دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیزمی کورد، چاکسازی هەڵناگرێت، دەبێ بە شۆڕشی جەماوەری، کۆتایی پێبهێنرێت!

عەبدوڵا مەحمود:

دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، دەسەڵاتێکی مافیایی و تاڵانچی و کۆنەپەرست و سەرکوتگەرو خۆشخزمەت و پاشکۆیە. دەسەڵاتێکە لەرێگای سەرکوت و هێزی چەکدارو خۆبەستنەوەی بە قوتبە ناوچەیەکانەوە، راوەستاوە.  زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ئەم دەسەڵاتە، بەزۆری چەک فەرمانرەوایی کوردستان دەکات… کارنامەی ئەم دەسەڵاتە، هەمان کارنامەی رژێمە دیکتاتۆرو ستەمگەرو کۆنەپەرستەکانە. دەسەڵاتێکە بەمانای وشە لەدژی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و نەداری کوردستان و هەموو هەوڵ و رەوتێکی پێشکەوتنخوازییە… دژی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکانە، دژە ژن و دژە پێشکەوتنە، دژی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی کوردستانە، نەک هەر هەڵگری بەکردەوەی هیچ رێگاچارەیەکی کارساز نییە، بۆ ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستان، بەڵکو خۆی کۆسپێکی سەرەکی بەردەم هەر هەنگاو و رێگاچارەیەکی ئینسانی و کارسازە بۆ چارەسەری ئایندەی سیاسی کوردستان. مافی ژیان بە هاوڵاتیانی نەک رەوانابینێ، بەڵکو لەسەر سەندنەوەی ژیان و گوزەران لە دانیشتوانی، گەورەترین داهێنانی تاڵانچێتی هێناوەتە ئاراوە” پاشەکەوتی موچە”. لە پەیوەند بە پەیوەندی بە عێراقەوە، لە ژێر ناوی فیدرالیزمی قەومیدا، کوردستان و خەڵکەکەی لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوام و بەیەکدادانی چەکدارییدا لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، راگرتووە… لە پەیوەند بە وڵاتانی ناوچەکەوە دابەشی سەر هەردوو قوتبی ئێرانی و تورکی بووە. دەسترۆشتووی ئێران و تورکیا لە کورستاندا، زیاترە لە بڕیاری خودی خۆیان… هیچ هەنگاوێکی جدی و کاریگەر لەهیچ زەمینەیەکی سیاسی و ئابورییدا، بە بێ دەستێوەردان و بریاری ئیران و تورکیا لە زونی سەوزو زەردا، نانرێت. هەموو داهاتی کوردستان و هەموو جومگە بنەرەتیەکانی حکومرانی پاوانی دوو دەسەڵاتی زەردو سەوزو لەناویشیدا، دەسەڵاتی دوو بنەماڵەیە. قڵشتی چینایەتی بە ئەندازەیەکە کە قابیلی بەراورد بەهیچ کۆمەڵگایەکی نۆرماڵ نییە… لە جغرافیایەکی پڕ سامانی سروشتی وەکو نەوت و غازدا، ئۆردوی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و نەداری کوردستان، رۆژ…. بەرۆژ هەژار ترو بێمافتر و بێکارتر و برسیتر و بێ موچە دەبن، لەبەرامبەردا خێڵی تاڵانچی میلیشیایی حزبی و بنەماڵە، لە کۆشکی تەلار دروستکرانی دولاردان… سامانی زیاتر لە ٦ ملیۆن ئینسانیان، لەدەستی خۆیاندا، کۆکردۆتەوە.

نەک ئازادی سیاسی، بەڵکو ئەو دۆخە نیمچەکراوەی کۆمەڵگا، کە بەرهەمی قوتبی نەبوونەوەی تاک دەسەڵاتتیە، لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، بەرەو بەرتەسکتر و بەرتەسکتر دەبرێت… سەرەتایترین و ئازادی و  ئازادیەکان، لە مافی رەخنەو توێژینەوەوە، بۆ دەربرینی ئازادانەی بەیان و بیرورا تا دەگاتە مافی رێکخراوبوون و خۆپیشاندان و مانگرتن و لە ژێر ناوی مقەدەساتە دینی و قەومی و نەتەوەیی و نیشتیمانی و کەلتوری و پیرۆزی رەمزە بەزۆر دروستکراو و داسەپاوەکاندا، هەمیشە لە ژیر هەرەشەو سەرکوتدان…

بێمافی ژنان و توندوتیژی لەدژیان، لەسوکایەتی پێکردن و هەڕەشەو چاوسورکردنەوە تا لێدان و تیرۆرکردنیان، یان ناچار بە خۆکوژیان،  بە ئەندازیەکە لە ئەفغانستانی سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان دەچێت… بەیاسا فرەژنی رەسمییەتی پێدراوە، بەیاسا ژنان پێشلکاری دین و قورعانیان، بەسەردا جێ بەجێدەکرێت… تاوانبارانی کوشتاری ژنان، بەدەگمەنیش ناکەونە بەردەم…. لێپرسینەوەو سزادانی…. شایستەی یاسایی…

لاوان و خوێندکاران… بەهۆی بێکاری و نەبوونی و بێئایندەییەوە، پۆل پۆل کوردستان جێدەهێڵن… ئەگەر لە دنیادا وڵات جێهێشتن بۆ گەران بێت بەدوای  شارەزایی زۆرتر، دەست راگەیشتن بە خوێندن و زانستی باڵاتر، گەران بێت بۆ ژیانی باشترو تەسەل تردا، وەکو خولیایەکی ئینسانی و چاوەروانیەکی باشتر بۆ ژیانکردن… لاوانی کوردستان لەدەست بێ ژیانی، بەدوای ژیاندا وێڵن و دەگەرێن… لەم رێگایەدا، بە هەزارانیان گیانیان لەدەستداوە.

یاسا لە کوردستاندا، تەنها درۆیەکی شاخدارە، بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش و نەدار کارایە و بە سەدان و هەزارانیان لە زیندان توند دەکرێن، بۆ دزو تاڵانچی و دەوڵەمەندان و بەرپرسە حزبی و حکومی و بنەماڵە دەست رۆشتوەکان، ناکارو پارێزەرە…

سیستەمی حکومداری، سیستەمی میلیشیایی و حزبییە، دوو زونی دیاریکراو هەیە کە هەرکام لەم زونانە دەسەڵاتی ئەم زونە بەڕێوەی دەبات کە ‌هێزی چەکدار و پاوانی داهاتی زونەکەی لەبەردەستە… حکومەت و پەرلەمان… هیچ کاتێک دوو دامەرزاوەی دانپیانراو سەربەخۆ نەبوون…  دوو دەزگای کارتۆنی رێکەوتنی حزبی روکەشن، بۆ شێواندنی راگشتی و دنیای دەرەوە. کاریگەریان لەسەر هیچ بریارێکی حزبی و دەسەڵاتی بنەماڵە حزبیەکان، نییە. هەر کاتێک پێویست بکات بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت کارای دەکەن، و کاتێکیش مل بەملەی لەگەڵ حزبی دەسەڵات کرد، دەرگاکەی کڵۆم دەدەن… هیچ ئەندام پەرلەمانیک نوێنەری واقعی خەڵک نییە و هەموویان نوێنەری گیرفان و کۆکردنەوەی سەروەتن و شاباشی کویلەیی بۆ حزب وەردەگرن.

وەهەرگیز دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە ناکرێت… و هێزی سەرو پەرلەمان و حکومەت!! زۆر زیاترە لەوەی دەنگی خەڵک کەمترین رێزی  لێبگیریت. یان بتوانیت بەشداریەکی رەمزیش هەبێت.

ئەم دەسەڵاتە بەم هەموو تایبەتمەندییە شەرمئاوەرەوە، هەرگیز چاکسازی هەڵناگرێت…  ئەگەر باسی ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵییە، ئەگەر حکومەت و یاسا هەبێت، سامانی کەڵەکراوی و نەقدی و غەیرە نەقدیان دەبێ دەستی بەسەرا بگیرێت و بەهۆی نایاسایی بوونی کۆکردنەوەی ئەو هەموو سامانەوە، بدرێنە دادگا و زیندانی بکرێن… ئەگەر بریار بێت کەسی شیاو، بخرێتە شوینی شیاو… ئەوا بەرپرسانی حزب و حکومیان نا لایەقی و بێتوانایی خۆیان، بە رۆشنترین شێوە لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگا نیشانداوەو، هێشتا خەڵک تامەزرۆی ئاوی پاک و سەرەتاتکێی زۆری کارەبان…و خزامەتگوزارییەکان نەک هەر بەرەو خراپتربوون دەچن، بەڵکو خەریکن ئەو  خزمەتگوزارییە گشتیەکانەی کەماون هەرزان فرۆش دەکەن… بۆیە چارەنوسیان دوورخستنەوەو لیپرسینەوەی یاسایی دەبێت. بۆیە دەستبردن بۆ چاکسازی ریشەیی بە کۆتایی دەسەڵاتی خۆیان بەکۆتا دەگات… بۆیە نەک ناتوانن و دەستی بۆ نابەن، هەر کەس و لایەن و دامەزراوەیەکیش بەجدی دەست بۆ ئەم دۆسیەیە بەرێت، چارەنوسی دەکەوێتە مەترسیەوە… تەنانەت چاکسازی زۆر ناچیزو روکەشیش بە خۆشی خۆیان ناکەن ئەگەر نەخرێنە ژێرگوشارەوە. بۆیە ئەم دەسەڵاتە چارەسەر هەڵناگرێت و خەرەند و بۆشاییە یاسایی و ئاسایی و حکومەتداریی و دەوڵەتداری… لەگەڵ ویست و ژیانی گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، ‌هێندە بەرین و فراوانە، پینە ناکرێت و بەیەک ناگەینرێنەوە…

ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە ریشەوە، هەڵتەکێنرێت و لەدەسەڵات بخرێت. هەرچەشنە خۆشباوەرییەک بەوەی ئەم دەسەڵاتە چاکسازی بەرجەستە دەکات، یان دەست بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەبات، یان نەخشە رێگای شایستە بۆ پرسی ئایندەی سیاسی کوردستان دەخاتە دەستورەوە، لە خۆشخەیاڵی زیاتر هیچی تر نییە. پێویستە نەخشەو هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە، قیبلەنومای بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە شۆرشگێرەکان بێت. دەسەڵات لە کوردستان لە رێگای هەڵبژاردن و پەرلەمان وە… جێگا چۆڵ ناکات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەوە، لەوەهم زیاتر هیچی ترنییە، پرسیار ئەوەیە هۆکار چییە لە رێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لەتوانادا نییە؟ رێگاچارە چییە؟ دەبێ چ بکرێت؟ دەبێ چ گرفتێک وەڵامی پێ بدرێتەوە؟ لە بەشەکانی داهاتوودا، دەچینە وەڵامدانەوە بەهەرکام لە پرسیارانە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *