په‌که‌که‌و مه‌نهه‌جی خوێندن

ئاسۆ کەمال:

له بڕیارەکانی دووه‌مین کۆنگره‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی دەڵێ “3- په‌رتوک و نوسراوه‌کانی رێبه‌ر ئۆجالان وه‌ک مه‌نهه‌جی خوێندن سودیان لێ وه‌ربگیردرێت له‌ناوه‌نده‌کانی خوێندنی.”

پرۆگرام و مەنهەجی خوێندن یەکێک لە پێوەرەکانی سیستەمی بەڕیوەبردنە، بۆنمونە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پرۆگرامی خوێندنیاندا مرۆڤ ئامادە دەکەن تا بتوانێ بەدەستکەوتە زانستیەکانی بایۆلۆژی، فیزیا، کیمیا، ماتماتیک، پزیشکی، دەروناسی و هتد .. بە کۆمەڵگەی پێشکەوتوی پیشەسازی و تەکنولۆژی ئەو وڵاتانە خزمەت بکا. دەوڵەتە ئیسلامیەکانیش بە پرۆگرامی خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی مرۆڤ ئامادە دەکەن کە خۆی بێ ماف و ترساو و نەزان وگوێڕاڵ بۆ دەسەڵات بزانێ و لەم سنورە دەرنەچێ. دەوڵەتە دیکتاتۆریەکانی وەک بەعسیش مێژوی بەعس و عروبەیان کردبوە مەنهەجی خوێندن. ئەم بڕیارەی پەکەکەوە لە کوردستان کە مەنهەجی خوێندن دەکا بە خوێندنی نوسراوەکانی ئۆجالان ناو بنێین چی؟ پێم وانیە هێشتا هیچ سیستەمێکی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری تا ئەم ڕادەیە بە نەهلیزم و خۆپەسەندی نەگەیشتوە کە نوسینی سەرکردەکەی بکا بە مەنهەجی خوێندن. بەپێچەوانەی بانگەشە و ئیدعای پەکەکە کە سیستەمێکی نوێی “خۆبەڕێوەبەری” خەڵکی دۆزیوەتەوە، ئەم سیستەمە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە بە پێی ئیدیۆلۆژی تاکە کەسی، کە ئاپۆیە.

پرۆگرامی خوێندن واتە بنیاتنانی زانیاری و توانای کرداری مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زانستە بەدەستهاتوەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ بەڕیوەبردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە. بەڵام لەم سیستەمە ئاپۆییەی خوێندندا کۆمەڵگە دەکرێتە قوتابخانەیەکی تاک حزبی کە مرۆڤەکان لەجیاتی بەهرەمەندبن لە دەستکەوتی چەند هەزارساڵەی خەباتی ئینسان لەپێناو دۆزینەوەی زانستەکان و لۆجیک و داهێنانەکان دەکرێنە کادرێکی حزبی کە خەریکی پەرستنی فکری و سیاسی یەک تاکەکەسن و فێری چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارە حزبیەکان دەکرێن.

ئەم میتۆدە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە هەمان میتۆدی ئیسلامی سیاسی و دیکتاتۆریەتی فەردیە کە نمونەکانی لە ئێران و سعودیە و سەرجەم حکومەتە عەسکەری و تاک حزبیەکاندا هەیە. هەربۆیە ئەمە تەنیا میتۆد و پرۆگرامی خوێندن نیە، ئەمە ڕەنگدانەوەی چۆنیەتی حوکمی تاک حزبی و تاک ئیدیۆلۆژیە کە سەدەی بیست پڕبوە لەو جۆرە دەسەڵاتانەی بەناوی خەڵکەوە، تاکەکەس و گروپێکی بچوک و بیرۆکراتیەتێکی حزبی سەرجەم بوارەکانی ژیانی لە قسە و بڕیار و فکری دیکتاتۆریەکاندا قەتیس کردوە.

کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان کە خەڵک خۆی بەڕیوەبەرێ تەواو بەپێچەوانەی ئەم سیستەمەی پەکەکەوە یە، کۆمەڵگەیەکە کە پێویستی بە ئۆتۆریتە فەردیە موقەدەسەکان نیە، نوسراوەکانی ئەوان ناکاتە مەنهەجی خوێندن، بەڵکو خوێندن و پەروەردە لەدەسەڵات و ئۆتۆریتەکان جیادەکاتەوە و دەیسپێرێ بە زانست و دەزگا زانستیە نا”دەسەڵات”دارەکان.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *