گۆڕان نەگۆڕاوە، بزووتنەوەی جەماوەری گۆڕاوە!

رێبوار ئەحمەد

ئەم رۆژانە بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی کوردستان خەریکە لە رووی چۆنایەتیەوە هەنگاوێکی گرنگ بەرەوپێش هەڵدەگرێت. دروشمی “گۆڕان بۆیە گۆڕاوە، چونکە دەمی چەورکراوە” هەروەها “یەکگرتوو گۆڕان، سلێمانیان دۆڕان” و “یەکگرتوو راڕایە، قاچی لە هەردوولایە” هەرچەندە بەدەر نین لە خۆشباوەڕی و هێشتا نەیانتوانیوە دەستی بگات بە رەخنەیەکی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە لە ناسیۆنالیزمی ناڕازی و ئیسلامی سیاسی کە داوای بەشی زیاتر دەکەن لە دەسەڵات و داهاتی بە تاڵانبراوی کوردستان، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە لەو رێگایەدا. بۆ ئەوەی ئەم رەوتی رەوینەوەی خۆشباوەڕیە بە ئاکامی دروستی خۆی بگات، دەبێ پەی بەو راستیە ببرێت کە لە راستیدا بزووتنەوەی گۆڕان نەگۆراوە، ئەم بزووتنەوەیە هەر لە رۆژی یەکەمی سەرهەڵدانیەوە بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی بووە لە پیناو شەریکبوونەوە لە دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد و مسۆگەرکردنی خواستی ئەو بەشە لە بۆرژوازی کورد کە لە بەشی خۆی لە دەسەڵات و داهات ناڕازیە. نە گۆڕان و نە ئیسلامیەکان هیچ کات بزووتنەوە و نوێنەری خەڵکی ناڕازی و بێدەرەتانی کوردستان نەبوون لە دژی زوڵم و ستەم و نەداری و تاڵان و سەرکوت و نابەرابەری، بەڵام بە ناحەق و بە هۆی خۆشباوەڕی خەڵک و ئاستەنگیەکانی بزووتنەوەی جەماوەریەوە، بواری ئەوەیان پەیدا کرد کە خۆیان سواری شەپۆلەکانی ئەم ناڕەزایەتیە بکەن و بەپێی مەرام و ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان ئاراستەی بکەن. ئێستاش ئەوەی گۆڕانی بەسەر هاتووە بزوتنەوەی جەماوەریە کە خەریکە چاوی لە ئاست ماهیەتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی ئەم لایەنە بۆرژوازیانەدا دەکرێتەوە.

نە بزووتنەوەی گۆڕان و نە لایەنە ئیسلامیەکان هیچ کات روون و راشکاو و پەیگیر لە پشتی هیچ خواست و ئامانجێکی پێشکەوتوانە و ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە و بێدەرەتانی کوردستانەوە نەوەستاون. ئەم جەماوەرە ئازدی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و یەکسانیان دەوێ، ئازادی لە سەرکوتی سیاسی، لە یاسا و نەرێتە دواکەوتوانە و کۆیلە هێنەرەکان، لە قەید و بەندی کۆنەپەرستانە و کۆت و بەندی سەرمایە و ئەو نەبەرابەریە ئابوریە قوڵەی کە بەشێکی نوقمی سەروەت و بەشێکی نوقمی هەژاری و نەداری کردووە. بەڵام ئەم لایەنە بۆرژوازیانە ئەم خواست و ئامانجانەیان داشکاندوە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی کۆنەپەرستانە و پوچ بە ناوی چاکسازیەوە. “بە دامەزراوەیی کردنی دەسەڵات و بە نیشتمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکانی ئیسلام..هتد ” کە دروشم و ئامانجە بەرجەستەکانی سەر ئاڵای ئەم لایەنانە بوون، هیچ پەیوەندیەکیان بە ئازادی راستەقینەی خەڵک و دەستەبەر بوونی ئامانجە یەکسانیخواز و خۆشگوزەرانەکانەوە نیە. بە دامەزراوەیی کردنی دەسەڵات بەبێ دەست لێدانی ناوەڕۆکی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانە و قەومپەرستانەی ئەم دەسەڵاتە داسەپاوە و کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی میکانیزمەکانی دەخاڵەتی خەڵک لە دەسەڵات و چارەنوسی خۆیان و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشت بەستوو بە ئیرادەی راستەوخۆی خەڵک، هیچ ئاڵوگۆڕێک لە ژیانی واقعی خەڵک پێکناهێنێت، بەڵکو تەنها چوارچێوەیەکە بۆ بەشدارکردنی گۆڕان و ئیسلامیەکان و شکاندنی قاڵبی پاوانکردنی دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە. بە نیستمانی کردنی هێزی پێشمەرگە هیچ مانا و دەسکەوتێکی بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی خەڵک نیە، بەڵکو مانا واقعیەکەی هەر ئەوەیە کە لە جیاتی ئەوەی چەک تەنها بە دەست یەکێتی و پارتیەوە بێت و بەم جۆرەش هێزە بۆرژوازیەکانی تر لە جێگایەکی لاوازتردا رابگرێن، چەک بە دەست هەموو بۆرژوازی کوردەوە بێت بۆ پاراستنی سیستەمی ئێستا و قەبڵاندنی بە خەڵک. پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان ئیتر راستەوخۆ لەژێرپێ نانی هەموو هیوا و ئاواتێکە بۆ ئازادی و بەرابەری و پێشکەوتنخوازی و تەنانەت کرانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. پاراستنی پیرۆزیەکانی ئیسلام یانی سەپاندنی کۆیلایەتی و هەڵاواردن لە دژی ژنان، یانی یاسایی کردنی ئەو کوشتاری ناموسپەرستانەیەی کە چارەکە سەدەیەکە ژنانی کوردستانی پێ ئەنفال دەکرێت، یانی بەکارخستنی پەروەردە و فێرکردن و قوتابخانە و مزگەوت بۆ بەرهەم هێنانی نەوەی تازە و بەردەوامی داعش، یانی سەپاندنی یاسا و داب و نەرێتەکانی داعش و جەهالەتی جەزیرەی عەرەبی ١٥٠٠ ساڵ لەمەبەر بەسەر کۆمەڵگا و خەڵکی مودێرنی کوردستان لە سەدەی بیست و یەکەمدا، یانی قەدەغەکردنی ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی دینداری و بێدینی، یانی داسەپاندنی جەزا و ملکەچی بەسەر خەڵکی غەیرە موسڵماندا..هتد

لە ئاستی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان یەکەم لایەنەکان بوون کە بزووتنەوەی ١٧ی شوباتیان بە ئاژاوەگێڕی ناوزەد کرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری سەرکوتکردنی. سەرئەنجامیش ئەو بزووتنەوەیەیان بەرەو هەڵدێر و ناکامی برد و لەسەر سکەی شکست رایان گرتوو و خەبات و خوێنی قوربانیەکانی ئەو بزووتنەوەیەیان کردە دەستمایەی ئەو قۆناغەی سات و سەودایان لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. کاتێک لە دوا سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بە مەرامی خۆیان گەیشتن لە شەریکبوونەوە لە دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی داسەپاودا، بەبێ ئەوەی یەک تاقە داخوازی خەڵکی بێدەرەتان دەستەبەر بووبێت، نەوشیروان مستەفا وەکو قسەکەری ئەم باڵەی بۆرژوازی بانگەوازی خەڵکی ناڕازی کرد دەست لە ناڕەزایەتی و خواستەکانیان هەڵگرن و “شەقام ئارام راگرن”، بۆ ئەوەی بێ سەرئێشە و پێکەوە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ناسیۆنالیزمی کورد بچەرخێنن و بەبێ گیروگرفت داهات و سامانی بەتاڵانبروای کۆمەڵگا لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. لە راستیدا “گۆڕان بۆیە گۆڕاوە، چونکە دەمی شیرێن کراوە”، دەکرا وەڵامێک بێت بۆ پەیامەکەی نەوشیروان کاتێک ٣ ساڵ لەمەوبەر دەستی گەیشت بە سوچێکی دەسەڵات، بانگەوازی کرد “شەقام ئارام راگرن”. ئەوکات خۆشباوەڕیەکی زۆر بە قسەکانی نەوشیروان و حکومەتی بنکەفراوان هەبوو، بۆیەش دیسانەوە رێگایان درا تا ببنەوە بە کرمی کرمۆڵکردنی داری ئازادی و لە هەستیارترین ساتەکانی بزووتنەوەی جەماوەریدا شکاندنی بایکۆتی جەماوەری بکەن بە دیاری دەستیان بۆ دەسەڵات و مایەی رازیکردنی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی بە مەرامەکانی خۆیان. هەڵبەت ئەم گورزە کوشندەیەی ئەم جارە سرەواندیانە بزووتنەوە جەماوەری، ئەگەر ببێتە ئەزمون و بەڵگەیەک بۆ دابڕانی یەکجاری بزووتنەوەی جەماوەری لە گۆڕان و ئیسلامیەکان و ئاسۆی سیاسیان، هێشتا دەکرێت ئەمە بە هەنگاوێکی گەورەی روو لە پێشی بزووتنەوەی جەماوەری هەڵسەنگێندرێت. ئەو گورزە گەورەیەی بە شکاندنی بایکۆت لە بزووتنەوەی جەماوەریان سرەواند، باجێکی گەورەیە کە ئەم بزووتنەوەیە دەیدات و دەبێ بیدات بە هۆی ئەو خۆشباوەڕیەی بە گۆڕان و ئیسلامیەکان هەیبوو. ئەگەر بەوەندەش دەستی ئەم لایەنانە لە یەخەی بزووتنەوەی جەماوەری ببێەوە، هێشتا مایەی دڵگەرمی و ئومێدەواریە بە سەرکەوتن. بەڵام ئەگەر دیسانیش بوارێک بۆ خۆشباوەڕی بمێنێ و رێگایەک بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کە جارێکی تریش دوای ئەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە رازی نەکران و بەم پێیەش دیسان بتوانن خۆیان بخزێننەوە بۆ ناو بزووتنەوەی جەماوەری و سواری شەپۆلەکانی ببنەوە، ئیتر هەر دەبێ چاوڕوانی ئەوە بکرێت دیسان لە داهاتوودا گورزێکی تر لەم بزووتنەوەیە بدەن.

بوونی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و نفوزی فراوانیان لە ناو بزووتنەوەی جەماوەری گرفتێکی گەورە و هۆکارێکی سەرەکی ناکامیەکانی تا ئێستا و ئاستەنگیەکی کوشندەی بزووتنەوەی جەماوەری ئەم چەند ساڵە بوو. ئەمانە بە پەیام و ئاسۆ و ئاڵایەکی کۆنەپەرستانەوە رۆڵی ئۆپۆزیسوێنی دەسەڵاتی ئێستا دەگێڕن. تەنانەت لە کاتێکدا کە هێشتا بە ئاست و شێوازی جیاجیا بەشدارن لە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تاڵانچی و ئامادەش نێن دەست لە هیچ ئیمتیازێکی بەشداریان لە دەسەڵات هەڵگرن، فرمێسکی تیمساحی بۆ بێدەرەتانی خەڵک هەڵدەوەرێنن. ئەم هێزە بەشدارانەی دەسەڵات کە هاوکات ئۆپۆزیسیۆن نمایی دەکەن، بەڵام ئیسلامیەکانیان زۆر لە یەکێتی و پارتی کۆنەپەرستتر و دواکەوتوترن، بزووتنەوەی گۆرانیش زۆر لە ئیسلامیەکان کۆنەپەرستتر و ئیسلامی ترە. گۆڕان لە ئیسلامیەکان راشکاوتر و توندتر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە بە داسەپاندنی پیرۆزیە ئاینیە کۆنەپەرستانەکان دۆزەخێک بۆ خەڵکی کوردستان بەرپا بکات کە تیایدا هەموو جۆرە ماف و ئازادی و رووناکیەک لە خەڵک قەدەغە بێت. ئەوەی ئەم بەرەیە خەوی پێوە دەبینن، لە داسەپاندنی پیرۆزیە ئاینیەکان، لە کردەوەدا دەکاتە کۆپیکردنی سیستەمەکانی سعودیە و جمهوری ئیسلامی ئیران لە کوردستاندا، ئەو سیستەمانەی کە لە دنیادا بە سیستەمی سێدارە و شمشیر ناسراون و قەبیحترینی ناو سیستەمە بۆرژوازیەکانی دنیای هاوچەرخن. بە راستی چ لایەنێکی باش و پۆزەتیف لەو رژێمە چەپەڵانەدا هەیە کە لەسەر بناغەی پیرۆزیە ئاینیەکان دامەزراون، تا گۆڕان و ئیسلامیەکان بیانەوێ بە نیشاندانی ئەوانە ئاوی تامەزرۆیی بخەنە دەمی خەڵکی کوردستانەوە. نمونەی هەرە ڕتوشکراوی سیستەمێکی ئیسلامی کە لایەنە ئیسلامیەکان خەونی پێوە دەبینن، ئەوەیە کە ئاک پارتی بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان لە تورکیا سەرقاڵی داسەپاندنێتی.

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئێستا لە تەنگانەیەکدا گیری کردووە، لە پێشدا دەبێ رابەران و هەڵسوڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە بە چاوێکی کراوە و دیدێکی شۆڕشگێڕانە لەم واقعیەتە بڕوانن و ئەم راستیە بسەلمێنن. چاوداخستن لە ئاست ئەم راستیە نەک هەر کۆمەک ناکات، بەڵکو هۆکارێکە بۆ قوڵکردنەوەی ناکامیەکە. بێگومان سەلماندنی ئەم راستیە تاڵە، بەڵام ناچاریەکە و حاشا لێکردنی بە زیانی گەورەتر تەواو دەبێت. پاش سەلماندنی ئەم راستیە دەبێ دەست بخرێتە سەر هۆکارەکانی و بیرکردنەوە لە چۆنیەتی هەڵتەکاندنیان. هۆکارەکان بریتین لە خۆشباوەڕی و گرفتاربوون بە ئاسۆ و سیاسەتی فریوکارانەی گۆڕان و ئیسلامیەکان کە بواری پێدان لە پشتەوە خەنجەر لە بزووتنەوەکە بدەن و بایکۆت بشکێنن، لە راستیدا ئەوان ئاشبەتاڵیان بەو بەشەی بزووتنەوەکە کرد کە گوێڕایەڵی ئەوان بوون. هەروەها هۆیەکان بریتین لە نەبوونی رەخنەیەکی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی کە ئەم بزووتنەوەیە ئاراستە بکات، بریتین لە نارێکخراوبوون و جیانەکردنەوەی ریزەکان لە ریزی بۆرژوازی ناڕازی. بریتین لە ونکردنی ئەو لایەنەی دەسەڵات کە دەبێ وەڵامی داخوازی خەڵک بداتەوە لە نێوان دەسەڵاتی خۆجێی و بارزانی و عەبادیدا. سەرئەنجام هۆکارێکی تر سەراسەری نەبونەوە لە هەمانکاتدا داماوکردنی بزووتنەوەکەیە بە بەهانەی سەراسەری نەبوونەوەی…هتد.

دەبێ دانبنرێت بەو راستیە تاڵەدا کە بایکۆت وەکو شێوازێکی دیاریکراوی گوشار دروستکردن لەسەر دەسەڵات لە ئێستادا بە بنبەست گەیشتووە، ئەگەر چارەسەرێکی دروستی بۆ نەکرێت و رێگایەکی تر نەگیرێتەبەر کە بەختی سەرکەوتنی هەبێت، ئەوە دوای ماوەیەک ئەم ناکامیەی ئەو شێوازە دیاریکراوە وەکو شکستێکی گەورە بەسەر بزووتنەوەکەدا دەشکێتەوە. پێداگری و بەردەوام بوون لە سەر شێوازێکی بە بنبەست گەیشتوو ناکامی بەدوادا دێت. بایکۆت لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دەسکەوتی بووە، لەوانە دەسەڵات چوەتە ژێرباری دروستکردنی چەک بۆ موچە بڕاوەکان بەناوی پاشەکەوتەوە، هەروەها گفتی دانی هەندێک دەرماڵە بە ماوەستایان،… ئیتر لەم هەلومەرجەدا ئەم شێوازەی خەبات شانسی پێشڕەوی زیاتری نیە و بە بنبەست گەیشتووە. یەکەم؛ لەبەر ئەوەی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکان نفوزیان لەم جوڵانەوەیەدا هەبوو وە ئەوان بایکۆتیان شکاند و لە پشتەوە گورزیان دا لە جوڵانەوەکە، پاشان لەبەر ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە بە داخستنی خوێندنگاکان و راوەستانی پرۆسەی خوێندن باکی نیە و راناچڵەکێت، هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەسەڵات توانیوێتی کەڵێن و ناکۆکی بخاتە نێوان ماموەستا و خوێندکار و خانەوادەکانیانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بزووتنەوەکە نارێکخراو و ریزەکانی پەرتوبڵا و بەم جۆرەش بە ئاسانی ناتوانێ رووبەرووی هەموو گرفت و رووداوەکان بێتەوە و لەبەرامبەریاندا یەکدەست و یەک قسە بێت. سەرئەنجام لەبەر ئەوەی هاوئاهەنگیەکی باش لە نێوان بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و بەشەکانی تری جەماوەری ستەمدیدە نیە. ئەمە جگە لەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە کێشەی خۆیان لەگەڵ بارزانی و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک لە ئاست دەسەڵاتی خۆجێی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە، چاوی ئومێدی خەڵکیان بڕیە عەبادی. ئەم گرفتانە هەر هەموو لە روانگەیەکی خاباتکارانەوە چارەسەر هەڵگرن، بۆیە باشتر وایە لە جیاتی چاوداخستن لە ئاستیان، بە چاوێکی کراوەوە سەرنجیان بدرێتێ و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵی چارەسەریان بدرێت.

لە پێشدا پێویستە رێکخراوەکان دابمەزرێن، رێکخراوەکانی کرێکارن و ماموەستایان و کارمەندان و خوێندکاران و ژنان. کۆبونەوە گشتیەکان بەرپابکرێن و لەسەر چوارچێوەیەک بۆ رێکخراوبونیان یەک قسە بنەوە و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی رابەری و سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان بکەن و بزووتنەوەکە لە بەرامبەر هەر مەسەلە و پرسێکدا کە دێتەپێشەوە پێشڕەوایەتی بکەن و لە سیاسەتی ئەو حزبانە بیپارێزن کە ناڕەزایەتی جەماوەری وەکو کارتێکی فشار بۆ سەرخستنی مەرامەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. رێکخراوبوون توانای ئەوە بە بزووتنەوەی جەماوەری دەبەخشێت کە بتوانێ بەپێی پێویست شێواز و تاکتیکی خەباتکارانە بگۆڕێ و بە ئاسانی لەسەر شێوازی گونجاوتر بە پێی رۆژ و هەلومەرج یەکدەست بێتەوە. بۆ نمونە ئێستا ئەوە ئاشکرابووە کە تازە بەم ئاستە لە بایکۆتی ناهەمگیر و کەموکورت و پەرت وبڵاو، دەسەڵات نایاتە ژێرباری داخوازیەکان. شێوازی کارسازتر گۆڕینی مەیدانەکانی خوێندن و گەڕەکە بە مەیدانی خەباتێکی هەمەگیری ماموەستا و خوێندکار و خانەوادەکانیان، هەروەها کارکردن لەسەر هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی کار و یەکدەستبوونەوە لەسەر خواستە دەستبەجێ و گشتگیرەکان و گۆڕینی هەموو ناوەندەکان بە مەیدانی جەماوەری ستەمدیدە.

دوو مەسەلەی تر کە پێویستە بزووتنەوەی جەماوەری لەسەریان راوەستێت، یەکەم؛ هەوڵدان بۆ سەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان لەهەموو کوردستاندا کارێکی پێویستە، بێگومان ئەمە مەیدان و مەسەلەیەکی گرنگە و دەرفەتی سەرکەوتن زیاتر دەکات، بەڵام بە هەمان رادە پێویستە ئاگاداری ئەوەبین ئەمە لە فاکتۆرێکی یاریدەدەرەوە نەگۆڕێت بۆ گرفتێکی دەستوپاگیر. سەراسەری بونەوە گرنگە بەڵام مەرجی هەر جۆرە پێشڕەوی و سەرکەوتنێک و داسەپاندنی هەر خواستێک نیە. تەنانەت لە هەلومەرجی ئیستادا پێشمەرجێکی لە چارەنەهاتووی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیش نیە. رەنگە پێشرەوی لەو ناوچانەی کە بزوتنەوەی جەماوەری بەهێزترە بۆ داسەپاندنی بەشێک لە داخوازیەکان کۆمەک بکات بە پەرەسەندنی سەراسەری بزووتنەوەکە. تەنانەت دەکرێت هەر چۆن لە کوردستان دەسەڵاتی دووگانەی حزبە بۆرژوازیەکان هەیە، دەسەڵاتی دووگانەی جەماوەری و حزبە بۆرژوازیەکانیش بێتە ئاراوە. دەکرێت بزووتنەوەی جەماوەری لەو ناوچانەی کە بەهێزترە هەم خواستەکانی بسەپێنێ و هەم تەنانەت ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتیش بکات و ئەمە ببێتە هەوێنی ئاڵوگۆڕی دواتر لە ئاستی سەراسەریدا. مەبەست لە خستنەرووی ئەم بۆچونانە ئەوە نیە کە دەست لە هەوڵی سەراسەری کردنەوەی بزووتنەوەکە هەڵبگیرێت. ئەم هەوڵە دەبێ بە هەموو تواناوە بەردەوام بێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە سەراسەری نەبونەوە بە هەر هۆیەک بێت نەکرێتە پاساوێک بۆ نائومێدکردن و لە نیوەی رێ راگرتنی بزووتنەوەی جەماوەری لەو ناوچانەی هەنگاوی بەرەوپێشەوە هەڵگرتووە. دووەم؛ دەبێ خواستەکانی خەڵکی هەر ناوچەیەک ئاراستەی دەسەڵاتی خۆجێی ئەو ناوچەیە بکرێت، ئەوە کێشەی دەسەڵاتە خۆجێییەکانە کە داهاتی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانی جەماوەر لە داهاتی خودی ئەو ناوچانە دابین دەکەن، یان لە دەستی بارزانی یان عەبادی دەریبهێنن. ئەوان هەر چۆن بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەت و بڕیارەکانی دەسەڵات لەو ناوچانە هەمەکارەن و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات و بە قازانجی خۆیان بێت هەم نوێنەرایەتی دەسەڵاتی سەراسەی کوردستان و هەم نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق دەکەن و بڕیار و یاسا و سیاسەتەکانیان لەسەر خەڵک جێبەجێ دەکەن، چۆن دەسەڵاتیان هەیە چەک لە خەڵک راکێشن و هەڵسوڕاوان بێ سەروشوێن بکەن، دەبی ئاواش لەبەرامبەر ژیان و کێشەکانی خەڵکدا بەرپرسیاربن. ئەگەر ئەم بەرپرسیارێتیە ناگرنە ئەستۆ، ئیتر مانای وایە دەبێ کورسیەکانی دەسەڵات چۆڵ بکەن، ئەگەر نا پێویستە خەڵک پییان بڵێن “ارحل”، گرنگتریش ئەوەیە بە کردەوە ئامادەکاری بۆ جێبەجێ کردنی ئەم حوکمە بکرێت.

٩-١-٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *