‌ره له به‌ر ده‌ستایه، كاتێ كه پێویستت به‌وه‌یه بڕۆی بۆ نمونه كارێك بكه‌ی، دكتۆرت پێویسته، تۆ پێداویستیه‌كانی له به‌رده‌مدایه ئه‌گه‌ر بته‌وێ بخوێنیت، تۆ ئیمكانیه‌تت له به‌ر ده‌ستایه بۆ هه‌ر چیه‌ك كه تۆ ئه‌یگری. به‌م مانایه ئه‌مه چوارچێوه گشتیه‌كه‌یه‌تی كا‌تێك كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆشیالیستیدا بازاڕ نامێنێ، كاڵا نامێنێ، په‌یوه‌ندی مرۆڤ له سه‌ر بنه‌مای دابه‌شبوونی چینایه‌تی یا كۆیله‌یی بۆ كرێ و بۆ كاڵا نامێنێ و به‌وجۆره‌ش هه‌موو ئه‌و مه‌سائیلانه‌ی تر به شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕانی به سه‌را دێت. ئه‌و باقیه‌كه‌ی له‌وێ مرۆڤه‌كان چ جۆره سیسته‌مێك ئه‌به‌ن به ڕێوه ، ئه‌وه مه‌علومه سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، جه‌ماعیه، له سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی شوراكانه‌وه‌یه، له سه‌ر بنه‌مای دیاریكردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌یه. خه‌ڵك بۆ خۆی دیاری ئه‌كا له شوێنێكدا كه ئه‌ژی، له شوێنێكدا كاروباره‌كانی یا كار ئه‌باته پێشه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه، به‌ڕێوه‌بردنی پێویسته، با بڵێین ئه‌دمینستره‌یشنێكی پێویسته. بۆ ئه‌مانه خۆی دیاری ئه‌كا ئه‌م مرۆڤانه ئه‌م ده‌وره‌یه دیاری ئه‌كه‌ن، ئه‌م مرۆڤانه ئه‌یبه‌نه پێشه‌وه و ده‌وره‌یه‌كی تر كۆمه‌ڵێك مرۆڤی تر ئه‌یبه‌نه پێشه‌وه. سه‌ره‌نجام به ئیراده‌ی ئازادانه‌ی مرۆڤ كار كردن ئه‌چێته پێشه‌وه، به ڕێوه‌بردن ئه‌چێته پێشه‌وه، یانی مرۆڤ ئازاده كه ئه‌وه‌ی پێویستیه‌تی له ژیانیدا به ده‌ستی بێنێ. من به‌م چوارچێوه گشتیه‌وه مه‌جبورم ئیكتیفا بكه‌م له‌به‌ر كات.
خه‌سره‌و سایه: هاوڕێ جه‌مال وه‌كو دوایین پرسیار، ئه‌گه‌ر ئه‌م سۆشیالیزمه‌ی ئێوه باسی ئه‌كه‌ن یه‌كێك بێ له‌و ئامانجانه سه‌ره‌كیانه‌ی خه‌باتی كرێكاران و كۆمۆنیسته‌كان له پێش چاوی خۆیان و بۆ كۆمه‌ڵگه دایانناوه، ئه‌م سۆشیالیزمه له چی ڕێگایه‌كه‌وه به ده‌ستدێ ؟ خه‌بات بۆ به ده‌ستهێنانی سۆشیالیزم له چی ڕه‌وه‌ندێكدایه؟
جه‌مال موحسن:
سۆشیالیزم شتێك نیه كه تۆ بتوانی به كوده‌تا به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نی، هه‌ر وه‌ك مه‌نسور حكمه‌تیش ئه‌ڵێ شتێك نیه تۆ بچی پاشایه‌ك ده‌رمانخوارد بكه‌یت و به‌یانی هه‌ستیت و بڵێی ئه‌وه سیسته‌م گۆڕاوه و ته‌واو. شۆڕشیش، شۆڕشێكی ئیراده‌گه‌ری و عه‌شوائی نیه وه‌ك ئه‌نگڵس له شوێنێكدا ته‌ئكیدی لێئه‌كاته‌وه، شۆڕش به پێی زه‌مینه‌كانی بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سازكردنی ئه‌و شۆڕشه له ناو كۆمه‌ڵگادا دێته پێشه‌وه. هه‌ر ئێستا زه‌مینه‌كانی ئه‌م شۆڕشه له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌مدا، له كوردستانه‌وه بگره، له عێراق و له هه‌ر ووڵاتێكیتری جیهاندا بگره، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌و ناكۆكیه چینایه‌تیه به‌وپه‌ڕی گه‌یشتووه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ملیۆنه‌ها مرۆڤ له برسا ئه‌مرن كه چی له كاتێكدا سه‌روه‌تی دونیا هه‌مووی لای چه‌ند كه‌سێكی كه‌م ، له ده‌یان كه‌س تێپه‌ڕ ناكا كۆبووه‌ته‌وه. یانی سه‌روه‌تی چوار پێنج ملیاردێری جیهانی به‌شی سێ به‌شی دانیشتوانی سه‌رگۆی زه‌وی ئه‌كات. كا‌تێك ئه‌م هه‌موو ناكۆكیه ئه‌بینی ئه‌و چینه پڕۆلیتاریا شۆڕشگێڕه، ئه‌و توخمه شۆڕشگێڕه‌ی ماركس جه‌ختی لێئه‌كاته‌وه كه له نێو ئه‌م سیسته‌مه‌دا وجودی هه‌یه، ئاماده‌یه. سه‌ره‌نجام زه‌مینه‌كانی ئه‌م شۆڕشه هه‌یه به‌ڵام شتێكی خۆبه‌خۆیی (عه‌شوائی) نیه، سۆشیالیزم تاكه رێگه كه به‌دیبهێنێ، شۆڕشه، شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكاره، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت شۆڕش بكه‌یت رێكخراوبوون پێویسته، ته‌نزیمات پێویسته، حزبی سیاسی پێویسته، حزبێكی سیاسی كه چینی كرێكار رێكبخا، حزبێكی سیاسی له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌شه پێشڕه‌وه له چینی كرێكار كه بۆچوونی سۆشیالیستی هه‌بێ كه ئه‌و سه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌می كاری به كرێی بۆ خۆیدا ناوه وه‌ك ئامانجێك، وه هه‌ر ڕیفۆرمێكیش له ڕاستای ئه‌مه‌دا بیكات ئه‌بێ بیگه‌یه‌نێت به‌و ئامانجه. بێگومان باشبوونی ژیانی هه‌نگاوه‌كانی باشتر و خێراتر ئه‌كات. بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه ئه‌و حزبه سیاسیه، ئه‌م چینی كرێكاره، ئه‌م به‌شه پێشڕه‌وه له چینی كرێكار و سۆشیالیسته‌كان، كۆمۆنیسته‌كان ڕێك ئه‌خات. حزبی سیاسی دروست ئه‌بێ وه كۆمه‌ڵگا به شوێن خۆیدا كێش ئه‌كات تاكو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و ئه‌و گۆڕانكاریه سۆشیالیستیه ببات، كه ئه‌ویش وه‌ك وتم ته‌نها به شۆڕشی چینایه‌تی چینی كرێكار ئه‌كرێ، ئه‌گه‌ر فرسه‌ت بێ هیوادارم له به‌رنامه‌ی تردا به تایبه‌ت ئه‌توانین بێینه سه‌ر شۆڕشی كۆمۆنیستی كه له مانیفێستی كۆمۆنیستیشدا زۆر ته‌ئكیدی لێئه‌كاته‌وه. ئه‌وه تاكه شۆڕشێكه ئه‌بێ كۆمۆنیسته‌كان هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بۆ بده‌ن. وه تاكه شۆڕشێكه كه ئه‌بێ دونیای سه‌رمایه‌داری له به‌رامبه‌ریدا بله‌رزێ. بێگومان ئێستا كرێكار خاوه‌نی هیچ شتێك نیه وه‌ك شتی ماتریال و مادی، خاوه‌نی هیچ شتێك نیه كه له ده‌ستیبدات، بۆیه له پێناوی به‌رپاكردنی ئه‌و شۆڕشه‌دا شتێكی مادی له ده‌ستنادات، به‌ڵام سه‌ره‌نجامی ئه‌و شۆڕشه دونیایه‌كی تر به دیدێنێ، ئاسوده‌یی و ئازادی و یه‌كسانی فه‌راهه‌م ئه‌كا بۆ كۆمه‌ڵگه. پرۆلیتاریا ئه‌بێ شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمۆنیستی خۆی به‌رپا بكات و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ده‌ستبهێنێ. هه‌روه‌ك مانیفێست پێداگری له‌سه‌ر ئه‌كات: ”یه‌كه‌مین هه‌نگاوی شۆڕشی چینی كرێكار به‌رزكردنه‌وه‌ی پرۆلیتاریایه بۆجێگه‌وڕێگای چینی ده‌سه‌ڵاتدار تا له جه‌نگیدا بۆ دیموكراسی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێ. پرۆلیتاریا سه‌روه‌ریه سیاسیه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه به‌كاردێنێ تاكو هه‌مو سه‌رمایه له بۆرژوازی بسه‌نێته‌وه، تاكو ته‌واوی ئامێره‌كانی به‌رهه‌مهێنان له ده‌ستی ده‌وڵه‌تی خۆیدا سێنتراڵیزه بكات (ته‌مه‌ركوز پێبكات)، واته پرۆلیتاریایه‌كی ڕێكخراو به وێنه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، وه تاكو سه‌رجه‌می هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به زووترین كات زیادبكات.” (مانیفێست، به‌ندی دوو، پرۆلیتاریا و كۆمۆنیسته‌كان).
خه‌سره‌و سایه: زۆر سوپاس هاوڕێ جه‌مال بۆ ئه‌و كاته‌ی به ئێمه‌تان به‌خشی.
جه‌مال موحسن: زۆر سوپاس بۆ تۆش هاوڕێ خه‌سره‌و.