“کاریزماکانی” کوردایەتی!

رێبوا ئەحمەد:

هەرکات لە فرۆکەخانەی سلێمانیەوە سەفەرتان کرد، دوای خاڵی پشکنین کە پێ دەنێنە ناو هۆڵەکەوە تەماشایەکی دەستی چەپتان بکەن، وێنەیەکی جەلال تاڵەبانی هەڵواسراوە و لە ژێری نوسراوە “بەڕێز مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق”، هەمان وێنە و هەمان ژێرتایتڵ  لە دەروازەی شاری کەرکوک بەرەو هەولێر هەڵواسراوە!!

ئەگەر بە پێوانەی سەردەمیانە ئەم پرەنسیپەی کوردایەتی لە مەحەک بدرێت دەبێ  چ ناوێکی لێ بنرێت؟! کەسێکی تر بە ناوی فواد مەعسوم بەپێی ئەو شتەی پێی دەڵێن قانوون و شەرعیەت!!، خەریکە خولەکەی خۆی وەکو سەرۆک کۆماری عێراق تەواو دەکات، بەڵام نە خۆی و نە هیچ کەسێکی تر جەسارەتی ئەوەیان نییە بلێن؛ ئەرێ بابە مام جەلال هەرچییەک بێت، ئێستا ئەو سەرۆک کۆمار نییە، ناکرێ کەسێک سەرۆک کۆمار بێت و وێنە و ناوی کەسێکی تر وەکو سەرۆک کۆمار هەڵواسرێت!! مام جەلال لەلایەن حزب و هاوەڵەکانیەوە وەکو ئازادیخوازی نموونەیی بەرجەستە و ستایش دەکرێت، بەڵام هاوڕێ و هاورێبازی  نیوسەدەی خۆی جەسارەت ناکات بڵێ ئەگەر وینەکەشی لانابەن لانی کەم تایتڵی ژێرەکەی بگۆڕن ئێستا من سەرۆک کۆمارم!!

دەڵێن هەرکات فواد مەعسومی مەعسوم لە ڕێگای ئەم فرۆکەخانەیەوە هاتوچۆ دەکات و بە بەردەم ئەم رەسمەدا تێدەپەڕیت، بە لای چاو بە دزیەوە سەرنجێکی وێنەکە دەدات بزانێ وەکو خۆی ماوە؟! یان کەی نۆرەی هەڵواسینی وێنەکەی ئەو دێت وەکو سەرۆک کۆمار؟ هاوکات نیگەرانی ئەوەیە کە سەرنجەکەی ئاشکرابێت، نەوەک وەکو نیشانەی عەدەم رەزایەت لێکبدرێتەوە. مەعسوم خۆیشی جار جار دەگات بەو باوەڕەی کە هێشتا مام جەلال سەرۆک کۆمار و جەنابیان رەنگە قایمقامی جێگایەک بن بۆ نمونە کۆیە.!

بانگەشەچیەکانی کوردایەتی بۆ دیموکراسی و تەنانەت سۆسیال-دیموکراسی، رێگا بە خۆیان دەدەن کە لۆمەی دیکتاتۆرەکانی جیهان بکەن، ئەوانەی کە دەنوسێن بە کورسیەکانیانەوە و تا کۆتایی تەمەنیان دەستی لێ بەرنادەن. بەڵام هەمان نەریت بۆ سەرۆکەکانی خۆیان بە مایەی شانازی دەزانن. بەم جۆرە لە سەرۆک خێڵ و بنەماڵە و سەرکردە سیاسیەکانیان کاریزما دروست دەکەن و پیرۆزیان دەکەن. بۆ نموونە مام جەلال لەلایەن حزبەکەیەوە هەمیشە وەکو ئازادیخوازی نموونەیی وێنا دەکرێت، بەڵام چەند ساڵ دوای نەمانی لە پۆستەکەی وەکو سەرۆک کۆمار بە شێوەی قانونی و دانرانی کەسێکی تر هەر بە شێوەی قانونی لەو پۆستە، کەس ناتوانێ یان نایانەوێ لانی کەم ئەو تایتڵە لە ژێر وێنەکەی لابەرن کە ئیتر پۆستی ئەو نییە و پۆستی کەسێکی ترە. لە رووی یاساییەوە ئەمە بە تەزویر و ساختە دێتە هەژمارکردن.

ئەو کە وەکو سیمبولی دیموکراسی بەرجەستە دەکرێت و بەهۆی باری تەندروستیەوە چەند ساڵە لەمەیدانی سیاسی نەماوە و تەنانەت بە شێوەی سیمبولیکیش ناتوانێ رۆڵی سکرتێری گشتی یەکێتی بگیڕێت، بەڵام حزبەکەی راشکاوانە رایدەگەیەنێت کە تا مام جەلال لە ژیان بێت کەس حەدی نییە باسی پۆستی سکرتیری گشتی یەکێتی بکات!! ئەوکات دەکرێ مەزەنەی ئەوەش بکرێت کە ئەگەر مام جەلال لەش ساغ و ئەکتیڤ بوایە و بە حزوری ئەو کەسێک خۆی بۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی بەربژێر بکردبا وەکو سەرەتاییترین پرەنسیپی دیموکراسی، دەبوو چارەنوسی چی بێت؟!. بە هەمان شێوە مەسعود بارزانی هاوپەیمانی نوساوە بە کورسی سەرۆکایەتی پارتی و هەرێمەوە، هەزار یاسا بێت و بگۆڕێت دەبێ مانەوەی ئەو لەو پۆستە بە نەگۆڕێ بمێنێتەوە و یاسای لەگەڵدا بگونجێنرێت. تەنها مەگەر شۆڕش و راپەرینی خەڵک لەو پۆستە بیهێنێتە خوارەوە. لە ناوخۆی پارتیشدا باسی لاچونی بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی حزب یان بەربژێر بوونی کەسێکی تر بۆ ئەو پۆستە، کوفرێکی گەورەی لە بەخشین نەهاتووە… ئەمانە ئەگەر هەزار ناوی دیموکراسیان لێ بنرێت و سەدان جاریش ئاوی تەبەڕوکی سۆسیال-دیموکراسیان بەسەردا بکرێت، لە راستیدا تەنها نەرێتێکی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی و مەزهەبییە.

مام جەلال رۆژانە وەکو دەستێکی پاک ستایش دەکرێت و هاوەڵەکانی خۆی بە پێچەوانەی پرەنسیپی سەردەمیانەوە دەڵێن تا کاتێک وەکو سکرتێری گشتی یەکێتی کاری خۆی رادەپەڕاند، پێویست نەبوو هیچ حیساب و کتابێک لە ناو یەکێتیدا بکرێت، دیسانەوە گوایە جگە لەو شوقەیەی کە ماڵی باوکی ئاوابێت لە تورکیا بۆی کڕیوە خاوەنی هیچی تر نییە لە ماڵی دنیادا. کەچی ئێستا دۆنالد ترەمپ ٣٥ ملیار دۆلاری لە سەروەتەکەی ئەو بلۆک کردووە. بەو پێیە بێت کوڕان و بنەماڵەکەی مافی ئەوەیان نییە خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو پارەیە، چونکە پێشتر مام جەلال وتویەتی کە ئەو لە ماڵی دنیادا خاوەنی هیچ نییە و دیارە جنۆکەیەک ئەو پارەیەی بە ناوی ئەوەوە لە بانکی ئەمریکا داناوە!! مەسعود بارزانی وەکو خەباتکاری ماندونەناس لە دژی گەندەڵی نیشانی خەڵکی کوردستان دەدرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتە راگەیەنراوەکان، بەشی هەرە گەورەی سامان و داهاتە بێ سەروشوێن کراوەکانی کوردستان لە حیساب بانکیەکانی خودی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیەوە سۆراغیان پەیدا بووە. هەر ئەمەش نهێنی ئەوەیە کە هیچ گەندەڵ و تاڵانکارێکی پلە خوارتر باکی لەو هاژو هوژە نییە کە دەربارەی دادگاییکردن و سزادانی گەندەڵکاران لە چوارچێوەی قەوانی چاکسازیدا لێدەدرێتەوە. بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان وەکو ئەو کەسەیان لێهاتووە کە لەبەر ئەوەی ماڵی خۆی لە شوشەیە ناوێرێ بەرد بگرێتە پەنجەرەی کەسانی تر.

خەرجی مانەوەی یەک شەوی مام جەلال لە ئوتێلێکی ئەڵمانیا نیو ملیۆن دۆلار بووە. کەمترین بەخشیشی هاوسەفەرەکانی دوو دەفتەر دۆلار بووە. لەم سەری وڵات تا ئەو سەری وڵات لەهەر شار و شارۆچکەیەک کۆشکێکی هەیە. کورەکەی ئۆفیسێکی هەیە لە دەروازەی شاری سلێمانی مانگی جارێک سەری پێدە دەکات، ئەو رۆژە یەک کیلۆمەتر بە چواردەوریدا بە شامپۆ دەشۆرن، لە دەرەوەی ئەو کیلۆمەترەش بۆگەنی خاشاک خەڵکی هەراسان کردووە. ئێستاش بنەماڵەکەی دەستیان بەسەر لایەکی داهاتی کوردستاندا گرتووە، ئەگەر هاوڵاتیەکیش داوای ماف و موچەی خۆی بکات، بێ سەروشوێنی دەکەن. لەولاشەوە کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان لە راپۆرتەکانیاندا باسی ئەوە دەکەن کە ژنانی “نەتەوە”کەی ئەم بنەماڵانە لەشی خۆیان دەفرۆشن بۆ شیری منداڵەکانیان.

مەسعود بارزانی پێداگری لەوە دەکات کە تەنها وەکو پێشمەرگەیەک بناسێنرێت، لە کاتێکدا منداڵی پێشمەرگە عەوداڵی پیاڵەیەک شیرە، کەم سەروەتترین تاکەکانی بنەماڵەی بارزانی ملیاردێرن. حکومەتەکەی بارزانی گوایە لەژێرباری ٢٨ ملیار دۆلاردا خەریکە پشتی دەشکێت، لە کاتێکدا تەنها سەروەتەکەی مەسروری کوڕی، ئەویش تەنها ئەوەی لە بانکی سویسرا دایناوە دوو بەرابەری ئەو بڕە قەرزە زیاترە. بە بەرچاوی لێشاوێک لەو خەڵکە رووت و رەجاڵەی کە محتاجی ژەمێک نان و دەنێکێک حەب و لیترێک نەوت و سەعاتێک روناکین، هەر بە داهاتی ئەو خەڵکە کۆشکەکانیان دەچێتە پاڵ سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان، ئامێزی شەقامە پانەکان بۆ ئاپورەی ئۆتۆمبیلە دوا مۆدیلەکانیان تەسک و سەغڵەتن، پیاسە و باڵبادانیان بە کۆپتەر و فڕۆکەی تایبەتی خۆیان ئەنجام دەدەن، ژیانی شاهانە لە چاو ژیانی رۆژانەی ئەم بنەماڵانە وەکو ژیانی سادەی شوانێک وایە.

ئەم سەڵتەنەتەی ئەم بنەماڵانە لایەکی ئەو هاوکێشەیەیە کە لایەکەی تری لەشفرۆشیە بۆ پەیداکردنی شیری منداڵ، هەڵ لەرزینە لەبەردەم سەرما و تاسانە لەبەر گەرما بۆ سەدان هەزار خێزان، بە نۆرە نان خواردن و چۆکدادانی دەیان هەزار هاوڵاتی هاونەتەوەی ئەوانە لە ئاست میکرۆب یان ڤایرۆسی نەخۆشیەکی سادە، رەوکردن و سەری خۆهەڵگرتنی دەیان هەزار لاوی بێهیوا و بێکار و نقوم بوونیانە لە دەریاو ئۆقیانوسەکان. بە کورتی ملیاردێری ئەوان لایەکی هاوکێشەیەکە کە لایەکەی تری نقوم بوونی ملیۆنەها هاوڵاتیە لە هەژاری. ئەمە رووی راستەقینەی کاریزما سەرکەشەکانی کوردایەتیە و هەر بۆ ئەم مەبەستەشە بە هەزارو یەک شێوە گۆرانی کوردایەتی بە گۆرانی بێژان دەچڕن و منداڵانی پێ باردەهێنن.

بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان دەیانەوێ خەڵکی کوردستان باوەریان پێ بکەن کە گوایە مانگانە بە هەموو داهاتی کوردستان یەک ملیار دۆلار بۆ کرێی کرێکاران و موچەی فەرمانبەرانیان بۆ دابین نابێت، لەکاتیێکدا بەپێی راپۆرتەکان تەنها سەروەتی راگەیەنراوی بارزانی و تاڵەبانی، تەنها ئەوانەی گوایە دۆناڵد ترەمپ دەستی بەسەردا گرتوە و ئەوانەی لە بانکی سویسران، بەشی ٤٦٦ مانگ (واتە زیاتر لە ٣٨ ساڵ) موچەی یەک ملیاری خەڵکی کوردستان دەکات. ئەمە ئەگەر سەروەتە زەبەلاحەکانی تری خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستی لێ نەدرێت.

ئەمانە کۆمەڵگەیەکی چەند ملیۆنیان روت و رەجاڵ و برسی و بێدەرەتان کردووە، تەواوی داهات و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانی ئەم کۆمەڵگایەیان کردوە بە پارە و خستویانەتە سەر حیسابی خۆیان و بنەماڵە و دەوروبەرەکەیان. هەر ساتێک لە خۆشی و رابواردن و ژیانی فیرعەونانەی ئەم بنەماڵانە و سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە نرخی کێوێک لە کارەسات و نەهامەتی بۆ گەورەکان و مەرگ و برسێتیش بۆ منداڵانی شیرەخۆرە تەواو دەبێت. ئەمە ناکۆکی قوڵی کۆمەڵگای کوردستانە، ئەم ناکۆکی یە پێویستی بە شۆڕشی برسییەکانە بۆ ئەوەی لە ریشەوە هەڵتەکیت.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *