هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ ئیدانە دەکەین

هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ ئیدانە دەکەین

دەوڵەتی کۆنەپەرست و داعش پەروەری تورکیا ئەمڕۆ ٢٥ی نیسان، لەرێگای ٢٦ فڕۆکەی جەنگیەوە هێرشێکی ئاسمانی فراوانی کردە سەر شارۆچکەی شەنگاڵ و چیای قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی پارتی و گەریلاو شەڕڤانی پەکەکە و پەیەدە.

ئامانجی ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی پەکەکەیە لە شەنگاڵ و تەنگ هەڵچنینە بە پەیەدە کە بە درێژکراوەی پەکەکەی دەزانێت. هێرشەکەشی لە هەلومەرجێکدا ئەنجام داوە کە خەریکە “جەنگی داعش” بەرەو کۆتایی دەچێت و ئارایشی سەربازی و سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت. بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر روو لەناوچەکە دەکات بەهۆی ململانێی نێوان هێزە جیهانی و ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەت و هێزە ناوچییەکانەوە، کە هەریەکەیان دەیەوێ بەشە غەنیمەی دوای شکستی داعش بۆخۆی بچنێتەوە. دەوڵەتی تورکیاش بە سەرۆکایەتی ئۆردوگان و حکومەتی ئاکەپە، دەیەوێ بەشێکی بەرچاوی لەو غەنیمەیە دەست بکەوێت!

بۆرژوازی تورکی بەسەرکردایەتی ئەکەپەو ئۆردوگان، لەپاڵ ئەوەی کە هەوڵ دەدات پێگەی تورکیا وەکو هێزێکی سیاسی- سەربازی ناوچەیی کاریگەر و ستراتیژی جێگیر بکات، هاوکات لە هەوڵی ئەوەدایە لە دابەشکاریە ئابوریەکانی ناوچەکەدا پێگەیەکی گەورەی هەبێت و ئەو قەیرانە ئابوریەش کە رووبەڕووی بوەتەوە بە ئاراستەی قایمکردنی دەسەڵات و سیستەمەکەی یەکاڵا بکاتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی دوو جەنگی هاوزەمانی دژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و دژی نەیارە سیاسیەکانی لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لەئاستی دەرەوەو لە نزیك سنورەکانیدا بەرپاکردوە.

ئۆردوگان و پارتە کۆنەپەرستە ئیسلامیە نەتەوەپەرستە شۆڤێنیەکەی، لەدوای کۆدێتا سەربازیە سەرنەکەوتوەکەی تورکیاوە و بە بەکارهێنانی وەکو بیانویەك، دەستی داوەتە داپڵۆسین و سەرکوتی سیاسی و پڕکردنی زیندانەکان لە نەیارە سیاسیەکانی. کەشوهەوای جەنگی بەسەر ناوچە کوردنیشینەکاندا داسەپاندۆتەوە. بارودۆخێکی سیاسی میلیتاریزەکراوی بەسەر خەڵکی تورکیادا سەپاندوە. ریفراندۆمی گۆڕینی دەستوری تورکیاش کە دەسەڵاتێکی رەهای بۆ ئۆردوگان و پارتەکەی دەستەبەر کرد، پرۆسەی توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی بە سەرەنجام گەیاند. بۆرژوازی تورکی پێویستی بە سەرکوت و بێدەنگکردنی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری و یەکسانیخوازی و پێشکەتنخوازی ئەو وڵاتەیە، تا رۆژە ئاڵتونیەکانی سەرمایە لە تورکیا دەست پێبکاتەوە. هێرشە ئاسمانیەکەی بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە گۆشەیەك دەبێت لە سیاسەتی جەنگخوازی و هێز نیشاندانی دەوڵەتی تورکیا و ئامانجێکی کۆنەپەرستانەو دژی کرێکاری و دژی ئینسانی جێبەجێ دەکات کە هاوکات دەبێتە یەکێك لە فاکتەرەکانی راکێشانی ناوچەکەش بۆ ناو گێژاوی سیاسی و نائارامی و جەنگی زیاتر. ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەو هێرش و بۆرودمانە ئاسمانیە دڕندانەیەی دەوڵەتی فاشیست- ئیسلامی تورکیا کە بە ئاگاداری بارزانی ئەنجامی داوە بە توندی ئیدانەی دەکەین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥ی نیسانی  ٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *