ریفراندۆمى ديكتاتورى

نووسینی ئاسۆ کەمال:

ئەردوغان له رێگای ریفراندۆمێکەوە لە ۱٦ نیسانی ۲٠۱۷دا لە تورکیادا سیستەمی پەرلەمانی گۆڕی بە سیستەمی سەرۆکایەتی. بەم پێییەش دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری کرد بە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و کۆنترۆڵی دادوەری و دەرچون لە چاودێری پەرلەمانتاران.

بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چ جۆرە سیستەمێکە باشترین کەس بۆ شاهیدی ئۆردوگان خۆیەتی. ئەو لە کانونی یەکەمی ۲٠۱٦ بۆ بەرگری لەم سیستەمە سەرۆکایەتییە وتی؛بەڵێ. هیچ شتێک نییە بڵێ تۆ ناتوانی سیستەمی سەرۆکایەتیت هەبێت لە دەوڵەتێکی تاک ناوەندا. چەند نمونەیەک لەم جۆرە لە دنیای ئەمڕۆدا هەیە، وە چەند نموونەش لە ڕابردودا. ئەمە دەبینی کاتێ سەیری ئەڵمانیای هیتلەر دەکەی. دواتریش چەند نمونەیەک دوبارە لە وڵاتە جیاجیاکاندا دەبینی”*۱

ئەم ئاڵوگۆڕە لە دیموکراسی پەرلەمانییەوە بۆ دیکتاتۆری سەرۆکایەتی لە ڕێگای رفراندۆمەوە دەکرێ و دەنگی زیاتر لە نیوەی خەڵکی تورکیای لەگەڵدایە.ئەمە مەسەلەی سەرەکی دنیای ئەمڕۆیە، کەبۆچی لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە دیکتاتۆرەکان بە دەسەڵات دەگەن. کێشەکە لە کوێدایە؟ بزوتنەوە جۆراوجۆرەکان وەڵامی جیاواز بەم دیاردەیە دەدەنەوە. بورژوازی لیبرالی ئەوروپا باس لەوە دەکا کە ئۆردوگان و ئەکەپە بەم رفراندۆمە تورکیا بەرەو دیموکراسی نالیبراڵ دەبەن و لەنمونەی دیموکراسی ڕۆژئاواییەوە بەرەو ئۆثۆتاریانیزمی ڕوسی دەبەن. ئەم لێکدانەوەیە تەنیا ڕویەکی ڕاستیەکەمان پیشان دەدا بەوەی ئۆردۆگان کاتێ نمونەی ڕوسیا و پۆتین دەبینێ هەست بە ئازادی دەکا بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی دیکتاتۆری لە دنیای ئەمڕۆدا. بەڵام ئەم وەڵامە نیوەی ڕاستیەکەی تری دنیای ئەمڕۆی ڕۆژئاوا باس ناکا، واتە باسی هاتنە سەرکاری ترامپی ئەمریکا و سەرکەوتنی دەنگەکانی لۆپێنی فەرەنسا ناکا کە هەمان بەرنامەی دیموکراسی نالیبرالەکانیان باڵادەستە و نیولیبرالیزمی تاچەر و ریگان ئەمڕۆ تیکەڵ بە ناسیونالیزم و پۆپۆلیزمی ڕاستی پەڕگیر بووە. سوڵتان ئەردۆگان کۆپیەکی ترامپی لۆمپن و پۆتینی مافیایە. کێشە لەبازاری دیموکراسی بورژوازیدایە، کە کاتی ئەزمەی ئابوری سیستەمەکەیان دەچنەوە سەر ئەسڵی خۆیان، ئەسڵی دیکتاتۆری کەمینە.

رفراندۆم و هەڵبژاردن لەسایەی چینی سەرمایەداردا کە ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵات و داهاتە، یاریەکە لەناو ئەو کێڵگەی ئەڵغامانەدا کە شەڕکەرە ئەسڵیەکان پێشتر کەشێکیان دروستکردوە لە بێکاری و سەرکوت و ترس و بێئومێدی کە دەنگدەر تیایدا بێ ئیرادە و گێژ کراوە. دەنگدەر کراوەتە ئەو ژمارەیەی کە چارەنوسی شەڕێکی پێ دیاری دەکەن کە نەک خۆی لەدانانی بەرنامەکەیدا دەوری نییە، بەڵکو دژ بە ژیان و گوزەرانی زۆربەی دەنگدەرانە.  رفراندۆمی تورکیاش نمونەیەکی ئەم دیموکراسیە ئاوەژوەیە کە بەناوی زۆرینەی خەڵکەوە حزبی ئەکەپەی ئیسلامی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری سەقامگیر دەکا کە لە ماوەی دورودرێژی دەسەڵاتیدا لەڕێگای دیموکراسی لیبرالی پەرلەمانیەوە توانی تورکیا دوچاری ئەزمە و سەرکوت و بەرەودواگەڕانەوە بکا.

تورکیای دوای رفراندۆم تورکیایەکی ئایندە نادیارە، هەروەک جیهانی ئەمڕۆ بەدەست ترامپ و پۆتین و لۆپین و ڕاستڕەوەکانی ترەوە نادیارە. حکومەتی ئەردۆغان هەم لەئاستی ناوخۆ شەڕ دژی ئازادی و سێکولاریزم و دژی خەڵکی کوردستان گەرمتر دەکا و هەم لەئاستی ناوچەکە مەترسی دەستێوەردانەکانی زیاتر دەکا بەتایبەت لە سوریا و عێراقدا.

خەڵکی ئازادیخوازی تورکیا و جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە بەرەیەکی شۆڕشگێڕە تا ئەم تەوژمە ڕاستڕەوەی بورژوازی تێک بشکێنێ. ڕەخنەگرانی لیبرال خەمی لەدەستدانی سیستەمی سەرمایەداریانە بەهۆی هیتلەر و مۆسۆلۆنیەکانی ئەمڕۆی تورکیا وئەمریکاوە، بەڵام ڕەخنەگرانی شۆڕشگێڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەبێ ڕزگاربون لەدەست سەرمایەداری ئەمڕۆ ڕزگاربوون لەدەست ئەم نەوە نوێیانەی بەرنامەی دەورەیەکی نوێی دیکتاتۆریان هەیە ئەستەمە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *