ئۆژین پۆتییە…. نووسینی لینین

ئۆژین پۆتیە نووسەری سرودی” ئەنتەرناسیونال” لە مانگی تشرینی دوومی ١٨٨٧ دا، بەیەکجاری ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەڵام سروودەکەی لەسەرەتای سەدەی بیستدا وەکو شاکارێکی زیندوو وەرگێردرا بۆسەرجەم زمانە ئەوروپییەکان و چەندین زمانی دیکەی غەیری ئەوروپایش.هەر کرێکارێکی هوشیار، چارەنووس بۆ هەرکوێی غلۆرکردبێتەوە و هەستی بە ئاوارەیی و نامۆیی زمان کردبێ و بێ خزم و بێ ئاشناو دووری وڵات و وێڵی هەندەران بووبێت، ئەو کرێکارە هەمیشە لە رێی ئاوازی” ئەنتەرناسیونال” هەڤاڵ و هاوڕێی پەیدا کردووە. کرێکارانی سەرجەم وڵاتانی دونیا سرودی ئەو خەباتگێرە پێشکەوتنخوازەیان قۆستۆتەوە و کردویانەتە سرودێكی کرێكاریی جیهانی. کرێکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر رێز لە “ئۆژی پۆتیە” دەنێن، هەرچەندە هاوسەرو کچەکەی دوای مردنی پۆتیەش هەر بەنەداری ژیانیان بەسەر بردووە.

پۆتی ٤ دیسەمبەری ١٨١٦ لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا چاوی بەدونیا هەڵهێناوە، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا یەکەم هۆنراوەی بە ناوی”بژی ئازادی” نووسیووە. لەساڵی ١٨٤٨ دا لەجەنگی مەزنی دژی بۆرژوازیدا، سەنگەری گرتوەو هاتۆتە مەیدانی خەبات.

پۆتی لە خانەوادەیەکی هەژاردا چاوی بەدنیا هەڵێناوەو هەموو تەمەنی بە هەژاری و کرێکاریی بەسەربردووە، لەسەرەتادا بەسندوق داگرتن و پاشان بە نیگارکێشان لەسەر قوماش ژیانی خۆی دابینکردووە.

لەساڵی ١٨٤٠ بەدواوە دەستی لەکارە گەورەکانی ژیانی فەرەنسا وەرداوەو خەڵکە دواکەوتوەکەی بەهۆی گۆرانی و سرودی بەرگری هوشیار دەکردەوەو داوای یەکگرتنی لە کرێکاران دەکرد، بەو کارەشی بۆرژوازی و حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسای ریسوا کردووە. لەچەرخی کۆمۆنە مەزنەکەی پاریسی ساڵی ١٨٧١دا بەئەندام هەڵبژێردراو ٣٣٥٢ دەنگی لەکۆی ٣٦٠٠ دەنگ بەدەستهێناوەو دواتر لەهەموو کارەکانی کۆمۆنە کە یەکەم حکومەتی پرۆلیتاریی بووە بەشداری کردووە.

دوای روخانی کۆمۆنە بەناچاری رایکردوە بۆ بەریتانیا و ئەمریکا و لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٧١دا، واتە لە رۆژی پاش روخانی کۆمۆنەدا، سروودە هەرە بەناوبانگەکەی” ئەنەرناسیونال” ی نووسیووە. کە ئەمەش دەکاتە رۆژی دوای کارەساتە خوێناوییەکەی ئایاری ئەو ساڵە. راستە کۆمۆنە سەرکوت کرا، بەڵام سرودەکەی پۆتی “ئەنتەرناسیونال” بیرۆکەکانی گەیاندە ئەوپەری دنیا و تائیستاش جمەی دێ.

پۆتی لەساڵی ١٨٧٦ و لەکاتی ئاوارەییدا هۆنراوەی” لە کرێکارانی ئەمریکاوە بۆ کرێکارانی فەرەنسا”ی هۆنیەوەو ژیانی ژیر سایەی سەرمایەداری تیدا وێنەکێشاو باسی نەداری و کارکردنی سەخت و چەوساندنەوەو باسی باوەرێ پتەویان بەسەرکەوتنی کێشەکەیان دەکات. پۆتی تا دوای ٩ ساڵ بەسەر دارمانی کۆمۆنەی پاریسدا نەگەرایەوە بۆ فەرەنساو کە گەڕایشەوە یەکسەر چووە ریزی” پارتی کرێکاران”  و لەساڵی ١٨٨٤یش یەکەم دیوانی خۆی بڵاوکردەوەو لەساڵی ١٨٨٧ دیوانی دووەمی بەناوی” گۆرانیەکانی شۆرش” گەیاندە بەردەم دیدی خوێنەرانی. بەڵام سەرجەم گۆرانیەکانی تری تا دوای مردنی خۆی بڵاونەکرانەوە.

سەرجەم کرێکارانی پاریس لە رۆژی ٨ نۆڤەمبەری ١٨٨٧ تەرمی ئۆژین پۆتینیان لە ئارامگەی “پیرلاشیز” بەخاک سپارد، ئەو گۆرستانەی کە شۆرشگێرە لەسێدارەدراوەکانی کۆمۆنەی تیا نێژراون.

پۆلیس لەکاتی پێ رەویدا بۆ گۆرستان ئاڵای سوریان پچر پچر دەکرد، جەماوەرێکی زۆر لە ناشتنی کەسێکی سڤیلدا ئاپۆرەیان بەستبوو لەهەموو لایەکەوە “بژی پۆتییە” دەنگی دەدایەوە.

پۆتی بەهەژاری سەری نایەوە، بەڵام خودی خۆی بۆتە هێمایەکی نەمر. پۆتی یەکێک بووە لە گەورەترین هاندەران بۆ ئەم کارەیشی سودی لە سرودو گۆرانی بینیووە. کاتێ کە پۆتی یەکەم سرودی نووسیووە،  کرێکارە سۆشیالیستەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردران،  کەچی ئیستاکە دەیان ملیۆن پرۆلیتیر سروودە مێژوویەکەی ئۆژین پۆتییە، دەچرن.

سەرچاوە: فی الادب و الفن … لینین

وەرگێرانی رێبین

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *