کاریکاتۆری ریفراندۆم

نووسینی: سەردار عەبدوڵا

ڕیفراندۆم لە ئەمڕۆدا ئەو باسە گەرمەیە کە پارتی ویەکێتی بە تایبەتی هەڵیان داوەتە ناوخەڵکی کوردستانەوە گوایا دەیانەوێ لەمساڵدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن. لەم ڕاستایەدا ئەبینم خەڵکانێک کەوتونەتە ژێر وەهمی ئەم ڕیفراندۆمەوە. هەربەهۆی ئەوەی خەڵکی لە ڕاستیدا دەیانەوێ کوردستان جیا بێتەوە، لەم کاتەدا ئەم خواستەی خەڵک باشترین دەرفەتێکە بۆ ئەو دوو حیزبە کە سوودی لێ وەرگرن بۆئەوەی خۆیان خۆشەویست بکەنەوەو بۆ دەورەیەکی تر تەمەنی دەسەڵاتەکەیان درێژ بکەنەوە، درێژە بە گەندەڵی و تاڵانی بدەنەوە و خەڵکی وا لێ بکەن بەم بارودۆخە نەخوازراوەی ئێستا قایل بێت و قەیرانەکان هەر بخەنەوە سەر شانی خودی خەڵکی کوردستان بەوەی کە قایل بن مووچەیان نەبێ و لە بەرانبەر برسیەتی وهەژاریدا ئارام بگرن تا بە مەرگی خۆیان دەگەن. ڕیفراندۆمێک ئەمانە دەیانەوێ ئەنجامی بدەن وەک خۆیان دەڵێن ڕاپرسی گشتی بکەن هیچی کەمتر نییە لە پرۆسەی هەڵبژارندنی پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان کە لەماوەی ٢٥ ساڵدا هیچ کارێکی نەکرد بۆ خەڵكی کوردستان کە مایەی دەست خۆشی بێت. پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەکان خەڵکێکی زۆر کەوتبوونە ژێر وەهمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە. پەرلەمانێک کە هیچ شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی نییە وتەنانەت ئاژانس ومیدیا جیهانیەکانیش هیچ بایەخیان نەدا بە پرۆسەکەی وە نەیان کردە هەواڵی میدیاکانی خۆیان، بۆ ریفراندۆمەکەشیان بەهەمان شێوەیە نە شەرعیەتی نێودەوڵەتی ونەتەوە یەکگرتوەەکانی بۆ بەدەست هاتووە نە جێگای بایەخی ئاژانس ومیدیا جیهانیەکانیشە، لە کاتێکدا ریفراندۆم لە دارفور وشوێنەکانی تر بەم شێوەیە نەبوو. لە سەرەتادا موافقەتی زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانی بەدەست هێنا ئنجا دەستیان بۆ پرۆسەکە بردووە (ئەمە لە کاتێکا لە بەرنامەی جاردانی گەردونی مافی مرۆڤدا هاتووە کە هەر هەرێمـێک بیەوێ لە وڵاتەکەی خۆی جیا بێتەوە مافی خۆیانە ریفراندۆم بکەن)،سەرەتای پرۆسەکەش لە دوای ڕازیبوونی دەوڵەتی مەرکەزی دەستی پێکردووە ئەنجا ڕازی بوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی… نمونەش بۆ ئەم جۆرە ڕیفراندۆمە لە دارفور(باشوری سودان) وسکۆتلاندا وکۆبیکی کەنەدا و چەند شوێنێکی تر بووە. کەچی یەکێتی و پارتی بەبێ ئەم رازی بوونانە تەنانەت بەبێ ڕازی بوونی دووەم حیزبی پەرلەمانەکەیان کە بزووتنەوەی گۆڕانە دەیانەوێ ریفراندۆم ئەنجام بدەن، تەنانەت ئەوەشیان نەکردوە کە ئایا ریفراندۆم لەو ناوچانە بکەن کە ناکۆکی لەسەرە وەک کەرکوک و خانەقین و جەلەولا وشەنگال..هتد. کارێکی تر کە دەبوو بکرێ ئەوەیە کە دەبوو بە ڕاشکاوانە وەڵامی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە وەک ئێران وتورکیا بدەنەوە کە هەمیشە وتویانە ودەیڵین دژی ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستانن، کەچی ئەم دوو حیزبە هەمیشە بوونەتە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەوان بۆ نموونە لەوکاتانەدا تەنها کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەیگوت ریفراندۆم بکرێ ئەوان چالاکی ئەو حیزبەیان قەدەغە کردو پەلاماری بارەگاو بنکەکانیان داو بە کۆمەڵ لێی دەکوشتن یا بۆنموونە کاتێ لایەنێکی وەک پەکەکە کە کوردستانەکەی ژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی بە وڵاتی خۆی دەزانێ کەچی پەلامار دەدرێن و لێیان دەکوژن دەیانکەنە دەرەوە. هەربۆیە ئەگەر ڕیفراندۆمەکەش بکەن وەک پەرلەمانەکەیان دەبێ ناکارامە وبێ ئاکام دەبێ نەکوردستانی پێ جیادەبێتەوەو سەربەخۆ دەبێت، نە ئەتوانێ خەڵكی کوردستان ژیانێکی شایستەی ئینسانی بۆ دەستەبەر بکرێ. سەیری پەرلەمانەکەیان بکەن بە تەزویرو بەساختە هەڵبژاردنێکیان کرد وشتێکیان دروست کرد ناویان لێنا پەرلەمان بەڵام مناڵێکێش لە کوردستان دەزانێ جگە لە دوو بنەماڵە لەکوردستاندا هیچ دەسەڵاتێکی تر بوونی نەبووە بە پەرلەمانیشەوە، و دەسەڵات دراوەتە دەست کۆمەڵێ مافیا کە جگە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەو دووبنەماڵە و پیاوەکانیان هیچی تری نەکردوە. سەرەتایترین شت دابینکردنی کارەباو ئاوە بۆ خەڵک دابین نەکراوە. ئایا دەکرێ دەسەڵاتێکی مافیای لەم جۆرە کارێکی واقیعی و تەندروستی وەک ریفراندۆم ئەنجام بدات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە خەڵکی هوشیاری کوردستان لە بەردەم خۆیدا دەبێ دایبنێن. کۆمۆنیزمی کرێکاریی وەک لەبەرنامەکەیدا باس دەکا ڕیفراندۆم هەقی خەڵکی کوردستانە بۆ جیابوونەوە، بەڵام دەبێ ریفراندۆمێکی کارتۆنی نەبێت وەک پەرلەمانەکەی ئەوان دەبێ ریفراندۆمێکی واقعی وتەندروست بێت و ئامانجی رۆشن بێت وە هەموو ناوچە جێ ناکۆکەکانیش بگرێتەوە زەمینەکانیشی لەپێشدا بۆ ئامادە بکرێ،  لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێن ئەوانەی ئێستا بانگەشەی ریفراندۆم دەکەن و بەم کارە هەڵدەستن لیاقەی ئەم کارەیان نییە و ئامانجیان تەنها درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەیان و پاراستنی بەرژوەندییەکانی خۆیانە.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٢ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٤/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *