دیسانەوە هاش وهوشی ریفراندۆم

نووسینی: رێبوار ئەحمەد

هەرکاتێک مەسعود بارزانی و سەرانی ناسیۆنالیزمی کورد بانگەشەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، پێویستە بە لێکدانەوەیەکی حەکیمانەوە بەدوای ئەوەدا بگەرێین کە ئەگەر مەبەستی راستەقینەیان هیچ یەک لەوانە نییە، ئەی بەدوای چییەوەن؟!

باسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان یەکەمین جار لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە لە ساڵی ١٩٩٥دا هێنرایە گۆڕێ. یەکێتی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠٠٠دا ئەمەی کرد بە بەڵگەیەک بۆ قەدەغەکردنی هەڵسورانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق گوایە ئاسایشی نەتەوەی کورد دەخاتە مەترسیەوە. دوای ٢٠ ساڵ هەرکات ئەحزابی ناسیۆنالیست بۆ چەواشەکردنی خەڵک و هەڵخراندنی هەستی خەڵک لە دەوری مەرامە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان، پێویستیان بوبێ ئەم مەسەلەیە بەدەستەوە دەگرن و خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی.

لە ٢٦ ساڵی رابردوودا، هەر کات ململانیان لەگەڵ بەغدا قوڵبوبێتەوە، یان هەڵبژاردنی پەرلەمان هاتبێتە پێشەوە، ناسیۆنالیزمی کورد ریفراندۆمی کردوە بە کارتێک بۆ پچرینی بەشی زیاتر لە سامان و دەسەڵات. دوای جەنگ و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، سیناریۆی کۆکردنەوەی دوو ملیۆن ئیمزایان بەرێخست بە ناوی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی. بەڵام ئەوەیان کردە دەستمایە بۆ قەبڵاندنی فیدراڵیزمی کۆنەپەرستانەی قەومی و مسۆگەرکردنی بەشە داهات و شەریک بوونیان لە دەسەڵاتی سیاسی عێراق. تا ئێستا لە سێبەری ئەو فیدرالیزمە و ئەو بەشە داهات و دسەڵاتەی بەوان براوە هەموو کاریزماکانی کوردایەتی و دەوروبەرو حزب و بەرپرسەکانیان بوون بە ملیاردێر و پلە دووەمەکانیشیان بوون بە ملیۆنێر. ئێستا ئەمە راستیەکە بەپێش چاوی خەڵکی کوردستانەوە و راپۆرتی میدیا جیهانییەکان بە ئامار و ئەرقام باسی دەکەن بەشی گەورەی ئەو سامانە زەبەلاحە هی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە و لە ناو هەردوو بنەماڵەشەدا بەشی شێر هی خودی بارزانی و تاڵەبانیە.

بەکارهێنانی ریفراندۆم وەکو کارتێک لەلایەن ئەحزبی دەسەڵاتەدارەوە، بە تایبەتیش لەلایەن پارتی و  بارزانیەوە، لە ژماردن نایات، هەرکاتیش مەرامەکەی خۆیان بە جێگایەک گەیاندبێت باسەکەیان خەواندوە. کاتی سەرهەڵدانی داعش، بارزانی دەستی بۆ ئەم کارتە بردەوە و وەکو فرسەت ناوی برد. هەڵبەت زۆرکات بارزانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا مامەلەی لەگەڵ مەسەلەیە کردووە. لەو کاتەدا کە تورکیا پشت و پەنایەکی راستەوخۆی داعش بوو، بارزانی چووە ناو سەفقەیەکی سیاسی تا سەرمۆخ دژی ئینسانیەوە لەگەڵ هاتنە ناوەوەی داعش بە نێوانگەری تورکیا. لە کاتێکدا خەڵکی عیراق لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکان بەرەوروو بوون، بارزانی راشکاوانە وتی “داعش کێشەیەکی لەگەڵ ئێمە نییە و ئێمەش کێشەیەکمان لەگەڵ داعش نییە، بەڵکو ئەمە فرسەتە و دەبێ لەو فرسەتە کەڵک وەرگرین بۆ گێرانەوەی ناوچە کوردستانییە دابرێنراوەکان”، بە کردەوەش وایان کرد و توانیان لە دەرفەتی لاوازی حکومەتی مەرکەزی کەڵک وەرگرن و هەندێک لەو ناوچانە بە زەبری هێزی پێشمەرگە بەکردەوە بخەنە ژێر دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردەوە. لەم سەفقە سیاسیەدا بە رۆژی رووناک شەنگاریان کرد بە دیاری بۆ داعش و کارەساتێکی دیکەیان خستە سەر کارەساتەکانی خەڵکی کوردستان. ئێستاش کار دەکەن بۆئەوەی بە جینۆسایدی بناسێنن بۆئەوەی وەکو هەڵەبجە بەرهەمەکەی بخۆن.

چەندین جار بارزانی ئەم باسەی وروژاندووە، ئەگەر لەسەر هەرکام لەوانە برۆین باسەکە گەلێک درێژ دەبێتەوە. لەم باسەدا دەمەوێ فوکوس بکەمە سەر ئەو هاش و هوشەی ئێستا لەم بارەیەوە بەرپایان کردووە.

ئەوەی لەم هاش هوشەدا جێگایەکی واقعی نییە تەنها ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆی کوردستان. تا رادەیەک خۆشیان ئەمە ناشارنەوە و رایانگەیاندووە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم مەرج نییە بە مانای جیابونەوە و هەنگاونانی بەکردەوە بێت بۆ سەربەخۆیی و بە وتەی خۆیان پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی! کەواتە ریفراندۆم بۆ چ مەبەستێکە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوە روون دەکاتەوە کە بارزانی و ناسیۆنالیزمی کورد جگە لە سەفقە سیاسیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهان، دەیانەوێ چەند مەلەف و گرفت لە رێگای ئەم مەسەلەیەوە تیێپەرێنن. لەوانە؛-

  • شەڕی داعش و دەرپەڕاندنی لە عێراق ئەمرۆ بیت یان سبەی لە ماوەیەکی نە چەندان درێژدا بە کۆتایی دەگات. دوای ئەوە باسی خەریتەی سیاسی عێراق و سازدانەوەی هاوکێشەی سیاسی و جێگاورێگای هێز و بزووتنەوەکان و بەشیان لە دەسەڵات و داهات، دەبێتە مەسەلەیەکی هەرە گرنگ و جێگای مشتومڕ. تەنانەت لەم پێناوەدا تارمایی شەڕی کۆنەرستانەی جۆراوجۆریش بەدەرکەوتووە. لە نێو ئەواندا چارەنوسی ئەو ناوچانەی کە بە “ناکۆکی لەسەر” یان بە مەفهومی “داهێنەرانەی عەبادی ناوچە هاوکاری لەسەرەکان” دەبێتە یەکێک لە کێشە گەرمەکان. لە روانگەی ناسیۆنالیستە کوردەکان و بە تایبەتی بارزانیەوە ئەو ناوچانە بڕاونەتەوەو بە خوێنی پێشمەرگەی رۆڵەی کرێکارو زەحمەتکیش گێردراونەتەوە ژێردەستی ناسیۆنالیزمی کورد. لە روانگەی ناسیۆنالیزمی عەرەب و بەپێی ئەو ریکەوتننامانەش کە لەگەڵ ئەمریکا ئیمزا کراون هێزی پێشمەرگە دەبێ لە هەموو ئەوناوچانە بکشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی بەر لەهاتنی داعش و هەندێکیان لەوەش زیاتر دەڵێن دەبێ لەو ناوچانەش بکشێنەوە کە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە دەستیان بەسەردا گرتووە. جگە لە مەسەلەی ناوچە کێشەلەسەرەکان چەندین مەسەلەی دیکە کە لە کاتی سەرهەلدانی داعشەوە خەوێنراون وەکو یاسای نەوت و غاز، مەسەلەی بودجە و پێشمەرگە، پرسی سنور و سەرژمیری و مادەی ١٤٠، تا دەگاتە چۆنیەتی دوبارە سازدانەوەی دەسەڵات لە موسڵی دوای داعشدا ….هێنانەگۆڕی باسی ریفراندۆم دیسان کارتیکە لەلایەن بارزانیەوە لەدژی لێدوان و نیازەکانی حکومەتی مەرکەزی بۆ دەستبەرداربوون یان نەرمی نواندن لە ئاست یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو مەسەلانە. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” لە شاری کەرکوک ئەویش رێک لەم ساتە وەختە دیاریکراوەدا بە تەواوی پەیوەست و گرێخواردو بوو بەم مەسەلانەوە. سەرجەم ئەمانە هەوڵن بۆ بەهێزکردنی هەیمەنەی ناسیۆنالیزمی کورد و زیاترکردنی دەرفەتی ئەوەی کە دوای دەرپەڕاندنی داعش ناسیۆنالیزمی کورد هەنگاوی پێشوەختی خۆی نابێت. تەنانەت قوڵکردنەوەی کێشمەکێش و دوبەرەکیە قەومیەکان کە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ناو دانیشتوانی کەرکوکدا چوەتە ئاستێکی بەرزترەوە، دیسان کۆمەک دەکات بەمەرامەکانی ناسیۆنالیزمی کورد، واتە گۆمێکی قوڵتر دروست دەکات بۆئەوەی نەتەوەپەرستی کوردی باشتر مەلەی تیا بکات.
  • قەیرانی حکومەتی بورژوازی کورد و ناکامی حکومەتی بنکە فراوان کە پارتی بەشی شێری هەیە لە خوڵقاندنیدا، بە سازکردنی هەراوهوریای ریفراندۆم بوارێکی زیاتر بە رووی پارتیدا دەکرێتەوە بۆئەوەی لایەنەکانی دیکەی بورژوازی کورد ناچار بە چۆکدادان بکات لەبەرامبەر خۆیدا. لە ئێستاوە یەکێتی نیشتمانی سەرباری جۆرەها گرفت و کێشەی ناوخۆیی و دابەشبونی بەسەر چەندین باڵ و فراکسیۆندا، بە جۆریک بە دوای سیاسەتی پارتیدا بەکێش بووە. لایەنە ئیسلامیەکان سەرباری لێدانی پۆزی ئەوەی لەڕووی مەبدەئیەوە لەپشتی بەرپاکردنی ریفراندۆم رادەوەستن، بەڵام کۆمەڵێک منجە منج و وردە گلەیی وەکو مەرج دەخەنەڕوو. کە دەرئەنجامی کۆتایی هەر تەسلیم بونیانە بە سیاستی پارتی. لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتی بنکەفراوانی شکسخواردو و ئاسانتر چونەتە پشتی ئەو هەرایەی پارتی. ئەوەی ماوەتەوە بزوتنەوەی گۆڕانە، کە ئەوانیش سەرئەنجام مادام کە رەخنەیەکی واقعیان لەوە نییە کە کە پارتی بەم کارتە دەیەوێ قەیرانی حکومەتی تێپەرێنێ و بە تایبەتیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرەو تەریک کەوتنەوە دەڕۆن، گومانی ئەوە دەکرێت کە لە ئەنجامدا بە بەهانەی ئەوەی گوایە ریفراندۆم لەچاو کێشە ناخۆییەکان سیاسەتێکی ئیستراتیژیکترە، ئەوانیش بە هەر قەید و بەند و مجامەلاتێکەوە بێت ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵی بکەون. بە کورتی مەبەست و مەرامی دووەمی پارتی لەم مەسەلەیە، بە نیوکلاج تێپەراندنی دۆخی ئەزمەگرتوی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد و ئەوەیە کە خۆیان پێی دەڵێن “شێواوی ماڵی کورد”
  • دەسەڵاتی بورژوازی کورد و لە پێشی هەموویانەوە پارتی و یەکێتی دوچاری گرفتێکی زۆر گەورە و لە ئاشتی نەهاتوون لەگەڵ خەڵکی کوردستان. بێدەرەتانی و هەژاری و سەرکوت و خوڵقاندنی دۆخێک کە بۆ کەمایەتیەک مایەی بوونە بە ملیارێر و بۆ زۆربەی زۆر خەڵکیش مایەی نەداری و نوقم بوونە لە هەژاری و بێدەرەتانیدا. ئیتر بەجێگایەک گەیشتوە کە بوار بۆ ئاشتبونەوەی خەڵک و دەسەڵات نەماوە. لە ئاستی فراوانی جەماوەریدا باسی پێوسیتی وەلانانی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و مافیا بورژوازیە کۆمەڵگای داگرتووە، باسی شۆرش ، راپەرین، بەرێخستنی بزوتننەوەی دژی هەژاری، کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە ناکۆک و دژی ئازادییە، بوەتە وێردی سەرزمانی جەماوەری بێدەرەتان. بارزانی و بزووتنەوەی کوردایەتی دەیانەوێ بە وروژواندی باسی ریفرندۆم ئەم بزووتنەوەیە بخنکێنێن و لە خشتەی بەرن و گوایە ریفراندۆم دەردی هەموو دەردەکانە و لەم رێگایەوە برسێتی و بێدەرەتانی و مافی خەڵک دەکەوێتە سەر رێگاچارەی واقعی. بەم جۆرەش لانی کەم دەیانەوێ بۆماوەیەکی تر خۆیان و دەسەڵاتە نەفرەت لێکراوەکەیان لەو هەرەشەیە بەدوور بگرن. بۆ ئەم بەشە دەبێ پرسی هەڵبژاردنەکان چ بۆ پەرلەمان و چ بۆ سەرۆکایەتی هەریمیش زیاد بکەین، پارتی دەیەوێت لە ئیستاوە بە هێنانە ئارای ریفراندۆم، هەم کەمپەینێکی هەڵبژاردن وەرێبخات و هەم پرسی سەرۆکایەتی هەریم و خودی سەرۆکی هەریمیش بەیەکجاری کڵۆم بدات…

بە هەموو ئەو مانایانە هاشوهوشی ریفراندۆمی بورژوازی کورد و خودی بارزانی جگە لە سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە، فریوکارانە، خۆڵکردنە چاوی خەڵک، کپکردنەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و توندکردنەوەی زنجیری کۆیلایەتی هیچی نییە. ئەم بانگەشەیە کۆنەپەرستانە، قەومپەرستانە، تەفرەقەئامێز و ئاشوبگەرانە و بە مەبەستی داپۆشینی کێشە واقعیەکانی خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستان نابی فریوی بخۆن و دڵی پێ خۆشکەن. پێویستە وەکو یارییەکی ئاشکرا بە چارەنوسیان دوچاری ناکامی بکەن.

ریفراندۆمی ئازاد بۆ سەربەخۆیی کوردستان

بەرپاکردنی ریفراندۆمێکی ئازاد و گشتی لەفەزایەکی بە تەواوی ئارام و ئاسایشدا لەژێر چاودێری لایەنێکی نێونەتەوەییدا، رێگاچارەیەکی واقعی و کارسازە بۆ کۆتایهێنانی یەکجاری بە مەسەلەی کورد لە عێراق. مەسەلەی کورد لە عێراق چیتر بە مانای ستەمی میللی لەسەر خەڵکی کوردزمان بوونی نییە و دیاردەیەکی لەو بابەتە دەمێکە کۆتایی هاتووە، بەڵکو ئەم مەسەلەیە لە ئێستادا بریتیە لە کێشە و ناکۆکی و قڵشتی قەومی و مەترسی هەر رۆژەی تەقینەوەی شەڕی قەومی. ناوەرۆکی ئەم مەسەلەیە لە ئێستادا ئەوەیە دوای دەیان ساڵ ستەمی میللی کارکردی هێزە ناسیۆنالیستە کورد و عەرەبەکان ئەمرۆ دۆخێکیان خوڵقاندوە کە تازە پێکەوە ژیانی بێ کێشەی ئەم خەڵکانە زۆر دژوارو پڕ کێشە بووە. بۆیە بەرپاکردنی ریفراندۆم بۆ راپرسی خەڵکی کوردستانە دەربارەی ئەوەی کە دەیانەوێ لەگەڵ عێراقێکی یەکپارچەدا کە هەمووان هاوڵاتی یەکسان بن بمێنینەوە یان جیابنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکەن؟ بەداخەوە ئەڵتەرناتیڤی یەکەمیان ئەمرۆ لە ئارادا نییە. عێراقی یەکپارچەی ئەمرۆ عێراقێکی عەرەبی ئیسلامی تائیفیە، عێراقێکی ئەوتۆ بوونی نییە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی قەومی و تائیفی هەموو دانیشتوان وەکو هاوڵاتی یەکسان چاویان لێبکرێت. کەوایە لە ئێستادا دەنگدان بە جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ رێگایەکی کەم دەردەسەری تر و گونجاوترە. بەڵام دوو فاکتۆر لەم ریفراندۆمەدا بەتەواوی حەیاتی و چارەنوسسازن ئەگینا هیچ مانایەکی ریفراندۆمی ئازادی بۆ نامێنێتەوە؛

  • پێویستە لە هەلومەرجێکی ئارام و ئاسایشدا، ٦ مانگ تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنەکان ئازادانە ئەلتەرناتیوی خۆیان بۆ خەڵک روون بکەنەوە و خەڵک بە رێگاچارەی خۆیان ئاشنا بکەن. پێوستە شارەکان لە هێزی چەکدار داماڵرێن. پێویستە ریفراندۆم لەژێر چاودێری لایەنێکی نێونەتەوەی بێلایەندا بەڕێوەبچێت، بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتوەکان. ریفراندۆم لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان بەو ناوچانەشەوە کە بە “کێشە لەسەر” ناسراون بەرێوەدەچیت و هەموو هاوڵاتیەکی ١٦ ساڵ بەسەری ئەو ناوچانە بەدەر لە ناسنامەی قەومی و بیروباوەری دینی و مەزهەبیان بەشداری دەنگدان دەکەن. چونکە چارەنوسی ناوچەکەیان دەکەوێتە ژێر دەرئەنجامی ریفراندۆمەوە، بۆیە مافی حاشاهەڵنەگری خۆیانە لەو ریفراندۆمەدا بەشداری بکەن کە چارەنوسی ناوچەکەیان بە لایەکدا دەخات. ئەنجامی ریفراندۆم هەرچیەک بیت تەنها بریاری خاوەن شەرعیەتە و دەبێ جێبەجێ بکرێت.
  • دانیشتوانی “ناوچە کێشە لەسەرەکان” لەو ریفراندۆمەدا بۆ دوو مەسەلە دەنگ دەدەن؛

یەکەم/ وەکو ئەودوای ناوچەکانی کوردستان دەنگدان بۆ مانەوەی کوردستان لەگەڵ عێراق یان جیابونەوە و پێکهینانی دەوڵەتی سەربەخۆ. چونکە ئەم پرسە بەهەرلایەکدا بکەوێت کاریگەی دەبێت لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە، هەربۆیە مافی دانیشتوانەکەیەتی کە بەشداری بکەن لە دیاری کردنی ئەو چارەنوسەدا.

دووەم/ دانیشتوانی ئەم ناوچانە بەدەر لەوەی هەر ناسنامەیەکی قەومی یان دینی و مەزهەبیان بەسەردا دابراوە و بە چ زمانیک گفتوگۆ دەکەن، لەو ریفراندۆمەدا هاوکات دەنگ بەو پرسەش دەدەن کە ئایا ئەو ناوچانە “کێشە لەسەرەکان” لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە یان دەخرێنە سەر دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

لە روانگەی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیەوە، پێشینەی ستەمی میللی لەسەر خەڵکی کوردستان و کارکردی ناسیۆنالیزمی عەرەب و کورد، سەرئەنجامیش دابڕینی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی بەسەر دەوڵەتی مەرکەزی عیراقدا، جیابونەوەی کوردستانی کردوە بە ناچاریەک. بۆیە رێگای گونجاو ئەوەیە خەڵکی کوردستان دەنگبدەن بە جیابونەوە و پێکهینانی دەوڵەتی سەربەخۆ. بەڵام ئەم دەوڵە بۆئەوەی دەوڵەتێکی ئازاد و پێشکەوتوبێت و هەڵاواردن لە نێوان هاوڵاتیان لەسەر بناغەی قەوم و دین و مەزهەب نەکات،  تەنانەت بتوانێ دەنگی زۆربەی دانیشتوانی ناوچە “ناکۆکی لەسەرەکانیش” بۆ خۆی راکێشێت، پێویستە دەوڵەتێکی سیکیولاری غەیرە قەومی بێت، نەک دەوڵەتی ناسیۆنالیستی کوردی ئاوێتەکراو بە ئیسلام. ئەمەیان خەسڵەتێکی کۆنەپەرستی و هەڵاواردنی هاوڵاتیان لەسەر بناغەی “کەمایەتیەکان” بەو دەوڵەتە دەبەخشێ و هاندەری دانیشتوانی غەیرە کورد زمانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دەبێت بۆ دەنگدانی نەخێرهەم بە جیابونەوەی کوردستان و هەم بە پەیوەست بوونی ناوچەکانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە.

لەگەڵ ئەوەدا ناکرێت ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ بە شەرتی چەقۆ ئەنجام بدرێت. ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قەومی ئاویتە بە ئیسلام دەبێت یان سیکیولارو غەیرە قەومی، گرێی خواردوە بە سەنگ و سوکی و رۆڵ و مەیدانداری بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە. لە هەموو حاڵێکدا هەتا ئەگەر ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە قەومی کوردی و ئاوێتەکراو بە ئیسلامیش بێت، هێشتا دەتوانی بۆ یەکجاری مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت، رێگا خۆش دەکات بۆئەوەی جەماوەری کرێکار زەحمەتکیش ئاسانتر لەژێر هەیمەنەی ناسیۆنالیزم بێنە دەرەوە و مەیدانێکی تەخت و رێگایەک سەر راست دەخاتە پێش بۆ پەرەگرتنی خەباتی چینایەتی و یەکلاکردنەوەی کێشەی بورژوازی و پرۆلیتاریای کوردستان.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٢ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٤/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *