بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی بزوتنەوە ئایاریەکان

نە ئێمە ئێوەین و نە بۆنە و مەراسیم وجەژنەکانیشمان لەهی ئێوە دەچێت..!

نووسینی: ستاری چیمەنتۆ

تائێستا کە بەڕێوەبردنی ژیان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و سروشتیش هەر لەسەر بنەمای دەسەڵات و شەڕو کێشمەکێشی نێوان دوو چین، چینی بۆرجوازی وسەرمایەداری لەلایەک وچینی کرێکار لەلاکەی تر، دەڕوات بەڕێوە و سەدان ساڵە سەرمایە سەرمایەداری دەستی لەدەسەڵات گیربووە، و بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات کە کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت سەرکوت بکات ودەسەڵاتە مشەخۆری و سیستەمەکەی بپارێزێت. بەڵام لەبەرانبەریشیدا کرێکاران و خەڵکی نەدار بەبەردەوامی لە مەیداندا بوون و خەباتیان کردووە تا ئەو دەسەڵاتە و ئەوبارودۆخە پڕ لە چەوساندنەوەیە و ئەو سیستەمە، کە لەسەر مژینی شیلەی گیانی ئەوان دامەزراوە، بڕوخێنن و لە جێگایدا دەسەڵات و سیستەمێکی ئازاد و یەکسان، سیستەمێکی سۆسیالیست، خۆشگوزەران و هاوبەش ، دەسەڵاتێکی کۆمونیستی دابمەزرێنن.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵی 1856 ی ئوسترالیا  پەیامی هێزی چینی کرێکار بوو بە دژی دەسەڵاتی سەرمایە، ومانگرتن و خۆپیشاندانەکانی کرێکارانی شیکاگۆ لە یەکی ئایار ساڵی 1890 بەر لە 127 ساڵ لە پێناو کەمکردنەوەی سەعاتی کار و باشکردنی هەلومەرجی کار، کە لەلایەن سەرمایەدارانی ئەوکاتەی ئەمریکاوە خەڵتانی خوێن کرا، بووە ڕێچکە و سیمبولی خەباتی هەموو ڕۆژەی چینی کرێکارو ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بۆ بەرز ڕاگرتنی خەباتی ڕەوای کرێکارانی شیکاگۆ و هەموو هاوچینەکانیان لەسەرتاسەری دنیاداو لە پێناو کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە، کرێکاران هەموو ساڵێک و لە ڕۆژی یەکی ئایاردا  هێزی یەکگرتووی خۆیان دەهێننە مەیدان و بە شیعاری، بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی  کرێکار، سەرجادە و کارگاو کارخانەکان دەهەژێنن و تەواوی دەسەڵاتی سەرمایە و دەلەرزێنن.

 

بۆیە یەکی ئایارو مەراسیم و بۆنە و بزوتنەوە ئایاریەکانمان بۆ ئێمە چینی کرێکار تەواو جیاوازەو بەهیچ شێوەیەک نەک هەر لە بۆنە  دینی و نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستانەکان ناچێت کە بۆرجوازی هەدەفماندانە لە پێناو تەفرەقە و جیاکاری چینی کرێکار و نەدار دروستی کردوون، بەڵکو بەتەواوی پێچەوانەی ئەوانەیە تەنانەت لە پێناو یەکگرتنی چینی کرێکار و ناڕەزایەتیەکانیدا تەواو بە دژی ئەو تەفرەقەگەریانەیە.

ئێمە ئەو ڕۆژە بۆیە یاد دەکەینەوەو لەو ڕۆژەدا بۆیە دەڕژێینە سەر جادەکان تا بە سەرمایەداری بڵێین کە مێژووی کوشتاری شیکاگۆ ون نابێت و دەبێت ئەو سیستەمە وسەرکوتکاریەکانی کۆتایی پێ بێت. بەڵێ کرێکارانی فەرنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا ڕوسیا و یۆنان ئیسپانیا تونس و مەغریب و عێراق و کوردستانیش هەر لەم پێناوەدا و بەم جیاوازیە بنەڕەتیەوە دێنە مەیدان..

ئێستا چینی کرێکار لە کوردستان، هەروەک چۆن لە ئازاری  91 دا دەسەڵاتی شوراکانی دامەزراند و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کوردستاندا، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەکۆبوونەوە گشتییەکانی خۆیاندا نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خۆیان هەڵبژارد و ئەلتەرناتیڤی شوراییان خستە جێگای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بەعس، هەرواش دەبێت لە درێژەی خەباتی ڕۆژانەمان و بە تایبەت لە یەکی ئایاری ئەمساڵدا دووبارە بزوتنەوەی شورایی کوردستان بەرز ڕابگرین و تەجرەبەکانی شوراکان و دەسەڵاتی شورایی وەک تاکە ڕێگاچارەی ڕزگاربوون لە سەرکوت و نەبوونی نەداری و بێ مووچەیی و بەتاڵان بردنی سەروەت سامانی خەڵکی، بەدەستەوە بگرین

ئێمە کرێکاران وخەڵکی بەشمەینەتی کوردستان نموونەی بەرزو تەجرەبەی مەزنی مارشی ئایاری  ساڵی 1994 مان هەیە وخاوەنی ڕابەرانی وەک بەکرعەلی، شاپوور و قابیلین و ڕێگا و هێزو بیری ئەوان، هێزوگوڕوتینی ئێمەیەو تەنها وتەنها هەر لەو ڕێگایەوەو لەو پێناوەشدا خەبات دەکەین و  بەردەوامیش دەبین تا کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەم و چەوسانەوەی سەرمایە دەهێنین و دەسەڵاتێک و دنیایەکی ئازاد و یەکسان بە دیدەهێنین.

نەمریی بۆ هەشت ڕابەرە کرێکارییە لە سێدارە دراوەکەی شیکاگۆ و هاوڕێ کرێکارە گیانەختکردووەکانی تریان

لەخۆپیشاندانەکانی ئەمریکا

نەمریی بۆ بەکر عەلی و شاپوور قابیل

هەر سەرکەوتوو بێت بزوتنەوە ئایاریەکان

بژی سۆسیالیزم بژی کۆمونیزم

07 نیسانی 2017

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٢ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٤/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *